٧\٧\٢٠١٨
فاتمەڕەش، شێرەژن.

د. کامەران ئەمین ئاوە
پێشەکیی وەرگێر.
فاتێ
ڕەش، نازناوی "ئایشە خانم" کچی "حاجی عوسمان بەگ" خەڵکی "ئاندیرین"
سەر بە پارێزگای قارەمان مەرعەش و سەرۆکی یەکێک لە گەورە عەشیرەکانی
ڕۆژهەڵاتی ئانۆتۆڵییە کە پاش گیران و زیندانیکرانی هاوسەر و سەرۆک
عەشیرەکەی لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە، بۆتە سەرۆک عەشیرە و بۆ
دەربڕینی ئەمەگداری بەرامبەر سوڵتانی عوسمانی و بە هیوای ئازادکردنی
هاوسەرەکەی، لەگەڵ نزیکەی ٣٠٠ کوردی شەرڤان بەشداریی شەڕی کریمەی کردوە
و ئازایەتییەکی بێوێنەی لەم شەڕدا نواندوە. سەرەڕای ئەوەی لە بەشێک
لە کتێب و گۆڤارەکاندا بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی لە "پال مال گەزت" بڵاو
بۆتەوە بە کورتی باس لە "فاتێ ڕەش" کراوە، بەڵام بە تەواوی بیۆگرافی
وبەسەرهاتی ئەم خاتوونە دلێرە ڕوون نەکراوەتەوە. تورکەکان و
تورکەمەنەکان حاشا لە کوردبوونی فاتێ ڕەش دەکەن و لە نیو کوردیشدا بە
هۆی نەبوونی دەوڵەت و کیانی کورد لە لایەکەوە، و نەبوونی فەرهەنگی
نووسینەوەیبیۆگرافیی کەسایەتییە مێژوویییەکان لە لایەکی دیکەوە،
لێکۆڵینەوەیەکی جیددی لەم پێوەندییەدا نەکراوە.
بەشداریی ئەم ژنە شەرڤانە لە شەڕی کریمە لە پێناوی ئازادکردنی
هاوسەرەکەیدا پیشاندەری کارەساتی مێژوویی گەلێکە، کە بێ ویست و
ڕزامەندیی خۆی کراوە بە بەشدار و قوربانیی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکیی
دەوڵەتە داگیرکەرەکان.
دابەشکرانی نیشتمانی کوردان لە نێوان ئێران و عوسمانی [ڕێکەوتی ٢٢ی
ئاگۆستی ١٥١٤ی زایینی]، هەروەها دوژمنایەتیی بەردەوام و شەڕەکانی ئەم
دوو ئیمپراتۆرییە لە گەڵ یەکتر هەتا دەستپێکی شەڕی یەکەمی جیهانی، هۆی
نەهامەتی و کارەساتی بێ بڕانەوە بۆ گەڵی کورد، خاپوور و وێران بوونی
خاکی کوردستان و کوژرانی بە هەزاران کەس لە خەڵکی بێتاوان بووە.
ئەم دەوڵەتانە هاوکات لەگەڵ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی رزگاریخوانەی کورد،
هەوڵیان داوە لە هێزی چەکداری کورد دژ بەیەکتر یان دەوڵەتە دراوسییەکان
کەڵکوەربگرن. لە شەڕەکانی ئێران و عوسمانی لەگەڵ ڕووسیەی تێزاری،
ڕووسەکان کەڵکیان لە هەستی نەتەوایەتی کورد دژ بە عوسمانی و ئێران
وەرگرتوە، و ئێرانی و تورکە عوسمانییەکانیش بە ورووژاندنی هەستی
ئایینی کوردەکان دژ بە ڕووسیە "مەسیحی و کافرەکان" ویستوویانە سەرۆک
عەشیرە و ئەمیرەکانی کورد بۆ شەڕ لەگەڵ ڕووسەکان هان بدەن.
کوردەکان بۆ هەوەڵ کەرەت لە کاتی شەڕی ئێران و ڕووس [١٨٠٤-١٨١٣ زایینی]
روبەرووی رووسەکان بوونەتەوە. لە ئاکامی ئەم شەڕەدا قەرەباغ شوێنی
ژیانی کوردان کەوتۆتە ژێر دەستەڵات و کۆنترۆڵی ئێمپراتۆریی رووسیە. لە
شەڕی ڕووسیەی تێزاری لەگەڵ فەرانسە، بریتانیا، پاشایەتیی ساردنی و
عوسمانی[١٨٥٣ هەتا ١٨٥٦ ز] کە لە مێژوودا وەکو "شەڕی کریمە" پێناسە
کراوە، لایەنەکانی شەڕ هەوڵێکی زۆریان داوە عەشیرەکانی کورد بەرەو
خۆیان رابکێشن. لەم شەڕەدا تورکەکان سەرەڕای بەشداری بەشێک لە کوردەکان،
نەیانتوانیبوو پشتیوانی هیچ کام لە ڕێبەرە ناسراوەکانی کورد وەدەست
بێنن. لەم بێنەدا بەشێک لە عەشیرەکانی نزیک بە سنووری ڕووسیە وەکو
زیلان، حەیدەران و هتد پشتیوانیان لە تورکەکان کردبوو و رووسەکانیش
توانیبوویان دوو لەشکەر لە کوردەکانی باشووری قەفقازی بۆ شەڕ پێک بێنن.
بە پێی لاواز بوون و پاشەکشەی تورکەکان لە شەڕ، عەشیرە ناوبراوەکان
پەیتا پەیتا لە پشتیوانیکردنی خۆیان لە تورکەکان پاشگەزبوونەوە و
پێوەندییەکی دۆستانەیان لەگەڵ ڕووسەکان پێکهێنابوو. پاش سەرکەوتنی
ڕووسەکان و شکستی تورکەکان لە ناوچەی بایزید[ ژوئیەی ١٨٥٤ز]، کوردەکان
ڕیزی سپای تورکیان لە تەواوی ئاستەکاندا بە جی هێشت. دابەزینی شوێن و
پێگەی سیاسی - نیزامیی عوسمانی ڕێخۆشکەری گەشە و پەرەسەندنی ڕاپەرینی
کوردەکانی باکوور بە سەرۆکایەتی یەزدانشێر برازای بەدرخان بووە.
لەماوەیەکی کورتدا ئەم ڕاپەرینە بەشێکی بەرچاوی لە خاکی کوردستانی
لەخۆگرتۆتەوە و شاری بتلیس، سیرت، مووسڵ و ناوچەکانی باشوری گۆمی وان و
هتد کەوتونەتە ژێر دەستەڵات و کۆنترۆڵی هێزی ڕاپەرین. ئەم ڕاپەرینە
پاش گیرانی یەزدانشێر لە کاتی وتووێژ لەگەڵ تورکەکاندا، بەرەو کوژانەوە
چووە.
کورتە لێکدانەوەیەکی ئەم ڕووداوانە پیشاندەری ئەم راستییەن، هەتا کورد
دەوڵەت و کیانی خۆی نەبێ، خەڵکەکەی بە هۆی جۆراوجۆر قوربانی شەڕ و
ململانێ دەوڵەتە داگیرکەرەکان دەبێ، نەتەوەی باڵادەستیش بۆ سەقامگیریی
دەستەڵاتی خۆی هەوڵدەدات بە چەشنی جۆراوجۆر کورد و نەتەوەکانی دیکە
بخاتە ژێر دەستەڵاتی خۆی یان بێبەزەییانە سەرکوتیان بکات.
***
بابەتی "قەرە فاتمە" ڕێکەوتی ٨ی نوامبری ١٨٨٧ لە
ڕۆژنامەی "پال مال" لە لەندەن چاپ و بڵاو بۆتەوە، بە داخەوە ناوی
نووسەرەکەی نادیارە.
***
ئێستا بوونی قەرەفاتمە لە ئەستەموڵ سەرنجی خەڵکیی بەرەو خۆی ڕاکێشاوە،
ژنە شەرڤانێکی بە شەوکەت لە کوردستانەوە کە بۆ سەردانێکی کورتخایەن
هاتۆتە پایتەختی تورک [ی عوسمانی]. مێژووی ئازایەتی ئەو دەگەرێتەوە بۆ
کاتی دەستپێکی شەڕێ کریمە، کە ئەو ڕێبەری ژمارەیەکی گەورە لە
خۆبەخشەکانی کورد بوو، کەسێک کە بە ئازایەتییەکی بێوێنە شەڕی بۆ
تورکیا کرد. دەوڵەتی عوسمانی بە لەبەر چاوگرتنی خزمەتەکانی، مانگانە
٥٠٠٠ قروشی وەک پارەی خانەنشینی بۆ بڕیەوە، بڕی پارەیەکی کەم کە ئیجازە
دەدات بە ئاسوودەیی پێی بژی. ئەو کەسێکی باڵابەرز، باریکەڵە، دەم و
چاو ڕەشتاڵەی هەڵۆ ئاسایە، کۆڵمەکانی لە ڕەنگی پێستەیە و شوێنی برینی
بەسەرەوەدیارە. بە جلو بەرگی نەتەوایەتی خۆیەوە کە هی ڕەگەزی سەخت [پیاوان]ە،
نەک ژن، بەڵکوو وەک پیاوێکی٤٠ ساڵە دەنوێنێت کە هەرگیز تەمەنی ٧٥ ساڵان
بەخۆیەوە نابینێت. بە شێوەی قازاقەکان شمشیرێکی درێژ بە دەسکی
سەنگدارەوە، بە شانیەوەیەتی؛میداڵیاکانی سەر سینگی دەدرۆشێنەوە و
بریقەیان دێ، و زێواری سەرقۆڵەکانی وا پیشان دەدەن کە دەبێ کاپیتانێکی
سپای عوسمانی بێ. چاودێری ئەم کەسایەتییە سەرنجراکێشە کە بە شەقامەکانی
ئەستەمولدا تێدەپەرێ، وەبیرهێنەری یەکێک لە دیمەنەکانی هێرشی سپایی 'جەنەڕال
لێسپیناس'ە لە دۆبرودیا کەمێک پێش گەیشتنی سپای هاوپەیمان بۆ کریمەیە.
ڕۆژێک جەنەڕال کاتی جگەرەکێشان و قسەکردن لەگەڵ چەند کەس لە برادەرە
ئەفسەرەکانیدا لە ناو خێوەتەکەی، دەنگی مۆسیقایەکی نامۆ، هەمەڕەنگی
تێکەڵاو لە دەهۆڵ و کەڕەنای و تەپڵۆکە و زریکەی قیژاندنی مرۆڤی لە
دوورەوە ژنەفت. ئەم بەزمگێریە سەیر وسەمەرەیە لە کوێوە دێ؟ تەواوی
پیاوەکانی نێو خێوەتەکە کاتێک ئاوڕیان دایەوە بۆ ئەوەی گوێ بدەنێ و
سەرچاوەی دەنگی ئەو مووزیکە دیاریی بکەن، دەستەیەکی نزیک بە ٣٠٠ پیاوی
ئەسپسواریان دی کە بە تەقڵەکوت لە گردێکەوە دێنە خوارێ و لەوان نزیک
دەبنەوە. لە پێشیانەوە ژنێکی دەمو چاو ڕەشتاڵەی ئەندام توندوتۆڵ بوو،
کە بریقە لە چاوانی دەهات. ئەمە دیمەنی شێرەژنێکی بە تەواوی مانا بوو.
ئەو پاش دابەزینی لە زینی ئەسپەکەی، بە شانو شکۆوە سڵاوی سەربازیی لە
جەنەڕال لێسپیناس کرد و بە یاریدەی وەرگێڕەکەی پێی ڕاگەیاند کە بۆ شەر
لەگەڵ رووسەکان هاتووە و خۆی و کوردە دڵێرەکانی سەرجەم لە خزمەتی ئەو
دان. ئەو شەوە، لە نێو دەستەی سپایی سوارە فەرەنسییەکان جێگەو ڕێگە بە
پیاوەکانی درا، بەڵام ئەوان لەوەی بەوشێوازە حاوێنراونەتەوە نارازی
بوون. ئەوان خوازیاری سەربەخۆیی خۆیان بوون، کە تەنانەت بەرێوەبەر و
ڕێبەرەکەشیان نەیدەتوانی لێیانی زەوت بکات. کەڕەی بەیانی هەموو چوونە
سەرپشتی ئەسپەکانیان و بەسەر گردەکەدا سەرکەوتنەوە هەتا بەو موزیکە
سەیرو و تیژ و ناسازە کە ئاگاکەرەوەی نزیکبوونەوەیان بوو، بەرەو پیری
گزینگی بەر بەیان بچن.
____________________________________________
سەرچاوە:
www.saradistribution.com/karafatma.htm
ماڵپەڕی
کامەران ئەمین ئاوە
|