٢٦\٤\٢٠٢١
ئێوە لوبمانی خۆتان هەیە..
منیش لوبنانی خۆم.*

جوبران خەلیل
جوبران |

و: نەژاد
عەزیز سورمێ |
ئێوە لوبنانی
خۆتان ھەیە بە ھەرچی بەرژەوەندی و
ناکۆکییەکانی تێیدایە ،
منیش لوبنانی خۆم بە ھیوا و خەونەکانییەوە ..
لوبنانی ئێوە گرێیەکی سیاسییە ڕۆژگار دەکۆشێ بیکاتەوە ،
لێ لوبنانی من
چەند گردۆڵکەیەکن بە شکۆ و مەزنییەوە ڕووەو شینایی ئاسمان
بەرز دەبنەوە ..
لوبنانی ئێوە کێشەیەکی نێودەوڵەتییە شەو ھەڵیان دەدا ،
بەڵام لوبنانی من دۆڵی ھێمن و ئەفسوناوین ،
زایەڵەی ستران و زەنگی لە کەنارەکاندا شەپۆل دەدەن ..
لوبنانی ئێوە ململانێی پیاوێکە لە ڕۆژئاواوە ھاتووە
لەگەڵ یەکێکی دی لە باشوور ،
بەڵام لوبنانی من نوێژێکی باڵدارە
بەیانییان کە شوان مێگەل بەرەو مێرگان دەبەن لە شەققەی باڵ دەدەن ،
ئێوارانیش کە جووتیار لە کێڵگە و ڕەزان دێنەوە ھەڵدەکشێن ..
لوبنانی ئێوە حکوومەتێکە سەرەکانی لە ئەژمار نایەن ،
لوبنانی من
چیایەکی سامناکی ئارامە لە نێوان دەریا و پێدەشتەکاندا ڕوونیشتووە ،
ڕوونشتنی شاعیر لە نێوان ئەبەدییەت و ئەبەدییەتدا ..
لوبنانی ئێوە فێڵێکە ، ڕێوی کە لەگەڵ کەمتیاردا کۆ دەبێتەوە دەیکا و
کەمتیار لە کۆبوونەوەی لەگەڵ گورگ دا ،
لوبنانی من ئەو یادگارییانەن
سترانی کچان لە ھەویەشەواندا و گۆرانی کیژانم لە ناو خەرمان و
گوشینگەکان بە گوێدا دەدەنەوە ..
لوبنانی ئێوە چوارگۆشەی شەترەنجن لە نێوان سەرۆکی دین و فەرماندەی سوپا
،
لوبنانی من پەرستگەیەکە بە ڕۆح دەچمە ناوی
کاتێ وەڕس دەبم لە تەماشای ئەو شارەی
بەسەر ڕەوڕەوەدا ڕێ دەکا ..
لوبنانی ئێوە تایەفە و حزبە ،
لوبنانی من ئەو کچە جحێڵانەن بە گابەردان ھەڵدەگەڕێن و
لەگەڵ جوێباران ڕا دەکەن و
تۆپ لە گۆڕەپانان ھەڵداوێن ..
لوبنانی ئێوە وتار و وانەدان و مشتومڕە ،
لوبنانی من خوێندنی قومریانە ..
لوبنانی ئێوە درۆیەکە لە ژێر ڕووپۆشێک لە زیرەکیی خوازراو و
دووڕووییەک لە بەرگی داب و نەریت و خۆنواندندا ،
لوبنانی من ڕاستییەکی سادە و ڕووتە ..
لوبنانی ئێوە چەند قانوون و چەند بڕگەیەکی سەر کاغەز و
چەند بەڵێن و پەیماننامەی ناو دەفتەرانن ،
لوبنانی من خۆڕسکایەتیی
نھێنییەکانی ژیانە و نازانێ کە دەزانێ ..
لوبنانی ئێوە پیرەمێردێکە دەستی بە ڕدێنەوە گرتووە و
برۆی وێک ھێناونەتەوە و بیر لەخۆی نەبێ لە ھیچی دی ناکاتەوە ،
لوبنانی من تۆلازێکە وەک قوللە بەرز ڕادەوەستێ و وەک سپێدە زەردەمسکە
دەبێتەوە و
چوون ھەست بەخۆی دەکا ھەست بەوانی دیکەش دەکا ..
لوبنانی ئێوە ھەندێ جار لە سوریا جیا دەبێتەوە ، جاریش ھەیە
پێیەوە پەیوەند ،
ھەندێ جاریش فێڵ لە ھەر دوو لا دەکا
تا لە ناوەندی گرێدراو و پچڕاودا بێ ،
لوبنانی من نە پەیوەندە ، نە جیا دەبێتەوە ،
نە خۆی بە گەورە و نە بە بچووک دادەنێ ..
ئێوە لوبنانی خۆتان و ڕۆڵەکانی ،
منیش لوبنانی خۆم و ڕۆڵەکانی
گەلۆ داخۆ ڕۆڵەکانی لوبنانی ئێوە کێن ؟
ئەوانەن ڕۆحیان لە نەخۆشخانەکانی ڕۆژئاوا لە دایک بووە .
ئەوانەن ئاوەزیان لە باوەشی چاوچنۆکێک بێدار بووەتەوە
دەوری دڵفراوانان دەگێڕێ .
ئەو شووڵانەن بێ خواستی خۆیان بە ڕاست و چەپ لار دەبنەوە ..
ئەوان ئەو کەشتییەن بێ سوکان و بێ چارۆگە بە گژ شەپۆلاندا دەچێ ،
کەشتییوانەکانی دوودڵ
بەندەریان ئەشکەوتێکە دێوودرنجی تێدایە ،
ئەی باشە ھەر پێتەختێکی ئەورووپا
ئەشکەوتێک نییە بۆ دێو و درنجان ؟
ئەوان بۆ یەکدی میرغەزەب و زمانڕەوان و ڕەوانبێژ
لە بەرابەر فەڕەنگانیش ، لاڵ و بوودەڵە ..
ئەوان ئازادیخواز و چاکسازی شێلگیر ،
لێ بە تەنیا لە ڕۆژنامە و لەسەر ستێجەکان ،
کۆنەپەرست و ملکەچ لە بەرامبەر ڕۆژئاواییەکان ..
ئەوانەی برسیەتی ناناسن ئەگەر نەگاتە گیرفانیان ..
ئەوان ئەو کۆیلانەن ڕۆژگار کۆتی ژەنگاوی گۆڕیون
بە کۆتی بریقەدار ،
خەیاڵ دەکەن ئیتر دەست کراوە و ئازاد بوون .
ئەوانەن ڕۆڵەی لوبنانەکەتان ..
ھەیە زاتی ئەوە بکا و بڵێ :
ئەگەر مردم نیشتمانم نەختێ باشتر بەجێھێشت
لەو کاتەی لە دایک بووم ؟
ئای چەند لە چاوی ئێوەدا گەورەن و لە چاوی مندا بچووک ..
بەڵام نەختێ بوەستن ، با منیش ڕۆڵەکانی لوبنانی خۆمتان پیشان بدەم :
ئەوان ئەو جووتکارانەن بەردەڵانان دەکەنە باخچە و بێستان ..
ئەوان شوانن ..
ڕەزەوانن ..
دایکن .. باوکن ..
وەستاکار و گۆزەساز و تەونکەرن ..
ئەوان ئەو شاعیرانەن ڕۆحیان لە پیاڵەی نوێدا دەکەن ،
ئەو شاعیرە خۆڕسکانەی( عەتابە و معەننا و زەجەل)**
دەچڕن ،
ئەوانەی کە لوبنان جێدەھێڵن چیدییان پێ نییە
بەدەر لە خوێنگەرمیی دڵیان و پشت ئەستووری بە بازوویان
کە دەشگەڕێنەوە بۆی
بەخششی خاکیان لە لەپی دەست و تاجی غاڕیان بەسەرەوەیە ..
ئەوانەی بۆ ھەر کوێ چوون بەسەر دەوروبەریاندا زاڵ دەبن ،
لە ھەر کوێیش بن ، دڵان بە لای خۆیاندا ڕادەکێشن .
ئەوانەی لە کۆڵیتان لە دایک دەبن و لە کۆشکەکانی زانستدا دەمرن ..
ئەوانەی بە بڕوای پتەوەوە بەرەو حەقیقەت و جوانی و کەماڵ
وەڕێ کەوتوون ..
داخۆ دوای سەت ساڵ چی لە لوبنان و ڕۆڵەکانی لوبنانتان دەمێنێتەوە ؟
ئایا وای لێک دەدەنەوە ڕۆژگار لە یاداوەری خۆیدا
ڕواڵەتی چاوبەستیی و فریودان و مەرایی دەپارێزێ ؟
پێتان دەڵێم لەسەر چ دینان نین ، ئەگەر بتانزانیبووایە لەسەر ھیچ نین
ئەوە بێزلێکردنەوەم شێوەیەک لە بەزەیی و سۆزی وەردەگرت
بەڵام ئێوە نایزانن.
________________________________________________
*
لە کتێبی (جبران خلیل جبران بایجاز) ئامادەکردنی وەزحاء فەخری تاڵب،
بڵاوکردنەوەی دەزگای بەیسان، بێرووت، چاپی دووەم، ٢٠٠٢، ل ١٣٣.
**
مەبەستی ئەو شیعر و گۆرانییە لیریکیە میللیانەن کە بە تایبەتی لە
کەلەپووری میللی شامێدا باون بە تایبەتی لە لوبنان.
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|