په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٥\٢٠١٠

ئێوە (سەردەشت)تان تیرۆرکرد و، ئێمەش ئازادیخوازین نەک گێرەشێوێن.

  

حەمەى ئەحمەد رەسوڵ

(1)


ئەگەرچى نۆزدە ساڵە دەتانەوێت سیستمى بێدەنگى و ملکەچى و سەرەونگون کردن و فەرهەنگى دیزە بەدەرخۆنە کردن پیادە بکەن بەڵام لێرەوە، لە ساتى شەهیدکردنى سەردەشتەوە، لەم چرکەساتە هەستیارەوە، هەموو تاکێکى ئەم کوردستانە وەکو رۆژنامەنوسێک و بیرمەندو ئۆپۆزسیۆنێک رەفتار دەکەن، چونکە لەم سەردەمى جیهانگیرییەدا، تاکگەرایی و بەهاى تاکێتى مرۆڤ دروست دەبێت، ئیدى لەم سیستمە نوێیەدا، کەس نابێتە کۆیلەى کەس، کەس نابێتە ئاغاو کوێخاو خواوەندى کەس، کەس بۆ پارووە نانێک مەسینەدانەرى قبوڵ نییە.. برا براى خۆى ناکاتە کۆیلەى خۆى و کەسیان ئەوەیان قبوڵ نییە گەورەترو کوێخاترى ئەوەکەى دیکە بن..


لەم سیستمە نوێیەدا، کۆمەڵگاى نوێ و گەنجى نوێى کوردى: بێدەنگى و زەلیلى قبوڵ نییە، گەنجى ئەمڕۆ باوکى کۆنەخوازو خۆسەپێن و ئاغاو کوێخاخوازى خۆى ناناسێت، ئەگەر دڕندەش بوو، لێى بێبەرى دەبێ.. گەنجى نوێى ئەمڕۆى کۆمەڵگاى هاوچەرخى کوردى، کوڕى کۆمپیوتەرو سەتەلایت و ئینتەرنێت و مۆبایلە، مامەڵەى ئەم نەوەیە جیاوازەو ناکرێت دەستەمۆو کۆیلەو مەسینەهەڵگرو حزبى و ئایدیۆلۆژیست و زەلیل بکرێن.. ئایدیۆلۆژیاى ئێوەش ئێکسپایەر بووەو کۆنەخوازو چەقبەستووە.. بۆیە عەقڵییەتى ئێوەو ئەوان دوو شتى جیاوازن..


ئەم گەنجانە زۆر زوو درۆکانتان و بەرنامەکانتان ئاشکرا ئەکەن، پشوویان درێژ نییە، چونکە ژیانیان دژوارە.. تووڕەو نادەربەستن.. چونکە بێکارو بێپارەو بێهیوان.. بێزارو بێسەبرو سەرچڵن، چونکە ئێوە هیچى پێشکەش ناکەن لە ئەرکى زۆرو ناخزمەتگوزارى نەبێت.. ئەم نەوەیە، راستگۆو سەرچڵ و بڕیاڕ دەرن.. واقیعین زیاتر لەوەى کە رۆمانسى و خەیاڵى بن.. توندو پتەون زیاتر لەوەى کە نەرمونیان بن.. تۆڵەسێنەرن بەرامبەر بە غەدرو چەوساندنەوەو مافخواردنیان.. لێبووردەشن بەرامبەر بە جەورو لێدان داپڵۆسینى پۆلیس و دژە تیرۆر..


ئەوەش بزانن کە ئەم نەوەیە: دزیان قبوڵ نییە.. نهێنیان لا رەفزە.. شەفافییەت و ئاشکرا کردنى حەقیقەت مەبەستیانە.. بڕوایان بە شتى دروستکراو و هەڵبەستراو و درۆى حازر بەدەست نییە.. لە راستەقینەیی شتەکان دەگەڕێن.. سەریان کز نەگرتووە و مەراقیان ئەوە نییە کە کڵاوەکەیان با نەیبات.. لە مەرگ ناترسن.. لە پۆلیس و ئاسایش و دژە تیرۆرو دەزگاکانى پاراستن و زانیارییەکانتان ناترسن..


ئەم نەوەیە باوەڕیان بە مێژووە خوێناوییەکەتان نییە، بۆیە رۆژنامەکانتان ناخوێننەوە ئەگەرچى بە خۆڕاییش بێت و دەیکەن بە سفرەى نانخواردن.. تەماشاى تەلەفزیۆنەکانتان ناکەن کە سوودى بۆ ئەوان نەبێت و خۆیانى تیا نەبیننەوە ئەگەرچى زۆرینەى بودجەکەش کە ماف و هەقى میللەتە.. گوێ لە رادیۆ ئێکسپایەرەکانتان ناگرن.. سەیرى وێنەکانیشتان ناکەن و لە ماڵەکانیاندا هەڵیان ناواسن.. نابن بە پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگرو جاسووس، پاڵ بە عەرەبانەیەکەوە دەنێن یان بێکارى هەڵدەبژێرن.. هەرگیز سەلام و تەحیەتان بۆ ناکەن..


ئاگادار بن، ئەم نەوە نوێیە ئازاو بوێرن و کارى تیرۆریش کردارێکى ترسنۆکانەیە، ئەوان ترسنۆک و بودەڵ و تۆقیویان خۆش ناوێت.. زیاتر قینتان لێهەڵدەگرن.. باشتر وایە ملکەچى بڕواو باوەڕو بۆچوونى ئەم نەوەیە بن کە دەبنە پیاوى دواڕۆژ.. باشتر وایە بەربەست نەخەنە بەر شەپۆلى ئازادى و سەربەستى ئەوان کە سنوورى بۆ نییە.. گەنجى ئەم سەردەمە رقى لە کۆت و بەندە.. رقى لە چەوساندنەوەو چەک و پیاوى سەر بە دەسەڵاتە.. حزب و ئایدیۆلۆژیاکەى قبوڵ نییە.. ئینتەرنێت و سایتەکان سنووریان نەهێشتووەتەوە بۆیە ئەوانیش حەزیان لە سنوور نییە.. حەزیان بە یاساى تۆتالیتارى و حزبى ئاغاو خۆسەپێن نییە.. ئەگەر باوەڕیش بە وتەو بۆچوونەکانم ناکەن، فەرموو بزانن کوڕو کچە لاو و منداڵەکانتان فەرمایشت و ئەمرى ئێوەیان قبوڵە! ( مەگەر پارەکانتان بێدەنگى کرد بن).


(2)


واز لە کارى ترسنۆکانەو کوشتن و پیلانى تیرۆرکردن بێنن، واز لە بێدەنگ کردن و سەرشۆڕکردن و ملکەچ کردنمان بێنن، واز لە درۆکردن و خۆڵ کردنە چاومانەوە بێنن.. واز لە کۆنەخوازى و بنەماڵەخوازى و دوژمنایەتى میللەت و رۆڵەکانى هاونیشتمان و هاونەتەوەتان بێنن.. واز لە ماشینەوەى بودجەو سامانى منداڵ و پیرو ژن و گەنجانمان بێنن.. واز لە قەڵەوکردنى پیاوە بەکرێگیراوەکانتان بێنن.. واز لە کڕینى نوسەرو رۆژنامەنوس و هونەرمەندە نەفس نزمەکان بێنن.. واز لە گەندەڵى و گەندەخۆرى بێنن.. واز لە ڕەشکردنەوەى مێژووى خوێناویتان بێنن.. واز لە خنکاندنى منداڵى تینووى گەرمیان و کوشتنى خەونى کیژە گەنجەکانى شارۆچکەو گوندو شارەکانمان بێنن.. واز لە کورسی پەرستن و سەماى شەوانى سوورو هەڵدانى پێکە ویسکى ئەمەریکى و دۆنم داگیرکردن و دۆلار هەڵچنین و مووچەى خەیاڵى وەرگرتن بێنن بەسەر خۆتان و بنەماڵەو خزم و کەسانتانەوە.. واز لە حەیاچوونى دیمۆکراسى و ئازادى و شۆڕش و کوردو کوردستان بێنن.. واز لە تفەنگ و چەک و گوللە و بارودو خوێنڕشتن بێنن.. تۆزێک مرۆڤدۆست و ئینساندۆست و خوداپەرست و ویژدانبەرزو ئاکاربەرزو مەدەنى بن.. هەوڵ بدەن خۆتان و منداڵتان بگۆڕن...


هەتاکەى ئێمە کۆیلەو بێنەواو هەتیو و جگەر سووتاو بین. هەتاکەى بێ نیشتمان و بێ باوک و براو هاوڕێى خۆشەویست بین. هەتاکەى جلى دایکانمان ڕەش بێت و دڵیان کون کون بێت.. هەتاکەى ئێوە خوداو ئاغاو کوێخاى ئێمە دەبن.. هەتاکەى ئێمە مەسینەدانەرو زەلیل و سەفیلى دەست حوکمى قەرەقۆشى کوردى بین.. هەتاکەى رقمان لە سەرۆک و وشەى سەرکردەو پۆلیس و ئاسایش بێت.. هەتاکەى بڕوامان بە یاساو رێسا نەبێت و فشەمان بە ژیان و خۆشییەکانى بێت.. هەتاکەى دەمانکوژن و سامان و داهاتمان دەدزن.. هەتاکەى ئاواتەخواز بین بکوژرێین و باوەش بە مەرگدا بکەین.. هەتاکەى بەرەو سەراب و هەندەرانى سیخناخ لە غوربەت هەڵبێین و لە نیشتمان بتۆرێین.. تۆزێک لێبووردەو روناکبیرو مەدەنى و قارەمان و ئازاو ئازاد بن.. هەوڵ بدەن بگۆڕێن و بۆ خۆتان و خۆشییەکانتان مەژین.. هەوڵ بدەن خزمەتکارى خاک و نیشتمان بن..


تاکى کورد لە ئەزەلەوە چەوساوەتەوە، هەتاکو سەر ئێسقانى تینووى ئازادییە.. ئەگەر ئێوە ئازادیخواز نین، بڕۆن و واز لە کورسى پەرستن بێنن، ئەگەرنا، نەوەى نوێ دەتانگۆڕن..!!
 

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ