په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٢\٢٠٢١

ئەوە شکستی ئێمەیە، نەک ئازایەتیی و رادەی ھۆشیاریی ئەوان.


زاھیر باھیر       


دوو سێ ڕۆژە ڕووبەری فەیسبوک بەو کۆمەڵە کچانەی کە باڵاپۆشی ئیسلامین، داگیرکراوە. ھەر یەک لە لایەکەوە پۆستێک دادەنێت و ھێڕشدەکاتە سەر خودی کچەکان و ھەم ڕێکخراوە ئیسلامییەکە و ھاوکاتیش دەسەڵات لە کوردستانا.


من ڕاو بۆچونێکی زۆر جیاوازم لە ھەر ھەموو ئەو برادەرانە ھەیە ، من خۆم بەشبەحاڵی خۆم کرێدت دەدەم بە ئیسلامیەکان کە توانیویانە لە سەروی ھەزار کچی گەنجەوە باڵاپۆش بکەن، مێشکیان بۆش بکەن، ئاوەزو تیفکرینیان پێ لەدەستبدەن . بەڕاستی من سەرسامی توانا و ھەوڵی جددی و تێکۆشانی ئەوانم کە توێژاڵێک لە نیوەی کۆمەڵ کە ئافرەتن و بەبیروباوەڕێک پڕە لە وەھم و ئومێدی ئاسمانیی پاشەڕۆژ و پوچگەرایی، کە تاکە مافێکی ڕەوای بۆ ژنان نەھێڵاوەتەوە و تیایدا نییە، کەچی ئەمان توانیویانە بەو فکرە دژ بە ژنە ھەڵیانبخەڵەتێنن، بڕوایان پێبێنن بە فکری خۆیان بۆ خۆشگوزەرانی ئەم دونیاشیان بۆ ئەو دونیاشیان.


دەبێت ئێمە پێ لە شکستی و نەتوانایی، نەدارایی خۆمان بنێین ، ئێمەی ئەنارکیست و سۆشیالیست و کۆمۆنیست و چەپ، بێ تواناین، جددی نیین لە گەیاندنی ھزرمانا، لە لێدوان و مشتومڕی فکریدا، لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیمانا ، ئێمە سیاسەت دەکەین، نەک کۆمەڵایەتی بوونەوە، نەک کاری جەماوەریی، ئێمە خەریکی دەستەگەرین، دروستکردنی حیزب و ڕێکخراوی قوچکەین، لەسە پرسە ئیدۆلۆجییەکان و چەمکە سیاسییەکان خەریکی دەمەدەمەین. ئێمەین کە بە قسە ھیچمان نەھێڵاوەتەوە و بەڵام بە کرداریش نەک ھەر ھیچمان پێناکرێت بەڵکو زۆربەمان پێچەوانەی ئەوە دەکەین کە قسەی لەسەر دەکەین.


گلەیی لە دەسەڵاتدەکەین کە ڕێگایان پێدەدا، ھیچ قسەیەک ناکا . باشە ئێمە چیمان دەوێت؟ دەمانەوێت دەسەلات لەسە باڵاپۆشیکردنی خۆیان کە ڕەنگە یا زۆربەیان بە ئازادیی خۆیان ئەمەیان کردبێت، لەسەر ھەلگرتنی فکری ئیسلامی، لەسەر ئەوەی کە بە خواستی خۆیان پەیوەندی دەکەن بە ڕێکخراوێکی سیاسی ئیسلامییەوە، ڕێگیان لێبگیرێت، ھەڵیانواسێت ، بیانگرێت و بیانئاخنێتە کونجی بەندیخانەکانەوە و لاقەی جنسیی بکرێن و بکوژرێن؟ ئایا ئەمانە کارێکی ڕەوان ؟ ئایا ئەمانە خواستی خەڵکانی شیوعی و سۆشیالیست و ئەنارکیستە کە داوا لە دوژمنەکەی بکات کە خەڵکی لەسەر بۆچون و پۆشین وپەیوەندی سیاسیی بگیرێن، تیرۆربکرێن، دەمیان بدورن؟ ... من خۆم ئەمانە بەڕاست نازانم.


ھاوڕێیان ئەوە مەیدانێکە چەندێک ئەوان دەتوانن ئەسپی خۆیانی تیادا تاودەن وێرای ئەوەی کە ئەوان پارەیان ھەیە و ڕەنگە دەسەڵاتدارانیش ھاوپشتیان بێت، ئێمەش دەتوانین، خۆ ئەو مەیدانە بۆ ئێمەش ھەیە با بەو پانییەش نەبێت کە بۆ ئەوان ھەیە ، با ئێمە نەتوانین لە سەرو ھەزار ناباڵا پۆشەوە کە تەنھا لەچکیان بەسەرەوەیە ، ناڵێم بیانکەن بە کۆمۆنیست ، سۆشیالیست /ئەنارکیست دەی سەد لەو کچانە قەناعەت پێبکەن تاکو لەچکەکەیان فڕێبدەن.


ھیچ لایەنێک لەو لایەنانەی کە ناویانم ھێنا ١٥ ئافرەتیان نییە ، دەستانخۆش و پیرۆزتان بێت لایەنە ئیسلامییەکان کە ھەزارانتان ھەیە.


ئێمە سەدیەکێکی شیوعییەکانمان پێناکرێت کە لە کاتێکدا پارتی دوو ئافرەتیان ھەبوو ناھیدە شێخ سەلام و مارگرێت بەڵام ئەوان بە ھەزارانیان ھەبوو بە دەیەھایان لە بەندیخانەکان بوون و دینەمۆی حیزبی شیوعی بوون ، ئەوان بە ھەڵسوکەوتی جوان و مامەڵەی باشیان و پەیوەندی کۆمەڵایەتییان ئەو ھەموو ژنانەیان کردبووە شیوعی، نەک بە ھۆی زۆر خوێندنەوەیان و خوێندەواریان ، ئەوان شیوعییەتیان لە سیاسەت دەرکردبوو کردبوویانە خەباتی مەیدانیانە، جەماوەرییانە. ڕاستە ئەو زەمانە گۆڕاوە ، بەڵام ھاوکاتیش بەو بارەشدا کە لە بەرژەوەندی ئێمەشە ھەر گۆراوە.

 

١٣\٢\٢٠٢١
ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک