|
٥\١١\٢٠٢٦
ئەوروپا لە دەروازەی داڕووخاندا!

هەورامان عەلی
ئەم ڕۆژانە پایتەختی شارە ئەوروپیەکان شەپۆلدەدات لە خۆپیشاندان و
لێواو لێوە لە خەڵکی توڕە و ناڕازی. لە ھەموو لایەک جەنگ و پێکدادانە،
پاریس دەسوتێ و چیدی شارە ڕۆمانسیەکەی جاران نییە. ڕۆما مێژووی
شارستانیەتەکەی فڕێداوە و نەوەکانی مێژوو بەھاکانی دەسوتێنن!
قوتابخانەکان لە زۆر گەڕەکی شارەکاندا لە قوتابخانەکانی وڵاتانی
ئەفەریکا خراپتر بوون! تا دێت ڕیزی برسی و ئەوانەی بێخانەولانەن و
لەسەر شەقامەکان دەخەون درێژتر دەبێت،لە ھیچ وڵاتێکی ئەوروپایدا نییە،
مرۆڤ ناچارنەبێت نیوەی داھاتەکەی نەدا بە کرێخانوو، مافە بنەڕەتییەکان
بەشێوەیەکی مەترسیدار پاشەکشە دەکەن، تەمەنی خانەنشینی درێژتر
دەکرێتەوە و تا دێت دەرماڵەکانی کەمتر دەکرێتەوە. لە زۆربەی شارەکان
ژنان ناوێرن بە تەنیا شەوان بێنە دەرەوە! ھیچ کەسێک لە داھاتووی خۆی و
منداڵەکانی دنیا نییە....ھتد.بە کورتی چیدی ئەوروپا ئەو بەھەشتە نیە
کۆچبەران خەونیان پێوە دەبینی و ئامادە بوون لە دەریای سپی ناوەڕاستدا
بخنکێن تا بتوانن تێیدا ببنە ھاوڵاتی!
چی ڕوویدا؟ ھۆکارەکانی ئەم بنبەست و قەیرانە سیاسی، کۆمەڵایەتی و
ئابوورییە چین؟! من ھەوڵ دەدەم لە چەند وتاری جیادا باسیان بکەم.
بەشی یەکەم:
کێشەی کۆچبەران لە نێوان پێویستی ئابووری و شکستی کۆمەڵایەتیدا.
مێژووی مرۆڤ، مێژووی کۆچە. مرۆڤ لەوەتەی ھەیە کۆچ دەکات.
مرۆڤایەتی ھەرگیز لە شوێنێکدا جێگیر نەبووە. ئەگەر لە دۆڵێکی بچووکی
ئەفریقادا بماناینەوە، ئەمڕۆ نە شارستانیەتێکمان دەبوو، نە زانست و نە
ھونەرێک. ھەموو شارستانیەتە گەورەکان، ھەموو ئیمپراتۆریەتەکان، ھەموو
شۆڕشە پیشەسازییەکان، بەرھەمی کۆچن. بۆیە پرسی کۆچ، پرسێکی لاوەکی
نییە، بەڵکە پرسی خودی داھاتووی مرۆڤە.
بەشی یەکەم:
لە لووسییەوە تا ھەموومان کۆچبەری ئەفریقین.
لە ساڵی ١٩٧٤ لە ناوچەی عەفاری ئەسیوبیا، دۆناڵد جۆھانسن ئێسکەپەیکەری
"لووسی" دۆزییەوە کە ٣.٢ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا ژیاوە. لووسی یەکەم
بەڵگەیە کە باوانمان لەسەر دوو پێ وەستان تا بڕۆن و بگەڕێن.
گەورەترین کۆچی مێژوو، نزیکەی ٧٠ ھەزار ساڵ پێش ئێستا ڕوویدا. گروپێکی
بچووکی ١٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠ کەسی لە ئەفریقا چوونە دەرەوە و بە ھەموو
جیھانیاندا بڵاوبوونەوە. زانستی جیناتی ئەمڕۆ بە تەواوی سەلماندوویەتی
کە ھەموو ٨ ملیار مرۆڤی سەر زەوی نەوەی ھەمان ئەو گروپە بچووکەن.
جیاوازی ڕەگەز و نەتەوە تەنھا خۆگونجاندنە لەگەڵ کەشوھەوا.
واتە کۆچ نە نەخۆشییە، نە دیاردەیەکی نوێیە، بەڵکو سروشتی مرۆڤە.
بەشی دووەم:
دەوڵەتانی کۆچ - کاتێک کۆچ دەوڵەت دروست دەکات.
بەھێزترین وڵاتانی ئەمڕۆ خۆیان بەرھەمی کۆچن، بەڵام بە سێ مۆدێلی
جیاواز:
١- مۆدێلی داگیرکەری - ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا: تا ساڵی ١٦٠٠ ھیچ
ئەوروپییەک لە ئەمریکا نەبوو. ئەم کیشوەرانە بە ٦٠ ملیۆن کۆچبەری
ئەوروپی دروست بوون. لێرەدا کۆچ بووە بزوێنەری زلھێز، بەڵام لەسەر
حسابی لەناوبردنی خەڵکی ڕەسەن وەک ھیندییە سوورەکان و ئەبۆرجینییەکان.
٢- مۆدێلی گەڕانەوە - ئیسرائیل: دوای ٢٠٠٠ ساڵ پەرتەوازەیی، جووەکان بە
ھاندانی ئایدیۆلۆژیای زایۆنیزم گەڕانەوە فەلەستین. بەپێی ئاماری ٢٠٢٣،
زیاتر لە ٧٥%ی جووەکانی ئیسرائیل یان خۆیان کۆچبەرن یان منداڵی
کۆچبەرن.
٣- مۆدێلی دابەشبوون – پاکستان بەنمونە: لە ١٩٤٧دا لەگەڵ دابەشبوونی
ھیندستان، لە ماوەی ٦ مانگدا ١٥ ملیۆن کەس بە زۆرەملێ کۆچیان کرد.
پاکستان لەسەر بنەمای کۆچی موسڵمانان دروست بوو. ئەمە خوێناویترین کۆچی
مێژووی نوێ بوو.
مێژوو پێمان دەڵێت، کۆچ دەتوانێت دەوڵەت دروست بکات، بەڵام ھەمیشە
نرخەکەی گران دەبێت.
بەشی سێیەم:
ئەوروپا - لە کیشوەری ناردنەوە بۆ وەرگرتن.
بۆ ٤٠٠ ساڵ ئەوروپا کۆچبەری دەنارد. لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە بوو
بە وەرگر.
قۆناغی یەکەم (١٩٤٥-١٩٧٣): مرۆڤ وەک ھێزی کاری یەدەگ.
لە جەنگی جیھانی دووەمدا، ئەوروپا وێران بوو. پێویستی بە ھێزی کار بوو،
نەک بە مرۆڤ! ئەڵمانیا پرۆگرامی Gastarbeiter لەگەڵ تورکیا واژۆ کرد،
فەرەنسا لەگەڵ جەزائیر، بەریتانیا لەگەڵ پاکستان. دەوڵەت تەنھا بازووی
کاری دەویست، نەک خێزان و منداڵ و خەونەکەی. پێیان وابوو کاتێک کار
تەواو بوو، دەگەڕێنەوە.
قۆناغی دووەم (١٩٧٣-٢٠٠٨): شکستی مۆدێلەکە.
سێ زەلکاوە ھات:
١- قەیرانی نەوتی ١٩٧٣ کارگەکانی داخست.
٢- دوای ڕووخانی دیواری بەڕلین و ھاتنی سەردەمی گڵۆبالیزەیشن: کۆمپانیا
گەورەکان وەک ئەدidas و نایک چوونە چین، چونکە لەوێ کار ھەرزان و
کرێکار بێدەنگ بوو.
٣- پاشەکشەی دەوڵەتی خۆشگوزەران: دەوڵەت چیتر نەیتوانی وەک جاران خانوو
و قوتابخانەی دەوڵەتی و ھەرزان بۆ ھاوڵاتیان دابین بکات.
ئەو کرێکارە کاتییە بوو بە بێکاری ھەمیشەیی، بەڵام نەگەڕایەوە، ئاخر
منداڵەکانی لە ئەوروپا لەدایک ببوون.
قۆناغی سێیەم (٢٠٠٨ تا ئەمڕۆ): دروستبوونی دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا
ئەمە دڵی قەیرانەکەیە. کاتێک سەرمایە لە گەڕەکێک ناوچەیەک دەکشێتەوە،
تەنھا کار نابات، ھیواش دەبات. لە حەفتاکاندا نەوەی کرێکارێک دەیتوانی
بخوێنێت و ببێتە ئەندازیار. ئەمڕۆ ئەو پەیژەیە شکاوە.
کاتێک دەوڵەت ھیوا نادات، مرۆڤ دەگەڕێتەوە ناو تۆڕە بچووکەکەی خۆی:
گەڕەک، مزگەوت، دوکان، یاسای نافەرمی. بەمە دەوترێت Parallel Society.
مۆلنبیک لە بروکسل: لە پایتەختی ئەوروپا، پۆلیس بە ترسەوە دەچێتە
ھەندێک کۆڵان.
رۆسەنگۆرد لە ماڵمۆ: سوید کە بە بەھەشتی یەکسانی ناسراوە، ئێستا ٦٢%ی
دانیشتووانی ئەم گەڕەکە لە دەرەوەی سوید لەدایک بوون و بە بەھای
نایەکسان دەژین.
بانلیۆی پاریس: لە ٢٠٠٥دا سووتا و ھەر ساڵ دووبارە دەسووتێتەوە.
بەپێی یۆرۆستات ٢٠٢٣: ڕێژەی بێکاری لای کەسانی لە دەرەوەی یەکێتی
ئەوروپا لەدایکبوو ٩.٣% بووە، لە کاتێکدا لای کەسانی ڕەسەن کە یەکێک لە
دایک و باوکیان بیانییە ٥.٨% بووە. واتە نزیکەی دوو ھێندە. ھەروەھا
بەپێی OECD، منداڵی کۆچبەر لە ئەوروپا لە تاقیکردنەوەکانی PISAدا بە
نمرەیەکی زۆر لە منداڵی ڕەسەن دوادەکەوێت.
بەشی چوارەم: بۆچی ئێستا تەقینەوە؟
١- قەیرانی دیموگرافیا: ڕێژەی منداڵبوون لە یەکێتی ئەوروپادا بۆ ١.٣٨
دابەزیوە لە ٢٠٢٣، لە ٢٠٢٢دا ١.٤٦ بوو، بۆ مانەوەی دانیشتوان پێویستە
٢.١ بێت. تەنھا ئەڵمانیا، بەپێی پەیمانگای IAB، تا ساڵی ٢٠٣٥ ڕووبەڕووی
کورتھێنانی ٧ ملیۆن کرێکار دەبێتەوە، چونکە ١٢.٩ ملیۆن لە نەوەی baby
boomers خانەنشین دەبن. ئەوروپا بێ کۆچبەر لانی کەم لە کەرتی
خزمەتگوزاریەکاندا تووشی ئیفلیجی دەبێت.
٢- شکستی سێ مۆدێلی تێکەڵبوون:
نەخشەڕێگای فەرەنسی - ھەموو ببنە فەرەنسی - شکستی ھێنا چونکە ناسنامەی
لاوەکانی سڕییەوە.
مۆدێلی بەریتانیا - ھەرکەسە بە کولتووری خۆی بمێنێتەوە - شکستی ھێنا
چونکە گەڕەک و گیتۆی جیاوازی دروست کرد.
مۆدێلی ئەڵمانیا - ئێوە تەنھا میوانن - شکستی ھێنا چونکە میوانەکان
مانەوە و بونە خاوەنماڵ.
٣- نەوەی دووەم و قەیرانی ناسنامە: باوکەکە دەڵێت "ئێمە تورکین"،
کۆمەڵگای ئەوروپی دەڵێت "ئێوە تورکن"، بەڵام منداڵەکە نە تورکیای
بینیوە نە لە ئەوروپا وەک ئەوروپی قبووڵ دەکرێت. ئەم بۆشاییە زۆر جار
بە توندڕەوی یان تاوان پڕ دەکرێتەوە.
٤- کۆچی تێکچوونی کەشوھەوا:
ئەمە قەیرانی داھاتووە. بەپێی بانکی جیھانی لە ڕاپۆرتی Groundswell
Part II (٢٠٢١)، تا ٢٠٥٠ نزیکەی ٢١٦ ملیۆن کەس بەھۆی گەرمی و
وشکەساڵییەوە لەناو وڵاتەکانی خۆیاندا کۆچ دەکەن. ئەوروپا ھێشتا بۆ ئەم
شەپۆلە نەک ئامادە نییە، بەڵکە نە توانایی ھەیە و نە بەرنامە.
سەرەنجام: ئەوروپا لەبەردەم سێ ڕێگادا
ئەوروپا لە دژبەیەکییەکی مێژووییدایە: بۆ بوژانەوەی ئابوورییەکەی تا
٢٠٥٠، ٤٠ ملیۆن کرێکاری کۆچبەری دەوێت، ڕای گشتی کۆمەڵگاکەش پێیوایە:
ئەوانەی ھەن تێکەڵ نابن.
١- ڕێگای داخران: وەک ڕاستڕەوەکان دەیانەوێت. گەرئەم ڕێگەیە سەربگرێت،
سەرەنجام: ئابووری پیر دەبێت، مووچەی خانەنشینان نامێنێت، گەشە
دەوەستێت و کەرتی خزمەتگوزاریەکان دوو ھێندەیتر وێران دەبن.
٢- ڕێگای کردنەوەی بێ پلان: وەک چەپەکان ھەندێک جار دەیانەوێت. ئەنجام:
گەڕەکی زیاتری وەک مۆلنبیک و کێشەی کۆمەڵایەتی و ئەمنی گەورە تا ڕادەی
لەدەستدانی پایەکانی دەوڵەت وەک ھاوڵاتی یەکسان لە ئەرک و ماف و
دەرفەتدا .
٣- ڕێگای تێکەڵبوونی قووڵ: تاکە ڕێگای سەرکەوتوو. واتا:
زمان لە ڕۆژی یەکەمەوە فێر بکرێت، نەک دوای ٥ ساڵ.
منداڵی کۆچبەر لە قوتابخانەی باش دابنرێت، نەک لە قوتابخانەی گەڕەکی
ھەژار.
کار بە خێرایی بدۆزرێتەوە، نەک مووچەی بێکاری بدرێت بۆ ١٠ ساڵ.
یاسا بەسەر ھەموواندا جێبەجێ بکرێت، نە لە گەڕەکی دەوڵەمەند یاسا ھەبێت
و لە گەڕەکی ھەژار یاسای خێڵەکی.
مێژوو فێری کردین کۆچ بە دیوار ناوەستێت. بە دروشمیش چارەسەر نابێت.
تەنھا بە وەبەرھێنان لە مرۆڤدا چارەسەر دەبێت. ئەوروپا دەبێت بڕیار
بدات ئایا کۆچبەر وەک "کێشە" دەبینێت یان وەک "مرۆڤێک کە دەتوانێت
بەشێک بێت لە چارەسەر".
________________________________________________
سەرچاوەکان:
١- OECD 2024 - ئاسۆی کۆچی نێودەوڵەتی.
٢-
Eurostat 2023 - Migrant integration
statistics: foreign-born unemployment 9.3% -
https://ec.europa.eu/eurostat/statistics-explained/index.php?title=Foreign-born_people_and_their_descendants_-_labour_market_indicators
٣- یۆرۆستات ٢٠٢٣ - ئاماری منداڵبوون یەکێتی
ئەوروپا کۆی گشتی 1.38 -
https://ec.europa.eu/eurostat/statistics-explained/index.php?title=Fertility_statistics
٤- بانکی جیهانی ٢٠٢١ - ڕاپۆرتی بەشی دووەمی زەوی - ٢١٦ ملیۆن کۆچبەری
ناوخۆیی کەشوهەوا -
https://www.worldbank.[STRIPPED
129 bytes]. IAB
- لە ئەڵمانیا تا ساڵی ٢٠٣٥ کەمیی هێزی کار ٧ ملیۆن کەس بووە -
https://www.iab.de/en
٥- کوپمانس ٢٠٢٠ - ڕکابەری ڕەگەزنامە.
ماڵپهڕی ههورامان عهلی
|