په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١١\٢٠٢٠

ئەوروپا خۆی لە بەرامبەر ئیسلامی سیاسیی توندڕەودا رادەست کردوە!
- ئەوروپای فرەیی، کە وازی لە شەڕی ئایینی هێنا، ئێستا چۆکیداداوە لەبەردەم ئیسلامی سیاسی توندڕەوی دڕەندەدا! -

 

 

  حامید عەبدولسەمەد

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شوان عەزیز

ئیسلامیەکان دیسان لە ئەروپایان دایەوە. تیرۆریستەکان لە ماوەی دوو هەفتەدا، چەندین هێرشیان ئەنجامداو جوانترین شاری ڕۆژئاوایان هێنایە لەرزە . بەوەش چەندین پرسیاریان هێنایە گۆڕێ دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەی ئەوروپا لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا.ترس دڵی دانیشتوانی پاریس و نیس و درێزدەن و ڤێننای داگرت، بەڵام هێشتا سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا پەشۆکاون و نازانن چۆن ئەو دڕندەیە لەناوبەرن کە هەر خۆیان بوونە هۆی گەشەکردنی لە ژێر ناوی فرەیی و لێبوردەیی فرە کەلتووری دا.


هەرلە دوای یازدەی سێپتەمبەرەوە ، من دەبیسم کە سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوایی دەڵێن، " ئیتر لێبوردەیی لەبەرامبەر ئەوانەی لێبوردەییان نیە نابێت"؛ یاخود دەڵێن: " ئیتر لەمەودوا بە دەستێکی پۆڵایین تیرۆریزم لەناو دەبەین". هەرچۆنێک بێت ، ئەو گفتانە شتێک نین بێجگە لە قسەی بۆش ، وە تەنها مەبەستیان لەم قسانە هێورکردنەوەی ڕای گشتی شەقامە. تەنها سەرۆکی فەرەنساو ڕاوێژکاری نەمسا بوێری ئەوەیان هەبوو بە ئاشکرا ڕەخنە لە ئیسلامی سیاسی و لە ڕابەرەکەی کە ئەڕدۆغانەبگرن . لە کاتێکدا کە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ، ئەنجێلا مێرکڵ ، خەون بەوەوە دەبینێت کە بۆ کردنەوەی زیاتری دەرگای وەڵاتەکەی تاکو موسڵمانی زیاتر بێنە ناویەوە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت. ئەو موسڵمانانەی کە دەڵێن لەبەر زەبروزەنگیدەسەڵاتداران ڕایانکردووە لە وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی.


ئیسلامی سیاسی کە وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی تێکداو خەڵکەکەی خستنە ناو زەلکاوی نەزانی و تاریکی و بووە هۆی شەڕی تائیفی و ئەهلی، وا ئێستا خۆی خزاندۆتە ناو وەڵاتانی ئەوروپاو دەیەوێت یاساکانی خۆی بسەپێنێت بەسەر یاسای نەوەکانی ڤۆلتێر و کانت و مۆزارت دا . ئیسلامی سیاسی وای لە موسڵمانان کردووە کە خۆیان گۆشەگیربکەن لە ناو گەڕەکە هەژارنشینەکانداو تێکەڵ نەبن لەگەڵ خەڵکی ئەو وەڵاتەی کە ئەوانی وەرگرتووەو کردوونی بەهاووەڵاتی خۆی. ئێستا ئەو ئیسلامە سیاسیە هەوڵی ترس و تۆقاندنی هەرکەسێک دەدات کە ڕەخنەی لێبگرێت. دەیەوێت بزانێت ئاخۆ مامۆستایایەک چی دەڵێتەوە لە ناوپۆلدا و مامۆستایەکی زانکۆش چ جۆرە بابەتێک پێشکەش دەکات و نوسەرو ڕۆژنامەنووسێکیش چ دەنووسن و چ کتێبێک بڵاو دەکەنوە.


دوای هەڕەشەی کوشتن لە سەلمان ڕوشدی و کوشتنی چارلی عبدو، ئێستاش مامۆستای مێژوو ساموێل پاتیان سەربڕی. هەر لەبەر ئەوەی کە کاریکاتێری چارلی عەبدووی لە ناوپۆلدا پیشانی خوێندکارەکان دابوو تا گفتووگۆی لەسەر بکەن هەم موسڵمان و هەم نا موسڵمان . چونکە بابەتەکە بریتیبووە لە ئازادی ڕادەربڕین و بەریەک کەوتنی لەگەڵ هەست و سۆزی موسڵمانان لەفەرنسادا. بەڵام ئیسلامی سیاسی نە گرنگی بە ئازادی ڕادەربڕین دەدات و نە بە هەست و سۆزی موسلمانانیش. ئەو تەنها گرنگی بەسەپاندنی بیروڕاکانی خۆی و شێوەژیانی خۆی دەدا لەهەر شوێنێک کە چووە ناویەوە. هەست و سۆزی موسڵمانان لەلای ئیسلامی سیاسی هیچ شتێک نیە تەنها بەکارهێنانیەتی وەک بەنزینێک بۆ پەرپاکردنی شەڕوئاژاوە.


من ٢٥ ساڵ پێش ئێستا هاتم بۆ ئەڵمانیا بۆ ئەوەی لێرە بە ئازادی بژیم .هەروەها بۆ ئەوەی بتوانم ڕای خۆم بە بێ ترس و بە بێ ئەوەی لەسەر ئەو بیروباوەڕە بخرێمە زیندانەوە دەرببڕم. بەڵام لەدوای هەموو ئەو ساڵانە، دوای بڵاوکردنەوەی ١٠ کتێب لە ئەڵمانیادا، کە زوربەیان ڕەخنە بوون لە ئیسلام، من ئێستا دەبێ هەر لەناو ئۆتۆمۆبێلی گولە نەبڕدا هات و چۆ بکەم. ناتوانم بچم نانیش بکڕم ئەگەر ٧ پاسەوانی سەر بەهێزی تایبەتم لەگەڵدا نەبێت. هەروەها ناتوانم بچم لە شوێنێک بابەتێک پێشکەش بکەم ئەگەر یەلەگی گولە نەبڕم لەبەردا نەبێت.ئەوەتا من لێرە لە ناو جەرگەی ئەوروپادا لە زینداندام. هەموو ڕۆژ ترسم لە ژیانی خۆم هەیە، چونکە ئەو دڕندە ئیسلامیە سیاسیە لە پێش مندا خۆیکرد بە ناو ئەڵمانیاداو دەستی بەدرووستکردنی مزگەت کرد. مێشکی چەندین نەوەی موسڵمانی ژەهراوی کرد. ئەو موسڵمانانەی کە هاتنە ئەو وەڵاتە لە ترسی دەسەڵاتدارانی پێشووی خۆیان کە ئیسلامی سیاسی هاوکاریان بوو لە وێرانکردنی وەڵاتەکانیان.
خەڵکی وەک و من ئاسایی ناتوانن بە شەقامەکانی ئەوروپادا پیاسە بکەن بەبێ پۆلیسی پاسەوان. لە کاتێکدا سەلەفیەکان و تێرۆریستەکان بە ئارەزووی خۆیان و بە بێ ترس پیاسە دەکەن ، لە ناو مزگەوتەکانیان چیان بوێت فێری خەڵکی دەکەن و پەنجەی هەڕەشەش لەهەر کەسێک بەرز دەکەنەوە کە ڕەخنەیان لێبگرێت.زوربەی ئەو تێرۆریستانەی کە لە ئەورەپادا کاری تیرۆریستیان ئەنجامداوە ناسراون لەلایەن هێزی ئاساییشەوەو بە کەسانی توندڕەوی ئیسلامی و وەک هەڕەشەش بۆ سەر ئاساییشی گشتی خەڵک ناوزەدکراون. هەندێک لەوانەش هەوڵی کاری تیرۆریان داوەو گیراویشن لەسەر تێوەگلانیان لە چالاکی و کاری تیرۆریستی دا.


ئەوروپا شانازی دەکات بە بەها ڕۆشنگەری و فرەیی و فرە کەلتووری خۆیەوە. ئەو کیشوەرەی کە دژایەتی خۆی بۆ شەڕو جەنگە ئایینیەکان و دادگاکانی پشکنینی ئایینی ڕاگەیاند، کە لەو پێناوەشدا قوربانی زۆری بە ڕۆڵەکانی دا، ئەو کیشوەرەی کە ڕێگای ئازادی خۆشکرد بە ڕەخنەگرتن لە ئایین و سیستەمی پیاوسالاری، ئێستا ئەو کیشوەرە ڕێگای داوە بە ئیسلامی سیاسی و دادگاکانی پشکنینی ئەو ئیسلامە سیاسیە کە بگەڕێنەوە مەیدان و ببنە فەرمانڕەوا بەسەر نووسەرو مامۆستاو نووسەرانی شانۆو ئەکتەرەکانی لەسەر خاکی خۆیان. شکەستی ئەوروپا لە شەڕدا لە دژی ئیسلامی سیاسی و تیرۆردا تەنها شکەست نیە لە ڕووی ئاساییشەوە، بەڵک و شکەستە لە ڕووی فێرکردن و پەروەردەو ڕۆشنگەریەوە . ئەوروپا ئێستا خۆی تەسلیم بە ئیسلامی سیاسی کردووە. لە باتی داخستنی ئەو مزگەوتانەی کە توندوتیژی و رق و کینە بڵاودەکەنەوە ، داوا لەو ڕێکخراوە ئیسلامیە دەکات کە پاڵپشی لە ئەڕدۆغان و ڕێکخراوی برایانی موسڵمان، ئیخوان مسلمین، دەکات کە بەرنامەی خوێندن و پڕۆگرامی خوێندن بۆ منداڵانی موسڵمان دابنێن لە ئەڵمانیاو نەمسادا. لە جیاتی سزادانی ئەڕدۆغان ، کە بووەتە پاڵپشتی ڕەسمی تێرۆر و بەگەڕخستنی بەکرێگیراوو چڵکاوخۆری ئیسلامی لە سوریاو لیبیاو ئەرمینیادا، ئەوروپا ئێستا ساڵانە هاوکاری تورکیای ئەردۆغان دەکات بە بڕی ٣ ملیار یورۆ هەر بۆئەوەی ئەڕدۆغان نەهێڵێت هیچیتر پەناهیندە لە تورکیاوە خۆی بگەێنێتە ئەوروپا.


بەڵێ سەردەمی بەهاکان کۆتایی هات. ئەوروپا ئێستا باوەشی کردۆتەوە بۆ قەتەر، تورکیاو ئێران لە پێناوی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەکانی خۆیدا. بەو کارەش ئەوروپا خیانەت لەو بەهاو پرنسیپانە دەکات کە هەر خۆی لە پێناویاندا قوربانی زۆری داوە. بۆیە ئەو تیمساحانەی کە ئەوروپا مێزی بۆکردوونەتەوە لەوە دەچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەوروپا قووت بدەن. ئەو هەڵمەتە ئێستا دەستی پێکردووە و ئەوروپاش بەبێ هێز دیارە. بەداخەوە ئەوەی کە لە ئەوروپا ئێستا بەجێماوە و دەبینرێت تەنها گرێ ی کۆنی هەست بەتاوانکردنی وەک ئیپریالیزم و کۆیلایەتی و هۆڵۆکۆستە. باڵی ڕاستی توندڕەوی ئەو کیشوەرە دیەوێت کیشوەرەکەی لە ڕق و کینەو توندوتیژی ئیسلامی سیاسی ڕزگار بکات بەڵام بەهەمان میتۆدی توندوتیژی و ڕق و کینەوە کە ئەمەش هیچی کەمتر نیە لەو میتۆدەی کە ئیسلامی سیاسی توندڕەو پەیڕەوی لێدەکات لە دنیادا. دەمێنێتەوە سەر کەسانی میانڕەروی ئەو کیشوەرە کە گوێ پێنادەن بە بیانووی لێبوردەییەوە. ئەوانە لێدەگەڕێن کە چەپەکان و ڕاستڕەوەکان و توندڕەوەکان لەنێوخۆیاندا بەردەوام بن لە شەڕلەگەڵ یەکتردا.


ڤۆلتێر و کانت بە دڵنیاییەوە لە قەبرەکانیان دێنەدەر کە دەبینن، سیاسەتمەدارانی وەڵاتەکانیان گوێ بە لایەنگرانی بەهاکانیان و ئازادی و ڕۆشنگەری نادەن و لەولاشەوە دەچن باوەش دەکەنەوە بۆ ئەو لایەن و کەسانەی کە ڕق و کینەو توندو تیژی بڵاو دەکەنەوە لەو کیشوەرەدا. هەروەها لە دژی بەهاکانی ئەو کیشوەرەش کاردەکەن. بە دڵنیاییەوە ڤۆلتێرو کانت دەست دەکەنە گریان کە دەبینن مامۆستایەک لە شەقامێکی پاریس دا سەری دەبڕن و لە گۆماوی خوێنی خۆیدا دەگەوزێ.. بە دڵنیاییەوە دەبێتە جێگەی پرسیار بۆیان کە هەموو ئەو شتانەی ئەوان وتیان یان نووسییان هەمووی بەخۆرایی ڕۆیی. بە دڵنیاییەوە تووشی نیگەرانی و بێهیوایی دەبن کە دەبینن خەڵکی ئەوروپا نیشانەی " ئێمە هەموومان چارلی عەبدوین " بەرز دەکەنەوە دوای ئەو هەموو قوربانیەی کە ئەو کیشوەرە دای لە پێناوی ئازادی و ڕادەربڕیندا. وە لەهەمان کاتدا گوێ بەو هەموو ئاگادارکردنەوانە نادەن کە ڕەخنەگران لە ئیسلامی سیاسی هەیانە. ئەو سیاسەتمەدارانە پێیان وایە ڕەخنەگری ڕاستەقینە تەنها ئەوانەن کە مردوون.


سەروەت و ساامان، گوێ پێنەدان و تێگەیشتنی نادروست و سادەیی دەربارەی لێبوردەیی ئەو کیشوەرە بێ وێنەو جوانە، ئەوروپای بەرەو داروخان بردووە. کۆتاهەمین مێرگ و مەیدانی ئازادی کە ئەو کیشوەرەیە، وا ئێستا ڕاستڕەوە چەوساوەکان خۆیان تێخزاندووەو دەورەش دراوون بە کۆچبەرانی نایاسایی.


بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵمەتی ئێمە لە دژی ئیسلامی سیاسی هەربەردەوام دەبێت. دەبێ ئەو هەڵمەتە بە تەنها لە ڕۆژهەڵاتدا بەڕێوەبەرین. دەبێت ئەو تەجروبەیە بەکاربێنین لە دژی ئەو دڕەندەیەی ئیسلامی سیاسی کە ئێمە لە مێژووی خۆمان و لە مێژووی ئەوروپاوە فێری بووین. ئەو دڕندە ئیسلامە سیاسیە کە ئایین بەکار دێنێت وەک ڕێبازی سیاسی، تێربوونی نیە تا هەموومان قووت نەدات.


ئێمە ئەوە فێربووین کە کەلتوورەکان وەک و ئەو کۆشکانە وان کە منداڵان لە لم درووستیان دەکەن و دێن و دەڕۆن و هیچ شوێنەواریش لەپاش خۆیان بەجێنامێنێت. بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە کەلتوورەکان بەرەو ڕووخان و لەناوچوون دەچن نەک هەر بە هێرش و پەلاماری دەرەکی بەڵکو، کاتێک کە دەکەونە بەرپەلامارو هێرشی ناوخۆیش هەر لەناو دەچن و دەڕوخێن.

_________________________________
سەرچاوە:
www.memri.org/reports/egyptian-writer-living-germany-pluralistic-europe-which-renounced-religious-wars-now

 

 

shwanaz@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک