په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٣\٢٠١١

ئەو رۆژەی کە کامۆ کۆچی کرد.

سیمۆن دۆبۆڤوار                                                                                                                         و: کەژاڵ عەلا

 

سیمۆن دۆبۆڤوار بە نووسینی بیرەوەرییەکانی خۆی کەبەقسەی ڕەخنەگران بەباشترین بەرھەمی ئەدەبی ئەو ھەژماردەکرێ کارێکی سەختی ئەنجامداوە. بیروەریەکانی دۆبۆڤوار تەنھا ژیاننامەی ئەو نیە، بەڵکوو شیکاریی دەرووننی خودی نووسەرە لە سەردەمی ژیانیدا، کتێبی بیرەوەرییەکانی ھەر لەو سەردەمەی کە کچێکی بچکۆلانەیە تائەو کاتەی جیھانی سەدەی بیستەم ئەوی بەنیشانەی بیرمەندێکی مەزن بەڕەسمی ناساند لەخۆگرتووە. بیروەریەکانی دۆبۆڤوار نیشانگەری نموونەی تەواوی ژیانی ھونەری - ئەدەبی فەرەنسا و زۆرێک لە ھەڵبژاردەکانی جیھانی ئەدەب و ھونەری ھاوچەرخە. سیمۆن دۆبۆڤوار لەبیرەوەرییەکانیدا بەم جۆرە باسی لە رۆژی مەرگی کامۆ کردووە:

پاشنیوەڕۆی ڕۆژێکی مانگی یەک بوو بەتەنھا لەماڵی سارتەر بووم کە تەلەفۆنەکە زەنگی لێدا." لانزمەن" بوو کە ھەواڵی دامێ" کامۆ" بەھۆی ڕووداوی ئۆتۆمۆبێلەوە گیانی لەدەستداوە. ئەو کاتێک لەگەڵ ھاوڕێیەکیدا لە باشووری فەرەنساوە دەگەڕایەوە خۆیکێشابوو بە درەختێکی چناردا و کامۆ ھەرلەجێدا گیانی سپاردبوو. تەلەفۆنەکەم داخست. قوڕگم گیرا، لێوەکانم ھاتە لەرزین بەخۆمم گوت، ناگریم ئەو ئیتر بۆمن نەبوو بوو.


تەواوی کات ھەر لەلای پەنجەرەکەوە مامەوە و تەماشای " سان ژێرمەن"م دەکرد کە شەو باڵی بەسەردا دەکێشا. لەو کاتەدا زۆر لەوە بێھێزتربووم کە بتوانم خۆم ئارام بکەمەوە، زۆریش لەوە بێتواناتربووم کەلە خەفەتێکی قوڵدا خۆم نوقمبکەم.. سارتەریش خەفەتباربوو تەواوی شەو ئێمە لەگەڵ "بۆست"دا دەربارەی کامۆ قسەمانکرد. لەپێش خەوتندا حەبی" بەلادۆناڵ" م خوارد. من لەو کاتەوەی کە سارتەر لەژێر چارەسەرکردندا بوو ئیتر لەو دەرمانەم بەکارنەدەبرد. بەڵام ناچاربووم ھەرچۆنێک بێ دەبوایە خەوملێبکەوتایە، بەڵام بێسوودبوو ھەرچیم دەکرد چاوەکانم لەسەریەک نەدەنیشتن.. بەناچاری ھەستامە سەرپێ، ھاکەزای جلەکانم گۆڕی و لەماڵ چوومە دەر ، کات نیوەشەو بوو کەوتمە پیاسەکردن. من داخی پیاوێکی پەنجا ساڵانەم نەدەخوارد و خەفەتی ئەو پیاوە بێعەدالەتەشم نەدەخوارد کەخاوەنی فیزیکی ئاوێزان بە بەدگومانی و تەواو شاراوە لەپشتی ڕووپۆشەوە بەقایلبوونی ئەو بە تاوانەکانی فەرەنسا ئەوی لەدڵمدا سڕیبوبوە. من داخی یار و ھاوەڵی ساڵانی ئومێدەواریم دەخوارد کە بەڕووی بێ ڕووپۆشەوە ئەوەندە دەمبەخەندەو باش پێدەکەنی. من داخ و پەژارەی نووسەرێکی لاوی کۆششکارم دەخوارد کە عاشقی ژیان و خۆشیەکانی، سەرکەوتنەکانی ، ھاوڕێیەتی، خۆشەویستی، عیشق و شادمانی بوو. ئەو ئیتر دوێنێ و پێرێ لەلای وجودی نەمابوو. خۆشەویستیم بۆ کامۆ بەڕادەیەک بوو لەونیوە شەوەدا بەئاشکرا پێمەوە دیاربوو. یادەکانی یەکبەدوای یەک دەھاتنەوە یادم و دەگۆڕان بە ئازارێکی سەخت بۆم. ھەمیشە کە پیاوێک دەمرێ یا منداڵێ یا نەوجەوانآ، کەسانی نزیکی مردووەکە لەبەر ئەوەی عەزیزێکیان لەدەستداوە بۆی دەگرین و واھەست دەکەن کەئیتر گەنجێتیان لەگەڵ ئەودا بەخاک دەسپێرن.


باران نم نم دەباری ھەوا ساردبوو. لەپەنا و قوشبنەکاندا، خەڵکانی بێنەواو پەژارەی سەر شەقامەکان لەبەر سەرما ھەڵتروسکابوون و خەوبردبوونیەوە. لەو شەوە تارەدا بینینی ھەموو شتێک دڵمی شەقار شەقار دەکرد. ئەم بێنەوایانە ئەم نەگبەتیە ئەم شارە دنیا ژیان و مەرگ.


کاتێک بەخەبەر ھاتمەوە بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەو ئیتر ئەم بەیانیە نابینێ. ئەمە یەکەم جار نەبوو کە ئەمەم بەخۆم دەگوت، بەڵام ھەموو جارێ وەک ئەوە وابوو یەکەم جارم بێ ئەمە بڵێم. بیرم لەو کاتە دەکردەوە کە "کایات" ھات و دەربارەی سیناریۆ قسەمان دەکرد. ئەو گفتوگۆیە تەنھا ھەر گفتوگۆیەکی ئاسایی بوو. بەڵام ئێستا کامۆ لەجێی ئەوەی کە تەرکی دنیای کردبێ، بەھۆی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەوە کەبەرۆکی گرتبوو ببووە بابەتێکی بایەخیداری جیھانی. بەڵام ئیتر من بە چاوی نوقاوەوە نەبوایە نەمدەتوانی ئەو ببینم. بەرەو لای ئەو دەچووم ئەو جێیەی کە ئیتر ھیچ شتێک تێدا وجودی نەمابوو من بەحەپەساوی و خەمباری خۆم بەنەبوو دەبینییەوە لەناو ئەو ھەموو شتانەی کەھێشتا وجودیان ھەبوو ھەستم بەبوونی خۆم نەدەکرد.. تەواوی ڕۆژەکە لە ئەزموونێکی مەحاڵدا دەتلامەوە. ئەودیووی نەبوونی خۆمم لەمسدەکرد.


بەرنامەی ئەو شەوەم ئەوە بوو کە بچم بۆ تەماشای "ھاوڵاتی کین". پێشوەخت گەیشتمە سینەما لەبەر ئەوە چوومە قاوەخانەکەی تەنیشت شەقامی ئۆپرا دانیشتم. خەڵکی بێ بایەخدان بەناونیشانە گەورەکەی سەر دێڕی بەرگی یەکەم لەگەڵ وێنەکەی کامۆدا کەدانرابوو وەختەبوو منیان کوێر دەکرد، ڕۆژنامەیان دەخوێندەوە. بیرم لەو ژنە دەکردەوە کە کامۆی خۆشدەویست و بەبینینی ئەم ھەموو وێنەیە ڕادەچەڵەکآ و عەزاب دەچێژآ کەلەھەموو گۆشەو کەنارێکی شەقامەکاندا ھەڵواسرابوو. ئەم وێنەیە پێدەچآ بەھەمان ئەندازەی کەپەیوەستە بەو ژنەوە پەیوەستیش بێ بەھەموانەوە. بەڵام خۆ وێنەکە ناتوانآ ئەم پەیامە بەو ژنە ڕابگەیەنآ.


ئەو زووڕنایەی کە دەردەدڵ و نائومێدی شاراوەی ناخی مرۆڤەکانی بەبا دەدا ئیتر بەلامەوە شتێکی دەستکرد بوو. "میشیل گالیمار" بەقورسی بریندارببوو. ئەو کەلەئاھەنگەکانی ساڵی "١٩٤٤ و ١٩٤٥" ی ئیمەدا ئامادەبوو. بەڵام ئێستا میشلیش کۆچی دوایی کرد. "ڤیان"، "کامۆ"، میشیل" زنجیرە مەرگیان دەستپێکردبوو و کەتا مەرگی خودی منیش کە درەنگ یا زوو لە ناکاودا بە ئیجباری بەرۆکم دەگرێ بەردەوام دەبێ.

_____________
سەرچاوە: سایتی دیباچە.

ماڵپه‌ڕی که‌ژاڵ عه‌لا

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک