په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٥\٢٠١٩

ئەم ھەموو خۆشەویستییەی "سۆران محەمەد" لە چیەوە ھاتوە.


ئەرسەلان مەحمود  


سۆران محەمەد، مرۆڤێک نەبوو نەرێتگەراو نەرێتخواز، عەشق و خۆشەویستییە خاوێنەکەی بەرامبەر بەخاک و خەڵک و سروشت، بەتێکرای بوونەوەرو یەکە پێکھێنەرەکانییەوە، وایکردبوو ئەوپەڕی تەندروست بدوێ و بجوڵێتەوەو ڕەفتار بکات لەگەڵیاندا.

ھاوڕێ سۆران، چەندە مامۆستا و پەروەردەکارێکی نوێخوازو، ڕەخنەگرێکی جیددی و حەددی بوو، ھەزار ھێندەیش نەرم و نیان و بەئەدەب بوو لەھاوڕێیەتی و لەوتن و لەنووسین و لەئەداکردندا، چەندە قسەکەرێکی بەدیقەت و خاوەن سەلیقەو زمان پاک و بوێر بوو لە شەقام و شاردا، ھەزار ئەوەندەیش گوێگرێکی ئارامگرو بەرگەگری زاناو نەزان و گەورەو بچوک بوو لەکۆڕو کۆبوونەوە جیاکاندا، نیشتمانییەکی بێگەردو کوڕە کوردێکی تا سەر ئێسقان دژە ڕاسیزم و دژە ملھوڕییەت و دیکتاتۆرییەت و دەسەڵاتگەرایی تاک ڕەھەند بوو.

مامۆستا سۆران، لای وابوو حکومەت دەبێ لەخزمەت خەڵکدا بێت، نەک بەسەر خەڵکەکەیەوە ببێت بەبار، لای وابوو بڕیار بەدەستەکانی وڵات چیان بۆ خۆیان و خانەوادەو خێزانەکان بەلاوە پەسندو باشە، دەبێت ھەمان ئەو بڕیارو ڕاسپاردەو شتانەیان بۆ خەڵک پێپەسندو باش و ڕەواو بەرجەستە کراو بێت، ئێرادەو ھێزی ھزری و گەشبینییەکەی ئەو، لەھۆشمەندییەکەیەوە دەھات، ماندو نەدەبوو، لای وابوو ئەوەی بیەوێت بگات بەحەقیقەت، ئەمڕۆیش نەبێ، سبەی ھەر دەگات، ئەو دەیگوت: یەکێک لەنھێنییە ھەرە گەورەکانی گەیشتنە سەرکەوتن، بەردەوامییە. ئەو دەیگوت: ژیان ئەوە ناھێنێت لەپێناویدا بمرین، مرۆ گەر بیەوێ سەلار بژیت، متمانە نەدۆڕێنێت بەسە. ھەر ئەمەیش وایکردبوو بەشدارو پێشکەشکارو چالاکێک بێت کاریگەر لەدیالۆگ و میتنیگ و کۆڕو سمینارە جیاوازەکاندا، خوێنەرو نووسەرێک بوو بەنەخش. ڕاستگۆیی و دڵسۆزی و ئاکارباشیەکەی وایکرد بوو ھێندەی قسە بکاو قسە بکرێ، کار بکاو کار بکرێت، ھەردەم دەیگوت: ھەژاری و نەداری ترسیان ناوێ، ئەمە بەرئەنجامی تەمبەڵییە، ترسە گەورەکە نەفامییە لەزیھنییەتدا، نەفکرینە لەپراکتیکدا، جارێکیان دوای تەواو بوونی یەکێک لەدیالۆگەکان" دیالۆگی ڕۆشنگەری ھاوچەرخ " لەناوەندی ڕێکخراوە دیموکراتیەکانی ڕاپەڕین، بەخەندەو میھرەبانیەکەیەوە گرتمییە باوەش و گوتی:

ھاوڕێم، زۆرم خۆشدەوێی، کاتێک قسە دەکەی زۆر حەز دەکەم گوێت لێبگرم، چونکە ھەر قسە ناکەیت، ڕمبھاوێژێکی باشیت، رێک لەناوەراستی ئامانجەکە دەدەیت، ئەمە بەلای منەوە چەند قسەیە، ھێندەش کردوەو کار کردنە.

مامۆستا سۆران محمد، لەتەمەنی ھەرزەییدا، گاوان بوو، ھاوکات خوێندکاریش بوو، دواجار سەرکەوت، لەخوێندکاری و بەخێوکردنی گاوگۆلی ئاواییەکەیەوە "بۆسکین" بوو بەمامۆستاو، بوو بەبەڕێوەبەرو، بوو بەپەروەردەکارو فێرکاری منداڵانی شارۆچکەکەی، وەک نوکتەو شانازییەک ئەمەی خوارەوەی گێڕایەوە بۆم:

لەدەمی قەیرانەکەدا (( بێگومان تەنھا بەخاتری ئەوەی دەوامی خوێندنگەکەی نەوەستێت )) سەیارەکەم فرۆشت و کردم بەمووچەی ھاوکارو ھاوڕێ مامۆستاکانم، ڕۆژێک لەبەرامبەردا باوکی چەند خوێندکارێک لەئیدارەی خوێندنگەکەمان ھاتنە لام، لەپێزانین و بەپێکەنینەوە وتیان: ھاتووین بتکوژین! وتم یااڵڵا خێر؟! وتیان: ئاخر ئەوا نەبێ کوا دەتوانین چاکەت بدەینەوە، دوێنێ گاوگولەکەمانت دەبردە لەوەڕو، ئەمڕۆش نەک ھەر منداڵەکانمان بۆ پەروەردەو فێر دەکەیت. ماڵەکەشت لەو پێناوەدا کردوەتە قوربانی!!

سۆرانی بەرزە مرۆڤ، ھاودەمی ئەوەی مامۆستاو پەروەردەکارێکی بەحەق نوێخوازو ئەکادیمیست بوو، بەرگریکارێکی بەمۆڕاڵ و بەبڕشت و پیشەگەریش بوو، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی راپەڕین بوو، خۆنەویست و خۆبەخشێک بوو نمونەیی، ئەمساڵ ٢٠١٨ – ٢٠١٩ لەجوار خوێندنگە خۆبەخشانە مامۆستاو وانە بێژی دەکرد، ڕۆشنبیرو نووسەرێک بوو بەدیقەت، بڕۆن سەیری واڵەکەی بکەن لەفەیسبووک، ئەنجومەنی بۆسکین و، ئەندامی دیالۆگی ڕۆشنگەری ھاوچەرخ و پشتیوانی بۆردی گەنجانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و، بزوتنەوەی مەدەنی بوو، ئەو لای وابوو، ئەو مرواری و شتە نایابانەی مرۆڤ بەدوایدا دەگەڕێت، پێویست نییە ڕێگەی ھیندو دوری بۆ ببڕێت، لەناو خودی خویدایە. لای وابوو مرۆڤ لەبری گەڕان بەدوای کەم و کورت و کێماسییەکانی ئەوانی تردا، پێویستە بەدوای دۆزێنەوەی خۆیەوە بێت. سۆران محمدو، زۆۆۆۆۆر زیاتر لەزیاتری تریش.

داوا لەحکومەتی خۆجێیی ڕاپەڕین و لایەنی پەیوەندیدار دەکەم خانووەکە” خانووی مامۆستا / بۆسکین ” لەماڵ و منداڵەکانی مامۆستا سۆران وەرنەگرێتەوەو پێیان ببەخشێت. ڕەوانت شادو، یادەکانت ھەمیشە زیندو ھاوڕێم.

سۆران محەمەد "مامۆستا سۆران" کاتژمێر ١٢ ی شەوی ٩ لەسەر ١٠ی ٥ ی ٢٠١٩ لە ماڵەکەی خۆیدا و، بە ھۆی بەرکەوتەی تەزوی کارەباوە، بە داخ و کەسەرێکی زۆر قوڵەوە، گیانی لەدەستدا.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک