٢٩\٩\٢٠١٠
ئه‌و
هه‌واڵانه چ ویژدانێک راناچڵه‌کێنێ!
- له په‌راوێزی دیارده‌ی خۆکوژیی
ژنانی کوردستاندا! -

حه‌مه غه‌فور
منیش، شایه‌د وه‌کو به‌شێک له ئێوه هه‌ر ئێستا هه‌واڵی "خۆسووتاندن"،
یان له ڕاستیدا، سووتانی ژنێکی ته‌مه‌ن 22 ساڵ، که دوێنێ ئێواره له
ماڵه‌که‌ی خۆیدا ڕوویداوه له قه‌زای دوکان تووشی شۆکی کردمه‌وه! جه‌رگبڕتر
له‌وه‌ش ئه‌وه‌یه ماڵپه‌ڕی (پی ی‌و
که‌ی میدیا) نووسیویه‌تی که
هۆکاری خۆسووتاندنه‌که‌ش نه‌زانراوه! له درێژه‌دا ئه‌م ماڵپه‌ڕه ده‌نووسێت؛
ئه‌م ژنه جلیکانه‌یه‌ک نه‌وتی ڕژاندووه به خۆیداو ئاگری له جه‌سته‌ی
خۆی به‌رداوه‌و ڕیژه‌ی سووتاویه‌که‌شی گه‌یشتۆته 95%.
هه‌ر دوێنێ بوو که له هه‌مان ماڵپه‌ڕدا خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵێکی تر
ڕایچڵه‌کاندبووم. هه‌واڵه‌که ده‌ڵێ؛ له ماوه‌ی 25 ڕۆژی ڕابردوودا له
شاری سلێمانی‌و ده‌وروبه‌ری 12 کچ خۆیان ده‌رمانخوارد کردووه، که ته‌مه‌نیان
له نێوان 15بۆ25 ساڵدایه. ده‌ڵێ؛ به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌کی پۆلیسی نه‌خۆشخانه‌ی
فریاکه‌وتنی سلێمانی، ئه‌م حاڵه‌ته ڕۆژانه دووباره ئه‌بێته‌وه‌و له
ئاکامی توندوتیژیی به‌رامبه‌ریان، کچان به
خواردنی ڕێژه‌یه‌کی زۆر حه‌ب‌و ده‌رمان ده‌سئه‌ده‌نه خۆکوژی!
هه‌مان سه‌رچاوه ووتوویه‌تی؛ که له هه‌مان ماوه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، 10
ژنی دیکه که له‌لایه‌ن مێرده‌کانیانه‌وه به‌ره‌وڕووی لێدان‌و
توندوتیژی جه‌سته‌یی بوونه‌ته‌وه‌و له هه‌مان نه‌خۆشخانه‌ی فریاکه‌وتن
چاره‌سه‌ریان بۆ کراوه!
ئه‌مه ته‌نها داستانی ئه‌و کاره‌ساته دڵته‌زێنانه ئه‌گێڕێته‌وه که
به جۆرێک له جۆره‌کان هه‌واڵه‌که‌ی ئه‌گاته ده‌ستی میدیا‌و بڵاو ئه‌بێته‌وه.
خۆ ئه‌گه‌ر بکرایه‌و ڕۆژانه ئاماری تۆمارکراوی ته‌واوی ئه‌و حاڵه‌تانه
بڵاوبکرایه‌وه که سه‌دان هه‌زار ژن‌و کچی ئه‌م کوردستانه ڕۆژانه‌و
به هه‌زاران شێواز وه‌کو دێوه‌زمه‌ی قه‌ستی سه‌ریان به‌ره‌وڕوویان ئه‌بێته‌وه،
گومانم نیه که کوردستان که‌سی تیا نه‌ده‌ماو ئه‌بوویه یه‌کێک له
بیابانه جه‌هه‌ننه‌میه‌کان که زینده‌وه‌ر ناتوانێ تیایدا ژیان بکات!
ئه‌م شۆکبوونه‌م هه‌ڵی گرتم‌و که‌ڵکه‌ڵه‌ی تێڕامان‌و دنیایه‌ک پرسیار‌و
گومانی له ویژدانما خسته حه‌سره‌ت‌و خرۆشانه‌وه! ده‌سبه‌جێ ڕووم له
ڕۆژنامه‌ی ئۆکتۆبه‌ر، بڵاوکراوه‌ی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان کرد
به مه‌به‌ستی ڕووماڵکردنی لاپه‌ڕه‌کانی تۆمارکردنی توندوتیژی له دژی
ژنان که هه‌موو ژماره‌یه‌ک به‌شێکی زۆری ئه‌و تاوانانه بڵاوئه‌کاته‌وه.
چاوم گێڕا به‌نێو ژماره 60، 59، 58، 57ی بڵاوکراوه‌ی ئۆکتۆبه‌ردا! مه‌خابن
که ئه‌و ئامار‌و هه‌واڵ‌و ژمارانه‌ی ژنان‌و کچانی کوردستانم بینی
چۆنچۆنیی هه‌ر یه‌که‌و به شێوازێکی تراژیدیی دڵته‌زێن کراون به
پارووی ده‌می دێوی فه‌رهه‌نگی شه‌ره‌فپارێزی‌و نه‌زعه‌ی نامووسپه‌رستی،
هه‌ستم به شه‌رمه‌زاریه‌کی بێوێنه‌کرد! له خۆم پرسی، ئه‌م نه‌ریته
چه‌په‌ڵه، ئه‌م عاده‌ت‌و ڕه‌سم‌و یاسا پیس‌و پڕتووکاوه هه‌زارسه‌ره
چی جه‌به‌رووتێک هه‌ڵیئه‌سووڕێنێ وا ڕووبه‌رێک یان پانتاییه‌کی ئه‌م
جیهانه ڕۆشنه له‌م کوردستانه‌دا په‌یدانابێت که‌ڵبه‌ی دڕنده‌ی قه‌سته‌سه‌ری
دژه‌مێینه، خوێنی سوور‌و گه‌شی کیژۆڵه‌یه‌ک، ده‌سته‌خوشکێک، ژنێک یا
دایکێکی ئه‌م خه‌ڵکه خێرنه‌دیوه‌ی نه‌ڕژاندبێ‌و کاره‌سات‌و کۆستێکی
مرۆیی له‌جێگای ڕاستیه‌ک، هه‌نسکێک یاخود ژوانێکی بێگه‌رد جێنه‌هێشتبێت!
ئاخر خۆ منیش هاوڵاتی کۆمه‌ڵگایه‌کم که زۆرتر به جه‌نگه‌ڵێک ئه‌چێت تا
کۆمه‌ڵگا. ژنان‌و کچان‌و دایکان تیایدا هه‌موو ئان‌و ساتێک نێچیری به‌سته‌زمانی
به‌رده‌م نه‌عره‌ته‌ی نێزه‌ی نێرسالاری ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ن. کۆمه‌ڵێک
که له جیاتی داهێنانی نوێ، پووکانه‌وه‌و نغرۆبوون به‌رهه‌مدێنێ، له‌باتی
پاڵپشتی بۆ گه‌شه‌ی خه‌للاقیه‌ت، نه‌زعه‌ی دڕنده‌یی‌و دوژمنکاری ئه‌چێنێ،
له جێی فه‌راهه‌مکردنی فه‌زای نه‌وعدۆستی‌و هاودڵی‌و خۆشویستن‌و پێکه‌وه‌ژیان،
دڵڕه‌شیی، دڵپیسیی، شک‌و گومان، ده‌ماگیریی نامووسپه‌رستانه‌و ئه‌خلاقی
به‌سووک ته‌ماشاکردنی ژنان له ویژدانی هاوڵاتیانمدا ئه‌چێنێ. جه‌به‌رووتێک
جگه له به‌ربه‌ریه‌ت، بێجگه له دوژمنایه‌تی کوێرانه بۆ کچان‌و
ژنانی ووڵات، کامه‌یه هونه‌رو حیکمه‌ته‌کانی!؟ سه‌رچه‌شمه‌ی ئه‌م جه‌به‌رووته
بۆ کوێ‌و بۆ چی ئه‌گه‌ڕێته‌وه!؟
سوونه‌تی پیاوسالاری، عاده‌تی شه‌ره‌فپارێزی، ئاوی حه‌یاتی ئاینی
ئیسلام‌و ته‌واوی ئاینزاکانی دیکه‌و جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی‌و فیکر‌و
بیر‌و باوه‌ڕی ناسیونالیستی به‌رهه‌م دێنێته‌وه. دڕنده‌ییه‌ک به‌رهه‌م
دێنێت که چه‌ندین نه‌وه‌ی تا ئێستای به ڕه‌سم‌و یاسای پاککردنه‌وه‌ی
شه‌ره‌ف‌و ناموسه‌وه نابود کردووه‌و سه‌رتاپای ژیانی به‌هه‌ده‌ر داون.
باوک‌و براو هاوڕێ‌و هاوسه‌ری ژنان ئه‌کاته دوژمنی خوێنه‌خۆره‌ی دایک‌و
خوشک‌و هاوسه‌رو ئازیزانیان. ئه‌م ڕه‌وشت‌و نه‌ریته کۆن‌و بۆگه‌نه
کارێک ئه‌کات ئینسانه‌کان به ده‌ستی خۆیان قه‌سابی ئازیزانیان بکه‌ن،
یاخود ناچار به خۆسووتاندن‌و خۆده‌رمانخوارد کردنیان ئه‌که‌ن! به هه‌ق
ئینسان له به‌رامبه‌ر بار‌و دۆخێکی دۆزه‌خیدا که له کوردستان له
سایه‌ی دیموکراسی‌و ده‌سه‌ڵاتی کوردی خۆماڵیدا بۆ کچان‌و ژنان
پێشهاتووه، ئه‌ژنۆی چۆن ووشکنا‌بێت! وه ئه‌گه‌ر که‌سێک ویژدان‌و
ئینسافی به شتێک نه‌فرۆشتبێت، ناتوانێ مل بۆ ئه‌م شه‌رمه‌زاریه به‌رده‌ومه
درێژ بکات، وه بۆ کۆتایی پێهێنانی قۆڵی تێکۆشانی لێهه‌ڵنه‌ماڵێت. ئه‌مه
چی کاره‌ساتێکه یه‌خه‌ی ژنانی ووڵاتی گرتووه! چی شه‌رمه‌زاریه‌که
بڕاوه به باڵای پیاوانی کوردستاندا! ئه‌م په‌ڵه‌ی نه‌نگیه که
جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی‌و ئاینی ئیسلام‌و که‌لتورو نه‌ریتی عه‌شیره‌یی‌و
دواکه‌وتوانه به‌رهه‌میان هێناوه‌و به هه‌موو توانایانه‌وه تێئه‌کۆشن
بۆ چه‌پاندن‌و درێژه‌پێدانی، بۆچی ئه‌بێت زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵکی
ووڵات که مرۆڤی ئاسایی‌و مۆدێرن‌و مه‌ده‌نین ملی پێبده‌ن‌و وه‌کو فه‌رهه‌نگ‌و
ڕه‌سم‌و یاسای ئه‌وان بانگه‌شه‌ی بۆ بکرێت، وه ئه‌وانیشی پێ بناسرێنه‌وه!
دۆخی ناهه‌مواری ژنان، نه‌ک هه‌ر پله‌دووییان، به‌ڵکه کۆیلایه‌تی ژنان،
وه‌کو دیارده‌یه‌کی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له کوردستان، بێگومان به‌رژه‌وه‌ندیه‌ک
له پشتیه‌وه ڕاوه‌ستاوه‌و که‌سانێک، وه هێزو لایه‌نی جۆراو جۆر هه‌ن
که خێر‌و خۆشی لێ ئه‌بینن. ئه‌م تیپه له ئینسان، ئه‌م به‌شه له مه‌خلوقی
ووڵات، نه‌ک هه‌ر ته‌کان ناخۆن‌و تووشی شۆک نایه‌ن به قوربانیه‌کانی
ده‌ستی شه‌ره‌فپارێزی‌و پیاوسالاری، به زه‌لیلبوون‌و زه‌بوونبوونی
لایه‌کی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵ، یانی ژنان، به‌ده‌ست که‌لتووری نێرسالاری‌و
نامووسپه‌رستانه‌وه، نه‌ک هه‌ر ئه‌ڵێی ڕۆنی سه‌گ ئه‌ده‌ن له قه‌لبیان‌و
بسکه‌ی سمێڵه پیاوانه‌کانیان له دووره‌وه دیاره‌و دێت کاتێک هاواری
ژنێک یاخود قیژه‌ی کیژۆڵه‌یه‌ک له‌ودیو ده‌ماغیانه‌وه به‌رزئه‌بێته‌وه،
ئه‌ویش له‌ژێر بڕشتی ته‌بلیغاتی کۆنه‌په‌رستانه‌و دژه ژنانی ئه‌واندا،
به‌ڵکو ئه‌و حزب‌و هێزو لایه‌نه سیاسی‌و کوردیانه خۆیان ئاراسته‌ی ئه‌م
شێوازه له نه‌ریتی پڕتووکاو و داڕزیو ئه‌که‌ن، پاڵپشتی لێ ئه‌که‌ن‌و
بودجه‌و ئیمکاناتی زۆر‌و زه‌وه‌ند ئه‌خه‌نه به‌رده‌ست هه‌موو ئه‌وانه‌وه
که به‌هه‌ر ڕێگاو شێوازێک بره‌و ئه‌ده‌ن به‌م مه‌یل‌و ده‌مارگیریه
پیاوسالاری‌و دژه مرۆییانه‌یان.
ئه‌م جه‌نگه‌ڵسانه ناتوانێ به‌رده‌وام بێت. شارستانیه‌ت‌و مۆدێرنیزم
سه‌دان ساڵه له‌سه‌ر شانی کۆمۆنیزم‌و جیهانی شارستانی‌و جووڵانه‌وه
ئازادیخواز‌و یه‌کسانخوازه‌کان گورزی گه‌وره گه‌وره‌ی وه‌شاندۆته ده‌می
ئه‌م که‌لتووره هه‌زاران ساڵه‌یه‌و ته‌کی پێداوه‌ته دواوه. له
کوردستانیش هه‌ر ئه‌م هێزانه ئه‌توانن شاده‌ماری ئه‌م که‌لتوورو یاسا
دژه مرۆییه ببڕن، ئه‌م هێزانه ئه‌توانن په‌روه‌نده‌ی کۆنه‌په‌رستی
ئایینی‌و میللی‌و عه‌شیره‌یی دابخه‌ن. کۆمۆنیزمی کرێکاری شانازیه‌کی گه‌وره‌ی
له کوردستان تۆمار کردووه، که سه‌نگه‌رێکی گه‌وره‌و به‌هێزی به‌رگری
کردن بووه‌و هه‌یه له ژنان، وه بزووتنه‌وه‌یه‌که له‌پێناو کۆتایی
هێنان به‌م کۆیله‌تیه‌ی ژنان‌و به‌قه‌رارکردنی یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی
نێوان ژنان‌و پیاوان. کۆمه‌ڵی کوردستان ئه‌توانێ ئه‌م سه‌نگه‌ره‌ی خۆی
به‌هێز بکات. ژنانی ووڵات له‌پێشیانه‌وه پێویسته بۆ دیفاعێکی شه‌رافه‌تمه‌ندانه
له خۆیان‌و نه‌وه‌کانیان له جیاتی خۆکوژی ده‌س بده‌نه خه‌بات له
پاڵ کۆمۆنیسته‌کاندا بۆ کۆتایی هێنان به‌م کۆیلایه‌تیه‌ی سه‌ده‌ی بیست‌و
یه‌که‌م.
بۆ هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری کوردی‌و پارته مووچه‌خۆره‌کانیشیان،
ماده‌ی 140 که مایه‌ی ململانێ‌و شه‌ڕو ده‌عوایه له‌سه‌ر بردنی به‌شی
زیاتر له ده‌سه‌ڵات‌و داهاتی نه‌وتی که‌رکوک‌و ناوچه‌کانی تریش،
گرنگتره له مه‌سه‌له‌ی ژنان. ئه‌وان ئاماده‌ییان نیشانداوه بۆ ئه‌وه
که له‌به‌رامبه‌ر به ماده‌ی 140دا شه‌ڕی سه‌رو ماڵی ده‌سپێبکه‌ن له‌گه‌ڵ
حه‌ریفه‌کانیان له ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی به سوننه‌و شیعه‌شیانه‌وه،
به‌ڵام شه‌رمنۆکانه ئۆرگانێکی لابه‌لاییان بۆ مه‌سه‌له‌ی ژنان‌و به‌دواداچوونی
دیارده‌ی توند‌و تیژی له به‌رامبه‌ر ژناندا به‌ناوی به‌ڕێوه‌به‌رێتی به‌دواداچوونی
کێشه‌کانی ژنانه‌وه قوتکردۆته‌وه، که هونه‌ری سه‌ره‌کییان بۆته چه‌پاوڵ‌و
گیرفان پڕکردن به‌سه‌ر کێشه‌کانی ژنانه‌وه! بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی
داینه‌مۆی ئه‌سڵی‌و سه‌ره‌کیی ته‌وژمی پیاوسالاری‌و مه‌یلی نامووسپه‌رستانه‌و
تاودانی ڕۆحیه‌ی به‌که‌م سه‌یرکردنی ژنانه. هه‌ر خۆشی بانگه‌شه بۆ
سووک نیشاندانی مێینه له ده‌زگاو میدیای ڕه‌سمی‌و ناڕه‌سمیه‌وه ئه‌کات‌و
که‌ڵکه‌ڵه‌ی دڵڕه‌شیی به‌رامبه‌ر ژنان په‌ره پێئه‌داو به سه‌دان شێوه
ئه‌یژێنێته‌وه! هه‌نگاوی یه‌که‌م له ڕاستای ڕزگاری یه‌کجاریی ژنانی
کوردستاندا، ده‌سبه‌ردانه له ته‌لیسمی بیر‌و ئایدیۆلۆژیای
ناسیونالیستانه‌و کوردایه‌تی. کوردستان چیتر ناتوانێ ئه‌م ژه‌هره کۆمه‌ڵایه‌تیه،
ئه‌م کۆکوژیه‌ی دایکانی خۆی قبوڵبکات. کاتی ئه‌وه هاتوه کۆمه‌ڵی
کوردستان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م دۆزه‌خه‌ی بۆ ژنان‌و کیژان داخراوه پێ
بنێته مه‌یدانه‌وه.
27\9\2010
ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌غه‌فور
|