٢٤\٤\٢٠١٨
ئەوڕۆ (٤٣)ەمین
ساڵ تێدەپەرێ و ساڵیادی بۆمبارانکردنی شاری قەلادزێیە.

خالید شهیدا
(٤٣) ساڵ لەمەوبەر سەر لە بەیانی ڕۆژی چوارشەمەی ٢٤/٤/١٩٧٤ کاتژمێر
٩:٤٥ خولەک لە رۆژێکی ڕۆژە خۆرھەتاودا فرۆکەکانی ھێزی ئاسمانی دەوڵەتی
عێراق کە ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسی عەرەبی سەرۆکایەتی دەکردو تیایدا
دەسەلاتدار بوو، بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی جۆری ناپاڵم بۆردومانی
شاری قەڵادزێی کرد،کە ئەوسەروەختە جگەلە خەلکی مەدەنی زانکۆی سلێمانیشی
لێبوو، بەھۆیەوە ١٣١ ھاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداو ژمارەیەکی زۆریش
بریندار بوون لەوانە ژمارەیەکیان خوێندکاری زانکۆ بوون.
دەسەلاتدارانی عێراق لە کاتێکدا تاوانی کۆمەڵکوژی شاری قەڵاتدزێ
ئەنجامدا کە دەوڵەتی عێراق لە ٢٠/١/١٩٥٩ واژۆی ڕێکەوتننامەی
قەدەغەکردنی پەیماننامەی بەربەستی جینۆسایدو سزا خستنە سەر تاوانکارانی
جینۆسایدی کردبوو کە لە ٩-١٢-١٩٤٨ دەرچووە و لە ١٩ ماددە پێک ھاتووە،
کەچی بەعسیەکان کە حوکمرانی عێراقیان دەکرد، نەک سڵیان لەتاوانی
کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی شاری قەڵادزی نەکردەوەو پەندوعیبرەتیان لەو
شەرمەزارییە وەرنەگرت دوو رۆژ دوای ئەو تاوانە شاری ھەڵەبجەشیان لە ٢٦ی
نیسانی سالی ١٩٧٤ بە ناپاڵم بۆردومانکردو لەوشارەش (٣٠) کەسی تریان
کوشت وژمارەیەکی زۆریشیان بریندارکرد. ھەموو ئەوتاوانانە بەبەر چاوی
وڵاتە زلھێزەکانی دنیاوە رویاندا کەچی ھەر چاوپۆشیان لە رژێمی بەعس کرد،
سەرئەنجام ملھوری گەیشتە لوتکەی بەربەرییەت و تاوانی کۆمەڵکوژی کوردانی
فەیلی لەسەرتای ھەشتاکان و کۆتایی حەفتاکان و کۆمەڵکوژی پیاوانی
بارزانی ساڵی ١٩٨٣ و گازبارانی بالیسان وشێخ وەسان و شاری سەردەشت لە
نیسان و ئابی ساڵی ١٩٨٧ و گازبارانی شاری ھەلەبجە لە ١٦ی نیسانی ١٩٨٨ و
ئەنفالکردنی ھەموو گوندەکانی کوردستان لەھەمان ساڵدا.
لەدوای راگواستن و وێرانکردنی ھەموو گوندەکانی کوردستان راگواستنی شاری
قەڵاتدزی لەساڵی ١٩٨٩دا بووە ئامانجی بەعسیەکان. لە ساڵی ١٩٨٩ شاری
قەڵادزێ بەیەکجاری راگوازراو خانووەکانی لەگەڵ زەوی تەختکران،
خەڵکەکەشی بەزۆرەملێ راگوێزران بۆئۆردوگا زۆرە ملێکانی ھەردوپارێزگای
ھەولێرو سلێمانی لەوانە ( خەبات ،کەورگۆسک ، دارەتوو ، جدیدە ) لە
پارێزگای ھەولێر و بازیان و باینجان لە پارێزگای سلێمانی .
سەبارەت بە ناوی قەڵادزێ دوو لێکدانەوە ھەیە:
١- لە دوو وشەی (قەڵا) و (دژ)ەوە ھاتووە وشەی یەکەمیان بە مانای قەڵاو
وشەی دووەمیان بە زمانی فارسی (دژ)ە و ھەر بە مانای (قەڵا) دێت واتا
قەڵای دژەکان یان قەڵای قەڵاکان.
٢- لە (قەڵای دووزێ)ەوە ھاتووە بە مانای قەڵایەک وەک
پــاشــمــــــاوەی شــوێنـەوارێکــی دێرین و (دووزێ)یـەکـەش
ئــەو زێیـانەیە کە لە پشت (قەڵا)کەوە تێکەڵ بەیەک دەبن لە ڕۆژئاوای
قەڵادزێ بەم شێوەیە پێی و تراوە قەڵای دووزێ دواتر لەسە زمان سوواوە و
پێی وتراوە قەڵادزێ.
لەدوای بۆردومانکردنی شاری قەڵادزیوە ھەمیشە خەڵکەکەی ئازایانە خۆیان
راگرتووەو روبەرووی ستەمکارییەکانی رژێمی عێراق دەبوونەوە ھەرلەگەڵ
دروستبوونەوەی جموجۆڵی سیاسی وبەھێزبوونەوەی ھێزی پێشمەرگە شاری
قەلاتدزێ رۆڵی بەرچاویان بینیوە، لە سالیادی بۆردومانە درندایەتیەکەی
٢٤نیسانی ١٩٧٤دا خەڵکی قەلاتدزێ ڕاپەڕینێکی گەورەی جەماوەرییان
ئەنجامدا لەڕیکەوتی ( ٢٤-٤-١٩٨٢) سەرباری ئەوەی پیاوانی رژێم
نامەردانەو بەوپەری درندایەتییەوە روبەروی خۆپیشاندەران بوونەوە بەلام
ئەو راپەرینە دانەمرکایەوەو بووە ھۆی سەرقافڵەی ڕاپەڕینەکانی تری شار و
شارۆچکەکانی کوردستان لە ساڵی (١٩٨٢).
زانیاریی پتر لەو بەستەرە
وەربگرە:
______________________________
سەرچاوە:
ئینتەرنێت و ماڵپەڕەکان.
٢٤\٤\٢٠١٨
ماڵپهڕی خالید شهیدا
|