په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١١\٢٠١٣

ئێ خۆ ئەمن ئەندام پەرلەمان نیم؛ تا هێندە نەزان و ناهۆشیار بم!


دارا خونچە       


هەرچەندە نووکە لە سەراسەری جیهان لە کن هەر کەسەک رۆشنە.. ستایشکردنی پەرلەمان لە لایەن سیستەمی دەسەڵاتداریی کە گوایە گرنگترین و پڕ بایەخترین دەزگەی کارگێڕیی کۆمەڵە و ئەندام پەرلەمانەکانیش نوێنەری دلسۆز و دەستەبژێری هۆشیاری گەلن و لە رێی یاسا و ئاراستەکردن و چاودێرکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکەر ئاریشەکانی میللەت چارەسەر دەکەن و ژیان و گوزەرانی چاک و شایستەیان لۆ دابین دەکەن.. فرە فرە دوورە لە راستیی و تەنێ فرتوفێڵەکی سیاستەبازانەی حیزبەکانە لۆ رامکردنی میللەت و وەکاربردنی توانستەکانی و دزینی سامان و گەنجینەکانی وڵات، لێ هێشتا هەر گەللەک ناڕەوا و نابەجێیە:

- لە پاش ئەو حەمکە پێشڤەچوون و هۆشیاربوونەوەیەی کە مرۆڤ لەوڕۆدا پێیگەیشتییە هێشتا پەرلەمان هەرەوەک دەیان ساڵی بەریی هەر دەزگەیەکی مشەخۆر و بێکار و کارتۆنییە و تا لە ژۆرە داخرایەکانیش بڕیار و پیلانەکانی سەرۆک و مەرۆکەکان وە شێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ نەکرێتە بەرنامەکار هەرگیز دەسەڵاتی ئەوەی نییە یەک دار لەسەر یەک بەرد دابنێ! واتە بێجگە لە دەستهەڵبیڕین لۆ بەفەرمییکردنی یاسەگەلەک کە پێشتر لە لایەن سیاسەتبازانەوە داڕێژرایە کاریان هەر ئەوەیە کە رۆژانە چەقەچەقەکانی نێو دیوەخانەکەیان لە میدیای درەربار بلاوبکەنەوە و سەری خەڵکی پێوە بیەشێنن!

- لە پاش ئەو حەمکە پڕوپاگەندەیەی کە گوایە ئازدایی خۆپاڵاوتن و هەڵبژاردن لۆ هەر هەرکەسەک وەک یەک چاکترین و جوانترین ئاکاری پەرلەمانە.. کەچی بێجگە لەوەی خەڵکی رەنجدەر و زەحمەتێکێش وە خەونیش دەرفەتی ئەوەیان پێ نادرێ ببەنە ئەندام پەرلەمان خەڵکی چین و توێژەکانی دیکەش هەر لە سەرەتاوە پێش سیناریۆی خۆپاڵاوتن و هەڵبژاردن لە لایەن سیاسەتبازە بڕیاروەدەستەکانەوە دیار دەکرێن و دادەمەزرێن.. کاتەکیش وە فەرمیی - واتە کە دەرهێنەر لە سیناریۆیەکەی دەبتەوە - ناوەکان رادەگەیەندرێ رێک دەبنە کۆیلەگەلەکی فرە ملکەچی حیزبەکانیان و وە موو لە بەرنەمەکانیان لا نادەن.. ئەگەر نا ئەوە کارکەنار دەکرێن ئەگەر زۆر لاملییش بکەن ئەوە سەر و ملیان تێکدەشکێندرێ!

- لە پاش ئەو حەمکە بانگەشەیەی کە گوایە پەرلەمان بڕوای تەواوی وە بەرابەریی نێوان ژنان و پیاوان هەیە و ئەگەر لە نێو کۆمەڵییش ریگریی لێ بکرێ ئەوە هاوکات لەگەڵ ئەوەی پارێزگاریی لە دەستکەوتەکان دەکا هەردەمیش کۆشش دەکا لە رێی دانانی یاسا و رێسای نوێ وە تەواویی بیچەسپێنی.. کەچی بێجگە لەوەی هێشتا خودی ئەندام پەرلەمانەکان خۆیان بە تەواویی لە پیاوسالاریی رزگار نەبوونە ئەو بەرابەرییە لە نێو خودی پەرلەمانەکەشیان بوونی نییە چونکە هەردەم رێژەی ژنان لە بەرانبەر پیاوان زۆر دەگمەنە لە نێو پەرلەمان و زۆربەی ئەو ژنانەش کە دەیانگەیەننە نێو پەرلەمان دەبی لە ژنایەتیی داچۆڕابن و وەک پیاوان نێرسالار بن.. مەرامی سەرەکییش لە بوونی ژن لە نێو پەرلەمان تەنێ لە پێناو جوانکاریی سیستەمەکە و بانگەشەی درۆزنانەی یەکسانییخوازییە!

- لە پاش ئەو حەمکە گۆتەگۆتەی کە گوایە یاسا و رێسایەکانیان - هەرچەندە زۆربەی هەرە زۆریان لە راژەی گەل نین - لەسەر هەمووان وەک یەک جێبەجێ دەکرێن وە کورتییەکەی واتە یاسا سەروەرە و بڕیاردەرە.. کەچی رۆژانە ئەو یاسا و رێسایانە وە هەزاران جار لە لایەن خۆیان - هەر لە ئەندامی سادەی حیزبەکانەوەڕا تا دەگاتە وەزیر و دەوڵەمەندەکان و سەرۆک و مەرۆکەکان - پێشێل دەکرێن و کەسیش هیچی پێ ناکرێ لە بەرانبەریان یان ئەوپەڕەکەی بە سزایەکی مادیی - کە هیچ نییە لۆ ئەوان - خۆیان دەرباز دەکەن، لێ کاتەک خەڵکی ئاسایی لە پێناو ماف و ئازادییەکانیان بە ئاستەم یاسا و رێسایەکانیان جێبەجێ ناکەن ئەوە بە زووترین کات و وە دڕندانەترین شێوە بەرەو زیندانەکانیان پەلبەست دەکەن یان وە سزایەکی مادیی - کە زۆر زۆرە لۆ ئەوان - ژیان و گوزەرانیان تێکوپێک دەدرێ!

درێژەکێشانی ئەو رەوشت و هەڵسوکەوتانەی سەرێی پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانان لە سیستەمی هەنووکەی تێکڕای وڵاتانی جیهان وە تایبەتییش لە سیستەمە پاشدامایەکەی هەرێمە فیدرالییە عەنتیکەکەی کوردستان بوویتە هۆکارگەلەکی کاریگەر لۆ ئەوەی ئیدی خەڵکی هۆشار و مرۆڤپەروەر هەرگیز ئاستی خۆی بەوە دانەبەزێنی خۆی بپالێوی و ببیتە ئەندام پەرلەمان و وەک پاسەوانی چەوسێنەران خۆی بە پەند ببا و ببیتە گاڵتەجاڕی نێو خەڵک، ئاخەر ئێستا لە نێو خەڵک بوویتە باو ئەگەر لە بەرانبەر هەر کەسەک تەنانەتە لە بەرانبەر گەمژەترین کەسیش بتەوێ نەزانین و ناهۆشیارییەکەی بخەیەڕوو ئەوە رووبەڕووت دەبیتەوە و دەبێژی: ''ئێ خۆ ئەمن ئەندام پەرلەمان نیم؛ تا هێندە نەزان و ناهۆشیار بم''! دیارە ئەو قسەش لە راستییدا لە جێی خۆی دایە.. چونکە ئێستا کەسانەکی هێندە ئاست نزم ئەندام پەرلەمانن - لەگەڵ رێزمان لٶ تاکوتەرایان کە لەو بابەتانە نین و وە جۆرەک لە جۆرەکان خۆیان تووشی ئەو بەزمە کردییە! - مرۆڤ شەرم دایدەگری کە ئەوانە - تەنانەت وە ناویش بی - دانەری یاسا و دەستووری وڵات و ئاراستەکەر و چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێکەر بن.

هەڵبەتە هەر ئەو تەرزە کەسە بێ ئاستانە - کە بڕوانامەی گەورەیان هەیە لێ ''ناوی گەورە و دێی وێران''ن! - زۆر باشتر و لەبارترن لۆ دەسەڵاتداران چونکە دەتوانن وە ئاسانیی وەک کۆیلەگەلەکی ملکەچ هەموو کارەکانی خۆیانیان پێ رابپەڕێنن کە کەسانی هۆشیار و مرۆڤپەروەر نەک هەر ئەو کارانەیان لۆ ئەنجام نادەن بەڵکە وە توندییش بەرانگژیان دەبنەوە و رەنگە ببنە هۆی لەقبوونی دەسەڵاتەکەیان و رووخاندنیشیان.. جا لەبەرچی خۆیان تووشی ئەو سەریەشەیە بکەن!؟ ئەوەش لۆ ئەوان گرنگ نییە کە خەڵک ئەندام پەرلەمانەکانیان وە نەزان و ناهۆشیار دەزانن و نوکتەیان لەسەر دروست دەکەن! چونکە ئەگەر ئەوە نەکەن ئەدی وە کێ راببوێرن و کاتی خۆیان وە چی و کووکوویی بگوزەرێنن؟!!!

 

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌ران