٣١\١\٢٠١٤
فەلسەفەی
پۆزەتیڤیزم و چەمکی پێشکەوتن.

هاشم ساڵح |

لە عەرەبییەوە:
جیهاد محەمەد |
- بەشی دووەم -
ئەو
ڕووداوە چیبوو کە فەیلەسوف ئۆگەست کۆنتی هەژاند؟ ئەوەش ڕووداوێکی
سۆزداریی عاشقانەبوو یان چیرۆکێکی بە تەواوەتی خۆشەویستی بوو! لەناکاو،
ئەم هەواڵەی ئۆگەستی ڕەفتار سەیرەمان هێشتا تەواو نەبووە....
بە رێکەوت کچێکی حەڤدە ساڵ لە خۆی منداڵتری ناسیوە، لەگەڵیدا بە جۆرێکی
قوڵ کەوتوەتە خۆشەویستیەوە. ئەم کچە منداڵە، کچی کەسێکی ئورۆستۆکراتی
بەرێز بوو بە ناوی "کلوتیلد دوفو". لەگەڵ ئەوەی کە تەندروستی لاوازو
بوو، نەخۆشیەکی ترسناکیش هەبوو، بەڵام خۆشەویستیەکەی کۆنت بە جۆرێک
سنوری تێپەڕاندبوو کە ڕاڤەناکرێت. دوای ئەوەی نامەیەکی عاشقانەی
گەنجانەی بۆ دەنووسێت، وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت: دەبم بە هاورێیی هەتا
هەتاییت، بەڵام تەنیا هاورێو هیچیترو، نابێت هیچ شتێک لە نێوانماندا
ڕووبدات. کۆنت وەڵامی دەداتەوە بەوەی کە ڕازییەو هیچ شتێکی لێ ناوێت
جگە لە خۆشەویستیو هاورێیەتی...
بەڵام ئەم عەشقە چاوەرواننەکراوە، کاریگەری لەسەر ڕێرەوی ژیانیو
بیرکردنەوەو فەلسەفەکەی دانا. لەپێشتردا کە بروای وابوو فەلسەفەو
زانستی پۆزەتیڤیزم بەرزترینو گرنگترین شتە بۆ مرۆڤایەتی. بەڵام ئێستا
بوو بەو کەسەی کە سۆزدارییو عەشقی خستە سەرو زانستو عەقڵو هەموو
شتێکەوە. ئەمە ئەو گۆڕانە گەورەیە بوو کە بەسەر ئۆگەست کۆنتدا هات. کە
بەمانای خۆی بەم گۆرانکارییەی دەوت: کتێبی داهاتووم ئۆپرایەکی مەزن
دەبێت، کە یەکەمینییو بەرزییو کۆمەڵایەتی لە خۆشەویستیەکی گەردونی
نەک تەنیا بەسەر هێزدا بەڵوک بەسەر عەقڵو هەموو شتێکدا ڕادەگەیەنێت.
لێرەدا ساتێک ڕادەمێنمو دەڵێم، شارستانیەتی ئەوروپیو ڕۆژئاوایی ئەگەر
لەسەر ئەم ڕێچکەی خۆشەویستییەی کۆنت برۆشتنایە ئەوە دڵو رۆحی خۆیان
وننەدەکرد. بێگومان، زانست، پیشەسازیو پێشکەوتن، هەموویان شتگەلێکی
گرنگن بۆ دامەزراندنی شارستانیەت، کە لەڕاستیشدا شارستانیەتێکی
تەکنۆلۆجی گەورەیان دامەزراند. بەڵام خۆزگە ئەم شارستانیەتە رۆحو
عەشقو سۆزدارییو دڵی وەلانەنایە، خۆزگە لەو خۆشەویستیە گەردونییەی کە
ئۆگەست کۆنت لەقۆناغی دوەمی ژیانیدا خوازیاری بوو، شارستانیەت خۆی
لێبەتاڵنەکردایەتەوە. ئەو کاتە هەموومان پێکەوە بە شارستانیەتێکی تەواو
ماددیانەو تژی لەڕۆحو تەکنۆلۆجیاو مرۆییانە وەک خۆی دەگەیشتینو
ئۆخەییمان دەکرد... بەڵام بە داخەوە وا دیارە خۆشەویستیو عەشق لەسەر
ئەم گۆی زەویە، یاساغە.
ئەگەر شارستانیەتی گەلانی رۆژئاوا لەسەر بنەمای مرۆڤپەروەرییو
مرۆڤدۆستی مامەڵەیان لەگەڵ گەلانیتردا بکردایە، دەوڵەتو
حکومەتەکانیان، هیچ گەلو وڵاتێکیان داگیرنەدەکردو ئەو هەموو
کارەساتەیان بەرامبەر بە گەلانی کۆلۆنیالیزەکراو، بەرپانەدەکرد.
کاتێکیش کە گەلانی عەرەبیو ئیسلامی ئەفرۆزەی شارستانیەتی
ڕۆژئاوایانکرد، یان روانینێکی دڕدۆنگو گوماناوییان لەسەر دروستکرد،
هەروا چەندین شتیش روویدا کە هەمووی بووە هۆکاری ناشیرینکردنی
شارستانیەتی رۆژئاوا، لەگەڵ ئەوەی کە ئەم شارستانیەتەی رۆژئاوا
شتگەلێکی زۆر نایابو جوانی تیایە: وەک عەقڵیەتێکی رێکخراو، رێبازی
زانستیانە، بیرکردنەوەی عەقڵانی رەخنەگرانە، پاکوخاوێنی لە شوێنە
گشتیەکانو شەقامو ماڵەکانو هەموو کونجوقوژبنێکدا، مامەڵەکردنێکی ورد
لەگەڵ یەکتریو رێزگرتن لەکاتو ژوانەکانو یەکتریبینینو چاوپێکەوتن،
پێشکەوتنێکی باش لە بواری پزیشکیو داودەرمانو چارەسەری
نەخۆشیەکان...هتد. لەگەڵ ئەم شتە جوانانەشدا، دیوەکەی تری ئەم
شارستانیەتە پڕە لە بەکارهێنانی هێز دژ بە بەرامبەرو بۆ
بەکاربردنیانو دیسان لەپێناوی زاڵبوونو خۆسەپاندنو هەژموونکارییدا.
ئەم مەسەلە دزێوانە بوونە هۆکاری ناشیرینکردنی لایەنە ئەرێنەکانیشیی.
تا ئەو ئاستەی کە خەڵک ناتوانن جیاوازی بکەن لەنێوان باشیو خراپی ئەم
شارستانیەتەدا، بۆیە خەڵک وایلێهاتووە کە بە باشو بە خراپیەوە
ئەفرۆزەیبکات. ئەم هەڵوێستە تووندەی خەڵک بەرامبەر بەم شارستانیەتە،
زیانی لەئێمەشداوەو ئاستەنگی دروستکردوە لەبەردەمماندا بۆ ئەوەی کە باش
لێیتێبگەینو لایەنە باشەکانی هەڵبژێرین.
باشترین رێگە ئەوەیە کە لەسەر مامەڵەکردنێکی دروستو کارلێکو
لێکتێگەیشتن لەم شارستانیەتە بیربکرێتەوە. لەم رێگەیەوە بەکارهێنانی
یان بە کولتوورکردنی هەموو لایەنە باشو ئەرێنەکانی ئەم شارستانیەتە
لەکۆمەڵگاکانماندا سودی لێوەردەگیرێت.
بەهەرحاڵ، گرنگە ئەوە بزانین کە ئۆگەست کۆنت، هەوڵی ئەوەبوو کە
لەبەکارهێنانی هێزو هەژموونی ئەم شارستانیەتە دوورکەوێتەوەو خۆی
نزیکبخاتەوە لەلایەنە ئەرێنیو خۆشەویستیەکەی، ئەو خۆشەویستیە
گەردونییەی کە هەموو پێکەوە گرێدەدات.
سەرچاوەی ئەم بیرکردنەوەیەی، ئەم فەیلەسوفە، دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکی
خۆشەویستیەکەی بۆ کەسایەتیەکی پاکو بێگەرد کە گۆرانکاری بەسەر لایەنە
وشکو دابرانەکەییدا هێنا کە تیایدا سەرقاڵو خەریکی توێژینەوەی
فەلسەفەی پۆزەتیڤیزمی وشکوبرنگ بوو. بەم جۆرە بوو بە دێوانەیەکی عاشق
کە هەموو بەها رۆحیەکانی بەرزرادەگرت، ئەمەش دوای ئەوەی کە زۆر خۆی
ماندووکردبوو بە دامەزراندنی شارستانیەتێکی زانستی تەکنۆلۆجیەوە: واتا
شارستانیەتی هێزو هەژموون، نەک تەنیا بەسەر سروشتدا، بەڵکو بەسەر کۆی
گەلانی جیهاندا.
لە پڕ کۆنت لە ناغافڵێتێکەی بە ئاگاهاتەوەو زانی کە بەهاگەلێکی تر
لەژیاندا هەیە جیاواز لە پیشەسازیو تەکنۆلۆجیاو پێشکەوتنە ماددیە
وشکوبرنگەکان. بەڵام بە داخەوە، شارستانیەتی ڕۆژئاوا دوای کۆنتی دوەم
نەکەوت، بەڵکو لەسەر کۆنتی یەکەم مایەوەو خۆی پێوە خەریکرد. نەک هەر
ئەمە بەڵکو وایان لێکدایەوە کە کۆنتی دوەم خیانەتی لەکۆنتی یەکەم
کردوە...
خۆشەویستییەکەی کۆنت بۆ ئەم کچە پاکوبێگەردەو وازنەهێنانی لێیی،
خێزانی خۆشەویستەکەی خۆی وەرسکرد، تا گەیشتە ئەوەی کە بینینی کۆنتو
ئەم کچەیان بە تەواوەتی قەدەغەکردو لێکیان دابرانن، دوای هەوڵێکی زۆری
کۆنتو بەرگریکردن لەخۆی رێگەیان دا بە کۆنت کە خۆشەویستەکەی خۆی بۆ
دواجار بینی، بەڵام لەسەر جێگەی مردنو چاوەروانی مردن بوو، دیمەنێکی
یەجگار کاریگەری هەبوو لەسەر کۆنتو بە درێژایی ژیانی ئەو دیمەنەی
خۆشەویسەکەی لەبیر نەچووەوە. کە دوای مردنی خۆشەویستەکەی بۆ ماوەی
دەساڵ یان هەندێک کەمتر ژیا. بە درێژایی ئەم ماوەیە یادەورەیەکانی
خۆشەویستەکەی لەبیرنەچووەوەو بەو یادەوەریانەوە ژیا. هەموو ساڵێک لەگەڵ
دۆستانو هەندێک لەهاوڕێکانی یادیدەکردەوە بەو مانایەی کە ئەم
خۆشەویستیە بەشێکی دانەبراوە لە فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم!
کێ دەڵێت فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم دڵو هەستی نییە؟ کێ دەڵێت هەموو
فەلسەفەکە بریتیە لە ماددەو تەکنۆلۆجیاو ڕێبازو میتۆدە وشکوبرنگەکان؟
ئایا ئەوە خیانەت نییە لە ئۆگەست کۆنت کە بەدواداچوونمان هەبێت بۆ بەشی
یەکەمی فەلسەفەکەیو واز لە بەشی دوەمی بهێنین؟ ئایا سەرکەوتنی
ماددیانە هەموو شتێکە، وەک ئەوەی کە ئێستا رۆژئاواییەکان
بیریلێدەکەنەوە؟ یان جێگەیەک هەیە بۆ خۆشەویستیو شکۆمەندیو خۆبەخشین
لە پێاناوی ئەویتردا؟ لە راستیدا خۆشەویستیو عەشقە کورتەکەی کۆنت کە
ساڵێک زیاتری نەخایاند بووە سەرچاوە بۆ خۆشەویستیە راستینەکانی کۆی
مرۆڤایەتی. ئەم خۆشەویستیەش هێندە قوڵو بایەخداربوو کە جیاناکرێتەوە
لە فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم.
بەڵام بە داخەوە قوتابیەکانی وزایان لێهیناو لەم خۆشەویستیە تێەنگیشتن،
لە پێش هەمووشیانەوە فەیلەسوف جۆنی ئنگلیزی. کە ماددیەکی رووت بوو،
گرنگی بە هیچیتر نەدەدا جگە لە پێشکەوتنی ماددەو تەنکنۆلۆیجا. هەروها
"لیتری" خاوەنی فەرهەنگی فەرەنسی بەناوبانگ وازی لە کۆنت هێنا،
هۆکاریشی تەنیا خۆشەویستیەکەی نەبوو بەڵکو ئەوش بوو کە مامەڵەیەکی
دڵڕەقانەی لەگەڵ کارولین ماسانی هاوسەریدا کردوە.
لەگەڵ ئەوەی کە کارولین چەندین جار پێوەندی پێوەکردو تکای کەرد کە
ڕابردوو لە بیرکاتو جۆرێک لە هاورێیەتییان هەبێت، بەڵام کۆنت قایل
نەبوو، لەدواجاردا نامەیەکی بەم جۆرە بۆ نووسی: دڵنیابە دوا بڕیارم
،بڕیارەو گەرانەوەی بۆ نییەو هەتا هەتایە ناتبینمەوە.. لەگەڵ ئەوەی کە
خۆشەویستەکەم دوانزە ساڵ لە تۆ منداڵترە، کلۆتیلدا سۆزو خۆشەویستیەکی
داوەپێم کە بە درێژایی تەمەنم لەگەڵ تۆ نەمبینی.
لە واقیعدا، کۆنت بە درێژایی ژیانی بەدوای خۆشەویستیەوە بوو، بەڵام
نەیبینی، بۆ یەک ساتیش نەگیشت بە دڵفروانیو بەخشندەییو مۆرڤپەروەری،
لەپر کەوتە خۆشەویستی کلوتیلداوەو ئەو خۆشەویستییەی کە کۆنت بە دوایدا
دەگەرا لەم کچەدا دۆزیەوە. کەوتە خۆشەویستییەکەوە لەگەڵیدا کە تیشکی
خۆشەویستیەکەی لە تیشکی ماددەکانو تەکنۆلیجیا بەهێزتربوو.
لەداوی ئەم خۆشەویستیەوە کۆنت پێویستی بە کەسی تر نەبوو، تەنیا بۆ ئەم
خۆشەویستیە دەژیا، تا دوا هەناسەی ژیانی. بۆیە خۆشەویستی جەستەیی،
تەنیا پێویستیی نییە بۆ مرۆڤ، بەڵکو خۆشەویستی رۆحی لەخۆشەویستی
جەستەیی قوڵترو فروانترو گەورەترە. خۆشەویستی رۆحی، خۆشەویستی
مرۆییانە، خۆشەویستیەک کە لەهەموو شت بەرزترو باڵاتربێت لەسەرو هەموو
تەکنۆلۆجیاوەیە. بەڵام لەبەر ئەوەی شارستانیەتی ڕۆژئاوا ئەم
خۆشەویستییەی بیرچووەو وازیلێهێناوە، بۆیە بووە بە شارستانیەتیکی بێ
ڕۆحو بێ دڵو بێ هەست.
لەدواجاردا دەمانەوێت ئەوە بڵێین: کۆنت نەیدەویست بچێتە نێو کاری
سیاسیەکی راستەوخۆوەو تەنیا خۆی سەرقاڵکرد بە دامەزراندنی "کۆمەڵەی
پۆزەتیڤیزم" کە ئەم دروشمەی هەڵگرتبوو: ڕێکخستنو پێشکەوتن. پێویستە
رێکخستنو پێشەکەوتن بەدیبهێنینو هیچیتر. ئامانجی ئەم دروشمو هەوڵەش
هێنانەدی سەردەمێکی رۆحی نوێو خۆشەویستیە. کتێبێکیشی بە ناونیشانی:
گوتارێک سەبارەت بە هەموو فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم. کە بە شێوەیەکی
شیعرئامیز نووسرابوو کە پوختەی فەلسەفەکەی لە خۆگرتبوو. دیاربوو کە
خۆشەویستی کلوتیلدا کردبووی بە شاعیر، یان دەیوست وەک شاعیر بنووسێت!.
لە سەردەمی پێشویدا بە شێوەیەکی وشکوبرنگو ساردوسڕ لەسەر مەسەلە
فەلسەفیەکان دەینووسی، کەچی لەدوای عەشقبوونەکەی بە شێوەی قەسیدە
دەینووسی.
لەم کتێبەیدا سەرسامی خۆی زۆر بۆ سیاسی بەناوبانگی فەرنسی"جول
فێری"دەربڕیوە، کە یەکێ بوو لەو کەسانەی دەورێکی گەورەی بینەوە،
لەکۆتایی سەدەی نۆزدیەمدا لەفەرنسادا لە جێبەجێکردنی فەلسەفەی
پۆزەتیڤیزم. هەر ئەم پیاوە سیاسیەش بوو کە قوتابخانەی سکۆلاریزمی
دامەزاران لەفەرەنسادا. هەر ئەمیش بوو کە توانی نەخوێندەواری بنەبڕبکات
لەفەرەنسادا. لەم کتێبە شیعریەیدا کۆنت قسە لەسەر دین دەکات بۆ
یەکەمجارو دەڵێت بوونی دەسەڵاتی ڕۆحی پێویستە بۆ ئەوەی بەرانگاری
دەسەڵاتی ماددی بێتەوە. کۆنت، هەتا بچوایەتە ساڵەوە زیاتر ئاراستەی
دینی زیاددەکرد لەفەلسەفەی پۆزەتیڤیزمدا. بڕواشی وابوو کە بوونی
ئیدارەیەکی رۆحی پێویستە سەرپەرشتیاری کۆمەڵگا بکات، دوای ڕوخانی
مەسیحیەت یان بەرتەسککردنەوەی کاریگەرییەکانی بە هۆکاری ڕۆشنگەریو
شۆرشی فەرنەسی. هەروا بە مانای خۆی دەیوت: لەسەر داروپەردوی خواناسی
پیویستە دەسەڵاتی رۆحی نوێ هەستێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت حوکمی کۆمەڵگاو
ڕای گشتی بکات. ئەم دەسەڵاتە رۆحیە پێویستە جێگەی دەسەڵاتی پاپایی
بگرێتەوە. ئامانجیشی کۆکردنەوەی گەلانی ئەورپا، بەڵکو گەورەترین ژماری
گەلانی جیهان کۆبکاتەوە لەژێر سێبەری مۆراڵە بەرزەکاندا.
___________________________
سەرچاوە:
(ئەلئەوان).
www.alawan.org/article244.html
___________________________
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/felsefeypozetivizim1.htm
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|