په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٢\٢٠١٢

ئەوەی چالاکییە راستەوخۆییەکان بە رۆژێک بەدەستی دەهێنن،

پەرلەمان و سیاسییەکان لە خولێکی تەواوی پەڕلەماندا ناتوانن ئەنجامی بدەن.

زاهیر باهیر     

 

لە ئەمڕۆی به‌ریتانیادا سەرجەمی خزمەتگوزارییەکان، هەموو بیمەکان، مافی کارکردن، ماف و ئازادییەکانی خەڵکی بە هەموو چەشنەکانییەوە، گەر لەکۆتاییدا نەبن، ئەوە لە ژێر هەڕەشەیەکی بەردەوام و سەرومڕدان. ئەمە جگە لەوەی کە نرخی هەموو پێداویستییەکانی ژیان ، زۆر بەرزە و بەردەوامیش لەبەرزبوونەوەدایە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەوڵەتیش هەموو ڕۆژێک بە پلانێکی تازەوە بۆ بارگرانکردنی زیاتری ژیانی خەڵکە هەژارەکە دێتەوە مەیدان.

‌مانگێک لەمەوپێش ڕۆژنامەی گاردیانی ئێرە (به‌ریتانیا) بە وتارێکی درێژ پەردەی لەڕووی سیاسەتێکی تری ڕەشی دەوڵەت هەڵماڵی. ڕۆژنامەکە ئەوەی خستەڕوو کە چۆن دەوڵەت بڕیاری داوە ئەو گەنجانەی کە دەرچووی زانکۆکان و پەیمانگاکانن و کاریان دەست ناکەوێت، بۆ ئەوەی کە بیمەی بێکاریان پێ بدرئیت تا ئەو کاتەی کە کاریان دەستدەکەوێت دەبێت بچن لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانییەکاندا یا سوپەرمارکێتەکاندا بۆ ماوەی ٦ مانگ بە پارەی بێکاری کار بکەن کە هەفتەی لە ٣٠ کاتژمێر کەمتر نەبێت ، هەروەها هەر کەسێکیش واز لە کارەکەی بهێنێت ئەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە بیمەی بێکارییەکەی دەبڕدرێت . ئەمەش لەژێر ناوی جێگرتنەوەی کار یا تەدریبکردن و ڕاهێنان بۆ دۆزینەوەی کار. هەرچیش ئەوانەی کە لە دەرەوەی دەرچوانی زانکۆکانن و هەر بێکار بوون یاخود ئێستا بێکارن، ئەمانیش بۆ ئەوەی کە کار بدۆزنەوە دەبێت بۆ ماوەی ٤ هەفتە هەمان شت بکەن.

‌بۆ ئەم مەبەستەش شالیاری بێکاران و بیمەکان لەگەڵ گەلێک لە کۆمپانیاکان و سوپەرمارکێتەکاندا کەوتنە وتووێژ و ڕێکەوتنەوە. لەوانە Tesco، Asda، Oxfam، The Arcadia Group، Pizza Hut، BHS، TK Maxx، Matalans electronics، Argos، Sainsbury، Waterstones و گەلێکی تر.

‌ئەمەیە دادپەروەرێتی، ئەمەیە ژیان لەناو کۆمەڵگەی مەدەنی و لەژێر سایەی دەوڵەتی مەدەنیدا، ئەمەیە بارودۆخی کارکردن کە پاش ١٦ و زیاتر لە ١٦ ساڵ خوێندن هەفتەی ٣٠ کاتژمێر بە پارەی بیمەی بێکاری کار بکە ، گەر ئەمە کۆیلایەتییەکی سەردەمیانە نەبێت لە کۆمەڵگەی ژێر سایەی دەوڵەتی مەدەنیدا، ئەی دەبێت چی بێت؟ ئائەمەیە دووڕویەتی و بازرگانێتی و سیاسەتکردن ، کە لە کاتێکدا لە کۆی ١٧ شالیارەکەی دەوڵەت زیاتر لە ١٢ شالیاریان ملیۆنێرن کە خۆیان لە هیچیان کەم نییە و کەچی بە گەنجەکان و دەرچووانی زانکۆکانیش ژیانی نانەسکی ڕەوادەبینن .

‌ئەم سیاسەتە ناڕەوایە لەکاتێکدا دەگیرێتە بەر کە به‌ریتانیا لە بارودۆخێکی یەکجار سەختدایە و گرتنەبەری ئەم سیاسەتە نەک یارمەتی بوژاندنەوەی ئابووری ئەم وڵاتە نادات بەڵکو ئەوەندەی تر بارە ئابووریەکە خراپتر دەکات چونکە ئەم سیاسەتە یەکەم یارمەتی کۆمپانیا گەورەکان و سوپەرمارکێتەکان دەدات کە سوود و سەرمایەی زیاتر پەیدا بکەن ، کە لەحاڵی حازردا گەلێکیان پێکەوەناوە بەبێ ئەوەی باجی تەواوی لێ بدەن. دووهەم ئەو ٢٤ هەزار گەنجەی کە بڕیاڕ بوو لەو شوێنانەدا کار بکەن هێشتا دەوڵەت لە بوجەی پارەی بێکاری یارمەتییان دەدات، ئەمەش یانی کەمبوونەوەی بوجە و نەدانی باج لەلایەن ئەو گەنجانەوە. سێهەم دەرکەوتنی ناکۆکی لە نێوان قسە و کردارەکانی دەوڵەت و سیاسییەکانییدا کە لە لایەکەوە دەڵێن هەوڵدەدەن کە باری ئابووری باش بکەن و ڕێژەی بێکاری بێننە خوارەوە و لەلایەکی تریشەوە یارمەتی کۆمپانییە گەورەکان دەدەن بە ناردنی گەنجان تاکو بە نانەسکی کاریان بۆ بکەن، بێگومان گەر کۆمپانیایەک بە بەلاش کرێکاری دەستکەوێت و هەمان کاری کرێکارێکی بۆ بکات ئیتر بۆچی کرێ بە کرێکارێک بدات تاکو هەمان کاری بۆ بکات.

‌کاتێک کە گروپە لۆکاڵییەکان و سەندیکا و گروپەکانی تری وەکو Anti Cut ، The UK Uncut ‌بەمەیان زانی گەورەترین کەمپەینی بۆکرا ئەویش بەهەستان بە چالاکی ڕاستەوخۆ دژی هەندێک لەو کۆمپانیا و سوپەرمارکێتانە. ڕۆژی شەمەی ڕابودوو، ١٨\٠٢\١٢ هەندێک لەو کۆمپانیا و سوپەرمارکێتانە لەلایەن خەڵکییەوە داگیرکران و دەستیبانبەسەردا گیرا ، ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە لە ماوەی تەنها دوو ڕۆژدا زیاتر لە ١٢ کۆمپانیا و سوپەرمارکێت لەو کۆنتراکتەی کە لەگەڵ دەوڵەتدا بۆ ئەو مەسەلەیە هەیانبوو پاشگەز ببنەوە و دووانیشیان وەکو تێسکۆ و سەینسبێری کە تەواوی ئەو گەنجانەی کە لەگەڵ ئەواندا بە پارەی بیمەی بێکاری کار دەکەن گەر خۆیان بییانەوێت ئەوە دەتوانن لەوێ بمێننەوە وەکو کرێکارێکی ئاسایی پارەیان دەدرێتێ و هەموو مافێکیشیان وەکو ئەوان دەبێت.

‌کەمپەینی دژی ئەم پلانە هەر بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت تاکو هەم دەوڵەت و هەم ئەو کۆمپانیانەشی کە تا ئێستاش هەر بەو کۆنتراکتەوە پەیوەستن پەشیمان دەبنەوەوە و کۆتایی بەو کۆنتراکتە دەهێنن. وا بڕیارە کە کەمپەینی داهاتوو لە ڕۆژی دووی مانگی ئازاردا بێت.

‌ئەمەی کە لە سەرەوە باسم کرد ئەوە دەسەلمێنێت کە چالاکی ڕاستەوخۆ ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت و دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا گەلێک دەسکەوت و ئامانج بەدەست بهێنێت کە ژاوە ژاو و چەلەحانێی ناو پەڕلەمان هیچ وەخت ناتوانێت ئەوانە بەدەست بهێنێت.
 

٢٣\٢\٢٠١٢ - لەندەن

ماڵپهڕی زاهیر باهیر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک