په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١١\٢٠١٣

ناساندنى پەرتووکێکى کۆن:

ئێزیدییەت لە کۆن و نوێدا.


یوسف عیزەدین    


پەرتووکى "ئێزیدییەت لەکۆن و نوێدا"، لەلایەن یەکێک لەمیرى ئێزیدییەکان" ئیسماعیل بەگى چۆل"ەوە نووسراوەو لە سێ بەشى تایبەت بەبیر و باوەڕى ئێزیدییەکان و داب و نەریت و هەندێک لەڕووداوە مێژووییەکانیان و ژیانى یەکێک لەمیرە هاوچەرخەکانیان پێک هاتووە.


ئەم پەرتووکە لەلایەن یەکێک لەمامۆستاکانى مێژووى ڕۆژهەڵات لەزانکۆى بێروتى ئەمریکى، "دکتۆر قوستەنتین زریق"، لە ساڵى ١٩٣٤دا و لەچاپخانەى ئەمریکى لەبێروت بەچاپ گەیشتووە.


"دکتۆر قوستەنتین زریق"، لەپێشەکى پەرتووکەکەدا و هەر لەدەست پێکەوە ئاماژە بەوە دەکات، کەخودا تێکەڵەیەک لەڕەگەز و تایفە و میللەتانى جیاجیاى، بەشێوەیەکى بێهاوتا لەهەموو شوێنێکى ترى دنیا خزاندۆتە، ناوچەى موسڵى باکوورى ئێراق و بەتایبەتیش دەوروبەرى خودى شارى موسڵ، هەر لەعەرەب و کورد و سریان و ئاشورى و تورک و ئەرمەن. لەتایفە ئایینییەکانیش یەعقوبى و نەستوورى و سونى و شیعەو کەمینەیەکى جوولەکەى جێماوى سەردەمى بەندایەتى سەردەمى بابلییەکان و هەروەها سوبى و مەندائیى و دواجار ئێزیدییەکانیش دەبینرێتەوە کەدەمێک ساڵە بوونەتە مایەى سەرنج ڕاکێشانى دنیا، بەتایبەتیش وەک زانراوە بە"پەرستنى شەیتان" ناسراون.


"دکتۆر قوستەنتین زریق"، ئاماژە بەوە دەکات کەلەنێوان خودى ئێزیدییەکاندا، هەن باوەڕیان وایە بەڕەچەڵەک دەچنەوە سەر "یەزیدى کوڕى معاویە"ى خەلیفەى ئەمەوییەکان و هەشن باوەڕیان وایە دەچنەوە سەر یەزیدێکى دیکە کەناوى" یەزیدى کوڕى ئەنیسە"ى سەرکردەى خەوارجیەکانى سەردەمە نێوەندەکانى ئیسلام.


ئەمە لەگەڵ بوونى ئەو بۆچوونانەى کەپێى وایە، "ئێزیدییەت" وەک ناو لەناوى شارى یەزد، یان لە"یەزدان"ەوە وەرگیراوە کەبەفارسى بەواتاى خودا دێت، یان رەنگە لە"ئێزد"ەوە هاتبێت، کەلەئایینى فارسەکاندا بەو فریشتانە دەگوترێت، کەپەیامى خوداوەندى میهرەبان بەبەندەکان دەگەیەنن، بەمەش زاراوەى "ئێزیدییەت" دەبێتە" بەندە یان شوێنکەوتووانى خودا"یان "شوێنکەوتووانى فریشتەکان".


ئیدى "دکتۆر قوستەنتین زریق"، دژواریى ساغکردنەوەى ئەسڵ و فەسڵى ئێزیدییەکان ناشارێتەوە، چونکە هەروەک خۆى ئاماژەى پێدەدات، یەکێک لەهۆکارەکانى ناتەبایى خودى ئێزیدییەکانە، سەبارەت بەسەرجەم شتگەلە تایبەتەکانى ئاینەکەیان، کەبەچەشنێک تێکەڵ بەخورافات و ئەفسانەى کاڵوکرچ بوون، کەدواجار ساغکردنەوەو یەکاڵاکردنەوەى دەبێتە مەحاڵ، بۆ نموونە لەکاتێکدا هەندێکیان پێیان وایە ئەوانیش وەک هەموو بنیادەمان لەباوکە ئادەمەوە هاتوون، بەڵام لەوەدا خۆیان جیادەکەنەوە و خۆیان دەکەنە خەلیفەى راستەقینەى باوکە ئادەم، کەگوایە ئەمان هەر لەخودى باوکە ئادەمەوە هاتوون، نەک دایکە حەوا، لەکاتێکدا سەرجەم میللەتانى دیکە بەبڕواى ئەوان دەرئەنجامى بەیەکگەیشتنى ئادەم و حەوا هاتوونەتە دنیا. ئەمە جگە لەبۆچوونى کۆمەڵێک لەو ئێزیدیانەى کەپێیان وایە دامەزرێنەرى ئاینەکەیان بەبنەچە دەچێتەوە سەر "موعاویەى کوڕى سوفیان"، بەتایبەتیش ئەو دەمى "موعاویە" ژنێکى هەشتا ساڵەى خواست و ئەو ژنە بەشێوەیەکى سەیر گەنج بۆوەو بووە دایکى یەکەمین دامەزرێنەى ئاینى ئێزیدییەکان.


لێکۆڵەرێکى وەک"مێنزل" دەڵێت:


( هێشتاکە ئەسڵ و فەسڵ و گەشەکردنى ئاینى ئاڵۆزى ئێزیدییەکان یەکاڵانەبۆتەوە، بەڵام دیارە باوەڕى ئاینییان ڕەگەزى ئاینە بت پەرستییە کۆنەکان لەخۆ دەگرێت"بەڵام جودا لەو ئایینانەى کەخۆر و مانگیان پەرستووە"، ئەمە جگە لەخۆگرتنى هەندێک بڕواى زەردەشتى وەک دوالیزمى فارسى، هەروەها مانیزم"مەزهەبى مەعریفەى فارسى"و یەهودییەتیش "بەتایبەتیش لەحەرامکردنى خۆراکەکاندا" و مەسیحیەتیش "بەتایبەت لەشیوى خوداوەندانەو سەردانى کڵێساکان لەکاتى زەماوەندى هاوسەرگیریداو حەڵاڵکردنى مەى"، ئیسلامیەتیش بەتایبەت لە"خەتەنەکردن و رۆژووگرتن و قوربانى کردن و حەج و...."و سۆفیزمى رافیزییەکانیش "لە شاردنەوەى باوەڕ و مەزن ڕاگرتنى کۆمەڵێک لەشێخانى سۆفیزیم"و سوبیشن لەتەقەمووس و شامانیشن لەچەشنە ڕێگەکانى مردوو ناشتن و راڤەکردنى خەون و سەماکردندا").


هەر لەپێشەکى پەرتووکەکەشدا "دکتۆر قوستەنتین زریق"، ئاماژە بەحەقیقەتى پەرستنى شەیتان لەلایەن ئێزیدییەکانەوە دەکات، کەلاى ئەوان بە"مەلەک تاووس" ناو دەبرێت و لەپێناو ئەودا خودا، خالیقى ڕاستەقینەى گەردوون و سەرجەم بوونەوەران لەیاد دەکەن و ئەمە جگە لەوەى لاى ئێزیدییەکان زۆر جار پلەو پایەى شێخ "ئادى"دەگەیەننە ئاستى "شەیتان -مەلەک تاووس" و "دکتۆر قوستەنتین زریق"یش هەر لەبەرایى پەرتووکەکەدا راستى تەمومژاویى بوون و نادیاربوونى حەقیقەتى راستەقینەى شێخ "ئادى" ناشارێتەوە، کەئەویش وەک سەرجەم سیمبۆل و شتگەلە ئاینییەکانى دیکەى ئێزیدییەکان، ئاشکرانییە و کەس بەتەواویى بۆى ساغ نابێتەوە.


راستییەکى دیکە کەلەپێشەکى پەرتووکەکەدا خراوەتەڕوو تایبەتە، بەتایبەتمەندى پێشینەى ئێزیدییەکان سەبارەت بەخوێندن، کەجگە لەپیاوە ئاینییەکانیان هەر کەسێکى دیکە فێرە خوێندەوارى ببایە لاى وان بەکافر لەقەڵەم دەدرا، دیارە گۆڕانى ئەم قەناعەتە و دواتر چوونە قوتابخانەى منداڵانى ئێزیدییەکان پەیوەست بوو بەو گۆڕانکارییە مێژووییانەى کەلەدنیاو ناوچە ئێزیدى نشینەکاندا بەدرێژایى مێژوو ڕوویدا.


پاش تەواو بوونى پێشەکى پەرتووکەکەش، بەشەکانى پەرتووکەکە دەست پێدەکات، کەپێکهاتووە لە سێ بەش:


سەرگوزشتەى ژیانى "ئیسماعیل بەگى چۆل"ى میرى ئێزیدییەکان.
بیرو باوەڕى ئێزیدییەکان و داب و نەریتیان.
کورتەیەک لە ڕووداوەکانى چیاى شەنگال.

وێنەى نووسەرى پەرتووکەکە: ئیسماعیل بەگى چۆل

 

بەشى یەکەم بەناساندن و خستنەڕووى ژیانى "ئیسماعیل بەگى چۆل"ى میرى ئێزیدییەکان، دەست پێدەکات، باس لەزۆر وردەکارى ژیانى دەکات بەتایبەتیش ئەو کچەى کەبۆ یەکەم جار لەژیانیدا حەزى لێکردووە، کەناوى "رەوشى"بووەو چۆن رەدووى کەوتووەو دواجار چۆن پاش لەدایک بوونى "عەبدلکەریمى" نۆبەرەى ژنى یەکەمى ئەمرى خواى کردووە.


ئیدى بەزمانێکى حیکایەت ئامێزانە یادەوەرییەکان درێژەى دەبێت و لەمیانى گێڕانەوەى بەسەرهات و ڕووداوەکاندا زۆر شت دەکەوێتەڕوو، وەک ئەو سەفەرە دوور و درێژەى کە"ئیسماعیل بەگى چۆل" دەیکات و چۆنیەتى مامەڵەى لەگەڵ ئەو موسڵمانانەى کەلەڕێگە پێیان دەگات، ڕاشکاوانە و بآ پەردە رک وکینەى بەرانبەر بەموسڵمانان و ئاینییان دەردەخات، تەنانەت لەشوێنێکدا بەفێڵ و بۆ مەرامى خۆى وەک موسڵمان و موریدێکى شێخ "عەبدولقادرى گەیلانى".


دەناسێنێت و ئیدى سەربارى کۆکردنەوەى پارەو داهاتێکى زۆر بەناوى ئەوەوە کەگوایە بۆ تەکیەى شێخى کۆدەکاتەوە، بۆ خۆى دەڵێت کاتێک پێشنوێژى موسڵمانانى ئەو شوێنەم کرد، لەجێى دوعاو نزا، چونکە دەمزانى تێناگەن جوێن و قسەى ناشرین و سووک و سەلیمم بەموقەدەساتى ئەوان دەداو داوام لەمەلەک تاووس و شێخ ئادى دەکرد کەلەناویان بەرێت.


ئیدى لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، کەنووسەر بێلایەن و بابەتیانە نەبووە لەخستنەڕووى بابەتەکان، چونکە ناکرێت بەو هەموو رکوکینەیەى کەبەرانبەر بەئاینى ئیسلام هەڵیگرتووە، راستگۆیانە رووداوە مێژوویى و بەسەرهاتەکان و وەک خۆیان بخاتەڕوو، ئەمە لەکاتێکدا گەڕیدەیەکى موسڵمانى دیندارى وەک"ئیبن بەتووتە"کاتێک دەبێتە میوانى شێخێکى کوردى ئێزیدى ناوچەى شەنگار، زۆر بەپێزانین و رێزەوە باس لەجوامێرى و میوان پەروەرێتى ئەو شێخە ئێزیدییە دەکات.
 

لە درێژەى نووسینەکەیدا "ئیسماعیل بەگى چۆل"، باس لەوە دەکات کەچلۆن لەڕێگەى سەفەرەکەیداو ئەو دەمانەى بەئێزیدییەکانى شوێنانى دیکە گەیشتووە، ئامۆژگارى کردوون کەجل و بەرگى رەگ نیلى و کراسى مل کراوە لەبەر نەکەن، سەربارى نەخواردنى کاهوو و کەلەرم، کەدیارە ئەمانەو زۆر شتى دیکە لەئایینى ئێزیدییەکاندا دەچنە ڕیزى شتە حەرامەکانەوە، تەنانەت وەک لەلاپەڕە ١٥ى پەرتووکەکەدا هاتووە، داوا لەئێزیدییەکان دەکات:


(ئەوەى کاهوو وکەلەرم لەکێڵگەکانیاندا چێنراوە، دەبێت لەئێستاوە تا دە رۆژى تر بیانفەوتێنێت و نەیانهێڵێت).


نووسەر دەرئەنجامى سەفەر و تێکەڵبوونى بەئێزیدییەکانى شوێنانى ترى دنیاو ئیرشادکردنیان، تووشى چەرمەسەرى دەبێت، تەنانەت چەند جارێک دەست بەسەردەکرێت و بەمەش زۆر لەمەرگ نزیک دەبێتەوەو دەرەئەنجامیش هەموو جارەکان رزگارى دەبێت.


لەدرێژەى باسەکاندا "ئیسماعیل بەگى چۆل"، باس لەوە دەکات چۆن خۆى دەگەیەنێتە کن دەسەڵاتى ئەو دەمى ئینگلیز و بەڵێنیان پێدەدات هاوکاریان بێت، جا دیارە بەفیعلى و عەمەلیش ئەم چەشنە هاوکارییە لەنێوانیاندا لەبگرەو بەردەیەکى سەیردا چەند جارێک چێ دەبێت.


بەهەرحاڵ دەتوانین بڵێین ئەم پەرتووکەش وەک زۆر سەرچاوەى ترى تایبەت بەئێزیدییەکان، ناتوانێت بەتەواوى وەڵامى هەموو پرسیارە نەزانراوەکانمان سەبارەت بەئێزیدییەکان بداتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشداو سەربارى هەر کەموکوڕییەک کەئاشکراو دیار، یان پەنهان و لەپشت دێڕەکانەوە خۆى حەشارداوە، هەر چۆنێک بێت بەقەڵەمى یەکێک لەسەرانى ئێزیدییەکان نووسراوە.
____________________________________
ژێدەر: ''ئێزیدییەت لە کۆن و نوێدا'' / ئیسماعیل بەگى چۆل / ١٩٣٤ / چاپخانەى ئەمریکى  - بێروت.

 

ماڵپه‌ڕی یوسف عیزه‌دین 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک