٢٥\٣\٢٠٢٠
ئەوەی دەمانەوێ
داخستنی بەردەوامی پەڕلەمانە نەک ھەموو شوێنێک.

زاھیر باھیر
ترسی من ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە ، چونکە ئەم قۆناغەش وەکو ھەموو قۆناغە
ناڕەحەتەکانی دیکە تێدەپەڕێت و ژیان ئاسایی دەبیتەوە. ترسی من دەستنانە
بیناقاقەمانە لە لایەن حکومەت و دەوڵەتەوە، دواچۆڕی ئازدیی تاکایەتی و
پەیوەوندییە کۆمەڵایەتییەکانمانە ، کۆتاییھێنانی خۆپیشاندان و
ناڕەزاییەکانمانە، درێژەکردنەوەی کاتی سەر کار و خراپکردنی زیاتری بەند
و مەرجەکانی سەر کارمانە، لێدانی لانی کەم دوو ساڵی تری بزوتنەوەکەمانە،
و زۆری تر لەمانە.
لە بریتانیا تەنھا یەک ھەنگاومان ماوە بۆ قەدەغەکردنی تەواوی ھاتووچۆ.
دوێنی شەو، ٢٣/٠٣ پەڕلەمانتارە بەڕیزەکانمان بە ڕاست و چەپ و میانڕە و
کۆنەپارێز و لیبراڵەوە ... بڕیاری تێپەڕاندنی یاسای ڤایرۆسی کۆرۆنایان
بۆ ئەنجوومەنی کۆمۆن، دا ، کە یاسایەکی وەکو ئینگلیز دەلێت دراکۆنیان،
بەمەش دوا بزماریان لە کفنی ئازادیی تاک و کۆەمەڵ دا. ھەموو پاوەرێک
درا بە پۆلیس و گەر پێویستیش بکات [ کە بەڕای من بە زووترین کات ئەوەش
دەکەن] دەیەھا ھەزار سەرباز بکێشنە ناو شارەکانەوە بە تایبەت لەندەن.
لە ئەمڕۆوە ئیتر تۆ تەنھا لە ڕۆژێکدا یەکجار دەتوانیت بچیتە دەرەوە
ئەویش بۆ وەرزش یاخود بۆ بازاڕییکردن، تەنھا بۆت ھەیە لەگەڵ یەکێک، کە
لە ماڵەکەدا بەیەکەوە دەژین، ئەویش بەو مەرجەی ماوەیەک [ مەسافیەک] لە
نێونتانا ھەبێت . گەر وانەکەیت بە ئاسانی پۆلیس دەتگرێت و سزاشت بۆ
دەبڕێتەوە. ھەمو دوکان و بازاڕێک جگە لە سوپەر مارکێت و دەرمانخانە
کردنەوەیان قەدەخەیە و کردنەوەی ھەر دوکانێکی دیکەی ھەژاران،
دەسگێڕەکانی سەر عەرەبانەکان، ھەر ھەمووی قەدەخەیە و دووبارە پۆلیس
دەتوانێت پێت دابخات و سزاشت بدات.
ئەم بڕیارەش بۆ ٢ ساڵە و ھەموو ٦ مانگ جارێک حکومەت پێیدا دەچێتەوە.
دوو ساڵیش عەیامێکە، تەمەنێکی درێژە لە تەمەنی چاوەڕوانی ھەژاران و
ئەوانەی کە پڕن لە دەسەڵات و دەوڵەت و زۆرداریی و نادادپەروەری و
نایەکسانیی.
ئامۆژگاری دەوڵەتیش بە تەنھا " لە ماڵەوە بمێنەرەوە" ئەمە لە کاتێکدا
کە سەرەکوەزیران ئەوەی پشتڕاستکردەوە " ... ھیچ دەزگەیەکی تەندروستی لە
جیھانا نییە کە پیایدا بگات، لێرە قەرەوێڵەی تەواو بۆ ئەوانەی کە
لەحاڵەتی زۆر خراپدان نییە، ماشێنی پاککردنەوە و ژیانەوەی سییەکان کافی
نییە، ژمارەی دکتۆر و نێرس و ... تد کەمن و بە گوێرەی پێویست، نییە ".
سەرەکوەزیران ڕاستدەکات، ئەمڕۆ لە ھەموو خەستەخانەکانی بریتانیا بۆ ٦١
ملیۆن کەس تەنھا ٨١٧٥ لەو ماشینە ھەیە، کە لە کاتێکدا ٣٠ ھەزار پێویستە.
لە ئێستادا تەنھا ٥٠٠٠ داواکراوە و ئەویش لە ٢ ھەفتەی دیکەدا گوایە
ئامادە دەبێت.
ئەوەی کە دوێنی شەو دیمانەی کەنالی ٤ ی تی ڤی لەندەنی لە ھەواڵەکانی
کاھژێری ٧ دا، بینبێت کە لەگەڵ وەزیری تەندروستی و دکتۆر و نێرس کرا و
دواتر ڕاپۆرتی خەستانەیەکیش خوێنرایەوە لەسەر ئەوەی کە لێرە ھیچ
ئامادەکارییەک نەکراوە. تەنانەت بڕێک لە دکتۆر و نێرسەکان لەسەر حسابی
خۆیان پیداویستی خۆپاراستنیان کڕیوە. ئەو کاتە بۆت دەردەکەوێت کە
حکومەت و چەندێک مشورخۆری ھاووڵاتییەکانێتی. ئەمانە لە لایەکەوە منی
گریان و لەلایەکیشەوە ڕقی ئەستور کردم.
لەگەڵ ھەموو ئەمانەدا پەڕلەمانتارێکی گەواد [ بە مانا کوردییەکەی نا]
نایەتە جواب لێیی و بڵێت ئاخر قوربان بۆچی؟!! ئەوە ئێوەن کە ١٠ ساڵی
ڕەبەقە لەسەر حوکمن واتان لێکردوە؟ پەنجە بکات بە چاویدا بڵێت مردنی
ھەر کەسێک لەم خەڵکە، جەنابت و حیزبەکەت و ھاوڕێ دەوڵەمەند و
ساماندارەکانت ئایا بەرپرس نین لێێ؟ لە لایەکی تریشەوە خەڵکی ئەم وڵاتە
جوڵەیەک ناکەن و لەبەردەمی ڕەحمەتی دەوڵەت و حکومەتدا دانیشتون
ئەوەندەی جگەرە و بیرە و جنس و فوتبۆڵیان ھەبێت، ئیدی نان ھەیە یا نییە،
جار بەجەھەنەم ، ئازادیی قەدەخە دەکرێت یا ناکرێت ؟ جا چییە؟ پەیوەندی
بە منەوە چییە؟ خۆ من سیاسەت ناکەم و داخڵ بە سیاسەتیش نابم؟
خەڵکی کەمتر تێدەفکرن کە ئەمە سەرنجامێکی زۆر خراپ و ساڵانێکی ڕەش
دەھێنێت. پاش ساڵێکی دیکە سەرمایەداریی ھەڵدەسێتەوەو ئەوەی کە
نەیتوانیوە لەم ماوەیەدا بیکات ، دەیکات. لە کێشە داراییەکەی ٢٠٠٨ دا
سەرمایەداری و دەوڵەتەکانی زۆر بە چاکی و باشی بۆ قازانجی خۆیان
قۆستیانەوە . من لێرەدا ھەر یەک دوو نموونەیەک دێنمەوە. یەکەم:
ناساندنی پلانی " زیڕۆ کۆنتراک' واتە کارکردن بێ عەقدە ھەر وەکو مەیانی
کارکردنەکەی سلێمانی ٦٠ و سەرەتای ٧٠ کان کە بەنا و مقاویل دەھاتن
کرێکاریان لەوێوە دەبرد. بەڵام لە ئێستادا مەیانەکە گۆڕاوە بە تێکستی
تەلەفونی و پێتدەڵێت "وەرە بۆ کار، یاخود ئەمڕۆ مەیە ، یا چی تر
پێویستمان پێت نەماوە". دووەم: بە پاساوی دەسستگرتنەوە و بوونمان لە
قەیراند، ھەندێک لە بیمەکان بڕان و ئەوەشی کە ماوەتەوە بەدەستھێنانیان
زۆر گرانە و کەمتریشە لە جاران. لە ناساندنی ئەمەشدا تا ئێستا چەندەھا
کەس خۆی کوشتووە لەبەر ئەوەی لیژنەی پزیشکی بڕیاری داوە ئەم کەسانە
شایانی پێدانی ئەو بیمەیە نین ، ئیدی بیمەکە نەخۆشی یا پەککەوتەیی
یاخود بێ کاریی، ھەر کامیا بێت.
سێیەم: سڕکردنی موچەی ھەموو کرێکاران و کارگەران و فەرمانبەرانی کەرتی
دەوڵەتیی بە دکتۆر و نێرسەکانیشەوە کە ئێستا لە لایەن حکومەتەوە بە "
پاڵەوان" دەناسرێن و سوپاسیان دەکەن. بە نیسبەت کەری تایبەتیشەوە
پارەیەکی کەم بە درێژکردنەوەی وەختی سەر کار و ھەلومەرجی خراپی سەرکار.
ئەوەی سەرەوە تەنھا ٣ خاڵن لە دەیەھا خاڵی ھێڕشی دەوڵەت و سەرمایەداران
بۆ سەرمان. بۆیە لەم قەیرانەی ئێستاشدا من بەش بەحاڵی خۆم چاوەڕوانی
خرپترکردنی بارودۆخی ژیانمان دەکەم لەبری باشتری لە ھەموو ڕوویەکەوە.
بە گوێرەی ئەزموون و خۆشم و خوێندنەوە وتێفکرینی زۆرم، گەیشتومەتە ئەو
بەرەنجامەی گەشەکردنی سەرمایەداری و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و زیادبوونی
ژمارەی کرێکاران نەک ھەر بزوتنەوەکە ناباتە پێشەوە بەڵکو دوایشی دەخات
، ئەمە لە ئێستادا ئاوایە. ھەر ئەمەشە کە دەبینیت ڕاپەڕین و ناڕەزایی و
ھەوڵی شۆڕش لە وڵاتانی دواکەوتوی پیشەسازیدا زۆر ترن تاکو ئەم وڵاتانە.
گەر یەکێک پێم بڵێ ئەی ئەوە نییە لە فەرەنسا ھەیە کە وڵاتێکی پیشەسازیی
پێشکەوتووە؟ لە وەڵامدا دەلێم کە نەریت و خو و مێژوی شۆڕشگێرانەیە کە
بەرگریی و بەگژاچونەوە دروستدەکات، نەک بەپیشەسازیکردنی وڵات و
پێشەوەچوونی تەکنەلۆجیا. خۆشبەختانە ئەوە لە یۆنان و فەرەنسادا ھەبوو ،
بەڵام حکومەتی چەپی Alexis Tsipras ئەوەی لە یۆنانا نەھێڵاو ، جەنگی
کۆرۆناش ڕەنگە کۆتایی بەوەی فەرەنساش بھێنێت. ھیوادارم ئاوا نەبێت.
٢٤\٣\٢٠٢٠
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|