په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١١\٢٠٢٤

فاروق ڕەفیق ڕاستڕەوێکی کۆنەپارێزی بێ زانست و بێ زانیاریی.

عامر سابیر      

یەکەم:


لە ٢١/٩/٢٠٢٤ دا فاروق ڕەفیق لە سلێمانییەوە چوو بۆ هەولێر بەمەبەستی پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی هەفتانە بەناوی (ئەمریکاناسی) لە (ئاڤا تی ڤی). ئەم کەناڵە لە ٢٠١٩ەوە دامەزراوە کە ڕادیۆ و گۆڤارێکیش لەخۆدەگرێ، هی کوڕە هەرزەکارە بلیۆنێرەکەی مەسرور بارزانییە کە بە دزین و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی خەڵکی کوردستان ئەیچەرخێنن. بە هەفتەیەک پێشتر، ئەم کەناڵە پروپاگەندەیەکی زۆری بۆ چوونی فاروق بۆ ئەوێ کرد. لەسەر ئەمە لە سۆشیاڵ میدیاوە خەڵک بەزۆری ڕەخنەیان لە فاروق گرت و تەنانەت سوکایەتی زۆری پێکرا کە گوایە خۆی فرۆشتووە بە پارتی و دەمی چەورکراوە. ڕەخنەی من لە فاروق لەم ڕوانگەیەوە نییە، چونکە من پێشتریش هیچ جیاوازییەکم نەبینی لە نێوان دەستبەرزکردنەوەکەی فاروق ڕەفیق لەسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ دەسستبەرزکردنەوەکەی پشکۆ نەجمەدین لەسەر گۆڕی بارزانی. بەڵکو ڕەخنەی من لەسەر هەندێ لەو دیدگا و بۆچوونە نادروستانەیە کە لە بەرنامەکەیدا کردوویەتی، کە تا ئێستا دە ئەڵقەی لێ بڵاوکردۆتەوە و بەردەوامە.


دووەم:


فاروق ڕەفیق هەر بەوەی جار جار لە دژی وتاری کۆنەپەرستانی ئیسلامی لە کوردستان دێتە دەنگ، نابێت بە پێشکەوتووخواز. (تەنانەت لەو کاتانەدا کە فاروق کەوتۆتە بەر تەوهین و هەڕەشەی تاقمە ئیسلامییەکانەوە، ئەوە کۆمۆنیستە کرێکارییەکانی کوردستان لە پێشەوەی بەرگری کردندا بوون لێی و هەر لەم ڕاستایەدا، حیزبی ئێمە (حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان) بەیانی بۆ بەرگری لەو، لە دژی تەوهین و هەڕەشەی ڕێکخراوە ئیسلامییەکان دەرکردووە.) بەڵکو پووچێتی هەوڵ و کۆنەخوازی فاروق لەوەدایە کە نیوکۆن و فاشیست و ڕاستڕەوەکانی ئەمریکا ئەو کەسانەن کە بە مامۆستای خۆی ئەزانێ و پێیان خۆشخەیاڵە و کتێبەکانیان ئەخاتە بن هەنگڵی و ئایدیاکانیان شەرح ئەکات و پێشنیار ئەکات کە بیهێنێ بۆ ناسیۆنالیزمی کورد و بۆ ئەم کارە نەزۆکە پووچەشی منەت بەسەر خوێندکارانی زانکۆی ئامادەبووی کۆڕەکەیدا ئەکات و ئەیەوێت ئێمە کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانیش سوپاسگوزاری بین!

سێهەم:


فاروق ڕەفیق خاوەن کەسایەتییەکی جێگیر نییە و بەردەوام لە گۆڕاندایە. کەسی خاوەن کەسایەتی ناجێگیر ناتوانێ لە پەیوەندییەکی بەردەوام و جێگیریشدا بێت. بەڵکو میزاجی ئەبێت و بەردەوام لە بەرزی و نزمیدا ئەبێت. بۆچوون و تێڕوانین و دنیابینی کەسانی ئاواش لە پلەی مۆلەقە و گۆرانی بەردەوامدایە. هەر بۆیە فاروق سەردەمێک شیوعی بوو، سەردەمێک بەرگریکاری ئیسلامی سیاسی و سەردەمێک لە دژیان، سەردەمێک گۆڕان و سەردەمێک هاوشانی نەوەی نوێ. سەردەمێک لە کوردسات و ئێستاش لە ڕێگەی (بەهات حەسیب قەرەداغیییەوە کە خۆی لە ئاڤا تی ڤییەوە پیاهەڵدەرێکی باشی مەسرور و دەسەڵاتدارانی هەولێرە)، فاروق ڕەفیقی بانگهێشتی ئاڤا تی ڤی کردووە و چەند بەرنامە پێشکەش ئەکات و بە شان و باڵی چینی بۆرژوازی ئەمریکادا هەڵئەدات و بێدەنگیشە بەرانبەر بە کارکردی بۆرژوازی کورد و دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و ستەمکاری هەولێر و کوردستان. فاروق گەرچی باسی ڕەخنە و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ئەکات، بەڵام خۆی توانای تەحەمولکردنی هیچ ڕەخنەیەکی نییە. بەردەوام سوکایەتی بەوانە ئەکات کە هاوڕای نیین و بە ئینشانووس و شایەر و ستوننووس و ڕۆژنامەنووس وەسفیان ئەکات و خۆی بە بیرمەند ئەزانێ. چەند ساڵ لەمەوپێش گوێم لە فاروق بوو کە توانجی لە کەسێک دا کە لە ئەڵمانیاوە ڕەخنەی لێگرتبوو، وە وتی "کابرا لە ئەڵمانیا دانیشتووە و دیلیڤەری پیزە ئەکات و دێت ڕەخنە لەمن ئەگرێ" فاروق ڕەفیق پێی وایە ئەگەر کرێکارێک ئیشی دلیڤەری پیزا بکات، ئەوا مافی نییە ڕەخنە لە بێکارێکی وەک ئەو بگرێ کە تا ئێستا نە لە کەنەدا و نە لە کوردستان نەیتوانییوە ئیشێک بدۆزێتەوە و کارێک بکات بەڵکو هەر خەریکی مفتەخۆرییە!


چوارەم:


فاروق چەند ساڵ لەمەوپێش لە سمینارێکیدا لە سلێمانی کە وابزانم لەسەر فەلسەفەی سیاسی بوو، ڕەخنەی لە دکتۆر محەمەد کەمال گرت، لەسەر ئەوەی کە لە ٢٠١٦دا کتێبێکی (هیگڵ)ی بەناوی (زە فیمینۆلۆجی ئۆف سپیریت- فیمینۆلۆجی هۆش (ڕوح)) وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. فاروق وتی کابرا نەهاتووە کە پرسێک بە ئێمە بکات، کە مەوجودین و هەین و پیاوی مەیدانەکەین! هەر لەوێدا فاروق تەوهین بە دکتۆر محەمەد ئەکات و بەپێکەنینێکی گاڵتەئامێزانەوە وتی حەمە کەمال چووە کتێبێکی بڵاوکردۆتەوە بۆ ڕازیکردنی کۆمۆنیستەکانی کوردستان لەخۆی. دیارە مەبەستی ئەو کتێبەی محەمەد کەمال بوو کە بە ناوی (مارکس وەکو فەیلەسوف) بڵاوکراوەتەوە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا بۆچی فاروق پێیوایە کە دکتۆر محەمەد کەمال پێویستی بە رازیکردنی کۆمۆنیستەکانی کوردستان هەیە تا کتێب لەسەر مارکس بنووسێت، وەک ئەوەی کە فاروق توانجی لێ ئەگرێ؟ فاروق لە خۆیەوە سەیرئەکات، چونکە کارەکانی خۆی بۆ ڕازیکردنی کەسانی ترە، وا ئەزانێ هەموو کەس وەک خۆی وایە. ئەو کتێبەی محەمەد کەمال یەکێکە لە کتێبە باشەکانی و پێویستە هەموو کرێکارێکی سۆشیالیست بیخوێنێتەوە و خۆی پێ ئاشنا بکات. من پێشتریش لە ٢٠٢٠دا لە وتارێکمدا بەناوی (وەڵامێک بۆ دکتۆر ڕێبوار فەتاح)(١) باسی ئەم کتێبەی محەمەد کەمالم کردبوو. فاروق ڕەفیق نە ئیمکان و نە مەعریفەی ئەوەی هەیە، وەنە بەرژەوەندییەکانی ڕێی پێ ئەدەن کە کتێبێکی باشی وەک ئەوەی محەمەد کەمال بنووسێ، بۆیە ناچارە گاڵتەی پێ بکات.


پێنجەم:


هەر کەناڵێک لەوانەی بە پارەی دزراوی خەڵک ئەچەرخێ، ئەگەر شەهامەتیان هەبێت و مایک بکەنە بەردەم ئەوانەی کە لە بەرژەوەندی چینی کرێکار و خەڵکی هەژارکراوی کوردستانەوە قسە ئەکەن، پێویستە بەکاربهێندرێ و سود لەو هەلە وەربگیرێ. بەڵام بەداخەوە کە فاروق ڕەفیق نە ماتریاڵی ئەوەیە وە نە توانای ئەوەی هەیە کە لە بەرژەوەندی کرێکاران و هەژارانی کوردستانەوە هیچی هەبێت بیڵێ، بەڵکو ئەو وەک خۆی ئەڵێ کۆنسێرڤەتیڤە، کۆنەپەرستێکە و ڕەگەزپەرستی لێ ئەبارێ (لە هەولێرەوە تۆمەتە بێبنەما و ڕەیسیستێکانی ترامپ لە دژی کۆچکردوانی ئەمریکای باشور دووبارە ئەکاتەوە). ئەو قەڵەمبەدەستێکی کۆنەخوازی بۆرژوازیییە کە کۆمەڵگای کوردستان بە کۆمەڵگایەکی چینایەتی نازانی و پێی وایە مەسعود بارزانی و سەرمایەدارانی هەڵتۆقیوو لەم سی ساڵەدا لەگەڵ کرێکارێکی کارگوزار تەنها لەبەرئەوەی کە کوردن هەمان چارەنووسیان هەیە. بۆیە ئەڵێ "ئێمە وەک کورد پێویستمان بە ئایدیاڵە". فاروق منەتمان بەسەردا ئەکات و ئەڵێ "بەئەرکێکی ئەخلاقی خۆمی ئەزانم کە لە ئەمریکاوە ئەو ئایدیاڵەتان بۆ بهێنم"!


شەشەم:


پێشنیارەکەی فاروق واتە هێنانی ئایدیاڵ لە باڵی ڕاست و فاشیزمی ئەمریکاوە بۆ کورد. پێشنیارە بۆ سەرانی بزووتنەوەی داواکەوتووی کوردایەتی و دەسەڵاتە میلیشیایی و ستەمکار و گەندەڵەکەی. فاروق ئەڵێ "ئێمە وەک نەتەوەیەک ناتوانین بێ ئایدیاڵ بژین" فاروق ئەم ئەرکە پووچەی کردۆتە موهیمەی خۆی کە هەر قابیلی ئەوەیە کە سەرانی تاوانبار و دز وتاڵانچی بزووتنەوەی دواکەوتووی کوردایەتی بە بیرمەدی بزووتنەوەکەیان ڕایگرن . ئەو بزووتنەوەیەی کە ئەوە ٣٤ ساڵە یاری بە چارەنووسی خەڵکی کوردستانەوە ئەکات و بە سەرکوت و تیرۆر سەروەتی خەڵکی کوردستان ئەمژێ و خەڵکی کوردستانیان لە هەژاریدا ڕاگرتووە و کۆمەڵگایان بێ ئیرادە کردووە و دەستیان لەگەڵ دڕندەترین و کۆنەپەرستترین وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا تێکەڵکردووە.

حەوتەم:


مامۆستاکانی فاروق فاشیستەکانی ئەمریکان:


فاروق گەر چی باسی "بیرکردنەوەی ڕەخنەییانە" ئەکات، بەڵام خودی خۆی زەحمەت ناکێشێ و ڕەخنەییانە بیرناکاتەوە. بەڵکو خۆی قەتیس کردووە تەنها لە چوارچێوەی کتێبی چەند نیوکۆن و نووسەر و ڕۆژنامەنوس و بیرمەندێکی باڵی ڕاستی بۆرژوازی ئەمریکا و دێت هەندێ لە وتەکانیان بە دەنگێکی زووڵاڵ و باوەڕبوونێکی بێوێنە بە خۆوە، وەک فاکتی ڕاست و یەکلاییکراوە بە ئێمە ئەفرۆشێ. فاروق زوو زوو وشەی (نوقتە) لە دوای کۆمێنتە نادرووست و بێسەروبەرەکانییەوە بەکارئەهێنێ و وەک ئەوەی ڕاستی سەلمێندراوبێ و هیچ مشتوومڕێک هەڵنەگرێ، بەیانی ئەکات.


یەکێک لەوکەسانەی فاروق پێی سەرسامە، ڕۆژنامەنووسێکی میدیۆکەی ئەمریکییە بە ناوی (تەکەر کارڵسۆن) کە فاروق لە بەرنامەی یەکەمیدا وەسفی کرد و وتی من بەردەوام موتابەعەی ئەکەم و لە ڕێگەی ئەوەوە ئاگادارم چی ئەگوزەرێ لە ئەمریکادا. تەکەر کارڵسۆن کە میدیاکارێکی باڵێ ڕاستی بۆرژوازی ئەمریکایە، ئەم کابرایە لەوکاتەوە بەناوبانگ بوو کە لە سەرەتای ئەمساڵدا (فێبریوەری ٢٠٢٤) چوو بۆ مۆسکۆ و موقابەلەیەکی دوو سەعاتی لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا (ڤلادیمێر پۆتین)دا ئەنجامدا. تەکەر لەگەڵ (فۆکس نیوز)دا ئیشی ئەکرد، خاوەنی فۆکس نیوز بلوێنەرێکی ئوسترالییە کە کابرایەکی جووە بەناوی (ریپرت مۆردۆخ)(٢) کە لە ئەمریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا میدیای زەبەلاحی بەدەستەوەیە و لە ئینتیخاباتی ئەم سێ دەوڵەتەدا مۆردۆخ پشتیوانی کام حیزبەی کردبێ ئەوە بردوویەتییەوە. هەر وەک چۆن هەر ڕۆژنامەنووسێک لە میدیاکانی پارتیدا ئیش بکات ئەبێت تاعەتی بنەماڵەی بارزانی بکات، ئاواش هەرچی بۆ فۆکس نیوز و میدیاکانی مۆردۆخ ئیش بکات ئەبێت بەرگریکارێکی سەرسەختی ئیسرائیل بێت و تاعەتی فەرمانەکانی مۆردۆخ بکات. تەکەر کارڵسۆن لە مانگی چواری ئەمساڵدا (ئەیپرڵ ٢٠٢٤) بە بێ هیچ هۆکارێکی ڕاگەیەنراو لە فۆکس نیوز دەرکرا و ئێستاش گوایە لەگەل ئێکس و ئیلۆن ماسکدا ئیش ئەکات.


ئەوەی نەیهێشت کە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٩ ی بەرتانیادا جێرمی کۆربین بیباتەوە، مۆردۆخ و میدیاکانی بوون، کە درۆیان بۆ هەڵبەستی و گوتیان دژی جووە، کە تەنانەت فشاریان بۆ ڕۆژنامەی (گاردیان) یش هێنا کە دژی کۆربین قسە بکات. لە ١٩٩٦دا تۆنی بلێیەر بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بباتەوە، خۆی و هەموو کابینە سێبەرەکەی هاتن بۆ ئوسترالیا و لە سیدنی ئۆپرا هاوس لە خزمەتی مۆردۆخدا بوون. لە ٢٠٠٧دا کێڤن ڕاد سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئوسترالیا بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بباتەوە، چوو بۆ نیویۆک بۆ لای مۆردۆخ تا بەڵێنی پێ بدات بە دڵی ئەو بجوڵێتەوە وئەویش پشتیوانی بردنەوەی بکات. ئەوەی ئەڵێ لە پلورالیزمی بۆرژوازی و دیموکراسییەکەیدا هەموو کەس ئازادە و هەر کەس خاوەنی دەنگێکە. ئەمە قسەیەکی پووچە، هەرگیز دەنگی مۆردۆخ و دەنگی کرێکارێک وەک یەک نییە.

هەشتەم:


فاروق لەم بەرنامەیەشیدا لە ئاڤا تی ڤی هەر وەک پیشەی هەمیشەیی کە لە زۆربەی کۆڕو سمینارەکانیدا دووبارەی ئەکاتەوە، کەوتەوە درۆ هەڵبەستن بۆ کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی سۆشیالیست. کەوتە درۆهەڵبەستن بۆ چینی کرێکار و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەی. هێڕشە نادروستەکانی ئەم پیاوە بێ مەعریفەیە لە دژی مارکس و ئەوانەی لە میتۆدی مارکسەوە دنیائەبینن، تۆمەتهەڵبەستنەکانی فاروق لەدژی کۆمۆنیزم و چەپ و کۆمۆنیستەکان، ئەگەر بەرهەمی نائاگایی و ناهۆشیاریی نەبێت، ئەوا بەرهەمی چەواشەکاری و بەرژەوەندخوازێتی. هێڕشە بێبنەماکانی فاروق بۆ سەر کۆمۆنیزم و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەی بەدوورە لە فاکتی مێژوویی و ڕوداوی واقعی. درۆکانی فاروق زیاتر لەوەی بەیانی بۆپچوونی بێت بۆ دروستکردنی ئارگیومێنتێکی عەقڵانی، زیاتر بۆ ڕازیکردنی بەرپرسانی کەناڵەکە و حاسڵکردنی کرێکەی دێتە بەرچاو. تۆمەتە بێبنەماکانی لە دژی مارکس و ئەوانەی بە میتۆدی مارکس بیرئەکەنەوە، لە دەربرینی کۆنە قین ئەکات وەک لەوەی پشتی بە فاکت و لۆژیک بەستبێ. فاروق لە ڕابردوودا ئەژی و ئاگاداری گۆڕانکارییەکانی ئێستای ئەمریکا نییە، بەتایبەت ئەوەی کە چی ڕوویداوە بەدوای بزووتنەوەی (ئۆکیوپای ۆڵ ستریت) لە ٢٠١١دا. بەندە لە وتارێکدا کە لە ٢٨/٧/٢٠٢١ دا نووسراوە، بەناوی "گۆشەیەکی پرشنگدار لە مێژووی چینی کرێکاری ئەمریکا (٣)" کە لینکەکەی لە خوارەوەیە، باسی ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەم کردووە.


فاروق دێت لە ٢٠٢٤دا درۆکانی دەورانی جەنگی ساردی مامۆستاکەی و نیوکۆن و قەڵەم بەدەستانی تری باڵی ڕاستی دەسەڵاتدارانی ئەمریکامان بۆ دووبارە ئەکاتەوە و بە فاکت پێمان ئەفرۆشێ؟ کەسێک بە واقع ئەکادیمیست بێت، کەسێک میکانیکیانە دیاردەکان نەبینێ، کەسێک ئیعتیبار بۆ کەسایەتی خۆی قایلبێت، وەک فاروق درۆ بەڕاست پیشان نادات. ئەم بەڕێزە زۆر ساویلکانە پێی وایە کە هەرچی لە کتێبی ئەو کەسانەی بە مامۆستای خۆی ئەزانێ، نووسرابێت، ئیتر فاکتە و مشتوومڕ هەڵناگرێ.


فاروق قەڵسە بەو کەسانەی کە ئەڵێن "بە ڕای من". فاروق قەشمەری پێ دێ وئەڵی من ڕای تۆم بۆ چییە، بڕۆ بۆ حەلاوی باسکە. فاروق ئەڵێ ئەبێت کتێبی باش بخوێنیتەوە، ئایدیات هەبی. خۆزگە فاروق خاوەن ڕای خۆی بوایە، نەک درۆی بچوکی قەڵەمبەدەستانی باڵی ڕاستی ئەمریکا کە لە دەورانی جەنگی سارددا کردوویانە، سەدانجار گەورەتر بکاتەوە و بە فاکت بە گوێکرانی بفرۆشێ.


نۆیەم:


فاروق ئەڵی کۆمۆنیزم خوێنی لێ ئەچۆڕێ و بووتە هۆی کوشتنی ٢٠٠ ملیۆن ئینسان! ئایا فاروق کە گاڵتەی بە (ڕا) دێت و باوەڕی بە کتێبە، ئایا ئەتوانێ پێمان بڵێ لە کام کتێبدا و بەپێی کام بەڵگە و کام لێکۆڵێنەوەی پشتڕاسکراوە ئەم تۆمە هەڵئەبەستی و ئاوا بێشەرمانە بەردەوام دووبارەی ئەکاتەوە؟ هیچ کەس لەوانەی کە فاروق بە پێشەنگی خۆی ئەزانێ، هەرچەندە ڕاست و دژی کۆمۆنیزم بێت، بۆ پاراستنی ئیعتیباری خۆی جورئەتی ئەوە ناکات کە درۆی ئاوا بڵاوبکاتەوە. بەڵکو لە جیاتی درۆی گەورەی وەک ئەمەی فاروق و بۆ ئەوەی تاوان و کوشتارە بە کۆمەڵەکانی سەرمایەداری لە زیهنی خەڵکدا کاڵ بکەنەوە، ئەلێن لە سایەی کۆمۆنیزمدا بە ملیۆنان کوژراوە. بەڵام فاروق ئەیکات بە ٢٠٠ ملیۆن.


من لە وتارێکی پێشومدا لە ٢/١٠/٢٠٢٢دا بە ناوی "یەکەم پەرتووک کە من نووسیم(٤)" لە زاری (ڕیچارد ۆڵف)ەوە وەڵامم بەم درۆیەی فاروق داوەتەوە، کە لینکەکەی لە خوارەوە دانراوە. لەخوارەوەی ئەو وتارەدا لینکی دوو ڤیدیۆی یوتیووبی تیایە، بەهیوای خوێنەر بتوانێ لانی کەم گوێگری ئەوەی یەکەمیان بێ کە دیبەیتێکە بە ناونیشانی (ئایا سۆشیالیزم یان سەرمایەداری پەسەندترە)، کە لە نێوان (ڕیچارد ۆڵف و جین ئیپستین) دا کراوە لە هۆڵی سۆهۆ لە نیویۆرک.


دەیەم:


فاروقی خۆ بەزلزان و ناوەرۆک بۆش ئەڵێت "ڕۆژگارێک کۆمۆنیزم ئایدیاڵی ڕۆشنبیرانی کورد بووە. کۆمۆنیزم یەکێک لە ستەمکارترین ئایدیلۆجیاکانە. کۆمۆنیزم هەرە ترسناکترین ئایدۆلۆژیای دژ بە مرۆڤایەتی بوو، تەقریبەن دوو سەد ملیۆن ئینسانی لەناوبردووە، ئەمە ناتوانێ ئایدیاڵ بێت، ئەمە ناتواندرێ دەستی پیوە بگیرێ، ئەمە ناتوانی ڕێنماییمان بکات". هەروەها ئەپرسێ "ئایا ئەمریکا ئیمپریالیزمە وەک ئەوەی چەپەکان سەد ساڵە ئەم ئاوازە ئەچڕن؟" هەروەها لەسەر ئەوەی ئەمریکا ئیمپریالیزمە یان نا، لە کۆتایی ئەڵقی دووەمی بەرنامەی (ئەمریکاناسی)یەکەیدا ئەڵێ "چەپەکان کێشەی عەقڵیان هەیە، ئەوانە ناتوانن ڕەخنەییانە بیربکەنەوە". هەروەها بەردەوام ئەبێ و ئەڵی "لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوغز و کینەیەکی زۆر هەیە دژ بە ئەمریکا، کە لە لایەن ئیسلامییەکان و چەپەکانەوە ئاڕاستە کراوە، ئەمە وای کردووە کە وێنەیەکی شێوێنراو دەربارەی ئەمریکا دروست بێت و ئەڵێ ئەرکی مەعریفی و ئەخلاقی منە کە ئەو وێنە شێواوە ڕاستبکەمە".

ئەوەی کە فاروق چەپ و ئیسلامی ئەکاتە یەک بەرەوە، جێگەی سەرسوڕمان نییە، چونکە پێدەچێت ئەو عەوداڵی ئەوە بێت کە سەرانی کوردایەتی بە بیرمەندی بزووتنەوەکەیان قبوڵی بکەن و بەرنامەی پووچی لەمجۆرەی بۆ بڕەخسێنن و کرێی ئەم چەواشەکاری و درۆ هەڵبەستنانەشی، ئەوە ئەخوازێ کە ئاوا بپەیڤێ. تەنها کەسی بیر کۆڵ و بەرژەوەندخوازە کە هۆکاری بێزراوی ئەمریکا و توورەیی خەڵک لێی، لە کارکرد و ملهوڕی و شەڕ و گەمارۆ و بەڕێوەبڕدنی کودەتا و پیلانگێڕی لە سیاسیەتی دەرەوەی ئەمریکا و پینتاگۆن و (سی ئای ئەی)دا نابینێتەوە و هۆکارەکەی بە شێواندنی وێنەکەی ئەزانێ.

فاروق لە بەرنامەی رۆژی ٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ دا وتی "هەر سیستەمێک باسی لەناوبردنی موڵکی شەخسی کرد، ئەوەی کە تۆ موڵکی شەخسیت نەبێت، وەکو کۆمۆنیزم، ئەمە ستەمکارییە، ئەمە فۆرمێکە لە ستەمکاری، وە شیوعییەتیش یەکێکە لە خراپترین ڕژێمەکانی حکومڕانی کە خەیاڵی بەشەر بۆی چووبێ، نوقتە، تەواو. بۆ؟ لەبەرئەوەی لەسەر ئەساسی مەحفکردنەوەی خاوەندارێتی شەخسییە، کە ئەمە پێچەوانەی تەبیعەتی بەشەرییەتە، نوقتە". فاروق بەردەوام ئەبێت و ئەڵێ "ئۆکەی، غەریبە لە ٢٠٢٤دا تازە ئێمە خەریکی کۆمۆنیزم بین، ئەبوایە ئەمە ئێمە هەموو بیزانین، بەتایبەتی دوای کەوتنی شیوعییەت، وا نییە؟ دوای ٢٠٠ ساڵ لەخوێن، ئەزانی شیوعییەت بەرپرسیارە لە کوشتنی ٢٠٠ ملیۆن ئینسان لە چینەوە بۆ ڕوسیا و بۆ عێراق و بۆ ئەمریکای لاتین و، ئەمریکای لاتینی داغان کرد، بەشێک لە ئەوروپای داغان کرد، ئەزانن؟". فاروق درێژەی پێئەداو ئەڵێ " واو واو واو واو، تازە خەڵکێک هەیە لای ئێمە دروشمی مارکسیزم و لینینیزم بەرزئەکاتەوە. ئۆکەی ئەوە ئەبێت قسەی ترمان هەبێت و کۆڕی تری بۆ بگرین، بەس زۆر ناخۆشە لە ٢٠٢٤ داخەریکی ئەمە بیت، ئەبوایە وازمان بهێنایە، وامانزانی وازمان لێهێناوە. کەچی نا وازمان لێ نەهێناوە".


ئایا بە ڕاست فاروق ڕەفیق هێندە بێ مەعریفەیە کە نازانێ جیاوازی هەیە لە نێوان خاوەندارێتی شەخسی و خاوەندارێتی تایبەتی، وا لە جێگای یەکتر بەکاریان ئەهێنێ؟ یان ئەم درۆیەشی بۆ یەیداکردنی نانی ڕۆژێتی! با لەوە بگەڕێین کە مارکس هەرگیز زاراوەی خاوەندارێتی شەخسی بەکار نەهێناوە، بەڵکو باسی هەڵوەشانەوەی خاوەندارێتی تایبەتی کردووە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئەگەر وەک فاروق ئەڵی کۆمۆنیزم تەواوبووە، ئیتر فاروق بۆ ئاوا توورەیە و ناڕەحەتە و کەوتۆتە هاوارکردن؟


ڕاستی مەسەلەکە و واقعی ژیان ئەوەیە کە لە هەر شوێنێک ، لە کوردستان، لە ئەمریکا یان لە هەر سوچێکی ئەم دنیایەدا کە تا نایەکسانی هەبێت، کۆمۆنیزم پرسێکی زیندووە. وە هیچ کاتێک لە مێژووی ڕابردووی بەشەرییەتدا، چی لە ئەمریکا و چی لە کوردستانیش نایەکسانی و قڵشتی چینایەتی، هەرگیز هێندەی ئێستا فراوان نەبووە. ئەوە بۆیە فاروق ئاوا گڕی گرتووە و کەوتۆتە درۆ هەڵبەستن.


یازدەیەم:


فاروق ڕەفیق پێشتریش لە ٢٠٠٩ دا ئەو قسەیەی کە گوایە مارکس کردبووی "من مارکسی نیم" بە مەبەستەوە شێواندبووی و ئەنجامگیرییەکی چەواشەکارانەی لێ هەڵهێنجابوو. لە کاتی خۆیدا بەندە بە وتارێک بە ناوی "دوو سەرنج لەسەر قسەکانی فاروق ڕەفیق لە کەناڵی کوردسات(٥)" وەڵامم دابۆوە، کە لینکەکەی لە خوارەوەیە و خوێندنەوەی لە ئێستادا کۆمەک دەکات تا زیاتر لە ماهیەتی بۆچوونی فاروق تێبگەین.


دوازدەیەم:


ئەگەر چی حیزبی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لە ئەمریکادا دوو دیوی یەکدراون و جیاوازی نێوانیان لە موو باریکترە. بەڵام فاروق کە باسی دیموکراتەکان ئەکات، ئەوان بە مارکسی و کۆمۆنیست و بەرەی چەپ وەسف ئەکات. دۆناڵد ترامپیش یەکێک لەو چەکی هێڕشانەی بۆ سەردیموکراتەکان بەکاری ئەهێنا ئەوە بوو کە بە (کامڵە هاریس)ی ئەوت ئەمە مارکسییە، وە لەکاتی دیبەیتەکەیاندا کە لە ١٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤دا ئەنجامدرا، ترامپ چەند جارێک ئەمەی وەک جوێن بۆ هاریس بەکار هێناو وتی کە مارکسییە. ئەوەی بۆ من ڕوون نییە ئەوەیە کە ئایا بەڕاستی فاروق باوەڕی وایە کە مارکسییەکانی ئەمریکا دیموکراتەکانن، یان مەعیفەی ڕێگای نادا کە ڕاستییەکان ببینێ و ئەوەی ترامپ وتی لای ئەمیش ڕاستییە!


فاروق چونکە ئاگاداری گۆڕانکارییەکانی ئێستای ئەمریکا نییە و هەر گیرۆدەی باسی هەندێ لە نیوکۆن و ڕەگەزپەرست و ڕاستەکانی ئەمریکا بووە، وا ئەزانێ سەردەم هەر سەردەمی جەنگی سارد و پێش ساڵی ٢٠١١ ەیە، فاروق نازانێ کە ئێستا لە ئەمریکاشدا مارکسی بوون و کۆمۆنیست بوون شانازییە و جوێنێکە کە کڕیاری نییە لە ئێستادا.


لە ساڵی ٢٠١٧دا ئەندامێکی حیزبی دیموکراتیک سۆشیالیست ئۆف ئەمەریکا (دی ئێس ئەی) لە هەڵبژاردنێکی لۆکاڵی شاری نیویۆرکدا، کانید ئەبێت، لە موقابەلەیەکیدا لەگەڵ بەرنامەی (ئیکۆنۆمیک ئەپدەیت) پرسیاری ئەوەی لێ کرا کە چۆن بوو لە هەڵبژاردندا سەرکەوت. ئەندامەکەی (دی ئێس ئەی) وتی گومانی تیا نییە کە کەمپینێکی سەرکەوتوومان بەڕیوە برد، بەڵام ئەوەی کە زیاتر بە سەرکەوتنی گەیانم ئەوە بوو کە کاندیدی حیزبی کۆمارییەکان ڕەسمێکی منی لەگەڵ مارکس و ئەنگڵس و لینین پێکەوە بڵاوکردەوە و گەیاندیانە سندوقپۆستی هەموو دەنگدەران ولەسەریان نووسی بوو کە دەنگدان بەمن دەنگدانە بە مارکس و کۆمۆنیزم. ئەو لە چاوپێکەوتنەدا وتی من هەر نامزانی کۆمۆنیزم چییە و مارکس کێیە، تەنها ناوی بێرنی ساندەرم بیستبوو کە سۆشیالیستە، وتی بەڵام ئەو وێنە بلاوکردنەوەیە یارمەتیدەرێکی باشم بوو کە دەنگی یەکەم بەدەستبهێنم.

سیازدەیەم:


فاروق لە ئەڵقەی دووەمی بەرنامەکەیدا ئەڵێ ناتۆ بلفیعل ڕۆژگارێک حیلفێکی حەزاری (شارستانی) بوو، چونکە دژ بە کۆمۆنیزم بوو، لەبەر ئەوەی کۆمۆنیزم کارەسات بوو، ستەمکارییە کۆمۆنیزم. ئەم ترامپیستە هیچ ڕەخنەیەک ناگرێ لەوەی کە ترامپ دوای دۆڕانی لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٠دا هەزاران چەکبەدەستی نازی و ڕاسیستی ناردە سەر کۆنگرێس و کوشتاریان دەستپێکرد، بەڵام لە ترامپ زیاتر باوەڕی وایە کە لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٠دا ترامپ بردییەوە، بەڵام ئیستابلیشمێنت فێڵیان لێ کرد و بایدنیان دامەزراند!


لە لای فاروق تەنانەت سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش (دەبلیو هێچ ئۆ) کۆمۆنیستێکی حەبەشی بەڕێوەی ئەبات و دەستخۆشانە لە ترامپ ئەکات کە دوای سەرکەوتنی لە دەورەی یەکەمی سەرۆکاتەتییەکەیدا کۆمەکی ئەمریکای بۆ ئەو ڕێکخراوە بڕی!


فاروق هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەوەدا نییە کە ئەمریکا بە پاساوی درۆ لە ٢٠٠٣دا هێڕشی کردە سەر عێراق و سەدان هەزاری کوشت و هەموو کۆمەڵگای خاپور کرد، بەڵکو تەنها گلەیی لە ئەمریکا ئەوەیە کە کەسێکیان ناردووە بۆ عێراق (بریمەر) کە هیچ مەعلوماتێکی لەسەر ناوچەکە نەبووە!


کۆڵن پاوڵ کە لە سەردەمی ئیدارەی جۆرچ بوشدا وەزیری دەرەوە بوو، وە چووە نەتەوە یەکگرتووەکان و بە پاساوی درۆ و هەبوونی چەکی کۆمەڵکوژ کەیسی بۆ لێدانی عێراق داتاشی. ئەوە چەندین ساڵە پەشیمان بۆتەوە و ئەڵێ ئەو ڕۆژە ناخۆشترین ڕۆژی ژیانمە و وەک مۆتەکەی ژیانمە و لەکۆڵم نابێتەوە. کەچی فاروق ئێستاش پاش ئەوەی کە ڕوویدا هیچ باکی بەو کوشتارگایە نییە کە ئەمریکا خوڵقاندی لە عێراقدا، بەس موشکیلەی ئەوەیە کە کەسێکی شارەزایان نەناردووە!


چواردەیەم:


فاروق و حکومەتی سنوردار.


فاروق لە ئەڵقەی چواردا، بەرنامەی ڕۆژی ٢٠/١٠/٢٠٢٤دا ستایشی دەستوری ئەمریکا ئەکات و ئەڵێ حکومەت ئەبێت سنوردار بێت، ئەڵێ دەستوری ئەمریکا فەراهەمی حکومەتێکی سنوردار ئەکات. (هەر لەم ڕاستایەشدا فاروق سوکایەتی بە گەنجانی کوردستان ئەکات وئەڵێت لێرە گەنجان ئەڵێن ئەبێت حکومەت ژنمان بۆ بهێنێ. فاروق لە جیاتی ئەوەی ڕەخنە لە دەسەڵاتدارانی کوردستان بگرێت کە بۆچی هەرچی هەیە ئەیدزن و بەشی خەڵک نادەن، دێت و گاڵتە بە گەنجان ئەکات). بەڵام با بزانین ئایا لە ئەمریکا و هەموو وڵاتانی سەرمایەداریدا، بۆ چینی بۆرژوازی حکومەت سنوردارە؟ نەخێر حکومەت سۆشیالیزمە بۆ بلوێنێرەکان و ماڵوێرانییە بۆ کرێکاران. ترامپ لە دەورەی یەکەمیدا و بایدنیش بەدوای ئەودا، سەرەتایترین مەبدەئی سەرمایەداریەکەیان کردە ژێر پێوە و بە هەموو هێزەوە هەموو حکومەتیان کردە پشتیوانی بلوێنێرەکان و داسەپاندنی باج لە بەرگری ئەواندا. لە هەموو قەیرانەکانی سەرمایەداریدا، بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠٠٠ و ٢٠٠٨ و لە قەیرانی کۆڤیددا، حکومەت بە هەموو توانای خۆیەوە چووە پشتی کۆمپانیای بلوێنێرەکان ولەسەر داهاتی گشتی پارەیان دا بە کۆمپاکانیاکان بە بیانووی ئەوەی (توو بیگ تو فەیڵ)(٦) ، وە بەدەیان تریلیۆن دۆلاریان چاپ کرد کە کەوتە گیرفانی بلوێنێرەکانەوە و زۆر لەوان لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە سەروەتەکەیان دوو قات و سێ قات کردووە. ئەمە لە کاتێکدا کرێکاران بۆ ئەوەی رێژەیەکی کەم کرێکانیان بچێتە سەرەوە ناچارن خۆپیشاندان بکەن و مانبگرن، تا بتوانن بەرگەی گرانی و هەڵئاوسان بگرن.


پاردەهەم:


ئەمریکا کۆمەڵگای چینایەتی یان خێڵ:


ئەمریکا لە دیدی فاروقدا کۆمەڵگایەکی چینایەتی نییە، بەڵکو خێڵێکی بچوکە هەموو تاکەکانی وەک یەک بیر ئەکەنەوە. باسەکەی فاروق (ئەمریکاناسی)یە. فاروق کە باسی ئەمریکا ئەکات هەر ئەڵێی باسی خێڵی بارزانییەکان ئەکات. لای فاروق ئەمریکاش خاڵییە لە چین و لە بەرژەوەندی جیاوازی چیینە کۆمەڵایەتییەکان. لای فاروق ئەمریکا کۆمارێکی دەستوورییە و بۆ ئێمەی کورد زۆر گرنگە! لای فاروق ئەمریکا یەکێکە لە سەنتەرە گەورەکانی جیهان ئەگەر تاکە سەنتەر نەبێت. لای فاروق تێگەیشتن لە ئەمریکا، تێگەیشتنە لە پرۆژەیەکی گەورە کە پرۆژەی مۆدێرنەتییە و ئاخرین قەڵایە کە گوایە تا ئێستا ماوەتەوە!. لای فاروق ئەمریکا بارکراوە بە کۆمەڵێک ئایدیاڵی گەورە، کۆمەڵێک پرۆژەی گەورە و ئەڵی پێویستە کە ئێمە وەک کورد لە ئەمریکا تێبگەین. لای فاروق ئەمریکا هەر وڵاتێک یان جوگرافیایەک نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی ژیاری گەورەیە کە سکپڕە بە کۆمەڵێک ئایدیا و بەئەرکی خۆی ئەزانێ کە گوایە وەک باحسێکی کورد باسی ئەمریکامان بۆ بکات! فاروقی کۆنەخواز و ڕاستڕەو ئەڵێ ئەمریکا بەرهەمی دەستوورێکە کە ئەوە ٢٥٠ ساڵە ئیش ئەکات و بەشان و باڵی باوکانی دامەزرێنەری دەستوری ئەمریکادا هەڵئدات. فاروق پێ لەهەوایە و واقعییەتی ئێستا نابینێ و چەند چەمکێکی ناڕۆشنی ناو دەستووری ئەمریکا لە چەشنی (ئازادی، یەکسانی، بەختەوەری) وڕ و سەرخۆشی کردووە. بە بۆچوونی سەقەتی فاروق "خەونی ئەمریکی" بریتییە لەوەی کە هەر کەس ئازادە کە عەوداڵی ئازادی و یەکسانی، وە لەهەمووی گرینگتر بەختەوەری بێت! فاروق ئەڵێ "دەستوری ئەمریکا موعجیزەیە" و هەموو ئەمانەی بۆ دانیشتوان دابین کردووە.


ئەوەی لە ئەمریکادا بە خەونی ئەمریکا ناسراوە، لەڕاستیدا مەبەست لێی تەنها (خەونی پیاوی سپی ئەمریکایە) کە لە دەیەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ئیتر کۆتایی پێهاتووە و نەماوە، بەڵام فاروق درکی پێ ناکات و نایەوێ بیبینێ. بەندە بەنیازم لە داهاتودا وتارێکی تایبەت لە سەر خەونی ئەمریکی بنووسم.
شازدەهەم:
بالێرەدا هەندێ ڕاستی سەلمێندراو بخەینە ڕوو بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو ناڕاستیانەی فاروق بە فاکت پێمان ئەفرۆشێ.


بەپێی داتای ڕەسمی حکومەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٣ دا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس، وە بە دیاریکراوی (٥٨٢،٤٦٢) کەس بێخانەولانەن و شەوانە لەسەر جادەکان ئەخەون. ئیتر بەختەوەری چی؟


ئەگەر لە ئەمریکادا ئازادی هەیە، بۆچی لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا، سەرۆکی حیزبی سۆشیالیستی ئەمریکا (یوجین ڤیکتۆر دێبس)(٧) دە ساڵ حوکمدرا و پاش سێ ساڵ لە زیندان جا ئازاد کرا. ئەو ڕابەرە سۆشیالیستە زیندانیکرابوو تەنها لەبەرئەوەی دژی شەڕ بوو، وە لە وتارێکیدا لە ساڵی ١٩١٧ دا لە (ئۆهایۆ) ڕەخنەی لە ئەمریکا گرت کە پەیوەستببوە بە شەرەکەوە و داوی لە کرێکارانی ئەمریکا کردبوو کە بەشداری شەڕ نەکەن. ئەوەی شایانی باسە لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٢٠ دا (یوجین ڤیکتۆر دێبس) لە کاتێکدا لە زینداندا بوو، خۆی کاندید ئەکات بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا و نزیک بە یەک ملیۆن دەنگ ئەهێنێ، لەوکاتەدا کە دانیشتوانی ئەمریکا نزیک بە چارەکێکی ئێستا بووە؟


ئەگەر لە ئەمریکادا ئازادی فەراهەمە بۆچی لە ساڵی ١٩٤٥ ەوە بۆ ساڵی ٢٠١١ تەنانەت بەکارهێنانی وشەی کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم قەدەغەکرابوو لە ئەمریکادا؟ وە لەسەر کۆمۆنیستبوون، دەیانیان تیرۆر کرد، سەدانیان زیندانی کرد، وە هەزارانیان بێ ئیش کرد؟ هەروەک لە وتاری (گۆشەیەکی پرشنگدار لە مێژووی چینی کرێکاری ئەمریکا)دا باسکراوە کە لینکەکەی لەخوارەوە دانراوە.


ئەگەر لە ئەمریکا ئازادی هەیە بۆچی (جولیان ئەسانج) کە ڕۆژنامەنووسێکی ئوسترالییە و تەنها لەبەرئەوەی لە (ویکیلیکس) دا گۆشەیەکی زۆر بچووکی تاوانەکانی سوپای ئەمریکای لە عێراق و ئەفغانستان بڵاوکردەوە، فشاریان بۆ وڵاتانی تر هێنا و ١٢ ساڵ لە بەریتانیادا زیندانیان کرد و ویستیان بیبەنەوە بۆ ئەمریکا و ١٧٠ ساڵ زیندانی بدەن بە تەنگەدا، بە بیانووی ئەوەی کە گوایە ئەمنی قەومی ئەمریکای خستۆتە خەتەرەوە؟ وە سەرانی سی ئای ئەی بە ئاشکرا وتیان ئەگەر نەدرێتەوە بە ئەمریکا ئەوا ئەبێت هەوڵبدرێ تیرۆربکرێ و بکوژرێ؟

ئایا فاروق بۆچی لە (ئەمریکاناسی)دا دوو ئاڵای ئەمریکای هاوشانی خۆی داناوە، یەکێک گەورە و یەکێک بچوک! ئەگەر فاروق و پارتی شانازی بەو ئاڵایەوە ئەکەن، ئەوا چینی کرێکاری کوردستان لە شەڕ و گەمارۆی ئابووری و هەژاری و ماڵوێرانی زیاتری لەو ئاڵایە نەبینییوە. فاروق ژمارەی کوژراوەکانمان بۆ ئەژمێرێ، بەڵام باسی دڕندەیی ئەمریکا ناکات کە تاکە وڵاتی دنایە کە چەکی ئەتۆمی بەکارهێناوە و لە چەند چرکەیەکدا دوو شاری گەورەی یابانی کردە خۆڵەمێش.

شۆڕشی فەرەنسا (١٧٨٩) گەورەترین و پڕ تەئسیرترین شۆڕشی بۆرژوازی بوو. شیعارەکانی (ئازادی، یەکسانی، برایەتی-کە لە جێگەی دیموکراسی ئێستایە) بوو. بەڵام بۆرژوازی پابەند نەبوو بە شیعارەکانی خۆی و هیچی بەدی نەهێنا، بۆیە کارڵ مارکس شۆڕشگێڕێک بوو کە تا وزەی تیابوو خەباتی کرد بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمۆنیستی. شیعارەکانی شۆڕشی ئەمریکاش(١٧٧٥-١٧٨٣) (کە ئەمەی ئەمریکا شۆڕشێکی لۆکەڵی بوو لە چاو شۆڕشی فەرەنسادا) شیعارەکانی بریتی بوو لە ئازادی، یەکسانی و بەختەوەری. مەگەر تەنها ترامپیستێکی نەزانی وەک ئەم فاروقە باوەڕی وابێت کە ئێستا لە ئەمریکادا ئەو شتانە فەراهەمە بۆ چینی کرێکاری ئەمریکا! بۆ چینی بۆرژوازی وشە بریقەدارەکانی نێو دەستور هەر بۆ جوانییە و وەک بەڵێنەکانی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانیانە.

لە کاتێکدا شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ بەرپاکرا بە ڕابەرایەتی لینین. یەکەم کار کە کردیان لە شەڕی یەکەمی جیهانی هاتنە دەرەوە و داوای وەستانی شەڕیان کرد. یەکسەر هەرچی بەڵگەنامەی نهێنی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی هەبوو بڵاویان کردەوە و بە جیهانیان ڕاگەیاند، کە لە نێویاندا ڕێکەوتنی سایکس-بیکۆش هەبوو. بەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەردا ئەمریکا و سێ دەوڵەتی ئیمپریالیستی تر هێزی سەربازیان ناردە سەر خاکی روسیا و تا ساڵی ١٩٢٢ مانەوە بۆ بەشکستهێنانی ئەو شۆڕشە. ئایا کێ ستەمکار و ئینسان کوژە، سۆشیالیزم یان سەرمایەداری؟


کە شۆڕشی کۆمۆنەی پاریس لە ١٨٧١دا بەرپاکرا، ژمارەی کوژراوەکان لە پەنجەکانی دەست تێنەپەڕین. بەڵام کاتێک بۆرژوازی فەرەنسا و پروسیا هێڕشیان کردە سەر کۆمۆنارەکان، دەستیان لە کەس نەپاراست و بە پێی داتاکانی خۆیان بیست هەزار بۆ سیوپێنج هەزاریان خەڵتانی خوێن کرد، تەنانەت ئەو هاووڵاتیانەی خۆیان شاردبۆوە و بە نهێنیش لە پاریس چوونەدەرەوە، گرتیانن و تیربارانیان کردن. کێ ستەمکار و خوێنڕێژە، کۆمۆنیزم یان سەرمایەداری؟


لە جەنگی جیهانی دووەمدا ڕۆزەڤیڵت و چێرچڵ هاوپەیمانی ستالین بوون و لە ئەمریکادا پول دروست کرا بە کەلە سەری ستالین و ڕۆزەڤیڵت پێکەوە. بەڵام کە شەڕ تەواوئەبێت لە ئەمریکادا کۆمۆنیستەکان بە سیخوڕی سۆڤێت تاوانبار ئەکەن و ئەکەونە کوشتن و زیندانیکردنیان. کێ ستەمکارە، کۆمۆنیستەکان یان سەرمایەداری؟


ئەمریکا و سەرمایەدارییەکەی لەسەر ستەمکاری دامەزراوە و دەیان ملیۆن لە دانیشتوانی ئەسڵیان کوشت. لە ئێستاشدا کە ڕێژەی دانیشتوانی ئەسڵی ١.٧٪، بەڵام ڕێژەی زیندانیکراوەکانیان ٣.٨٪ کێ ستەمکارە؟ سەرمایەداری یان کۆمۆنیزم؟


لاوس یەکەم وڵاتی جیهانە کە زۆرتین بۆمبی ئەمریکای پیادا دراوە، زیاتر لە ڤێتنام و زیاتر لە عێراق. کە پار ساڵ هێنری کیسینجەر مرد، ناوی کەوتەوە ناو ناوان و بە قەسابی خەڵکی ئاسیای شەرقی وەسفکرا و بە داهێنەری تێرمی (کارپێت بۆمینگ) واتە (واتە داپۆشینی زەوی وەک فەرش بە بۆمب، کە هیچ سانیمەترێک نەمابێ بۆمبێکی بەرنەکەوتبێ) ناوزەد کرا، کە ئەم بۆمبارانەی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٦٥ ەوە تا ساڵی ١٩٧٣ی خایاند لە کەمبۆدیادا، کە سەدان هەزاری تیادا کوژرا. نەوشیروان مستەفا چەندە کۆمۆنیست بوو، (پۆل پۆت)یش لە کەمبۆدیا هەر ئەوەندە. فاروق ڕەفیق باسی تاوانەکانی پۆل پۆت ئەکات و بە تاوانی کۆمۆنیزم وەسفی ئەکات، بەڵام باسی تاوانەکانی کیسینجەر و ئەمریکا ناکات! کێ ستەمکارە کۆمۆنیزم یان سەرمایەداری؟

ئەندەنووسیا بۆ ئەوەی نەکەوێتە ژێر ڕکێفی یەکییەتی سۆڤییەتەوە، ئەمریکا لە ساڵی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا پشتیوانی دیکتاتۆر (حاجی محەمەد سۆهارتۆ)ی کرد کە جەنەراڵێکی عەسکەری بوو، سۆهارتۆ بە چەک و جبەخانەی ئەمریکا کەوتە کوشتنی کۆمۆنیستەکان و ژمارەی قوربانییەکانی بە نیو ملیۆن بۆ یەک ملیۆن مەزەندە دەکرێت و هەرچی کۆمۆنیست و سۆشیالیست و هەڵسوراوی کرێکاری هەبوو کوشت و لەناویانی برد. کێ ستەمکارە؟ کۆمۆنیزم یان سەرمایەداری؟
بە هەزاران نموونەی تر هەیە کە دڕندەیی و ستەمکاری ئەمریکا و سیستەمی سەرمایەداری پێشان بدات، بەڵام لیرەدا بۆ ئەم وتارە لە ژماردنیان ئەوەستم.


بەڕاستی چاوقایمیی و بێ ئابڕووییەکی ئێجگار زۆر و بێوێنەی ئەوێت کە لەسەر شەڕ و کوشتن و ماڵوێرانی لەجیاتی سەرمایەداری یەخەی کۆمۆنیزم بگری. دۆناڵد ترامپ هێشتا گەنج بوو کە ئامۆژگاریان کرد و وەک ئەڵقە کردییە گوێی و پێیان وت باشترین بەرگری هێڕش و ئینکاریکردنە لەوەی پێی تاوانبار ئەکرێی. نموونەی ئەو بێ ئابڕووە ترامپیستە لە کوردستان کە لە بن هەنگڵی پارتی و بارزانییەوە کە ستەمکارترین و گەندەڵترین حیزبی کوردستانە، ئەم فاروق ڕەفیقەیە.
_____________________________________________
تێبێنی:
١- لینکی وتاری (وەڵامێک بۆ دکتۆر ڕێبوار فەتاح) لە ماڵپەڕی ئەمڕۆدا. www.emrro.com/welamekbodiktorr.htm
٢- Rupert Murdoch.
٣- لینکی وتاری (گۆشەیەکی پرشنگدار لە مێژووی چینی کرێکاری ئەمریکا) کە لە ماڵپەڕی ئەمڕۆدا بڵاوکراوەتەوە، هەروەها ئەم وتارە، کاتی خۆی لە ژمارە ١٩ی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکاردا بڵاوکراوەتەوە. www.emrro.com/gosheyekipirshingdar.htm
٤- لینکی وتاری یەکەم پەرتووک کە من نووسیم. www.emrro.com/yekempertukkeminnusim.htm
٥- لینکی وتاری "دوو سەرنج لەسەر قسەکانی فاروق ڕەفیق لە کەناڵی کوردسات، لە ٢٥\٥\
٢٠٠٩دا نووسراوە: www.emrro.com/duserincleser.htm
٦- Too big to fail.
٧-
(Eugene Victor Debs (1855-1926.

 

١٤\١١\٢٠٢٤
ماڵپه‌ڕی عامر سابیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک