١٧\٣\٢٠١٥
ئێوەی فێمەنیزمانی
دەسەڵاتخواز و ئەوانی جەنگاوەرانی ئازادیخواز!!

زاھیر باھیر
بەڕێز شارا تاھیر لە کورتە وتارێکی ئەم دواییەدا لەژێر ناوی "من و
ئەوانی تر (ڕۆمانتیزەکردنی کارەسات و میلیتارێزەکردنی ژن)" کە لە
ماڵپەڕی پێنوسەکان-دا بڵاویکردۆتەوە ، گەر خۆی پێی بزانێت یا نا
ھێڕشێکی زۆری کردۆتە سەر ژنە قارەمانەکانی ڕۆژاوا و سوکایەتییەکی
یەکجار گەورەیان پێدەکات ، کە لە کاتێکدا ژنە جەنگاوەرانی ڕۆژاوا بە
ئازایەتی و بوێری خۆیان بۆ داکۆکیکردن لە بچوکترین مافەکانیان، مافخواز
و مافناسانی دونیاشیان بە دۆستان و نەیارانیانەوە سەرسامکرد و
منەتبارکرد، تا ئەو ڕادەیەی کە سەرجەمی بزوتنەوەی سۆشیالیستی و
ئازادیخوازانی جیھانیان، قەرزاربار کرد.
دیارە ئەمە بە تەنھا ڕای شارا تاھیر نییە ، بەڵکو ئەم جۆرە ئاڕاستە
فکرییە، لە ئێستادا لە نێوەندی چەند ئافرەتێکی فێمێنیزمی کورددا و
ھەروەھا ھەندێک لە پیاوانیش ، چەکەرەی کردووە و لە ھەندێک شوێنی قسەو
باس و کۆڕ و بۆنەدا ئەو بەڕێزانە زۆر سیاسیانە و فێڵاویانە ، تا ئەو
ڕادەیەی گەر بە وریاییەوە سەرنجی وتنەکانیان نەدەیت ، دەرک بەوە
ناکەیت، کە ئەمە بەرگری لە ژنان نییە و بگرە ڕەھەندێکە کە لە ھەقەتدا
دژایەتی بەرگریکردنی ژنان، دەکات و داکۆکی لە مافەکانیان ، ناکات ، کە
لە پشتییەوە ھۆکاری شاراوە ھەیە . دەبێت ئەوەش یادی خوێنەر بخەمەوە کە
ئەم ئاراستە فکرییە زیاتر لە ژنان و پیاوانی دەسەڵاتخوازەوە سەرچاوەی
گرتووە.
شارا تاھیر لە پەراوێزی سەنگەری ڕک و کینەیەکی ی زۆر لە پیاوانی کورد
بە گشتی ، دەستڕێژ لە ژنە قارەمانەکانی ڕۆژاوا دەکات و تیرۆری
کاراکتەری کەسایەتی و کۆمەڵایەتی و بوێرێ و ئازادایخوازییان، بە جۆرێک
دەکات کە دوژمنەکانیان تا ئێستا پەیان بەم تاکتیکە ،نەبردووە. تەماشا
بکەن بزانن ھەر لە سەرەتاوە چییان پێدەڵێت " یەکێک لە سیما زۆر دیار و
بریقەدارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشیزم لە واقیع و میدیای کوردیدا
بریتیە لە بەجێندەرکردن و ڕەگەزاندنی جەنگ، ھەروەھا پیرۆزکردنی ھاتنی
ژن بۆ ناو مەیدانی شەڕ: ژن وەک چەکھەڵگر، وەک پێشمەرگە و شەڕڤان و
گەریلایەک کە دەتوانێت شانبەشانی پیاو لە ڕیزەکانی پێشەوەی شەڕدا،
بجەنگێت. کەم نین ئەو گوتار و شیعر و شانامانەی کە لەم جەنگەی چەند
مانگی ڕابردوودا دژ بە داعش، بە شانوباڵی ژنی چەکھەڵگردا نوسران و
ھەڵیاندا: واتە وێنا و مەزنکردنی ژنەپێشمەرگە و ژنەگەریلا و ژنەشەڕڤان
وەک دلێر، جوامێر، جەربەزە، نەسرەوت و ئازا و شێری مەیدان... ھتد، کە
ھەموو ئەم زمانە میتافۆرییە وەسفگەرایە خۆی زادەی ڕیتۆریک و
سیمبولەکانی جیھانی پیاوە، زمانێکە پیاو دروستیکردووە تا ستایشی خودی
خۆی وەک بونەوەرێکی میلیتاریزەکراو، پێبکات." لێکدانەوەی من بۆ ئەم
بڕگەیەی ئەم بەڕێزە لەم دوو شیکردنەوەیە دەرناچێت: یەکەم: لای ئەو، ئەو
ژنانە چەند گێل و ساویلەکەن تا ڕادەی بوونیان بە دەسکەلای دەستی پیاوان
لە ھەموو بوارەکاندا. پیاوانی سیاسی لە بواری میلیتەرایزیکاردنیاندا
توانوییانە ھەڵیانخەڵەتێنن و بەکار یانبھێنن ، لەو لاشەوە بوونەتە
تابلۆیەک یا جەستەیەکی بێ گیانی سێکسیانە بۆ وتنی شانامەو شیعر و
دەستەواژەی ھەڵنان و زلکردنیاندا لە لایەن ڕۆشنبیرانی کوردەو. دووھەم:
ئەم بەڕێزە ئەوەندە ساکارانە و یەکلایەنانە تەماشای چەکھەڵگرتنی ئەم
قارەمانانە دەکات وەکو ئەوەی کە ئەمان " شەڕ لە بەتاڵی باشترە "ی
مەسەلە کوردییەکە کۆیکردبێتنەوە ، ئەم، ئەو جیاوازییە نابینێت کە
ئەمانە ئافرەتانێک نین وەکو ئەوانەی کە لە ئەوروپا و وڵاتەکانی دیکەدا
دەچنە ڕیزی لەشکر بازی و میلیتەرییەو بۆ مەبەستی مووچە و بەھێزکردنی
لەش و جەستە و پەیداکردنی غیرەت یا خود بەوەی کە ژیان ھەلێکی ئاوای بۆ
نەڕەخسانوون تاکو کارێکی باشتر بکەن . لە ڕاستیدا شارا تاھیر بە
ئەنقەست ئەو ڕاستییەی فەرامۆشکردوە ، کە ئەمان نە شەڕخوازن و نە مردن
پەرستن و نە بێ بەشیشن لە سۆز و ھەستی خۆشەویستی و دروستکردنی منداڵ و
ژیانێکی ئاسایی و گەیشتن بە مەرامەکانی دیکەشیان، بەڵکو ئەو بە ئاشکرا
دەیەوێت پەیامی شۆڕشگێڕانەی ئەم قارەمانانە بشوێنێی و کەرامەتی
ئازادیخوازیانەیان بڕۆشێنێ ، دەنا زۆر باشدەزانێت کە شەڕیان بەسەردا
دەسەپێنرێ ، ئازادییەکانیان پێشێلدەکرێ، ئەوەی کە بە خەباتی ئەم چەند
ساڵە بەدەستیان ھێانەوە، لێیان زەوتدەکرێ . من دەڵێم بەھا ترین سەرمایە
لە ژیاندا ، خودی ژیان خۆیەتی ، بەڵام بە خۆشی و ئازادییەوە ، کە
ژیان ئەم دوانەی تیادا نەبوو ئەوە ئیدی دەبێتە دۆزەخ . لێرەدا من چەند
پرسیارێک لەو خاتوونە دەکەم: لە کاتێکدا کە ھێزەکانی داعش و ھێزە
تاریکەکانی دیکە ھێڕش دەکەنە سەر کۆمەڵێک ( کۆمەڵگایەک) کە ژنان لە
ڕێزی پێشەوەی ھەموو چەشنی قوربانییەکاندا، خۆیان دەبیننەوە ، دەبێت
ھەڵوێستی ئافرەتان لەو بارەدا چیبێت؟ ئایا دەبێت گوێ لەو وتانەی بەڕێز
شارا تاھیر کە لە سەرەتای وتارەکەیدا نوسیوێتی بگرن یا کاری بەرگریی و
بەرھەڵستی بکەن؟!! ئایا ئافرەتان دەبێت لنگیان بۆ پیاوەکانی داعش پان
بکەنەوە ، یاخود چەکەکانیان لە بەرامەبەریاندا بەرزبکەنەوە؟!! ئایا
لاوازی و کەسایەتی پلە دوو و سو وکایەتی پێکردنیان ھەلببژێرن یاخود
بەرخۆدان و ڕوبەڕووبوونەوە و سەلماندنی خۆیان و بەدۆرجستنەوەی وەھم و
خورافاتی ئەو سەردەمە دووروو درێژە مێژوییە؟!!
شارا تاھیر لە بڕگەی دووھەمی نوسینەکەیدا دەڵێت " نایشارمەوە کە سەرەتا
من خۆیشم بە وورە و گیانلەسەردەستی، چاونەترسی و ھەستی فیداکاریی ئەو
ژنانە سەرسام بووم کاتێک دەچنە جەنگەوە و بێ پرسیارکردن لە چارەنوسیان،
خۆیان دەخەنە باوەشی چاوەڕوانکراوی مەرگەوە، لێ پاشتر لەلام بوو بە
پرسیار کە بۆچی تەنھا و تەنھا ئەو ژنانە بە شەھید ئەژمار و تۆماردەکرێن
کە وەک پیاو چەکیان ھەڵگرتووە، کە سیما و پۆشاک و تەنانەت ڕەفتاری
پیاوییشان پۆشیوە و وەرگرتوە؟ ئەی ئەو ھەموو شەھیدە کۆمەڵایەتیەی تری
ناو کۆمەڵگە چۆن ناودەنرێن و پۆلێندەکرێن: مەبەستم لەو ژنانەنەیە کە لە
ژێر زەبر و ستەمی خودی ئەم سیستمە پیاوسالاریەدا دەچەوسێنرێنەوە و
دواجار مەرگ ھەڵدەبژێرن، جا بە خۆکوشتن بێت، بە تیرۆرکردنیان بێت لە
لایەن خودی پیاوەوە یا بە خۆسوتاندنیان؟ پرسیارەکە لای من پتر وا
بەستەی دوو چەشن مەرگە کە لە ڕووکەشدا وا دیارە زۆر جیاوازن...".
ئەم بڕگەیەی شارا تاھیر زۆر قسە و مشتومڕ ھەڵدەگرێت. پێشئەوەی کە بچمە
سەر خاڵی جەوھەری ئەو بڕگەیە، من بەش بەحاڵی خۆم لەگەڵ وشەی شەھید و
شەھادەتدا نیم، ئەوانەشی کە ئەم تایتڵە بۆ گیانبەختکردوان ھەڵدەبژێرن
جگە لە سوکایەتییەکی دیکە بەو قارەمانانە ، لای من شتێکی دیکە نییە ،
چونکە ھەموومان دەزانین کە وشەی شەھید لە کوێوە ھاتووە و لە کوێوە
سەرچاوەی گرتووە . بەکارھێنانی ئەم وشەیە بۆ ئەوان دەستنادات جگە لە
سەرچاوەی ئەسڵی وشەکە، گەلێک لە گیانبەختکەران نە باوەڕیان بە دین و
نە باوڕیشیان بە خوا ھەبووە ، کاتێک کە من لە ڕۆژاوا بووم چومەتە
پرسەیان و ھیچ مەراسیمێکی دینی وەکو ھێنانی مەلا و قورئان خوێندن و
فاتیحادادان و ھتد ، تیادا نەبووە ، بەڵام بەداخەوە ھێشتا ئەم وشەیە لە
نێوەندی ڕۆشنبیران و حیزبە سیاسیەکانی وەکو پەیەدە و پەکەکە ش و
میدیاکەشیاندا، ھەر باوە و تەنانەت بۆ گیانبەختکەرانی بێیانەی
نەتەوەکانی دیکەش کە موسسڵمان نین و لە کوردستاندا گیانیان دەبەخشن ،
بەکار ھاتووە و دێت. ھەر لەبەر ئەمەش من لە دیدی خۆمەوە وشەی شەھید و
شەھادەت بۆ ئەوان ڕەتدەکەمەوە.
خاتوو شارا لە سەرەتای ئەو بڕگەکەیەی سەرەوەدا پێ لەوەدەنێت کە خۆشی
سەرەتا سەرسامیان بووە بەڵام دواتر کە ھۆشی تێھاتۆتەوە ( گەرچی دەرمانی
ھۆشھاتنەوەکەیمان پێناڵێت) بۆی دەرکەوتوە کە ئەم بێچارانە ، ئەم
بەسەزمانانە " بێ پرسیارکردن لە چارەنوسیان، خۆیان دەخەنە باوەشی
چاوەڕوانکراوی مەرگەوە" بەڵام نەیتوانیوە وەڵامی پرسیارەکەی دەستبکەوێت
بۆیە لای ئەو ئەوەی وای لەو ئافرەتانە کردووە کە ئاوا بن فێلبازێتی و
گێلکردنی پیاوانە، بووە، غیرەت و بوێرێتی شێتانە بووە، پیاھەڵدان و
دەستەواژەی سێکسیانەی ، ڕۆشنبیران، بووە . سەبارەت بە جل و پۆشاکی ژنە
جەنگاوەرەکان کە گوایە لەوەشدا کۆپی پیاوان دەکەن و کولتوری پۆشاکی
پیاوان ھەیمەنەی (پاوانەی) ئەوانیشی کردەوە ، لەمەشیاندا خاتوو شارا
ئەوە تێناگات کە پۆشاکی ئاسایی کوردی سوری ئەوانە نین کە چ پیاوانیش و
چ ژنانیش ، ئێستا لە بەرەکانی جەنگدا دەیپۆشن . ئەو نایەوێت ئەوە
بزانێت کە ئەو پۆشاکانە لەوێ پۆشاکی ھەموو کەسێکە کە لە ڕیزەکانی
بەرخۆداندایە ، بەڕای من پۆشینی یەک شیوە پۆشاک، جیاوازی پیاوان و
ژنانی جەنگاوەری نەھێڵاوە . خۆ ئەگەر بھاتایە پیاوان و ژنان لە
بەرەکانی جەنگدا پۆشاکی تایبەتی و جیاوازیان ، بپۆشیایە، دڵنیام کە
خاتوو شارا دیوەکەی دیکەی سووکایەتییەکەی دژیان بەکار دەھێنا، ئەو کاتە
دەیگوت " خەڵکینە بڕوانن ئەمانە باس لە یەکسانی ژن و پیاو دەکەن ،
بەڵام تەنانەت لە پۆشینی جلەکانیشیاندا ، جیاوازییان دروستکردووە".
ھەڵبەتە من لەگەڵ شارا تاھیر- دام ، کە بە سەدەھا ئافرەت لە کوردستانی
بەشی عێراق بە دیاردەی جیاجیا و بە ھۆکاری جیاجیا گیانیان لەدەستداوە ،
ئەو ئافرەتانەشی کە گیانبەختکردنیان (خۆکوشتنیان) بە جۆرێک لە جۆرەکان
ھەڵبژاردوە، لای من جۆرێکە لە بەرھەڵستی و بەگژاچوونەوەی زوڵم و زۆر و
بەسووک تەماشاکردنیان و نادادوەری کۆمەڵایتی و ھۆکاری دیکەن ، کە ئەمە
بۆ خۆی بابەتێکی تایبەتە و چەندەھا وتار و نوسین ، ھەڵدەگرێت. بەڵام
شارا تاھیر لەبری ئەو پرسیارەی، دەبوایە پرسیارێکی گشتگیری و کارایانەی
دیکەی لە خۆی و لە ھاوڕێ فێمەنیستەکانی بکردایە : کە بۆچی ئەو ڕووداوە
دڵتەزێنانە لە کوردستانی ئێمەدا ڕۆژانە ڕوودەدات؟ دەبوایە ئەوان بەشی
سەرەکی بەرپرسیارییان ھەڵگرتایە ؟ دەبایە لەبری سوکایەتیکردنی بە ژنە
قارەمانەکانی ڕۆژاوا ،سەرزەنشتی خۆیان بکردایە و دواتریش لێیانەوە فێر
ببونایە و ئەزموونەکانی ئەوانیان بە ھەند وەرگرتایە ؟ بۆ ماوەیەک
دیمانەکردنی تەلەفزوێنی و ڕادوێ و نمایشکردنی وێنەی خۆیان لە
فەیسبووکدا و لە بری گەڕان بەدووی ناو و ناوبانگ دروستکردنی سەرمایەی
سیاسی بۆ خۆیان و حیزبەکانیان . بکەوتنایەتە کاری مەیدانییەوە و
شوێندەستیان دیاربوایە و ئەو کاتە دەیانتوانی نەک ھەر گیانی چەندەھا ژن
کە لەلایەن ھەندێک لە حیزبە سیاسییەکان و مێرد و کەسوکاریانەوە، تیرۆر
کراون ، بپارێزایە، بگرە بزوتنەوەیەکی ئازادیخواز ی سەربەخۆشیان لە
حیزبە سیاسییەکان، دروستدەکرد.
دیارە من دەستی ماندویەتی بڕێک لەو ئافرەتانە کە لە ھەندێک مەیداندا
کاریانکردوە بە توندی دەگوشم و جێگای ڕێز و ستایشن ، بەڵام لە بەرامبەر
ئەو قسەو پەیام و کۆڕو لێدوان و کردنی دیمانانە و کردنەوەی پەناگا بۆ
شوێنی ئافرەتانی لێقەوماو ... ھێشتا شتێکی وا جەوھەری نەکراوە. بۆ
نموونە : تا ئێستا مزگەوتێک کە بووەتە بنکەی سووکایەتی پێکردنی
ئافرەتان دانەخراوە ؟ تا کو ئێستا مەلایەکی دژ بە ئافرەت، تڕۆ و شار
بەدەر نەکراوە؟ تا ئێستا بەرنامەیەکی نێو ڕادوێ یاخود تەلەفزوێن کە
بواری بۆ بانگەشەی سووکایەتی بە ئافرەتان کردووە ، دانەخراوە و
پێشکەشکاری بەرنامەکەش ، دەرنەکراوە و بەدناو نەکراوە؟ تا ئێستا یاسای
چەند ژنە بەکارە و لە کاردایە؟ زۆری دیکە لەمانە ، ھۆکارەکەشی
دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی ئەو فێنمەنیستە بەڕێزانەی ئێمە، باوەڕیان بەو
جۆرە کارانە نییە کە گۆڕانکاری جەوھەری لە ڕێگاوە دەکرێت، وەکو گێڕانی
ناڕەزایی سەرومڕ و کردنی پیکت لاین بەبەردەوامی و داگیرکردن و
دەستبەسەراگرتنی ئەو شوێنانەی کە ئەو سوکایەتیانەی بە ژنان تیادا،
کراوە.، ھەڵکوتانە سەر پەڕلەمان و بنکەی باڵا و بارەگای پارتە
سیاسییەکان و ناڕەزاییدەربڕین لە بەردەم ماڵی کەسانێک کە سوکایەتی بە
ئافرەتان دەکەن و بڵاوکردنەوەی بەیان و لیفلێت کردن لە بازاڕ و
ماڵەکاندا ، دژیان ، ھیچی نەکراوە . ئەمان بۆ لابەلاکردنەوەی ئەو
کێشانە کردنی دیمانەیەکی تەلەفزوێنی ، یا یەکدوو کاژێرێک چوونە سەر
شەقام تاکو لە فەیسبوکدا بلاوی بکەنەوە، بەکافی دەزانن.
ئەمان لێرەدا ئەو پرسیارە لە خۆیان ناکەن بۆچی لە ڕۆژاوادا ئەوانە
ڕوونادات؟ ئامادەنین کە شتێک لەو ئەزموونەوە فێربن ، چونکە حیزبەکانیان
ڕێگریانە ، چونکە دەسەڵاتخواز یو ناو و ناوبانگی تیادا ونە، چونکە
بەکاربردنی ئەو جۆرە خەباتە سەروەرێتی حیزبایەتی، خێڵگەرایی ،
باوکسالاری ، دەسەڵاتخوازی ، پاکۆدەدات. لەوانەش خراپتر کە دێتە سەر
گەمەی شوومی ھەڵبژاردن ، بەشی زۆریان بانگەشەی ھەڵبژاردن و بەشدار ی
ھەڵبژاردنەکەش دەکەن ، کە زنجیرەکەی پێ و جەستەیان توندتر دەکات ، ھۆش
و گۆشیشیان زیاتر کۆیلە دەکات.
ھەر لەو بڕگەیەی سەرەوەدا خاتوو شارا پەنا بۆ سەرچاوەیەک دەبات و دەڵێت
" لەم بارەیەوە ژولیا کریستیڤا دەڵێت:((ئەمانە (ژنان) دەنێردرێن تا
ھاوشێوە و وەک لاساییکەرەوەی ھەژمون و دەسەڵاتی پیاو لە شەڕدا، خۆیان
بدەن بە کوشت و شەھید ببن... ژنان لە پێناوی ھەمان ئەو پرنسیپ و
باوەڕانەدا خۆیان دەدەن بە کوشت کە پێشتر ھۆکاری پەراوێزخستن و بێ
بەھاکردنیان بووە)). بەکورتی، ھەر ئەو نۆرمانەی کە ژنیان کورتکردبۆوە
بۆ جەستەیەک کە ئەرکی سەرەکی بریتیە لە منداڵخستنەوە، ھەمان نۆرم لە
چرکەساتی جەنگدا دەیانگۆرێت و دەیانکات بە جەستەیەک و ماشێنێک بۆ مەرگ"
بۆ ئەم پەڕەگرافەی ئەو، من تەنھا کۆمێنتێکی بچوکم ھەیە چونکە من نازانم
لە کوێدا و بۆ چ مەبەستێک و لە چ سەردەمێکدا ، خاوەنی ئەو سەرچاوەیە
ئەوەی وتووە ، بەڵام دەتوانم بڵێم کە ئەو کۆمێنتە جەنگاوەرانی
ئازادیخوازی ڕۆژاوا ناگرێتەوە . دوای ئەوەش ئاساییە کە کەسانی
ئایدۆلۆجی و دەسەڵاتخواز و حیزبی، ھەمیشە بۆ سەلماندنی ڕاکانیان ،
پەنابەرنە بەر قسەی ئەم و ئەو و دەقی کتێبە زەرد ھەڵگەڕاوەکان و لە
دووری بارودخەکە و کارایی ئەزموونەکانەوە ، لەنگەر بگرن و قسە بکەن.
شارا تاھیر لە دوو بڕگەی کۆتایی وتارەکەیدا
، ھێڕشەکانی لەسەر پیاوان چڕ و پڕ تر دەکاتەوە و لە پالیشیا
سوکایەتییەکی یەکجار زیاتر بەو ئافرەتانە دەکات و فاڵیان بۆ دەگرێتەوە
کە لە داھاتوودا چییان بەسەر دێت، کە دیسانەوە دەبنەوە ئامێری سێکسی
و منداڵدروستکردن. من نازانم پاشەڕۆژی ڕۆژاوا بەرەوکوێ دەڕوات، ناتوانم
بە یەقینەوە پێشبینی داھاتوی بکەم ، مەگەر بە وشەی " ئەگەر و بەڵام "
قسەی لەسەر بکەم ، بەڵام ئەوەندە دەڵێم کە تۆ ناتوانیت مافی سێکس و
ھەبوونی منداڵ و ئیختیاری خودی خۆیان لە ژنانی ڕۆژاوا ، بسەنیتەوە و
ڕای خۆتیان بەسەردا بسەپێنیت . ئەوان وەکو ئەوەی کە ئێستا ئازادن لەوەی
چی دەکەن ھەڵبەتەش لە داھاتوشدا ھەر ئازادن کە چییان دەوێت ، بەڵام زۆر
دڵنیام کە ئەو ئافرەتانە نە دەستەمۆ بە ئارەز و ھەوەسی پیاوان، دەبنەوە
و نە ئیدی باوکسالاریش قەبوڵدەکەن ، ئەمە جگە لەوەی کە لای من کۆیلەی
ئیدۆلۆجی ، کۆیلەی خێڵ، کۆیلەی کوڵتور، کۆیلەی حیزب، کۆیلەی نەتەوە ،
کۆیلەی خێزان، کۆیلەیەتی سەر کار، کۆیلەی دەسەڵات و دەوڵەت. ...بە
ھەموو کۆیلەکانی دیکەوە، لە پرنسپڵدا ھیچ جوودایییەکی لە کۆیلەی مێرد ،
پیاو ، نییە ، بگرە کۆیلەبوونی پیاو ڕەنگە ئەھۆنتر بێت و ڕەنگە
ڕزگاربوونیش لە دەستی پیاو بە جیابوونەوە ، بە دەست لێھەڵگرتن ، بە
حاشا لێکردن ئاسانتر بێت لە ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی حیز ب و نەتەوە و
ئیدۆلۆجی و کولتور.
دواقسەم بۆ شارا تاھیر:
شارا تاھیر، پێش ئاشنابوونی بەم فیکرە تازەیە و دابارێتە سەر ئەو
قارەمانانە و ئەو ھەموو سوکایەتییەیان پێبکات ، دەبوایە تۆزێک خۆی
ماندوو بکردایە تاکو لە بارو دۆخی ڕۆژاوا و ئافرەتان لەوێ بەتایبەتی ،
گەر ەێڕشەکەی بۆ سەریان بە ئامانج نییە، بکردایە . بەڵگەشم بۆ قسەکانم:
خاتوو شار ا تەنھا لایەنی چەکدارانەی ئەو ئافرەتانە دەبینێت کە چەندێکن
و چی دەکەن ، کە من لە ڕۆژاوا بووم برادەران وتیان ژمارەیان دەچێتە
دەوروبەری ١٠ ھەزار ، تۆ بڵێ ٢٠ ھەزار بەڵام بە سەدەھا ھەزاری دیکەیان
لە گروپە خۆجێیییە ڕادیکاڵەکاندا خۆیان ڕێکخستووە ، لە دەزگە
خزەمتگوزارییەکاندا کاردەکەن ، زۆربەی ئەندامان و جەماوەری تێڤدەم
ئافرەتانن ، لە لیژانەکانی پیوەندیی سیاسیی و دیبلۆماسیانە بەدەرەوەی
خۆیانەوە ، لە شارەوانییەکاند، ،ھەڵدەسوڕێن، لە خۆبەڕیوەبەرییەکاندا
بەرپرسن، ھاوسەرۆکن ڕۆڵی کاریگەر دەبینن، لە نقابەکاندا دەستبەکارن .
لە بزوتنەوە و گروپەکانی ئافرەتاندا. لە ڕۆژاوادا شوێنێک نیە لیژنەیەک
، گروپێک نییە دەست و پەنجەی ڕەنگینی ئافرەتانی کارای ئەوێی تیادا
نەکەوتبێتە کار.
ئەوان کەمپەین و کەمپی ئاشتی ژنانیان دامەزراندووە ، نازانم بۆ چی
خاتوو شارا ئەو کەمپ و کەمپینەی سنوری کۆبانی لە شاری سروچک، نەبینیوە
، دیمەنی ھەزارەھا لە ژنانی ڕۆژاوا و باکوری کوردستانی فەرامۆشکردووە
کە بە چنگ و بە خاکەنازو بە بێڵ و بە دەست و پل خەندەقی شەرمەزارییان
پڕدەکردەوە ، ئەی چی دەڵێت بەرامبەر ئەو ھەموو ڕێپێوانەی کە ژنان لە
باکور و لە ڕۆژاوا دەیانکرد و بەردەوامن . پەیامی شۆڕش لە ڕۆژاوا و لە
باکوری کوردستان لەبەر ئەوەی کە پەیامی شۆڕشی کۆمەڵایەتییە نەک ھەر بە
تەنھا شۆڕشی سیاسیی، ھەموو لایەنەکانی خەباتی گرتۆتەوە ، ئەوان خاوەنی
دەنگی خۆیانن و لە سەرجەمی بڕیاردانەکاندا لە بچوکەوە بۆ گەورە ،
بەشدارن و ڕۆڵیان ھەیە، بۆیە شارا تاھیر کە تەنھا باس لە میلیتەرایزی
ژنان دەکات زوڵمێکی زۆر نەک ھەر لە خودی ژنانی ڕۆژاوا خۆیان دەکات،
بەڵکو لە پەیام و جۆرەکانی خەباتیشیان دەکات.
١٥\٣\٢٠١٥
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|