په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٣\٢٠١٦

فیمینیزم، چۆن بووە خزمەتکاری سەرمایەداریی.


حەسەنی ئایشێ    


نهێنیی خۆڕاگریی و مانەوەی سەرمایەداریی بە تەنها هەر ئەوە نییە کە دەتوانێت قەیرانەکانی تێپەڕێنێت و بەردەوام خۆی بەرهەم بهێنێتەوە، تەنها لەو هەژموونە سیاسی - ئابووریی - کەلتوورییەشدا نییە کە لەسەر مرۆڤ دروستی کردووە، بەڵکو تواناییەکەشێتی لە گرتنەخۆ و دەستەمۆکردنی ئایدیا و بزاوتە کۆمەڵایەتییەکان تەنانەت بە رەخنەگرەکانیشەوە. بزووتنەوەی فیمینستی نموونەیەکی ئەم گرتنەخۆ و تواندنەوەیەیە لە ناو سیستمی کۆمەڵایەتیدا. وەک نانسی فرەیزەر ئاماژەی پێ دەدات لە کاتێکدا بزووتنەوەی رزگاریی ژنان بەشێک بوو لە روئیایەکی رادیکاڵانەی جیهانیی، ئێستا بە شێوەیەکی مەترسیدار لەگەڵ هەوڵەکانی نیو لیبراڵیزمدایە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی بازاڕی ئازاد.


ژنە فیمینستی ئەمریکایی نانسی فرەیزەر لە کۆتایی مانگی رابردوو، لە رۆژنامەی گاردیاندا وتارێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا رەخنەیەکی بونیادی لە فیمینیزم دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات رەخنەی فیمینیستیی لە (لایەنگریی رەگەزی) بۆتە پاساوێک بۆ سەرهەڵدانی فۆرمی دیکەی نایەکسانی و چەوسانەوە کە دواجار خزمەت بە ئامانجگەلێک دەکەن کە زیاتر پەیوەندییان بە نیولیبراڵیزمەوە هەیە.


لە کاتێکدا پێشتر بزووتنەوەی فیمینستی و دژی هەڵپەکردن بۆ کورسی و وسوڵییەت بوو. ئەمڕۆ زیاتر لایەگریی لە چەمکەکانی تاکگەرایی دەکات و هانی ژنان دەدات بۆ تەماهیکردن لەگەڵ وسوڵییەتدا. گرفتەکەیش بە بڕوای نانسی فرەیزەر لە لایەکەوە پەیوەندیی بە گۆڕانی تایبەتمەندێتی سەرمایەدارییەوە هەیە و لە لایەکی دیکەیشەوە لە جووڵانەوەی زیکزاییانەی شەپۆلی دووەمی فیمینزمدایە لە نێوان رەت کردنەوەی سەرمایەداریی و قەبوڵکردنیدا. بەر لە جەنگی دووەمی جیهان سەرمایە لە لایەن دەوڵەتەوە رێک دەخرا یا بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ژێر چاودێریی و دەستتێوەردانی دەوڵەتدا بوو، بەڵام دواتر ئەم تایبەتمەندییە گۆڕدرا بۆ سەرمایەدارییەکی نا رێکخراو، گلۆباڵ و نیولیبراڵ. شەپۆلی دووەمی فیمینیزمیش کە پێشتر رەخنەی لە فۆرمی یەکەم دەگرت دواتر خۆی بووە خزمەتکاری فۆرمی دووەمی سەرمایەداریی. بە بڕوای فرەیزەر شەپۆلی دووەم لە بەردەم دوو سیناریۆ یا دووڕێیانێکدا بوو، یەکەمیان رەوتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی ژنان شانبەشانی دیموکراسییەتی بەشداریپێکردن (الديمقراطية التشاركية) و هاوپشتی کۆمەڵایەتی بوو.


رێگەی دووەمیش ئەوە بووکە ئەم بزووتنەوەیە فۆرمە تازەکەی لیبراڵیزم بگرێتە ئەستۆی خۆی و لە چەشنی پیاوان، ژنانیش سوودمەند بن لە سەربەخۆیی فەردی، بژاردە جۆراوجۆرەکانی بەردەمیان و شایستەسالاری (الاستحقاقراطي meritocratic). دواجار ئەم بزووتنەوەیە خۆی بە لای سیناریۆی دووەم واتە لیبراڵیزم و تاکگەرایی یەکلا کردەوە.


بەڵام ئایا ژنان قوربانیی دەستی چەواشەکاریی لیبراڵیزم بوون یا بۆ خۆیان ئەم بژاردەیان هەڵبژارد؟


فرەیزەر پێیوایە، فیمینیزم نەک قوربانیی دەستی لیبراڵیزم نییە، بەڵکو بە سێ تێڕوانینی گرنگ بەشداریی لە پێشخستن و چەسپاندنی بەها لیبراڵییەکاندا کردووە.


یەکەمین بەشداریی ژنان لە پێشخستنی لیبراڵیزمی سەرمایەدارییدا رەخنەگرتنیان بوو لە فۆرمی "داهاتی خێزان" کە تیایدا پیاو نانهاوەری ماڵە و ژنیش کابانە. رەخنەگرتن لەم فۆرمە پاساوێک بوو بۆ شەرعییەتدان بە وەی فریسەر پێی دەڵێت "سەرمایەداریی نەرم". ئەم فۆرمەی سەرمایەداریی پشتبستە بە هێزی کاری هەرزانی ژنان، بە تایبەت لە بوارەکانی خزمەتگوزاریی و پیشەسازیدا. لێرەدا ژنان بە گشتی، واتە کچە عازەب، ژنانی مێرددار، دایکان و ژنانی سەرجەم نەژاد و رەگەزەکان دەگرێتەوە. ئەمە لە ژێر ناوی سەربەخۆیی ئابووریی ژناندا، چەسپا. سەربەخۆییەک کە بە روواڵەت ژنی لە وابەستەیی بە ئابووریی پیاوەوە رزگار کرد، بەڵام لە جەوهەردا زنجیری کۆیلەیەتی ژنانی تووندتر کردەوە و سیمایەکی پێشکەوتنخوازانەیشی بەخشییە سیستمی سەرمایەداریی. بە پێی هەندێک ئامار ٩٩% ی ژنانی ئەمریکایی لە یەکێک لە قۆناغەکانی ژیانیاندا کار دەکەن. لە پەنجا ساڵی رابردوودا چل ملیۆن ژن لە ئەمریکا و لە ئەوروپاش سی ملیۆن ژن چوونەتە نێو ریزەکانی هێزی کارەوە. ئەگەرچی ئەمە لە ژێر ناوی یەکسانی و گۆڕینی فۆرمی داهاتی خێزان بۆ فۆرمێکی بە ناو مۆدێرن کە تیایدا ژن و پیاو هەردووکیان کار دەکەن. ئەمەش بووە جێی رەزامەندی فیمینیزم، بەڵام زیادبوونی سەعاتی کار، دابەزینی ئاستی بژێوی، نزمی تێکڕایی کرێی نێوان ژن و پیاو لە بەرامبەر تەرخانکردنی کاتی زیاتر بۆ ئیش وکاری ناو ماڵ لە لایەن ژنانەوە، راستییە شارراوەکانی پشت ئەم فۆرمەی خێزانی مۆدێرنن.


بەشداریی دووەمی فیمینیزم لە پێشکەوتنی لیبراڵیزم خۆی لە پشت گوێخستنی رەهەندی ئابووریی و خەسڵەتی چینایەتیی لە توندوتیژیی خێزانیی و دەستدرێژیی سێکسیدا دەبینێتەوە. بە رەتکردنەوەی رەهەندی ئابووریی و سیاسی لە پرسە شەخسییەکاندا، فیمینیستەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی زنجیرەی پلەبەندی (هەرەمییەت)ی کۆمەڵایەتی، کە لەسەر بنەمای کەلتووریی جیاکاریی جێندەری دروست بووە، ئەجندای سیاسییان فراوان کردەوە. ئەگەرچی ئامانج لەمە فراوانکردنەوەی خەباتی کەلتووری و ئابووریی بوو بەڵام ئەنجامەکەی زەق کردنەوەی "شوناسی رەگەزی" لەسەر حسابی بێ بایەخکردنی بژێوی بوو. لەم رووەوە فیمینزم بە جۆرێک تەماهیی لەگەڵ لیبراڵیزمدا کرد کە بە رووی هەر جۆرە ناوبردنێکی دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا بوەستێتەوە. فیمینیزم لە جیاتی ئەوەی جەخت لەسەر ئابووریی - سیاسیی گرفتی ژنان بکاتەوە، پێ لەسەر جێندەریزمی کەلتووری دادەگرێت.


بەشداریی سێیەمی فیمینیزم لە بەهێزکردنی نیولیبراڵیزمدا، رەخنەگرتنێتی لە باوکایەتی دەوڵەتی خۆشگوزەران(دولة الرفاه). نانسی فریسەر دەڵێت: " ئەم رەخنەگرتنە پشتیوانیکردنێکی هەڵمەتی نیولیبراڵیزم بوو لە دژی "دەوڵەتی بەخێوکەر" و ئەو گرتنەخۆ گاڵتەجاڕییانەیەی رێکخراوە ناحکومییەکان. بۆ نموونە پرۆژەی پێدانی " قەرزی بچووک" ی بانکەکان بە ژنانی کەمدەرامەت لە وڵاتە هەژارەکاندا، وەک جێگرەوەیەکی کرداریی بەرامبەر بە بیرۆکراسییەتی تاقەتپڕوکێنی پرۆژە حکوومییەکان، خرایە روو. ئەم قەرزە بچووکانە وەک دژە ژەهرێکی فیمینستی بۆ چارەسەرکردنی هەژاریی و ملکەچیی ژنان سەیردەکران. بەڵام ئەوەیان بیرچوو کە رێکەوتێکی سەرسووڕهێنەر لەمەدا هەبوو، کە ئەم قەرزە بچووکانە لە کاتێکدا گەشەیان سەند کە حکوومەت دەستبەرداری هەوڵە ستراتیژییەکانی بۆ نەهێشتنی هەژاریی، بوو. بێگومان ئەم هەوڵانە هەرگیز لەگەڵ پرۆگرامی بچووکی قەرز پێداندا بەراورد ناکرێن. لەم حاڵەتەشدا نیولیبراڵیزم کۆنترۆڵی هزری فیمینیزمی کرد. لێرەوە ئەو تێڕوانینەی کە، بۆ دەسەڵاتپێدانی هاوڵاتییان، خوازیاری دیموکراتیزەکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت بوو، ئیدی بۆ شەرعییەتدان بە ئابووریی بازاڕ و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەت بەکارهێنرا.".


چۆن فیمینیزم بهێنرێتەوە سەر رێگەکەی خۆی؟


بە بڕوای فرەیزەر، رێگاچارەی دەستەجەمعی هێشتا وەک ئەگەرێک لەبەردەم فیمینیزمدا ماوە، بە تایبەت لەم قەیرانەدا کە هەلێکە بۆ جڵەوگرتنەوە دەست و بچڕاندنی ئەو رایەڵە ترسناکەیان بە لیبراڵیزمەوە، بۆ ئەمەش پێویستە ئەو سێ بەشدارییەی فیمینیزم بگەڕێننەوە یا بە مانایەکیتر لەو بەشدارییەیان داببڕێن:
یەکەم: بڕینی ئەو پەیوەندییە ساختەیەی لە نێوان رەخنەگرتن لە داهاتی خێزان و سەرمایەداریی نەرمدا هەیە لە رێگەی خەباتکردن بۆ شێوازێکی ژیان کە تیایدا سەرنج نەخرێتە سەر کاری بە کرێ و بەها بدرێت بە چالاکی نا کرێی unwaged activities وەکو سیاسەت، کاری چاودێریی، کاری خۆبەخشیی بە کۆمەڵ، هونەر، فێرکردن و...هتد. پاشان پەکخستنی رێڕەوی رەخنەگرتن لە ئابووریی بازاڕ بۆ سیاسەتی شوناس و یەکخستنی تێکۆشانەکان لە پێناو گۆڕینی سیستمی چینایەتیی نێرسالاری لەگەڵ تێکۆشان بۆ دادپەروەری ئابووریی. دواخاڵیش بڕینی پەیوەندیی درۆیینەی نێوان رەخنەگرتن لە بیرۆکراسییەت و فەندەمینتاڵیزمی بازاڕی ئازاد، لە پێناو بەدەستهێنانەوەی عەبای دیموکراسییەتی بەشداریپێکردن participatory democracy وەک چەکێکی بەهێز بۆ کۆت کردنی سەرمایە.

______________________________
نانسی فرەیزەر: مامۆستای فەلسەفە وسیاسەتە لە سکوڵی نوێ بۆ توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان لە نیویۆرک و بیرمەندێکی پرسی ژنانە.
سەرچاوە:

ـ-
http://ma-alamal.com/category

- الماركسية وتحرر النساء، انا مینوز و الان ودز):

http://www.marxy.com/women/marxism-feminism-emancipation-women110308.htm

 

ماڵپه‌ڕی حەسەنی ئایشێ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک