په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٣\٢٠١١

ئەو کاتەى کۆمەڵگە دەکەوێتە ژێر چنکى حیزبە ئیسلامییەکانەوە.


شاخەوان برایم عەبدوڵاَ


قسەکردن لەمەڕ حیزبە ئیسلامییەکانەوە لەروانگەیەکى رەخنەگرانەوە لەگەڵ ئەوەى کە سوودبەخشە بۆ کۆمەڵگەى کوردستانى و لەهەمان کاتیشدا بەجۆرێک لە جۆرەکان فاکتەرێکیشە لە خوڵقاندنى ئاڵۆزى سیاسى و کۆمەڵایەتى و هەڵچوونى هەستى ئایینى زۆرێک لە تاکەکانى کۆمەڵگە، چونکە ئاماژەگەلێک هەن کەوا حیزبە ئیسلامییەکان رەخنە قەبوڵ ناکەن و هەوڵ دەدەن لەڕێگەى مینبەرى مزگەوتەکانەوە یاخود میدیاوە بێنەدەنگ، ئەمەش بەوپێیەى کۆمەڵگەى کوردستانى زۆرینەى موسڵمانەو دەکرێت مەلایەک کاریگەرى لەسەر سەدان کەسى ئاسایی دروست بکات و رۆژانە دەبینین هەندێ لە مەلاکان هێرش دەکەنە سەر رۆشنبیران و خەڵکى سادەش بێ ئەوەى لەجەوهەرى مەسەلەکە گەیشتبن پاڵپشتى لە مەلاکە دەکەن و لەم نێوەندەشدا رۆشنبیران دەکەونە بەر نەفرەتى خەڵکییەوەو ئەمەش لەگەڵ بەهاو بنەماکانى کۆمەڵگەیەکى شارستانیدا یەک ناگرێتەوەو دەبێ هەڵوەستەى جیدى لەسەر بکرێت. بەدیوێکى تریشەوە هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ بڕوانەبوون یاخود ترسى حیزبە ئیسلامییەکان لەئازادى رادەربڕین و دیموکراسییەت، دەبینین لەڕێگەى مزگەوت و میدیاکانیانەوە وا لەخەڵکى دەگەیەنن کە تەنیا ئەوانن داکۆکى لە ئایینى ئیسلام دەکەن و بەجۆرێک لە جۆرەکانیش هەوڵى قۆرخکردنى ئایین دەدەن تاوەکو لەڕێگەیەوە نفوزى حیزبییان بەرەو هەڵکشان بەرن، چونکە زۆر باش بارودۆخى کۆمەڵگەى کوردستانیان خوێندۆتەوە لەرووى هوشیارى سیاسى و کۆمەڵایەتى و بەتایبەتى ئایینییەوە ئەمەش وایکردووە ئێستاکە بوونەتە مەترسییەکى گەورەى چاوەڕوانکراو بەسەر ئاییندەى هەرێمى کوردستانەوە.


ئەگەرچى بەردەوام بانگەشەى دیموکراسى و شارستانیانە بەگوێى کۆمەڵگەدا دەدەن، بەڵام ئەم جۆرە بانگەشانە تەنیا روواڵەتین و پێویستى قۆناغ و بارودۆخى کوردستان ناچارى کردوون بانگەشەى دیموکراسیبوون بەگوێى بەخەڵکیدابدەن تاوەکو ئەو شوێن و کاتەى دەگەن بەدەسەڵات، ئەگینا ئەوانە واتە حیزبە ئیسلامییەکانى کوردستان رەوتگەلێکى سیاسى شمولى و تەقلیدین و لەژێر کاریگەرى فیکرى سەلەفى و ئیخوانییەکاندان و بڕوایان بەئازادى رادەربڕین و دیموکراسى و کۆمەڵگەى مەدەنى نییەو تەواوى قورساییە ئایینى و سیاسى و میدیاییەکانى خۆیان خستۆتەگەڕ بۆ بەگژداچوونەوەو بەرتەسککردنەوەى ئەو دەنگ و بۆچوونە جیاوازو ئازادانەى لەگەڵ سیاسەتى ئەواندا یەکناگرێتەوە یاخود دەیانخاتە بەردەم پرسیارى جیدییەوە. تەواوى ئاماژەکان ئەوەیان دەرخستووەو بەئاشکرا دیارە ئەوەندەى ئیسلامییەکان ئیش لەسەر کپکردنى دەنگە ئازادەکان دەکەن، نیو هێندە لەخەمى کۆمەڵگەو ئایینى ئیسلامدانەبوونە.


ئەو هەلومەرجە ناسەقامگیرەى کە بەهۆى ململانێى ئۆپۆزسیۆنن و دەسەڵات دروست بووە ئەمە دەروازەیەک دەبێت بۆ هاتنەکایەى قەیرانى سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و زیادکردنى گەندەڵى و بەئاراستەبردنى کۆمەڵگە بەئاقارێکى مەترسیدارو خوڵقاندنى دەیان ئاریشەى چاوەڕوانکراوو یەکێک لەو مەترسیانەى هەڕەشە لەژیانى بەشێکى گرنگى کۆمەڵگە دەکات دروستکردنى ئەو ئاریشە فیکرییەى نێوان بەشێکى زۆرى مەلا حیزبییەکان و رۆشنبیرانن کە ئەمەش بەرهەمى ئیشکردنى ئیسلامییەکانە بەهۆى ترسیان لە هوشیاربوونەوەى کۆمەڵگە لەلایەن رۆشنبیران و رۆژنامەنووسانەوە لەوەى ناکرێت کۆمەڵگەکەمان بکەوێتە ژێر دەستى هەندێ حیزبى ئیسلامى سیاسى و کۆمەڵگەى ئەفغانستان نموونەیەکى ئاشکرایە بۆ تێگەیشتن لەجۆرو ئەجێنداى سیاسى و بەڕێوەبردنى کۆمەڵگە لەلایەن ئیسلامى سیاسییەوە، ئەوە ئیسلامییەکانن هانى مەلاکانى خۆیان دەدەن هێرش بکەنە سەر رۆشنبیران، تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەو ئاستەى مەلا هونەرمەندو رۆشنبیران بە بێ ئەخڵاق لەقەڵەم بدات لەناو کۆمەڵگەیەکدا کە زۆرترین تاکەکانى موسڵمانن و بەشێکى زۆریشیان رووکەشانە لە ئایین تێگەیشتوون، کەواتە ئەجێنداى سەرەکى ئیسلامییەکان ئەوەیە کۆمەڵگە تاوەکو ئاستێک بە ئیسلامى بکەن کە هیچ مەسەلەیەکى تر بوونى نەبێت، بەبۆچوونى من کۆمەڵگە لەسایەى حوکمڕانى ئەواندا، واتە ئیسلامییە سیاسییەکاندا، رووبەرووى بارودۆخێکى وا دەبێتەوە کە بڕیار لەسەر جۆرى پۆشینى جل و سەیرکردنى تەلەفزیۆن و خوێندنەوەو نووسین و سیاسەت و تەنانەت پیاسەکردنى نێوان کچ و کوڕێکیشدا دەدات و دەبێ کۆمەڵگە بەهەرچى بوارە جیاوازەکانییەوە هەن لەژێر دەسەڵاتى ئەواندا بێت و یەک جۆر بیرکردنەوەو یەک شێوە پۆشینى جل و یەک ئەجێنداى سیاسى بوونى هەبێت و کۆمەڵگەیەکى وەستاو لە هەموو ڕووێکەوە دێتەکایەوە.
 

ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک