په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 ئەو هەڵانەى کۆمەڵەى مارکسیزم - لینینیزمى بەم ڕۆژە گەیاند.


هیوا رەش   


ڕەنگە نکوڵى کردن لە ڕاستى ئەگەر تاوان نەبێت بێگومان ئەچێتە بازنەى گوناهەکانەوە ، بۆیە ئەوەى لێرەدا ئەیڵێم گوزارشت لە مێژوویەکى دیارى کراو ئەکات و ئەمەوێ هەندێک ڕاستیى بەرجەستە باس بکەم کە هیچ سەرچاوەیەکم بۆى نەکردۆتە ئەستوندەگى جگە لەوەى خۆم تێیدا ژیاوم ، لە سەرەتاشەوە داواى لێبووردن ئەکەم کە نەتوانم بچمە ناو چۆنێتى سەرهەڵدانى کۆمەڵە و لە دواییشدا بڕیارە نهێنى و ژێر بە ژێرەکانى کە زۆر و کەم لێیان ئاگادار نیم ، بەڵام بە پێویستى ئەزانم ڕاستییە بەرچاوەکان بکەمە بەرکوڵى باسێک کە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەى گەورەى پسپۆرانى بوارەکە ، مەگەر بتوانن هەقى خۆى بدەنێ و کەسانى وەکو من ئەستەمە بتوانێت خۆى لە قەرەى بدات .


کۆمەڵە ، ئەو ڕێکخراوە بوو ئەتوانرێت بە سروشى ئومێدى گەلێکى بەشمەینەت لە ناوچەکە بژمێردرێت ، کە لە نێو هەناوى مەلایى و جەلالى کە دوو هێزى ڕوخێنەرى کۆمەڵگاى کوردى بوون و بە سیاسەتە چەوت و چەوێڵەکانیان جگە لەوەى گەلەکەمانیان شەکەت و ماندوو کردبوو لە هەمان کاتیش دا مایەى دانانى گەراى پیسى دوژمنانى هەرێمایەتى و دەور و بەر بوون لە نیشتمانەکەمان دا ، هەروەکو چۆن هەمیشە لاوان داینەمۆى شۆڕش و ناڕەزایەتییەکانن لە دنیادا بە هەمان شێوە کۆمەڵە لە سەر دەستى لاوان تەکانى دا و کەوتە سەر پێ بە بیر و باوەڕێکى نوێى پێشکەوتووخوازانەوە ، پێچەوانەى بیر و باوەڕى هێزە کوردییە تەقلیدى و کۆنە پارێزەکانى ئەو دەمە ، و ئەو فاکتەرانەى ڕێگە خۆشکەر بوون لە نەشونماى کۆمەڵە لەمانەدا خۆى ئەبینێتەوە :-

1 – هەست کردن بە پیلانێکى نێودەوڵەتى گەورە بەرامبەر بە گەلەکەمان .
2 – دڕندایەتى حکومەتى ناوەندى و سەرکوتى بێوێنە بەرامبەر بە گەلەکەمان .
3 – خۆ بەدەستەوەددانى سەرانى شۆڕشى گەلەکەمان .
4 – سازشى هەندێک لە هێزى تر لەگەڵ دوژمن دا لە دژى ویستى گەلەکەمان .
5 – توڕەیى و ناڕەزایەتى جەماوەرى گەلەکەمان .

هەموو ئەمانە واى کرد کۆمەڵە وەکو هێزێکى شۆڕشگێڕ خۆى نماییش بکات و ئەو کەلێنەى لە ئاکامى سیاسەتى قێزەوونى سەرکردایەتییەکانى ئەو کات دروست بووبوو کۆمەڵە پڕى بکاتەوە و مەزنترین هەنگاویش بنێت بە ڕاگەیاندنى شۆڕشى چەکدارى کە بووە هۆى درەوشانەوەى ئەستێرەى ، لە کەشکەڵانى ئاسمانى بێئومێدى و هەرەس و خۆ بە دەستەوەدان ، بۆیە لە پڕێکا بوو بە کوڕێ و بە ئەزموونێکى کەمەوە کەوتە نێو تەونى جاڵجاڵۆکەى سیاسەتبازانى کورد و هێزە بە ناو پێشکەوتووخوازەکانەوە ، تا ئێرە کۆمەڵە تاکە هێزى کوردى بوو ببێتە هیواى زۆرینەى بەشخوراوانى گەلەکەمان ، هەرچەندە ناکرێت دەستە ڕەشە خزاوەکانى نێو ئەو ڕێکخراوە تازە سەرپێ کەوتووە بشاردرێنەوە کە لە دواییدا لە بەر ناهوشیارى و بێ ئەزموونیى کۆمەڵە باجى گەورەى کەوتە سەر و لە ژێر کاریگەرى ئەو دەستانەش بوو ئەو ئەستێرە بەرە و ئاسمان هەڵکشاوە هێدى هێدى داکشێنرا بەرە و خوار کە لە هەموو لایەکەوە ناحەزانى گەمارۆیان دابوو .

1 – دەوڵەتە گەورەکانى دنیا خستبوویانە نێو قەڕەوڵى هاوکێشە سیاسییەکانى خۆیانەوە و هەمیشە وەکو هێزێکى شۆڕشگێڕى پێشکەوتووخواز بە مەترسییان دائەنا بۆ سەر ناوچەکە .
2 – ووڵاتانى دراوسێى داگیرکەرانى کوردستان بە مەترسییان ئەزانى بۆ سەر بەرژەوەندییەکانى خۆیان لە ناوخۆى ووڵاتەکانى خۆیان و لە عێراقى داگیرکەریش دا .
3 – حکومەتى داگیرکارى عێراقى لە ( سەرکەوتن ) ە وەهمیەکانى ووریا کردەوە بۆیە بوو بوو بە گەورەترین مەترسیش بۆ سەر دەسەڵاتەکەیان .
4 – پارتى بارزانیش وەکو هێزێکى ( متحدی ) بۆ سەر عەرشى زەعامەتى خۆیان کەوتنە دژایەتییان .
5 – حیزبى شیوعیش بە جێگرەوەى ڕێکخراوەکانى کوردستانى خۆیانیان ئەزانى بۆیە کەمتەرخەمییان نەکرد لە دژایەتى کردنیان .
6 – خزانى باڵى تاڵەبانى و باڵ کێشان بە سەرى دا تا لەوێوە جەبەروتى خۆى وەکو ئەلتەرناتیڤێک بەرامبەر بە پارتى بسەلمێنێت .
7 – هەموو ئەمانە و ناکامڵى سەرکردایەتى خودى کۆمەڵە بۆ وەستانەوە بەرامبەر ئەو هەموو پیلانە نەگریسانەش سەربار بوو .

لێرە بە دواوە ئەستێرەى کۆمەڵە کە گەییشتبووە لوتکەى هەڵکشان ئیتر هاتە خوار بەرەو داکشان و داماڵدرا لە هێزێکى شۆڕشگێڕى پێشکەوتووخوازەوە بۆ هێزێکى شۆڕشگێڕى داماڵدراو لە ئایدیۆلۆژیا ، ئەگینا کۆمەڵە لە گەڵ ( خەتى گشتى و بزوتنەوە ) کوجا مەرحەبا ، ئەو ئایدیۆلۆژیا چینایەتییەى کۆمەڵە خۆى خستبووە سایەیەوە کەى لە گەڵ بۆچوونى دەرەبەگ و کۆنەپەرستانە ئەگونجا ، تا کار بەوە گەییشت کۆنترۆلى کۆمەڵە کەوتە دەست سەرکردایەتییەکەوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان نەیانخواستووە کۆمەڵە ببێت بەو هێزەى نماییندەى بەشمەینەتان بێت و بگرە دوژمنى قەستەسەرى ئەو بیروباوەڕەش بوون کە کۆمەڵە گرتبوویە بەر .

لە کۆنفرانس و کۆبوونەوە گەورەکان دا پاکتاوەکان خرانە گەڕ بۆ لەناوبردن و دوورخستنەوە و سەرهەڵگرتنى سەرکردە ڕەسەن و غەمخۆرەکانى کۆمەڵە و ئەوانەشى مانەوە بوونە کەمایەتییەکى بێ دەسەڵات و دەسەپاچە تا هەڵخزان بەرەو هەڵدێر .

ئەو هێزەى بە ناوى یەکێتى نیشتمانى کوردستانەوە ئاسیاوى شۆڕشەکەى گرتە دەست و بوو بە بڕیاردەر و لەولاشەوە پارتى دیموکراتى کوردستان بە ناوى ( قیادە مۆقتە ) وە هاتەوە مەیدان مەوداى ململانێکان قوڵتر و فراوانتر بوونەوە و ئەمەش ئاسەوارى کاریگەرى بەسەر کاڵبوونەوەى کۆمەڵەوە جێهێشت ، و لە ململانێى چینایەتى و شۆڕشگێڕییەوە خزاندیانە نێو بۆتەقەى ململانێى مەلایى و جەلالییە کۆنەکەوە بەڵام بە تەرزێکى نوێ ترەوە ، لە نێو ئەو ململانێیەدا ئیتر کۆمەڵە لە هەموو ئەو بیروباوەڕانەى هەڵى گرتبوو داشۆرا و کەوتە داوى پێشبڕکێى زەعامەت و سازش و کورد کوژییەوە و بوو بە هێزێکى کۆنەپارێز و ملى رَێگەى نەمانى گرتە بەر .

کۆمەڵە بوو بە گروپێکى بەهێزى یەکێک لەو دوو باڵەى ناو شۆڕشى کورد کە ساڵانێک بوو خۆیان بەلاوە زۆر مەبەستدار تر بوو لە بەرژەوەندى گەل و بۆ ئەمەش لە هیچ کردارێکى کۆنەپەرستانەى دژەگەلى و ناشۆڕشگێڕى نەسڵەمیونەتەوە بۆ یەکتر شکاندن و تەنانەت لە باوەشى دوژمنە دێرینەکانى گەلەکەمانەوە تیریان بۆ یەکتر ئەهاویشت و یەکتریان قبوڵ نەئەکرد ، گەرمترین باوەشیش بۆیان باوەشى بەعسییەکانى عێراق و ئاخوندەکانى ئێران بوو تا کار بەوە گەییشت مامەڵە بە چارەنووسى هاونیشتمانییەکانى ڕۆژهەڵات و باکوریشەوە بکەن تا دڵى ئاغاکانیان ڕازى بکەن و جێ پێى خۆیان قایمتر ، کە ئەمە تا ئەم دواییەش درێژەى هەر هەبوو بە تایبەتى تا ساڵى 1996 ، ڕۆڵى حیزبى شیوعیش لەم نێوەندەدا وەکو هێزێکى بێ ئیرادە پاشکۆیەتى بوو ، بۆیە پزیسکى ئاگرەکەیان بەرکەوت و لە ئاکامى سیاسەتى کلکایەتى سەرکردایەتییەکەیان دەیان هاوڕێى کۆڵنەدەریان لە پشتاشان بوونە قوربانیى ، ئیتر لەوە بە دواوە شتێک نەما ناوى کۆمەڵە بێت بەو مانایەى جارانى ، هەندێک هەوڵ درا بە ناوى ئەوەى ئەو بیروباوەڕە زیندوو بکەنەوە ئەوانیش لە سەر دەستى سەرکردایەتییە تازەکەى کۆمەڵە هەوڵەکەیان لە بار برا و تەفروتونا کران .

ئەتوانم بڵێم ئەو هێزانەى لە ڕابردوودا هەلى ڕەخساویان لە زەمینەیەکى لە باردا بۆ گونجاو بوون بە بە هێزى کاریگەر و وەرچەرخێنەر بە داخەوە لە ئاکامى سیاسەتى هەڵەیان دا نەمان وە یا بەرەو لە ناوچوون ئەچن ، ئیدى کاتى ئەوە هاتووە ڕەنگە جیاوازەکان دەنگەکانیان بکەن بە یەک و بە ئایدیۆلۆژیایەکى پێشکەوتووخوازانەوە خۆیان پڕ چەک بکەن و بەر لە ستەمە چینایەتییەکان و نایەکسانى و نادادپەروەرى و نادیموکراسى بگرن و ئەرکى لە پێشینەشیان پەردە هەڵماڵین بێت لە ڕووى ئەوانەىکەوا لە ڕواڵەت دا خۆ بە نوێنەرى زەحمەتکێشان و ستەم لێکراوان ئەزانن و لە ناوەڕۆکیش دا سفرەلێسى سەرمایەدارانن .

___________________________________________
تێبینى : ئەم بابەتە خوێندنەوەیەکى سەرپێیى باسێکى گرنگ و مێژوویى خەباتی گەورەترین و ستەملێکراوترین گەلە لە دنیادا ، من ناتوانم زانستیانە و بابەتیانە تر لە سەرى بدوێم ، ئە خوازم پسپۆڕان بە ئەرکى خۆیان بزانن .

 


07701309524 
Hewarash1@yahoo.com