٢٧\٢\٢٠١١
ئەی ژنی کورد تۆ
لە کوێی؟

شیلان شۆڕش*
لە رۆژی 16ی
فەبریوەریەوە باشووری کوردستان خۆپیشاندان و رێپێوانی بەردەوامە.
راپەڕین لەلایەن پیاوان دژ بە پیاوان، راپەڕین لەلایەن پیاوان
رێکدەخرێت، دەنوسرێت و ڕەخنەی لێدەگیرێ. داواکاری لەسەر داواکاری
لەلایەن پیاو بۆ پیاو لەسەر داواو ئازاری پیاو. راپەڕینەکانی وڵاتە
عەرەبیەکان هەر پیاو نەیکرد، ئەوەنەی پیاومان دی لەسەر جادە ئەوەندەش
ژنمان دی لەسەر شەقامەکانی میسر، نەوال سعداوی هاتە وهڵام. ئەی خۆ
ئێمە بە دەمی خۆمان و لێکدانەوەی مێژوویی و کەلتووریی خۆمان، ژنانی
کورد زۆر بەئازادتر دەزانین لە وڵاتانی دراوسێ؟
ئەوە ئەمڕۆ نۆ رۆژە ڕاپەڕینەو من یەک ڕێکخراوی ژنانم نەدی داوایەک
بخاتە بەردەم پەرلەمان. فێمینستەکانی کوردم نەدی بەزمانی ژن بنوسن، بۆ
ژن بنوسن، داوای مافەکانی ژن بکات کەبەدەستی بەرپرس و بەیاسای پەرلەمان
و بەدەست دەسەڵاتەوە پێشێل کراون و پێشێل دەکرێن.
کوا دەنگی ژن؟ کواژنان لەکوێن بۆ نابینرێن لەشەقامەکان؟ کوا ژنە
فێمینستەکانمان؟ تەنها هەندێک نەبێت بەپەنجەی دەست دەژمێرێن کەلەسەر
شەقامەکان دەبینرێن، ئیتر دەنگی ژنان نابیسترێت.
لەکاتی ڕاپەڕینی 1991 ژنی کورد هاتە سەرجادەو، چوە ئەمنەکان و بەچەقۆ و
بەرد و ئەوەی بەردەستی بکەوتایە پەلاماری دەدا. ژنم دی بەشەرواڵی
پیاوانەوە لەسەر جادەکان و لەبازاڕ شتی ئەفرۆشت. وامزانی ئیتر گۆڕانێک
ڕوویداوەو ژنان ئیتر لەماڵەوە نابن و هاتونەتەدەرەوە. هەرماوەیەکی زۆر
کورتی خایان ئەو ئازادیەو ئیتر پی یو کەی و کەی دی پی هەموو جاشەکان و
موستەشارەکانیان عەفوکردو هەموو ئەوژنانەی بەزۆر سێکسیان لەگەڵداکراو
بو یان بەکارهێنرابون لەلایەن بەعسیەکانەوە یەک بەیەک کوژران و ناوی
لەشفرۆش و زۆر ناویتری قێزەونیان لێنراو بەخاینی وڵات دەژمیردران.ئەمەی
ئاماژەم پێکرد ئیشی پیاوبوە لەزۆر شۆڕشدا. ئاخر لەئەڵمانیاش کەنازیەکان
دۆڕان پیاوە نازیەکان عەفوکرانو ژنە نازیەکان سەریان تاشرا
بەشەقامەکاندا گەڕیاندان و تفیان لێ ئەکرا. ژنانی کورد ئەڵێی ئەمجارە
تێگەیشتونو دەرسیان وەرگرتوە کە ئەگەر شۆڕشیش بکەن لەگەڵ پیاوان ئەبێت
دوای شۆڕش بڕۆنەوە کونی مەڵەکانیان و بێنەوەسەر دەرپێ شڕەکانیان.
کوردستان ووڵاتی پیاوان. کوردستان ووڵاتی بێ ژن. ئەی ژنە فێمینستەکان
کوان؟ لە هەندێک لەتیڤیەکان پشگیری لەدەسەڵات دەکەن و هەندێکیشیان
هەربەزمانی پیاو لەسەر خۆپیشانددانەکان قسەئەکات. ئەی دەسەڵات ژن
کوژەکان زیندانی بکە. ئەی دەسەڵات خۆت زیندانی بکە کەبویتە هۆی کوشتنی
هەزاران ژن. ئەی دەسەڵات کوا کار بۆژنان ؟ کوا نان بۆ ژنان؟ کوا
خوێندن؟ کوا مافەکانیان؟
رۆژانە پیاوەکان هاوار دەکەن بە دەنگی پیاو بۆ ئازاری پیاو. پیاوەکان
ژنیان لەبیرکرد. جا بۆ سەیرە؟ خۆ ئەوان ژن نین تا بزانن ئازاری ژن چیە؟
ئەوەندە گوێمان لەنڕەی پیاو بو هەتا ژنان خۆیان لەبیرکرد. کەڕێژوان
کوژرا کەس نەی پرسی دایکی ڕێژوان چیت دەوێت؟ کەس نەی وت دایکی ڕێژوان
ببورە. کەسێ نەبوو بڵێ دایکی ڕێژوان بەشداری خەمتین. هەمووی هەرهاواری
باوکی ڕێژوانی بوو. کەس بیری دایکە جەرگ بڕاوەکانی نەبوو لەم
ڕاپەڕینەدا. تەنها پیاوان بۆخۆیان دژ بەخۆیان بەیاساو زمانی خۆیان
بڕیاری ئازادی ووڵات دەدەن یان مانەوەی بەداگیرکراوی. دەی من ئەڵێم ئەم
شۆڕشەتان سەرکەوتونابێت. نیوەی کۆمەڵگاکەتان کوشتوە. دەنگیان نیە،
ڕەنگیان نیە و داوایان نیە. دەی من دەڵێم میللەتێک کەژنەکانی لەناو
چوبن و کەژنەکان خاوەنی کەسایەتی خۆیان نەبن ئەستەمە ئازادبێ. ژنان نەک
هەر نیوەی کۆمەڵگان بەڵکو نەوەی داهاتووشن، نەوەی نوێ ژنان پەروەردەی
دەکەن بەتایبەتی لە کۆمەڵگای پیاوسالاری ئێمەدا کە ئەرکی پەروەردەو
بەخێوکردنیان لەئەستۆی ژنانە.
جا کەکۆمەڵگایەک ژنان ودایکانی لەناو بردبێ بێ گومان نەوەی داهاتوشی
لەناو بردوە. کۆمەڵگایەک تەعدا لەکچان بکاو کچان بکاتە لەشفۆرش ئەبێ
ئەو ژنانە چ نەوەیەک بخەنەوە؟ چۆن بتوانن سەربەخۆبن یان شوبکەن و
مناڵیان هەبێ؟ هەروەک مێژوو نوسان کەلەسەر جەنگ لێکۆڵینەوەیان کردوە
دەڵێن'' بۆ لەناوبردنی میللەتێک باشترین چەک لەناوبردنی ژنانی
ئەومیللەتەیە.''. چونکە تۆپ و تەیارە و تەقەمەنی ،خانوەکان و جادەو
پردەکان ئەڕوخێنێ. ئەمانە هەموی ئەتوانری دروست بکرێتەوە. زیانیی
گیانیش دروست ئەبێتەوە بەلەدایەک بوون، بەڵام کە ژنەکانت لەناوبرد
بەجەستە و کەسایەتی ، سەربەخۆی نەبو، کەژنەکان ئیختیساب کران و ڕۆژانە
ڕووبەڕوی سوکایەتی و کوشتن بڕین بونەوە ئینجا جیلی ئەو ووڵاتە لەناو
ئەبرێت. ئەو ووڵاتەی ژن تێیدا ژێردەستە و کۆیلە و داگیرکراوە بەئاسانی
دروست ناکرێتەوە. . کاتێ کورد داگیرکرابو لەلایەن ڕژێمی سەدام ژنی کورد
لەبەر کورد بونی ئەخرایە زیندانەوە ئەنفال دەکرا و دەکوژرا. بەڵام
ئێستا لەبەر کورد بون و لەبەر ژن بون ژێرپێدەخرێت. ئێستا بەدەست
دەسەڵاتی کوردی و باوک و برا و مێردی کوردی ڕۆژانە دەکوژری و
دەسوتێنرێت، ئەفرٶشرێ و ئەکرێ بەکاڵا. ناحەقتان نیە ژنی کورد دەنگتان
نیە، منیش داوایچیتان لێبکەم؟ چۆن لیتان تێبگەم بڵێم وەرن بابڕۆینە
سەرشەقام؟ بەفەلسەفە و ووشەی قورس و تێوری فێمینستانە بۆ ئەوەی بڵێم
ئەها چەند زیرەکم؟ یان بۆئەوەی بڵێم ئەوە من لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا
وام نوسی؟ نا من ئەمەوێ یەکێک بم لەئێوە نەک نوێنەرتان بم، ئەمەوێت
بەزمانی ئێوە بۆ ئێوە و لەگەڵ ئێوە قسەبکەم. ئەمەوێت لەگەڵ ئێوە بەیەک
دەنگ هاوار کەین وبڵێن: ئەی پیاو بە بێ منی ژن هیچت پێ ناکرێ، ئەی پیاو
بەبێ منی ژن تۆ هیچ نیت، بێ منی ژن شۆڕشت دۆڕاوە. وەرن با پیکەوە بڵیین
ئەی پیاو ئەوە ئیمەی ژنین ڕابردو ئێستا و داهاتوی میللەتەکەممان. ئەی
پیاو ڕێگات پێ بەرئەدەم مەیدانت پێ چۆڵ ئەکە م و دێمە پێشەوە، چیتر
ناتوانی سەرکوتم کەی. ئەی پیاو ئەوە منی ژنم کەئەتوانم شۆڕشێکی ئینسانی
بەرپا بکەم ئەوە منم خاوەنی حەقو ڕاستیەکان، ئەوە منی ژنم ئازادیەکی
یەکسان بەدی دێنم. ئەوە منی ژنم کە ووڵات ڕزگار دەکەم و ئاشتی سەقامگیر
دەکەم . ژنانی کورد یەکگرن وڕاپەڕن.
داواکارییهکانمان بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و
یاساییهکان ئهوانهی خوارەوەن:
1) هەموو بکوژانی ژنان سزا بدرێن.
2) سزادانی
هەمو ئەو پیاوانەی کەلەکاتی دوای ڕاپەڕین بە فهرمانی حیزبەکان ژنانیان
کوشت.
3) سزادانی
ئەوانەی کچان خەتەنە دهکەن و بەزۆر دەیاندەن بەشوو.
4) قانونی
فرەژنیی و شایەتی هەموو لاببرێ لە یاسای کوردستان.
5) مافی هەمو
ژنە ئەنفالکراوەکان بدرێ، ماڵ و کار و پارەی ژنان بۆ دابینبکرێ.
6) پیاوی
لاشکر واتا ئەوانەی ژن دەکڕن بە پارە سزا بدرێن بۆماوەی سێ ساڵ و
غەرامەش بکرێن.
7) هەموو ئە و
بەرپرس و دەسەڵاتدارانەی حیزب و حوکمەت و پەرلەمان کە دەسترێژیان
کردوەتە سەرژن بەهەر جۆرێک بێ دەبێ سزابدرێن.
8) پێویستە
حیزبەکان لێگەڕێن بۆ ئەوەی هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان سەربەخۆ بن و
بودجەیان بۆ دابینبکرێ بۆ ئیش و کارەکانیان.
9) هەموو ژنان
و کچان بواری خوێندنیان بۆ بڕەخسێنرێ مادی و مەعنەوی، خوێندنگایان بۆ
دابینبکرێ و هاوکاریی ئەو ژنانە بکرێ کە دابڕاون لە خوێندن.
10) هەموو ژنێکی بێکار یارمەتی دارایی بۆ
دابینبکرێ، ئەوەندەش بێت کە بەشی ژیانی بکا.
11) کچان و
کوڕان تێکەڵاوبن لە هەموو خوێندنگاکان.
12) خوێندنی
مافی ژن و جێندەر بکرێ بە خوێندنی فهرمیی لە قۆناغی ناوەندییهوە
بخوێنرێ لە خوێندگاکاندا.
13) باخچەی
ساوایان بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەموو ژنێک منداڵەکانی بباته ئەوێ.
14) کار و
خوێندن دابین بکری بۆ ژن چونکە تاکە رێگهیه کە سەربەخۆیی ژن
دههێنێتەدی.
15) هەموو
ژنێکی زیندانی لەسەر هەرچیەک زیندانی کراوە ئازادبکرێ.
16) ژنان لە بەرێوەبردنی وڵات لە سەدا
پەنجا بەشدار بن.
___________________________________
*
سەرۆکی رێکخراوی سەربەخۆی دیموکراتی ژنانی کورد
- نەرویج
ماڵپهڕی شیلان شۆڕش
|