٢٩\٩\٢٠١١
فاشیلترین
کۆنفرانسی زمانی کوردی.

موحسین جوامێر
لەنیوان ڕۆژانی ١٩ـ٢٢ ئەم مانگەدا، بەسەرپەرشتیی وەزارەتی ڕۆشنبیری و
لاوان، کۆنفراسی زانستیی زمانی کوردی لە هەولێری پایتەختدا ساز کرا، بە
( ١٤) یان (١٥) ڕاسپاردە کۆتاییی بە کارەکانی هێنا.
ئەوەی سەرنجڕاکیشە لەو ڕاسپاردانە، ئەوەیە، بەهیچ کلۆجێک خۆی لە قەرەی
زمانی یەکگرتوو نەداوە. تەنانەت وەک داوا و داخوازی و خۆزگەیەکیش بۆ
هەوڵدان بۆ داڕشتنی پڕۆژەیەکی دواڕۆژیی کە سەنگ و ڕەنگ بە کورد ـ وەک
گەل و وەک خاک ـ دەبەخشێ، باسی لێوە نەکراوە، لەوە گەڕێ ئێمە زمانی
ستاندارمان هەیە. نوکتەکە لەوەدایە، کاتێ خەبەرەکە لە کەناڵی ڕەسمییەوە
باسی لێوە دەکرێ، وا دەفامرێتەوە ئامانجی بەرزی کۆنفرانسەکە چارەی
کێشەی زمانی ستاندارد بووە، کەچی باس باسی جووتەئەلفوبێ و زاراوان بووە
و چیتر.
ڕاسپاردەکان ئەوەندە مەعلانانە نووسراونەتەوە، پیاو زەینی بۆ ئەوە دەچێ
کاتوساتی کۆنفرانسەکە جەنابی وەزیر کاوە یان لە ماڵ لێی ڕاکشابێ، یاخود
لەوێ لەسەر کورسییەکەی بەنج کرابێ، دەنا هەر لەبەر لۆمەی عەبدی ناوێکی
زمانی یەکگرتووی تێدا دەهات، یان بڕیاری ئاوا پەڕپووت و ناپێویستی دەخۆ
نەدەگرت، کە ئەسڵەن کوردستانی فیدڕاڵ ئەو کێشەیەی نییە، ئاخر کەی ئێمە
گرفتی ئەلفوبێمان هەیە، هەتا پەنا وەبەر لاتینیی ئەتاتۆرک ببەین ؟!.
هەڵبەت من باسی ئەو بێسەروبەرییە ناکەم کە تەنانەت لە بواری ئەلفوبێی
دێرینیشماندا بەرپا کراوە، وەک هەر بوارێکی ژیانی کوردەواری.
خاڵی یەکەم کە بەوە دەست پێ دەکا ( کۆنفرانس داوا لە لایەنە
پەیوەندیدارەکان دەکات پڕۆژەی ( یاسای زمان ) ئامادە بکات و پێشکەشی
پەرلەمانی کوردستانی بکات بۆ پەسندکردنی و پیادەکردنی ) هاوکات
بەخوێندنەوەی سەرلەبەری ڕاسپاردەکانی دیکەیش، یەکسەر دەکرێ بگوترێ ئەو
یاسا پێشنیازکراوە وەرامێکی نەرێنییە بۆ هەر نیاز و کەڵکەڵەیەک کە
بەلای ( زمانی یەکگرتوو ) دا بڕوا، هەروابێتەوە هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ
برەودان بە لەهجان و دابەشکردنی کوردستان بەسەر شێوەزاراندا و خنکاندنی
هەر دەنگێک بۆ( یەکزمانی ).
خاڵی دووەم کە دەڵێ ( دانانی جڤاتی باڵای زمانی کوردی لە هەرێمی
کوردستان لە دیالێکتەکانی زمانی کوردیی پارچەکانی کوردستان کە لە ٢٠
ئەندام پێک هاتبێت و ئەمە بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی زانکۆکانی کوردستان و
ئەکادیمیای کوردی و ئەنستیۆتەکانی زمانی کوردی پێک بێت ) و خاڵی سێیەم
کە دەڵێ ( دامودەزگا ئەکادیمی و زانستی و ڕۆشنبیرییەکان زەمینەیەکی
لەبار بڕەخسێنن بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵێنەوەی زانستی لە دیالێکتەکانی
زمانی کوردیدا ) تەنیا بۆ بەهێزکردنی خاڵی یەکەمن و سەرەتایەکن بۆ
ئەوەی یاسای زمان بریتی بێ لە ( یاسای شێوەزاران ) نەک ( یاسای زمانی
یەکگرتوو)، پاشان بکرێنە پاساوێکی ـ گوایە زانستی ـ بۆ پیادەکردنی،
ئەوجا بگوترێ کار و بڕیاری لەهجەبازی، بەری لێکۆڵینەوان بوون، نەک
تەئسیراتی سیاسی یان عەنعەناتی لەهجەگەری.
هەروەک ئاماژەم پێ کرد، جەختکردن لەسەر ئەلفوبێی لاتینی کە ئەویش سێ
خاڵی دەخۆ گرتووە، یەکێکیان کە خاڵی دەیەمینی ڕاسپاردەکانە و دەڵێ (
میدیا کوردییەکان بەرنامەی تایبەت بە زمان بە هەردوو ئەلفوبێ ئامادە و
پێشکەش بکەن، بەو مەرجەی ڕێنووسەکانیان یەک بخەن ) ئەمەشیان شێوەیەکە
لە ناشیرینکردن و سەرقەرەباڵغکردنی دەزگاکان، لە سەردەمێکدا هەموو شتێک
کورت دەکرێتەوە، جگە لەوەی بەڵگەیەکە لەسەر خۆبەکەمزانیی کورد و
خۆفریواندن بەوەی بە پیتی تورکی پێشکەوتنی ژیاری وەدەست دەهێنن. هەڵەی
گەورەی توێژێکیش لەوەدایە وا دەزانن بە ئەلفوبێی لاتینی کورد زووتر
لەیەکدی دەگەن، کە ئەگەر وا بووایە ئەڵمانییەک بە چەند مانگێک فێری
تورکی دەبوو و عەرەبێکیش بە سێ مانگ فێری فارسی و ئۆردوو دەبوو.
بەسەرێک، وەختە بڵێم ئەو کۆنفرانسە ئەسڵەن بۆ چاندنی تۆوی لاتینیی
تورکی بوو.
نهێنییەک لەو نێوەندەدا هەبوو، سەرم لێی دەرنەکرد، ئەویش ئەوە بوو دوو
دانە ڕاسپاردە بڵاو کرابوونەوە، یەکێکیان ١٤ خالی بوو و ئەویدیکە ١٥،
خاڵە زێدەکەی پازدە خاڵییەکە دەڵێ ( بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاییی
زاراوەکانی کوردی لە دهۆک، دەتوانێ ئەو هەرێمە ببێتە ناوەندێک بۆ کار و
خەباتی گشتیی زمانەوانیی کوردی) ئەوەیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو شارە
بکرێتە مەڵبەندی دابەشکردنی خەڵات و بەراتی شێوە زاران و لە گۆڕنانی
هەموو هیوایەک بۆ یەکمیللەتیی کورد و کەوڵکردنی زمانەکە. من فکرم بۆ
ئەوە دەچێ ئەو خاڵە بەدزییەکەوە نووسرابێتەوە، واتە پاش ئەوەی
بەشداربووانی هەولێر و سلێمانی و کەرکووک پایدۆسیان لێ کردبێ، خاڵەکانی
دیکەش پێش ئەوەی چووبێتنە نێو کۆنفرانسەوە؛ پێدزەیان کردبێ. چونکە
ماقوول نییە کۆنفرانسێکی ئاوا زل و زەبەلاح، دەپازدە ئەختیار و موختاری
دنیادیتەی زمانناسیان تێدا نەبووبێ تا بیانگوتایە ئاخۆ ئێمە بۆ زمان
هاتووین، یاخود بۆ ئەوە هاتووین بە پەتکی شێوەزار و زاری کووچە و کۆڵان
و ئەلفوبێی تورکی زمانەکەمان لە قەنارە بدەین؟!
کە لە ڕاسپاردەکان ورد بوومەوە، قەناعەتم لا پەیدا بوو کە کاوەی وەزیر،
تەشیی زمانی پێ ناڕێسرێ، ئەو کۆنفرانسەیش کڵاولەسەرنانێک بوو، دەستێکی
لەهجەپەرستی، ئەتاتۆرکویستی، زمانی یەکگرتوونەویستیی بەهێز لەپاڵ
کارەکانیدا هەبووە، چونکە هەر یەکێک بەهۆشیارییەوە بیانخوێنێتەوە؛
دەزانێ بایەخی ئەو ڕاسپاردانە لە نرخی ئەو مەرەکەبەی لە نووسینەوەیان
خەرج کراوە؛ کەمترە. هەڵە و شەرم و کەمزانیی گەورەیش لەوەدایە
پەرلەمانی کوردستان، یان هەر لایەنێکی زانستی، پێشوازی لە هیچ
ڕاسپاردەیەک بکا کە لەو کۆنفراسەوە سەرچاوەی گرتبێ.
مخابن بۆ میللەتێکی خودان سەدەیەک خەبات و هەزاران پیاوی بەئەزموون،
وڵاتەکەی بکرێتە بازاڕی لەهجان و خۆی بەرەو داهاتوویەک ببا، ئاخرەکەی
بە زمانێکی سێیەم لە یەکدی بگەن و لافی کوردبوونیش لێ بدەن. بەدووریشی
نازانم جەهلی کورد وا بکا کۆمەڵێک بێن بەسەروباڵی ئەو فشە ڕاسپاردانەدا
هەڵبڵێن، وەک خووی هەمیشەییی کەسانی بێمەعریفەت.
ئەگەر بەرژەوەندیی کورد بویسترێ، پێم وابێ دەبێ هەموو دەزگە و لایەن و
پیاوی زانا و ئەدیب و شاعیر و زمانەوان و زمانزان و نووسەران و
ڕۆژنامەنووسان و یەکێتیی زانایان، هەروەها ئەکادیمیای زمانی کوردی و
وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا، پیاوانی خەمخۆری سۆران
وبادینان، قاوی ئەو هەنگاوە بدەن و ئیدانەی ئەو پیلانەزلەی بەرانبەر
هەبوون و فەرهەنگ و زمانی یەکگرتوو، بەدەستی کەسانێ کە گەرەکیانە
گەلانی نوێ لە ڕەحمی کورددا دروست بن، بکەن و بەر لەوەی زمانی یەکگرتوو
یان پڕۆژەی زمانی یەکگرتوو تەڵاق بدرێ، ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی زمانی
کوردی سێبەردەیان لە مست بنرێ، بە لاتینییەکەیشەوە، چونکە ئەو
بۆچوونانە ـ نەک هەر قسەی هەلەقومەلەقن ـ بگرە بەرماوەی قێزەونترین و
فاشیلترین کۆنفرانسی زمانەوانین.
ماڵپهڕی موحسین جوامێر
|