١١\١\٢٠١٣ ئەوڕۆ بە هەزاران کەس لە لەندەن دژ بە تیرۆرکردنی سێ سیاسەتمەداری کورد خۆپیشاندانێکیان ئەنجام دا.
ئامادەکردنی: پایزە ئەحمەد ڤیدیۆ و وێنەی: هیوا عەبدوڵا
پاش ئەوەی شەوی چوارشەم سێ ژنە سیاسەتمەداری کورد (سەکینە جانسیز، فیدان دۆگان، لەیلا سۆیڵەمیز) لە پاریس لە خانووەکەی خۆیان تیرۆر کران. ئەورۆ ١١\١\٢٠١٣ کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ بە هەزاران کەس لە رەوەندی کوردی بەریتانیا لەبەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لە لەندەن کۆبوونەوە و سیاسەتی تیرۆریستانەی حکومەتی دڕندە و فاشیستی تورکیایان ریسوا و شەرمەزار کرد، پاشان خۆپیشاندەران بەرەو باڵوێزخانەی فەرەنسا لە لەندەن بەڕێکەوتن و لەوێش داواکاریی خۆیان پیشکەش کردن کە حکومەتی فەرەنسا بەرپرسیارە لە پاراستنی گیانی رەوەندی کورد لە فەرەنسا و پێویستە بە زووترین کات بکەرانی ئەو کارە تیرۆریستییە ئاشکرا بکەن و بە سزای رەوای خۆیان بگەیەنن هەروا وەک وڵاتێکیش کە گوایە بەرگریی لە مەدەنیەت و مافەکانی مرۆڤ دەکەن دەبێ هەڵوێستی دروستی خۆیان بەرانبەر حکومەتی فاشیتی تورکیا بنوێنن کە رۆژانە بە دڕندانەترین شێوە مافەکانی مرۆڤی کورد پێشێل دەکەن.
هاوکات هەر پاش خۆپیشاندانەکە بەشێکی زۆر لە خۆپیشانداران بە کۆمەڵ بەرەو وڵاتی فەرەنسا بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی سبەینێ بەشداریی لەو خۆپیشاندانە بەرفراوانە بکەن کە بڕیارە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ لە پاریس بۆ هەمان مەبەست ئەنجام بدرێ. بۆ دیتنی بەشێک لە خۆپیشاندانەکە کرتە لەسەر ئەو ڤیدیۆیانەی خوارێ بکەن:
ئەمڕۆ - ١١\١\٢٠١٣
|