| 
			٢١\٣\٢٠٢٢ 
			"ئەزموون" خەڵاتی باشترین فیلمی 
			نێودەوڵەتی 
			فێستیڤاڵی "سانتا باڕباڕا"ی بەدەستهێنا. 
			  
			مەنسوور جیهانی 
			  
			
			 فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە دەرهێنانی سینەماکاری 
			کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە سی و 
			حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سانتا باڕباڕا" لە وڵاتی 
			ئەمەریکا بەدەستهێنا. 
 فیلمی سینەمایی "ئەزموون" چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری 
			کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، لە بەرهەمهێنانی "مەمەد ئەکتاش"، بەرهەمی 
			هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ لە نوێترین 
			بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی "پێشبڕکێی 
			نێودەوڵەتی" سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سانتا 
			باڕباڕا" لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن بینەران 
			و ڕخنەگرانی سینەمایی و هەروەها ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە بە گەرمی 
			پێشوازیی لێکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی ئەم ڕووداوە 
			کۆن و گرینگەی سینەمای ئەمەریکا بە ناونیشانی "جێفڕی سی. بارباکۆ" بەدەستبێنێت.
 
 ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی سی و حەوتەمین خولی 
			فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سانتا باڕباڕا" بریتی بوون لە: "کاڕلۆس 
			ئاگیۆلار"، "جۆستین بێتیمێن"  "دۆپ 
			بۆسۆ"، "جۆلی کارمێن"، "ئانلی ئێلینگسۆن"، "تیم گریرسۆن"، "بیندریا جولی"، "ئێلیزابێت لو"، "ئێسکات مانتز"، "خۆزێ نۆڤۆئا"، "گیل ڕابێرتسۆن"، "چاڕلز 
			سۆلۆمۆن"، "ئانجی وانگ"، "ئێستیو زێن"، "ئانتۆنی زێربە" و "ئانێت زێربە".
 
 سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سانتا باڕباڕا"  
			بە هاوکاری ڕێکخراوەی ناحوکمی "یو.جی.جی"، بە بەشداریی ئەستێرە 
			ناودارهکانی سینەمای دنیا و بە نمایشی فیلم لە سینەماکارانی 
			٥٤ وڵاتی جیهان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: 
			بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی"، بەشی پێشبڕکێی "بەڵگەفیلم"ی کورت و درێژ، 
			بەشی پێشبڕکێی "ئەنیمەیشن"، بەشی پێشبڕکێی "سینەمای سەربەخۆ"، بەشی 
			پێشبڕکێی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، بەشی پێشبڕکێی "سینەمای نۆڕدیک"، بەشی 
			"سێمینارە سینەماییەکان"، بەشی پسپۆڕانەی "ڤۆرکشۆپی فێرکاری" و ... لە 
			ڕۆژانی ٢ تا ١٢ی 
			ئاداری ٢٠٢٢ لە شاری سانتا باڕباڕا لە ویلایەتی 
			کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.
 
 "ئەزموون" بەرهەمی کۆمپانیای "میتۆس فیلم"ی بەڕلین و کۆمپانیای "مەستی 
			فیلم"ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی 
			هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی "ئاڕت هوود" 
			لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
 
 لە فیلمی سینەمایی "ئەزموون"دا کۆمەڵێک ئەکتەری بە ئەزموونی هەرێمی 
			کوردستان لەگەڵ چەندین ئەکتەری گەنجی کوردستان، تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، 
			لەوانە: ئاڤان جەماڵ، ڤانیا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار 
			زێڕۆ نێروەیی، نیگار عەسمان، کاوە قادر، عادڵ عەبدوالڕەحمان و ... .
 
 فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆی لە بەشی 
			سەرەکی بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤیکتۆریا" لە وڵاتی کەنەدا نمایشکرا و لە لایەن هۆگران، ڕخنەگران و 
			نووسەرانی سینەماییەوە پێشوازیی لێکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی 
			بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە بەدەستبێنێت.
 
 بۆ زانیاریی پتر:
 https://sbiff.org
 https://www.facebook.com/SBIFF
 https://fb.watch/bLlBss6Xix
 لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە ئینستاگرام:
 https://instagram.com/the_exam_movie?utm_medium=copy_link
 لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە فهیسبووک:
 https://www.facebook.com/The-Exam-%D8%A6%DB%95%D8%B2%D9%85%D9%88%D9%88%D9%86-106319785023346
 
 
			
			
			ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی 
			  
			  
			  
			  |