په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٦\٢٠١٢

(فەهەد)ەکەی سەعدییە و رەغد، ماڵئاوا!*

سەلام عەبدوڵا     


نەسیر باوەشی گەرمی هەژارەکانی سەعدییە یان پاسەوانی دەرگای زاگرۆس یان گیڤارا و مەچەکی بەرزی دژ بە مەرگ بوو؟

 

چەندین جار مینی کاتییان بۆ چاند، لە شارەکەی هەڵنەهات.

چەندین جار تەقەیان لێکرد، هەڵنەهات.

(محەمەد)ی برای لە هێرشێکدا لەسەر بارەگای حیزبی شیوعی، چاوێکی لە دەست دا، نەسیر هەڵنەهات.

(عەبدولڕەزاق)ی برایان شەهیدکرد، هەڵنەهات.

(ئەحمەد)ی برایان شەهیدکرد، هەڵنەهات.

 

هاوڕێکانی پێیان گوت: وەرە لە کەلار نیشتەجێ بە، ئەو سەعدییەی هەڵبژارد.

هاوڕێکانی پێیان گوت: وەرە لە خانەقین نیشتەجێ بە، ئەو هەر شارەکەی خۆی هەڵبژارد.

 

نەسیر ستالینگرادی دژ بە تیرۆر و چەوسانەوە بوو، نەوەی هەمان عەقڵ و هزری یەکەم ئەنفال و بەکەنیزەکردنی کچان و ژنان (قەعقاع، هاشم، خالید کوڕی وەلید) بوون (فەهەد)ەکەی سەعدییەیان شەهیدکرد.

 

نەسیر هەر هەمووی بوو بە جارێک:

باوەشی گەرمی هەژرارەکان، پاسەوانی دەرگای زاگرۆس و مەچەکی بەرزی دژ بە مەرگ!

 

ماڵئاوایی لە نەسیر ناکەم! نەسیر و هاوسەر و کۆرپە هەشت مانگییەکەی ناو سکی دایکە شەهیدکراوەکەی، لە ویژدانی هەمووماندا زیندوون.

______________________________________________________________

* لە شەوی ١٤-١٥\٦\٢٠١٢ دەمژمێری ١١ی شەو رەشبیرەكانی جەزیرەی عەرەبیی لە شارۆچکەی سەعدییە ھێرش دەکەنە سەر ماڵی (نەسیر موحسین علێوی) و (رەغد جەبار) کە هاوسەری یەک بوون.. بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە شەهیدیان دەکەن، بەمەش دوو کەس لە دڵسۆزترین و وەفادارترین کەسەکان بۆ ئامانجە بەرزە مرۆڤایەتییەکانمان لە دەست دا. شایەنی باسە شەهید نەسیر لە دوو ساڵی رابردوودا دوو برای لە لایەن تیرۆریستانەوە شەهید کران.

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک