په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

ێـــــــــــــــی درێژ میمی* هێڕ و گێژ!


  که‌ریم سه‌رکه‌ش  


لە سەردانی ئەم جارەم لە هەولێر، رێم کەوتە یەکێک لە فەرمانگەکانی ئەوێ، ئێرە جێی ئەوە نیە باسی ئەو حەمکە دەردی دل و گرفتاریانە بکەم کە بەرۆکی مرۆ دەگرن بە هۆی گەندەلی بەرێوەبردن، چونکە ‌‌هەینێ هەویرەکە ئاوێکی زۆرتر دەبا.


بە کورتی ئەز وادەبینم ئەم باس و بابەتەی ئێستام هەندێک سەرنج راکێش تر بێ بۆ خوێنەران.


لە فەرمانگەی گۆرین دوای چاوەروانیێکی دوور و درێژی جارس و وەرسی بێ ئاکام، لە هۆلی ئەوەدا بووم بەرەومال ببمەوە، دەنگی بلندی قسەکردنی کەسێک سەری پێ هەلبریم، کە دەیویست بە یەکێکی تر روونکردنەوە بدا:


کەسیان ناناسم جاران بووایە هەموویانم دەناسی! (دیار بوو مەبەستی لە جاران سەردەمی بەر لە راپەرین بوو).


ئەم دوو کەسە هەر ئاوا هەنگاوێک لە پێش من دەرۆیشتن، خۆم بۆ نەگیرا، لێیان چوومە پێشتر و وەک تێهەکێش بە قسەکانی کابرا گووتم:


ئەدی قاتی من دەناسیەوە!


کابرا کەتەیەکی بالابەرز، ئاورێکی گورجی دایەوە، سەرەتا بەگومانەوە تێیروانیم، دواتر زۆر بەگەرمی و هاورێیانە گوتی:


ئۆیــــــــــــــــــــــــی!


دەستی دەستگوشینی بۆ درێژکردم، بەهاوەلەکەی ناساندم، ئیتر پێکرا لە دەرگای دەرەوە چووینە دەرێ، من بە تەردەستی و هەر بەناوی خۆی بانگم کردەوە: کاک میم!.............. ێـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــی درێژت لە بیر ماوە!؟ لە بیرتە کێ بوو وای دەیگووت!؟


بە خەمساردی و بزەیەکی هەلبزرکاوەوە، بە ئاستەم سەرێکی لەقاند، درێژەی بە بابەتی قسەکانی خۆیدا و لە پرسیارەکانی من خۆی بوارد.
وا دیار بوو کابرای هاوەلی پەلەی بوو، بۆیە دەست و بردی کرد گوتی:


سوپاس مام سەید!


سوپاسی مام سەیدی کرد، بەگەرمی دەستمانی گوشی و لێمان دابرا، لەم چاوتروکانەدا، بالی خەیال گێرامیەوە بۆ چەندان سالی بووری، ئەوسا کە یەکەم پۆل و یەکەم سالی خوێندنی سەرەتاییم بوو، ئەوکات ئەم کەتە پیاوەی بەردەمم کە بەم سەر و سیماو جەمانە دەنک دەنک سەوزەی، بەم جل و بەرگە کوردیەی، دەق وەک سیمبولێکی ئەفسانەیی ئایینی دەچێ، ئەوسا کورێکی رەقەلەی باریک و درێژ بوو، لە هەموو مندالانی پۆلەکەمان و بگرە لە زۆربەی مندالانی هاوتەمەنی خۆی و گەورەتریش لە قوتابخانەکەمان کەلەگەتتر بوو، بەلام بۆ نەگبەتی مندالێکی زیرەک و وریا نەبوو لە خوێندن! دووەم سال یان سێیەمین سالی بوو لە هەمان پۆلدا**.


وابزانم هەر لەبەر بالابەرزی لەلایەک و چەند سال مانەوەی لە هەمان پۆلدا کرا بوو بە چاودێری پۆل.


لە بیرمە یەکەمین کتێبی فێرکاریمان بە ناوی خوێندنەوەی کوردی بۆ پۆلی یەکەمی سەرەتایی، کتێبێکی وێنەداری ڕەنگاو ڕەنگی جوان، بەرگی شینی ئاسمانی، لە نووسینی ئیبراهیم ئەمین بالدار بوو.


مامۆستای وانەی کوردیمان مامۆستا عوسمان بوو، یادی بەخێر نازانم هەونکە ماوە یان نا، پیاوێکی زۆر ئارام، لە سەرخۆ، ڕۆح سوک، دەست ڕەنگین لە کاری دەستی و دارتاشی، پۆری سەر و سمبێلی چەرمگ.


مامۆستا عوسمان ئەم هاوپۆلەمانی لەهەمووان زیاتر هەلدەستاند بۆ پرسیار لێ کردن، یا سڕینەوەی تەختە ڕەشەکە، چۆن لەهەمووانی چاتر دەناسی، هاوکات بەژنی درێژی ئەو کوڕە زۆر لەبار و گونجاو بوو بۆ ئەم مەبەستە، وانانەکانی ئەوێ ڕۆژێ بە (دارا دوو داری دی) دەستی پێ دەکرد بۆ هەر وانەیەکیش کە فێر بوونی پیتێک مەبەست بوو، لە کۆتای وانەکە و لە ناو بازنەیەک پیتەکە بە گەورەو ستووری نووسرابوو بە نموونە (ئـ ئاو)، (ب باران) هتد، بۆ پیتی (ێ سێ) بوو بەلام مامۆستا عوسمان بە هۆی زۆر ئاشنا بوونی بەم، لەبری (ێ سێ) دەیگووت: ێـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــی درێژ!... رووی دەمیشی لەم پیاوە بە سەر و سەکوت نوورانیەی ئەمرۆ دەکرد، کە کت و مت لە ئەسحابەکانی ناو چیرۆکە ئەفسوناوییەکانی میتۆلۆژیای ئیسلام دەکا، بۆ تەواو کردنی، (کوریژگەش لە فیتۆی خۆی دەگەیشت دەیزانی مامۆستا دەیهەوێ چ بلێ، بۆیە پێدەکەنی و هیچی نەدەگووت) ئەوجا مامۆستا هەر خۆی تێ هەلدەچۆوەو بۆی تەواو (دەکرد میمی هێر و گێژ!!) ئێمەش مندالانی پۆل خومان پێوەگرتبوو تێکرا لە تریقەی پێکەنینمان دەدا.


- ئێستا کەمت دەبینم! لە کوێی چ دەکەی؟


دەنگی لە پری ئەم پرسیارنەی کاکە میمی هاوپۆل و هاورێی مندالیم زنجیرەی بیرەوەرییەکانی پچراندم.
بلەز گوتم:


لێرە نیم لە دەرەوەی کوردستانم، شوفێری تاکسیم.


کەم بایەخ و لەبن لێوانەوە گوتی:


- هیچ نیە!!!


لە دلی خۆما گوتم خۆزگە دەتزانی مۆلەتی تاکسی بە چ دەردەسەری و خۆماندووکردنێک بە دەست دێ!! چەندی خوێندن گەرەکە، دەبێ لە چەند تاقیکردنەوە دەرچی، دەبێ ناوی دەیان و سەدان گەرەک، شەقام، چوارریان، رێگا سەرەکییەکانی شار بە هەر چوارلا، ناوی دەیان قوتابخانە، هوتێل، کلێسا، بەشە جیاجیاکانی نەخۆشخانەکان، زانکۆکان، فەرمانگە گشتیەکان وەک توتی لە ئەزبەر کەیت!!


لێت ناگرم ئەمە هەر تۆ نیت وا بیر دەکەیتەوە، ئێوە زۆربەتان کاری تاکسی ئێرە و ئەوێ هەر وەک یەک دەبینن.


بۆ درێژەدان بە دیالۆگەکەمان، جارێکی تر من هاتمەگۆ:


ئەدی ئێوە خەریکی چین کاکە میم گیان؟


- هە ئەها ها (بەنەرمە خەنینەوەیەکەوە) تەکییەکەی بابمم ئاوەدان کردۆتەوە، زەوی زارەکانم وەرگرتنەوە، کاک مەسعود حەفتا دەفتەری پێدام بۆ ئاوەدانکردنەوی تەکیە و دیوەخانەکەمان، توائهو ئێستا من لەوپەری گوزەران باشی دام، ئەو خەلکەی دەوروبەر کارێک چییە بێ پرس و رای من نایکەن، قسەی من لە هەموو باس و بابەتێک دەستپێک و دێماهییە.


خەریک بوو لە دەمەیدا زۆرم دل بەخۆ بسووتێ، هاوکات دیمەن و سەرو سەکوتی راسپۆتین و چیرۆکە گاپجارەکانی نووسەری بە ناوبانگی تورک یادی بەخێر عەزیز نەسینم وەبیردەهاتنەوە.


ئەم درێژەی بەقسەکانی دا:


- من جێ و مەقامی بابم گرتۆتەوە.


- لەوێ تەنیا قسەی من دەیخوا..!! ئەو گوتی


منیش لە سەرخۆ گوتم:


واتە حوکمەت بەخۆتی


- هەر حوکمەت! ئەم گوتی


منیش تێهەلچوومەوە، دەزانی کاک میم ئەم قسانەی تۆ چیرۆکەکانی عەزیز نەسینی نووسەری گەورەی تورکم بەبیردێنێتەوە، بزەیەک گرتی بەلام وا دیار بوو لەم بارەیەوە تەققەی سەری دەهات، هەر نەیدەزانی عەزیز نەسین کێ بووە!


زۆری حەزی دەکرد بە سەید و ناوی قەبە ناوی ببەم، نەک بەناوە رووتەکەی خۆی، بەلام من وام نەکرد، من هەر وەک هاوپۆل و هاورێیەکی سەردەمی مندالیمم دەدیت، ناوە راستەقینەکەیم دیار بوو ئەمیش ئەم کلتور و روانگەیەی منی بەلاوە بێ مانابوو.



_____________________________________________
* وەک سەرەتاگەیەکی رەوشتی رۆژنامەوانی نەموویست ناوی ئەم بەرێزە ئاشکرا بنووسم.
** ئەوسا بە کەسێکی وەک ئەم هاوپۆلەمانیان دەگووت ساقیتی پار، ئەگەر سالێک لە هەمان پۆل بمابایەوە، ئەوانەش کە دووسال دەمانەوە ساقیتی پێرار بوون…هتد، ساقت ووشەیەکی عەرەبیە، بەمانای کەوتن، دواکەتن، تێکچوون، بەربوونەوە… هتد.


 

2008.12.25

a_sarkash@hotmail.com