١٥\١٠\٢٠١٠
ئەو رووداوەی
یەک ملیار مرۆڤ تەماشایکرد!

موحسین کەریم
بۆماوەی دوو رۆژ نزیک بە یەک ملیار کەس لە سەراسەری جیهاندا بە
حەسرەتەوە هەواڵی رزگارکردنی کرێکارانی گیرخواردووی ناو کانێکی ووڵاتی
(چیللی)یان موتابەعە کرد. سەدان هەزار کەسیش بۆ بیستنی هەواڵی
سەرکەوتنی پرۆسەی رزگارکردنەکەو بینینی یەکەم کەس لەو ٣٣ کرێکارەی کە
ماوەی ٦٩ رۆژبوو لە قوڵایی نزیک بە ٧٠٠ مەتری ژێر زەویدا گیریان
خورادبوو، هاوکات لەگەڵ تیمی رزگارکردن و کەسوکاری کرێکارەکاندا کە
ئەوانیش لەیەکەم رۆژی رووداوەکەوە لە نزیک کانە رووخاوەکەوە خێمەیان
هەڵدابوو، شەونخونیان کرد! لە کاتژمیر ٣:١٥ ی بەرەبەیانی ١٣/١٠/٢٠١٠ بە
کاتی گرینج، هەواڵی سەرکەوتنی گەورەترین و حەساسترین پرۆسەی رزگارکردنی
ژێرزەوی راگەیەنرا. یەکەم کرێکاری گیرخواردوو لەناو بۆریەکی شێوە
موشەکیدا بەناو کونێکی ٦٠ سانتیمەتریدا کە تا شوێنی کرێکارەکان لەژێر
زەویدا کونکراوە، هەڵکێشرایە سەرەوە!
لەگەڵ چەپڵە و هەلهەلەو پێکەنین و گریانی خۆشی هەر کرێکارێکی رزگارکراو
و هاوسەرو مناڵ و کەسوکارەکانی و تیمی رزگارکردن و بەرپرسانی پایەبەرزی
حکومەتدا کە لەشوێنەکە ئامادەبوون، دەیان و سەدان هەزار کەس گریان و
پێکەنین. نەک تەنها ئەو تیمە لە کرێکارانی گیرخواردوو، نمونەی باڵاترین
خۆشەویستی و ئینسانیەتیان لەنێوان خۆیاندا لەو قوڵاییەی ژێرزەویدا
دامەزراندبوو، کە هەر ئەو پەیوەندی و هاودڵیە ئینسانیە بوو هێزی ئەوەی
پێدان بەرگەی ئەو کارەساتە بێوێنەیە بگرن و تروسکایی ئومێدی دووبارە
بەژیان لایان نەکوژێتەوە، بەڵکو هەزاران و سەدان هەزارو بگرە ملیۆنەها
ئینسان لەسەراسەری جیهاندا بەبێ ئەوەی نەتەوەو ئایین و ووڵات و سنور
هەستی بێگانەبوونیان بەو کرێکارانەو هاوسەرو مناڵ و کەسوکاریان لا
دروست بکات، بەپێی خەسڵەتی راستەقینەی خۆیان، وەکو رەنگدانەوەیەکی
سروشتی ئینسانییان، هۆش و هەستیان تێکەڵی مەشهەدی پرۆسەی رزگارکردنەکە
بووبوو.
ئەوەی گومانی تێدانیە ئەوەیە کە پرۆسەی رزگارکردنەکە سیناریۆیەکی
بێهاوتای ئینسانی بوو. رزگارکردنی گیانی ٣٣ کرێکاری گیرخواردوو بۆماوەی
زیاتر لە دوو مانگ لە قوڵایی ٧٠٠ مەتری ژێرزەویدا کە دەیان هەزار تەن
بەردو خۆڵ دەرگای هاتنە دەرەوەی لێگرتبوون، بێدودڵی کارێکی لەرادەبەدەر
پڕبایەخە. بەڵام هاوکات لەپشتی ئەم مەشهەدە ئینسانیەدا کە بە رواڵەت
هەموو ئێمە؛ ئینساندۆستان، و کەسوکاری کرێکارەکان و سەرۆکی چیللی، کە
یەکێکە لە ملیاردێرەکان و خاوەنی ٢٥%ی هێڵی ئاسمانی چیللی و دەزگایەکی
پەخشی تەلەفزیۆنیە، لە هەمان خانەدا ریزدەبین، مەشهەدێکی دیکە هەیە.
ئەگەر روخساری دەرەوەی مەسەلەکە ئەوەبێت کە چاوچنۆکی و قازنجپەرستیی
بۆرژوازی ژیان و سەلامەتی کرێکار دەکاتە قوربانی زیادکردن و کەڵەکەی
سامانەکەی و کارەساتی ترسناکی وەکو ئەوەی لە کانی (سان جۆسێ) رویدا،
روودەدات، بەڵام دیوە شاراوەکەی ئەوەیە کە کاتێکیش بۆ پڕوپاگەندەی
ئیعلامی و جوانکردنی سیمای دەسەڵات و سیستەمەکەی پێویستی بێت ئەو
موعجیزەیە دەخوڵقێنێ کە لە رزگارکردنی کرێکارانی کانی ناوبراودا
نیشانیدا!
کانی (سان جۆسێ) یەکێکە لە کانە بچوکەکانی دەرهێنانی ئاڵتون و مس لە
چیللی و لە ساڵی ١٨٨٩وە کاردەکات. پێوانەکانی رەچاوکردنی سەلامەتی
کارکردن لەم کانە لەئاستێکی نزمدابووە و خاوەنی تۆمارێکی خراپی
سەلامەتی بوە. تەنها لە چەند ساڵی رابردودا( ١٦) کرێکار لەم کانەدا
گیانیان لەدەستداوە. پێش لە رودانی کارەساتی رۆژی ٥/٨/٢٠١٠ یش کە بووە
هۆی داخستنی دەرگای کانەکە لە سەرجەم ئەو کرێکارانەی تێیدا کاریان
دەکرد، ژمارەیەک لە کرێکارەکان خاوەنکارەکەیان لەو درزانەی لە
دیوارەکانی رێرەوی چونەناو کانەکەدا هەبوە ئاگادارکردۆتەوە. سەرۆکی
چیللیش کە راستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەی رزگارکردنەکەی دەکردو زۆربەی کات
لە نزیکی کانەکەوە ئامادەبوو، ئاماژەی بەوەکرد کە کانی ناوبراو
مێژویەکی درێژی هەیە لە روداوو کارەسات! بەڵام سەرباری هەموو ئەو
ئاگادارکردنەوەو ئاگاداریە دەربارەی بارودۆخی ناسەلامەت و خەتەرناکی
کارکردن لەوکانەدا، نە خاوەنکار ئامادەبووە بیریک لە سەلامەتی
کرێکارەکان بکاتەوەو نە دەوڵەتیش بە ئەرکی خۆی زانیوە سنورێک بۆ
موجازەفەکردن بەگیانی کرێکارانەوە دابنێ، هەروەک ناچاری ئابوری و
هەژاریش وای لەکرێکارەکان کردوە کە لەبەرامبەر وەرگرتنی کرێیەکی
زیاتردا ریسک بەژیانی خۆیان بکەن!
گرنگترین سەرچاوەی ئابوری چیللی ئەو داهاتەیە کە لەدەرهێنانی ئاڵتون و
مسەوە دەستی دەکەوێ و چیللی یەکەم وولاتی بەرهەمهێنەری مسە لەجیهاندا.
دەوڵەتی چیللی خاوەنی گەورەترین کۆمپانیای دەرهێنانی کانزاکانە
لەجیهاندا کە بە( کۆدیلکۆ) ناسراوە. بەدرێژایی ئەو ووڵاتە سەدان کانی
بچوک و گەورەی دەرهێنانی مس و ئاڵتون هەن کە لەلایەن کۆمپانیای
ناوبراوو چەندین کۆمپانیای دیکەی ئەهلیەوە بەرێوەدەبرێن. زیادبوونی
داوا لەسەر مس لە ئاستی جیهاندا لەساڵانی رابردودا کە بەردەوام نرخی
مسی بەرزکردۆتەوە، هەڵپەی سەرمایەداران و کۆمپانیاکانی دەرهێنانی مسی
بەرادەیەک زیادکردوە کە رەچاوی کەمترین پێوانەکانی سەلامەتی نەکەن،
بەتایبەتی کۆمپانیا ئەهلیەکان کە تەنگژەی کەمیی سەرمایەیان هەیە. کارن
پۆنیاچیک، وەزیری پێشووی کانەکانی چیللی دەڵێ:"هەرکاتێک نرخ
بەرزدەبێتەوە، فشار بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان زیاد دەکات".
بۆوەڵامدانەوە بەو داوایەی بازاری جیهانی لەسەر مس و کانزاکان بەگشتی،
سەرۆکی چیللی بەرنامەی پەرەپێدانی داهاتی کانەکانی هەیەو دەوڵەتیش کە
خۆی خاوەنی گەورەترین کۆمپانیای دەرهێنانی کانزاکانە بەرژەوەندی
لەگەشەپێدانی ئەم کەرتەی پیشەسازیدا هەیە. بڕیارە لە ساڵانی داهاتودا
٢٠ ملیار دۆلار سەرمایەی دەرەکی، کە بەشی سەرەکی لەلایەن سەرمایەی
چینیەوە دابینکراوە، بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی کانەکان لە ناوچەی باکوڕی
چییلی کە کانی (سان جۆسێ)ش دەکەوێتە ئەو ناوچەیەوە، بخرێتەگەڕ.
چیللی دوای ئەوە سالانێکی زۆر بووە کێڵگەی وەبەرهێنانی سەرمایەی جیهانی
و بەتایبەتی ئەمریکی(کە بەشی هەرەزۆری سەرمایەی بانکی دراوی جیهانی
موڵکی ئەمریکابوو)، ئاکامەکەی لەسەرێکەوە قەرزاریی دەوڵەت و لەسەرەکەی
تریشەوە هەژاری جەماوەری کرێکاری بەدوای خۆیدا هێنا. بێگومان دروستبونی
چەندین ملیاردێری وەکو سەرۆکی ئێستای وڵاتیشی لێکەوتەوە! ئەو بارودۆخە
ئابوریە وێرانە لەلایەکەوە نارەزایەتیە جەماوەریەکانی لێکەوتەوە کە
کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری چیللی(پینۆشە)هێنا، سەرەڕای پشتیوانی
سەخاوەتمەندانەو بێدرێغی بۆرژوازی رۆژئاواو ئەمریکی لێی. لەلایەکی
دیکەشەوە توانای سەرمایەداری ئەو وڵاتەی لەراکێشانی سەرمایەی دەرەکی و
دابینکردنی زەمینەکانی قازانج و کەڵەکەی سەرمایەدا بەشێوەیەکی بەرچاو
کەمکردەوە. ئێستاو دوای دەورەیەک لە دەسەڵاتی باڵی چەپی بۆرژوازی، کە
بە داخەوە وەکو ئاکامی بەسەرکەوتن گەیشتنی خەبات و نارەزایەتیەکانی
جەماوەری بێبەش دەرخواردی خەڵک درا، و بێتوانایی ئەو دەسەڵاتە لە
وەڵامدانەوە بە پێداویستیە ئابوریەکانی سەرمایە، سەرمایەدارێکی گەورەو
سیاسەتمەدارێکی راستڕەوی بۆرژوازی پۆستی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە
وەردەگرێتەوە. ئەمە خۆی مەیل و رێبازی بۆروژوازی و حکومەتی راستڕەوی
بۆرژوایی نیشاندەدات بۆ تەختکردنی ئەو زەویەی کە رێگای هاتنی سەرمایەی
دەرەکی دابین دەکات. روکردنی سەرمایەی چینی بۆ وڵاتانی ئەمریکای لاتین
و لەوانەش چیللی، لەلایەن بۆرژوازی و دەوڵەت و سەرۆکی ملیاردێرەوە وەکو
فرسەتێکی زێڕین بۆ گەشەپێدان و کەڵەکەی سەرمایەو ئیستیسماری چینی
کرێکاری ئەو ووڵاتە تەماشا دەکرێ! پیشەسازی کانەکان ئەو کێڵگەیە
بەپیتەیە کە سەرمایە دەتوانێ تێێدا بەرهەم بهێنێ! بۆیە بێگومان
جێگایەکی گرنگی لە ئابوری ووڵاتداو بەمپێیەش لە سیاسەتی دەوڵەت و لەم "ئنساندۆستی"یەی
سەرۆکی چیللیشدا داگیردەکات!
روخانی کانی (سان جۆسێ) نیشانەیەکی گومانی خستەسەر ناوبانگی ئەم کەرتە
هەستیارەی ئابوری سەرمایەداری لەچیللی. بۆرژوازی چیللی و دەستەی
فەرمانڕەوای ئەو وڵاتە بۆ دوورخستنەوەی ئەو گومانە بەنەخشەوە کەوتنەخۆ.
سەرۆکی چیللی وەکو دەزگای راگەیاندنی بی بی سی دەڵێ وەکو " سەرکردەی
مەیدانی" پرۆسەی رزگارکردنەکە کاریکرد. پرۆسەی رزگارکردنەکە کرایە
شانۆی گێڕانەوەی متمانە بۆ پیشەسازی کانەکان و سەرۆکی چیللی و وەزیزری
کانەکان بوونە پاڵەوانی یەکەمی شانۆگەریەکە! خۆیان پێشوازییان لە
کرێکارانی رزگارکراو دەکردو چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کەناڵەکانی
راگەیاندندا دەکرد! سەرۆکی چیللی و دەستەی جێبەجێکردنی پرۆسەی
رزگارکردنەکە کەلایەن کۆمپانیای(کۆدیلکۆ)وە سەرپەرشتی دەکرا، لەو
سیناریۆ تەلەفزیۆنیەدا کە روپۆشێکی ئینسانی بەسەردا درابوو، ئەو
پەیامەیان بە سەرمایەی جیهانی گەیاند کە پیشەسازی کانەکانی چیللی
دەتوانێ بواری وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان بۆ دابین بکات! ئەمە بێجگە
لەوەی کە لەباری سیاسیشەوە بەهرەکیێشی سیاسی بۆ باڵی راستی بۆرژوازی
چیللی لێکرا کە ساڵانێکی زۆربوو بە سیمای (پینۆشە)ی دیکتاتۆری چیللی
دەناسرایەوە!
بەڵام روو بەناوخۆ، سەرۆکی چیللی ویستی پەیامێکی دیکەش بگەیەنێ. سەرۆکی
چیللی کە خۆی سەرمایەدارێکی گەورەیە، وەکو سەرۆکێکی راستڕەوی بۆرژوازی،
لەچۆنیەتی مامەلەی لەگەڵ مەسەلەی کرێکارانی گیرخواردوی ناو کانی(سان
جۆسێ)دا، سیمای سەرۆکێکێ میهرەبانی لەخۆ نیشاندا کە دڵی بۆ کرێکار
دەسوتێ و شەونخونییان بۆدەکات و خۆیان و هاوسەرو مناڵیان لەباوەشدەگرێ!
بەمەش ویستی لەلایەکەوە پێگەی خۆی و بۆرژوازی چیللی بەرامبەر بە چینی
کرێکارو بزوتنەوەی یەکسانیخوازی بەهێزبکات و لەژێرناوی (یەکگرتویی) و
رەواجدان بە ئیحساساتی نیشتمانیدا چەواشەکاری لەناو جەماوەری بێبەشدا
پەرەپێبدات. لەلایەکی دیکەشەوە هەموو بۆرژوازی چیللی لەژێر باڵی
راستیدا کۆبکاتەوەو باڵی چەپی بۆرژوازی، کە دوای شکستی پینۆشە ساڵانێک
دەسەلاتی وڵاتی بەدەستەوەبوو،پاشەکشە پێبکات. بەڵام ئەگەر کرێکارانی
کانی(سان جۆسێ) لەدۆزەخی ژێرزەوی رزگاریان بوو، ئەوا خۆیان و مناڵ و
هاوسەریان و هاوچینەکانیان لە دۆزەخی سەرزەوی سەرمایە رزگاریان نابێت!
تەنانەت ئەگەری رودانی کارەسات و ژێرزەوی کەوتن و قوربانیبونی کرێکاران
لە وڵاتیکدا کە چاوی سەرمایە لەسەر دەرهێنانی سامانە لەژێر قوڵایی
سەدان مەتری زەویدا، بەهیچ شێوەیەک کەم و دوورناخرێتەوە! وەهمی"ئاشتی
چینایەتی" کە سەرۆکی چیللی ویستی لە پەیامەکەیدا لە ویژدانی کرێکاران و
جەماوەری بێبەشی چیللیدا بیچینێ، هەر زوو بێبایەخ دەبێت و بۆ جارێکی
دیکەش ئەو حوکمەی مارکس راستی و دروستیی خۆی دەسەلمێنێتەوە کە دەڵێ
رزگاربونی کرێکاران لە گرەوی کۆتاییهێنان بە سیستەمی کاری بەکرێدایە!
١٤\١٠\٢٠١٠
ماڵپهڕی
موحسین
کهریم
|