په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٨\٢٠١٠

    ئەو ژنە لە چى دەچێ؟!

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

(1)

ئەو ژنە لە بووکەشوشەیەک دەچێ
لە بووکێکى کراس سپى
شپرزە وەکو سێبەر
باریکەلە وەکو ڕێواس
ڕەشتاڵە وەکو مێخەک
غەمگین وەک وەرزی
بارانى کۆچکردوو.


(2)
ئەو ژنە لە تەمێک دەچێ
تەمى بەفرى ئێوارەى زستان
لە سەکۆیەکی بێدەنگ
لە شمشاڵی پەنجەی مۆسیقارێک
لە کۆڵانێکى قەڵادزێ
هەناسەسارد بە ئاوەدانی.


(3)
ئەو ژنە لە گوڵێک دەچێ
پەنجەى نەرمی کیژۆڵەیەک
بۆنی خەمی پێوەدەکا
لە شعرێکى پڕ لە بەرچنەیەک وشە
لە پەڕەى ناسکى گوڵێک
لە هەناسەى جۆگەلەیەکی بێ ئاو
لە سەماى گەڵای وەریوی پایز
لە گۆرانیەکى وردوخاشکراو.


(4)

ئەو ژنە لە شەقام دەچێ
لە شەقامێکى گەرمى هاوین
لە دارستانێکی ووشکی بێ ئاو
کە باڵندە ناتوانێ هێلانەی تێدا بکا.

(5)
ئەو ژنە لە باڵدار دەچێ
لە باڵندەى کۆچکردووی وەرزەکانی
گەرمیان و کوێستان
لە نمەنمەى باران و
پێدەشتێکی تەڕ بە گوڵەکێوی
لە عاشقبوونى دوو کۆتر
کە دەگەڕێنەوە باوەشی یەکتری.


(6)
ئەو ژنە لە پێکەنین دەچێ
پێکەنینێک دەئاڵێتە روومەتی
ئەو ژنە کراسێکی تەنکی لەبەردایە
لەووردە موروی منداڵی و
گیرفانەکانی پڕە لە بۆنی حەرام
وەختێ کەدێت
زەردەخەنەی لێدەبارێ و
وەختێ دەڕوا
بەردی کفری تێدەگرن.


(7)
ئەو ژنە خۆی
شعرێکی رەنگاورەنگە
ووشەکانی کێڵگەیەکە
نەغمەی ژانێکی ناوەخت
بەسەر لێویەوە دەبارێ
لە پرێکدا خۆی وون دەکا و
وێنەکانی لە باوەش دەگرێ
هەموو رۆژێ هەموو ساتێ
ئەمرێ و زیندوو دەبێتەوە.


(8)
ئەو ژنە
رەنگ و رووی دەم و چاوی
هەوری هەژارێکی تێدایە و
زەردەخەنەیەکی ژاکاو میوانیەتی
جووتێ باڵندەی فرمێسک و
پۆلێ هەناسەی زەرد
دەبێتە هاودەنگ و هاودەمی
دەزانی ئەو ژنە لە چی دەچێ
کاتێ دەنگی یاساوڵەکان
پلار لە شعرەکانی دەدەن
یان بەردێکی تیژی تێدەگرن
ئەو دەبێتە بەفرێکی تواوە
جەستەی دەبێتە بێوەژن.

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر