په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٦\٢٠١٤

فێمینزم چیە؟


تاڤگە سابیر      

- بەشی سێیەم -

شەپۆلی دووەمی فێمینزم.


شەپۆلی دووەم لە ئەمریکا لە ساڵی ١٩٦٥ و لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا لە ساڵی ١٩٦٧ دەستپێدەکات ، شەپۆلی دووەم لەو شوێنەوە دەستپێدەکات ، کە بەشێك لە دواکارییەکانی شەپۆلی یەکەم جێبەجێکرابوون و هاتبوونە دی ، لەوانەس مافی دانگدان و مافی خوێندن و مافی کارکردن هتد.... بێگومان هیچ یەکێك لەم مافانە بە تەواوی پیادەنەکرابوون و نووقسانی و کەموکوڕیان پێوەدیاربووە.


بۆ نموونە لە شوێنێکی وەك هۆڵەندادا تا ناوەڕاستی ساڵانی شەستی سەدەی بیستەم تەنها ٦١٪ ژنان کاریان هەبووە ، ژنانی خاوەن منداڵ بۆی نەبووە کاربکات ، باخچەی ساوایان و شوێنی گلدانەوەی منداڵان بوونیان نەبووە، ژن پارەیرکی کەمتری وەرگرتوە بەرامبەر بە هەمان ئەو کارەی ، کە پیاو ئەنجامی ئەدات شانسی پێشکەوتنی ژنان لە کاردا و شانسی گرتنەدەستی پۆستی گرنگ زۆر لاوازبووە،ژنی کارکردو دوای کارکرنەکەسی ئیشی خێزان و ناوماڵی لەسەرشانبوەو ، بەڵام لەگەڵ ئەم ڕاستیانەشدا شەپۆلی دووەم هاتبووە سەر دەسکەوتەکانی شەپۆڵی یەکەم و پێویستی نەدەکرد چیدی ململانێ و شەڕەکانی لەو ئاستە سەرەتاییانەدا بهێڵێتەوە ، کە لە شەپۆڵی یەکەمدا باڵادەستبوو ، لێرەوە دواکارییەکانیان دواکاری دوای بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکان بوو.


بێگومانی زۆر هۆکار هەن ، کە کاریگەریان لەسەر دروسبوونی شەپۆلی دووەم هەیە من دواتر کاریگەریەکانی باسدەکەم ، بەڵام لێرەدا دەخوازم هێما بە دوو داهێنانی تەکنۆلۆژنی بکەم ، کە ڕۆڵیکی گرنگ لە پەیدابوونی ئەم شەپۆلەدا دەبینن.


یەکەمیان دروسکردنی حەبی دژی سکپڕبوونە ، کە ئازادییەکی زیاتر بە لەشی ژن و بە جۆنیەتی بەکارهێنانی دەبەخشێت ، جگە لەمە ئەم حەبە وادەکات ژیانی جنسی مانایەکی دیکە وەرگرێت جیا لەوەی ، کە تەنها بۆ دروستکردنی منداڵ بێت . لە هەمانکاتدا هەلی ئەوە بە ژنان ئەبەخشێت مەسەلەی منداڵبوون ، مەسەلەی بوون بە دایك دوابخەن بۆ کاتێك خۆیان هەڵیبژێرن ، یان هەر نەهێڵن ببن بە دایك.


دووەمیش داهێنانی ئامێری خلشۆرین و ۆاککردنەوەیە ، کە کاتێکی زۆر بۆ ژنان دەگێڕننەوە لە جێبەجێکردنی کاری ناوماڵدا ، جگە لەمانەش لەدوای جەنگی جیهانی دووەهەمەوە جۆرێکی نوێ لە کاری خزمەتگوزاری دێتەکایەوە ، کە دەشێت هەم لەلایەن پیاو و هەم لەلایەن ژنانەوە ئەنجامبدرێت ، بەتایبەتی کارکردن لەسەر ئامێری کۆمپیوتەر و حاسیبە و تەلەفۆن و شتی دیکەی لەم بابەتە ، کە وادەکەن ئەو جیاکارییەی لەنێوان کاری پیاوانە و کاری ژنانەدا هەبێت لاوازبێت.
هەم دەسکەوتەکانی شەپۆلی یەکەم و هەم گۆڕانکارییە تەکنۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکان وادەکەن شەپۆلی دووەمی فێمێنیزم لە ڕووی فیکری و تیوری و سیاسییەوە لە شەپۆلی یەکەم ڕادیکاڵتربێت، ئەگەر شەپۆلی یەکەم داوای مافە ڕەسمییەکانی ژنانی کردبێت، وەك مافی دەنگدان و خوێندن و کارکردن ، واتە داوای گۆڕانی هەلومەرجی ژنانی کردبێت لەناو کۆمەڵگادا.


ئەوا شەپۆلی دووەم داوای گۆڕانی کۆمەڵگا وەك گشتێك دەکات و باس لە پرۆژەی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دەکات ، بە مانایەکی دیکە ئەگەر شەپۆلی یەکەمیان خوازیاری بەدەستهێنانی جێگە و مەقامێکی تایبەتبێت بۆ ژن لە ناو چوارچێوە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە باڵادەستەکاندا ، ئەوا شەپۆلی دووەم داوای گۆڕین و سەر لە نوێ بنیادنانەوەی خودی چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکان دەکات ، لێرەوە مەسەلەی ژیانی جنسی و مەسەلەی فۆرم جێی خێزان و مەسەلەی شوکردن و مەسەلەی بوون و نەبوونی منداڵ و چیەتی دایکایەتی و ئازادی لەش دەبنە بابەتی گرنگ و سەرەکی ئەم شەپۆلە لە هەموو ئەو بابەتانەشدا ئەم شەپۆلە ڕەخنەیەکی توند لەو ڕۆلە سوونەتی و تەقلیدییە دەگرێت ، کە لەو بوارانەدا بۆ ژن دەستنیشانکراوە.


ئەم شەپۆلە ئەخلاقیاتی کۆمەڵایەتی باویش دەکاتە یەکێك لە بابەتە سەرەکییەکانی ڕەخنەکردن ، بەتایبەتی ئەخلاقی دووڕوو، واتە ئەخلاقەی ، کە بۆ پیاو ژیانێك حەڵاڵ دەکات ، کە بۆ ژن قەدەغەی دەکات بەتایبەتی لە ڕووی جنسییەوە. ئەخلاقی دووڕوو ئەخلاقێکە ، کە بۆ هەمان کار دوو نرخاندنی جیاواز و ناکۆك بەیەکی هەیە ، پیاوێك کە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ژناندا خەوتبێت و لیستی ڕابوردنەکانی درێژبێت ، وەك پیاوی ڕاستەقینە دەناسێنێت و وەك پاڵەوانێك مامەڵەی دەکات ، بەڵام ژنانێك ئەم کارەی کردبێت وەك سۆزانی ناودەبرێت و نەفرەت دەکرێت ، لە ڕاستیدا بەگژاچوونەوەی ئەم ئەخڵاقیاتە جنسییە دووڕووە یەکێك لە کارە سەرەکییەکانی شەپۆلی دووەمی فێمینزمە ، هەر لە پەیوەندیشیدا بە مەسەلەی جنسەوە مافی لە باربردنی منداڵ ، کە دەرەنجامی سکپڕبوونێکی نامەرغوب بووبێت ، مەسەلەی بەکارهێنانی حەبی دژە سکپڕبوون و مافی ئەوەی ژن منداڵی هەبێت یان نا ، لە بابەتە سەرەکییەکانی ئەم شەپۆلەیە.


بڕێك لە فێمینیستەکانی ئەم شەپۆلە پەڕگیریدەکەن و کۆمەڵێك ڕاو بۆ چوون دەهێننەپێشەوە ، کە تێیدا دژایەتیکردنی پیاو دەبێتە خاڵی سەرەکی ، لە ئەدەبیاتی فێمینیستیدا ئەم گروپە بە " فێفینیستە ڕادیکاڵەکان" ناودەبرێن لای ئەمان ژنان نابێت لەگەڵ پیاودا پێکەوە کاربکەن، نابێت ڕێکخراوەکانی ژن هیچ پیاوێکی تێدابێت ، بۆ مەسەلەی جنسیش ئەمان تەنانەت تا ئەو شوێنە دەڕۆن ، کە بڵێن " ژن نابێت لەگەڵ چەوسێنەرەکەیدا بچێتە جێگەوە" بەڵام ئەم گروپێکی بچووکی ناو شەپۆلێکی فێمینیزمی بەرفراوانە.


ئەم بابەت و مەسەلە تازانە وایانکرد ئەم شەپۆلی لێکدانەوەکانی بۆ میکانیزمەکانی ژێردەستەتی و پاشکۆکردن و چەوساندنەوەی ژن قووڵتر بکاتەوە و لە ئاستی نادیار و نەدیتراوتردا پراکتیکەکانی چەوساندنەوە و بە پەراوێزکردنی ژنان بخوێنێتەوە،لێرەوە ڕووبەری پرسیارەکانی ئەم شەپۆلە فراوانتر دەبێتەوە و زیاد لە ڕووبەرێکی ژیانی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە، لە خوێندەوەی ئایدیۆلۆژیای بە پلەدووکردنی ژنەوە دەستپێدەکات و دەپەڕێتەوە بۆ خوێندنەوەی سیستمی پەیوەندییە ناوەکییەکانی ناو خێزان . چۆن ئەو ئایدیۆلۆژیایە دروستبوو ، کە ژن وەك بوونەوەرێکی کەمتر لە پیاو تەماشا دەکات؟ کاراکتەری پاتریارکیەت چیە و چۆن کار دەکات ؟ ئەو میکانیزمانە چین ، کە لە کایەی ئابوری لە پەروەردە لە خوێندن ، لە میدیا و لە شوکردن و دروستکردنی خێزاندا چەوساندنەوە بەرهەمدەهێن و بەردەوام دووبارەی دەکەنەوە؟ چەوساندنەوەی جنسی چۆن دروستبوو؟ جنسی چ ڕۆڵێك دەبینێت لەمەسەلەی پەراوێزکردنی ژندا؟ لەش چۆن پێناسە دەکرێت و چۆن ئیدار ئەدرێت و دەسەڵات و سیستمی دیسپلینلردن و چاودێریکردن چۆن کاری لەسەر دەکەن؟ ئەمانە و دەیان پرسیاری دیکەی لەم بابەتە دەبنە نموونەی ئەو پرسیارانەی ئەم شەپۆلەی فێمینزم دەیانهێنێتە پێشەوە.


شەپۆلی دووەم لەئاستی دروستکردنی ئۆرگان و دەزگای تایبەت بە ژناندا کاری تازە و گەورە ئەنجامئەدات ، دروستکردنی میدیای تایبەت بە ژن لە فۆرمی دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤار و دامەزراندنی دەزگای چاپ و پەخشی تایبەت بە ژنان یەکێك لە کاراکتەرەکانی ئەم شەپۆلەیە.


ئەو پێکهاتە فیکری و تیۆریەش ، کە نووسەرانی ئەم شەپۆلە پێیان دەنووسی پێکهاتێکی فیکری و میتۆدی ئالۆزتربوو لە نووسینەکانی شەپۆلی یەکەمی فێمینزم ، ئەم پێکهاتە فیکری و میتۆدییە نوێیەڵێکە لە مارکسیزم و شیکارگەرایی دەرونی و ئەنارشیزم و ستراکچەرالیزم و پۆست ستراکچەرالیزم و... هتد.


یەکێك لەو تاکتیکانەی ئەم شەپۆلە دەیگرێتەبەر ، لە پاڵ نووسین و بڵاوکردنەوە و دامەزراندنی ئۆرگانی تایبەتدا ، ئەنجامدانی کاری ئاشکرا و عەمەلی سەرنجڕاکێش بوو ، لە وڵاتێکی وەك هۆلەندادا چەندان گروپی ژنان دروستبوو ، کە کاریان ڕاکێشانی سەرنجی ڕای گشتی بوو بۆ کۆمەڵێك دیاردە ، کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی ژنانەوە هەبووە، بۆ نموونە کۆمەڵێك ژن ئیدارەی پەیمانگایەك داگیر دەکەن ، کە تەنها کوڕ بۆی هەبووە تێدا بخوێنێت یان کۆمەڵێك ژنانی دیکە بۆ ماوەی دوو هەفتە دەست بەسەر ئەو خەستەخانەیەدا دەگرن ، کە عەمەلیاتی منداڵ لە باربردنی تێدا دەکرێ ، چونکە حکومەت نیازی داخستنی دەبێت ، یان کۆمەڵێك ژن خۆپیشاندانێك ڕێکدەخەن لەژێر ناونیشانی " ژنانیش مافی میزکردنی هەیە" بە مەبەستی ئەوەی ژنانیش بتوانن لە ناو بازاڕ و لە شوێنەگشتییەکاندا میز بکەن.


لە ئەمریکا شەپۆلی دووەمی فێمینیزم لە بزوتنەوەی داواکردنی مافی مەدەنییەکان جیاناکرێتەوە ، ئەم بزوتنەوەیە لە ساڵانی شەستدا چالاکانە بۆ داواکردنی مافە مەدەنییەکانی ڕەشپێستانی ئەمریکا لە دایك دەبێت.


ئەم دوو گروپە، واتە گروپی ژنان و ڕەشپێستان ، خۆیان بەیەکدی بەراورد دەکەن و نزیکی لە نێوان شێوازی چەوساندنەوە و بەپەراوێزکردنی هەریەکێکیاندا دەدۆزنەوە. چەوساناندەوەی ژن بە کۆلۆنیالیزەکردنی ڕەشپێستەکان لە هەلومەرجی ئیمپریالیزمدا بەراود دەکرێت ، شەپۆلی دووەم کە داوای ئازاد بوونی ژن دەکات ، وەك بزوتنەوەی مافە مەدەنییەکان بۆ ڕەشپێستەکان تەنها داوای ئەوە ناکات ، کە ئازادی دەبێت لە کایەی سیاسی و ئابوورییدا پیادەبکرێت ، بەڵکو داوای ئەوەی دەکات کە لە ئاستی سایکۆلۆژی و کولتووریشدا ئازادبێت.


بەکورتی شەپۆلی دووەمی فێمینیزم داوای گۆڕانی ڕادیکاڵی کۆمەڵگای دەکرد ، ئەمەش مانای ئەوەی ، کە دەبوایە لە زۆر بواردا گۆڕان دروستبێت بوبیادەکانی دەسەڵاتی سوونەتی بگۆڕێن بە بونیادی نوێ و جیهانێك بنیادبنرێت جیاواز لە جیهانی باڵادەست. ئەم بزوتنەوەیە دژ بە میلیتاریزم بوو داوای ئاشتی دەکرد ، دژ بە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بوو ، داوای پاراستن و دروستکردنی ژینگەیەکی پاك و پاراستنی زەوی وەك گشتێك لە وێرانبوون دەکرد ، دژ بە هیرارکیەتی کۆمەڵایەتی ، دژ بە ڕاسیزم ، دژ بە جەنگ ، دژ بە توندوتیژی ، ئاگادارکردنی ژینگە ، هەموویان ئەو بوارانە بوون کە فێنێنیزمی شەپۆلی دووەم کاری تێدادەکرد.

شەپۆلی دووەم و سیمۆن دی بۆڤوار.


زەحمەتە قسە لە شەپۆلی دووەمی فێمینزم بکەین بەبێ قسەکردن لەسەر کتێبیك ، کە کاریکەریەکی گەورە لەسەر دروستبوونی ئەم شەپۆلە لە شەستەکاندا بەجێدەهێڵێت. مەبەست لەو کتێبە کتێبی " جنسی دووەم" ی نووسەو و فەیلەسوفی فەرەنسی سیمۆنە دی بۆ ڤوارە ( ئەم کتێبەی دی بۆڤوار کە لە ساڵی ١٩٤٩ ) دا نووسراوە دەبێت پازدە ساڵ چاوەڕوانبێت تا تێزەکانی لەلایەن ژنان بەوردی بخوێندرێتەوە و بەکاریبهێنرێت و ببێت بە یەکێك لە سەرچاوە گرنگەکانی دروسبوونی شەپۆلی دووەمی بزوتنەوەی فێمینزمی لە ئەوروپادا، ژمارەی لاپەڕەکانی ئەم کتێبە لە هەزار لاپەڕە نزیکدەبێتەوە و بەسەریەکەوە سێ ملێۆن دانەی لێفرۆشراوە.


کتێبی " جنسی دووەم" لەدوای دەرجوونییەوە هەرایەکی زۆری نایەوە دی بۆ ڤوار هەم لەلایەن چەپ و هەم لەلایەن هێزە ڕاستڕەوەکانەوە هێرشێکی بەرفراوان و هەمەلایەنی کرایە سەر ، چەپ پێیدەگوت بۆرژوا و ڕاست پێی دەگوت دژ بە پیاو لە هەنسێك شوێن و جێ و موناسەبەدا بێحورمەتی بەرامبەر بەم خانمە تا ئەوڕادەیە ڕۆۆیشت ، کە بڵێن ئەم کتێبە خۆی نەینوسیوە و سارتەری هاوڕێ و هاوسەر و دۆستی بۆی نووسیوە، بەڵام دوای تێپەڕینی کات و دوای هاتنەکایەی شەپۆلی دووەمی فێمینزم هێرش لەسەر دی بۆ ڤوار کەمدەبێتەوە بەتایبەتی دوای وەرگێڕانی کتێبەکەی بۆ ئینگلیزی و بڵاوبوونەوەی لە ئەمریکا و دەنگدانەوەی لەوێئینجا لە فەرەنسا و وڵاتە ئەوروپییەکانی دیکە ناچاردەبن گرنگی پێبدەن و بەچاوێکی دیکەوە تەماشای بکەن.


ئان ئۆەکلی سەبارەت بە پەیوەندی نێوان شەپۆلی دووەمی فێمینیزم و کتێبەکەی دی بۆڤوار دەنووسێت " لە کاتێکدا شەپۆلی یەکەمی فێمینیزم سەرقاڵی مەسەلەی مافە مەدەنی و یاساییەکانی ژن بوو ، شەپۆلی دووەم بەوە خۆی جیادەکاتەوە ، کە ئەو تەحەدایە وەردەگرێت کە لە بۆچوونە بەناوبانگەکەی دیمۆنە دێ بۆڤواردا سەبارەت بە ژن ئامادەیە ئەو تەحەدایە ، کە دەڵێت ژن وەك ژن لە دایك نابێت بەڵکو دەکرێت بە ژن" لەڕاستیدا گرنگترین تێزەی کتێبەکەی دی بۆڤوار ئەم تێزە تازەیەیە ئەو تێزەیەی ،کە دەڵێت ژن دیاردەیەکی سروشتی نییە ، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و کەلتورییە ژن بە ژنی لە دایك نابێت بەڵکو لە ناو کەلتوور و هەلەمەرجێکی کۆمەڵایەتیدا دەبێت بە ژن.

بەڵام ئەگەر ژن وەك ژن لە دایك بێت ، ئەگەر کۆمەڵگا و کەلتوور ژن بکەن بە ژن ، ئەگەر " بە ژن بوون " دیاردەیەکی سروشتی نەبێت و دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بێت پرسیاری سەرەکی ئەوەیە : چۆن ژن دەکرێت بە ژن ؟ ئەو پرۆسێسە کەلتوورییانە و ئەو سیاقانە چین ، کە ژنیەتی و پیاوەتی وەك فۆرمی کۆمەڵایرتی بەهەمدەهێنن ؟ چ هۆکارێك وایکردوە ژن ببێتە بوونەوەری پلەدوو لە کۆمەڵگادا؟


ئەم پرسیارانە ئەو پرسیارە گرنگانەن ، کە شەپۆلی دووەمی فێمینیزم لەبەر ڕۆشنایی کتێبەکەی دی بۆڤواردا دەیانکات و بەدوای وەڵامدانەوەیاندا دەگەڕێت. پرسیارگەلێك ، کە هەم سەرچاوەکەیان و هەم بەشێك لە وەڵامەکانی لە کتێبەکەی دی بۆڤوارەوە دێنەدەر.


بێگومان زەحمەت دروستبوونی شەپۆلی دووەم بەتەنها بدرێتە پاڵ نووسینی کتێبەکەی دی بۆڤوار، ئەمە جگە لەوەی هەندێك ڕای دیکە هەن ، کە باس لەوە دەکەن ، کە ئەو کتێبە ئەو ڕۆڵە گەورەیەی لەسەر دروسبوونی شەپۆلی دووەمی فێمینزم نەبووە وەك هەندێکجار باسدەکرێت، بوڵام لەگەڵ ئەوەشدا با سەرنجێکی وردتر لە تێزە گرنگەکانی ناو ئەم کتێبەی دی بۆڤوار بدەین.


یەکێك لە تێزە سەرەکییەکانی کتێبەکەی دی بۆڤوار ئەوەیە ، کە ژن لە مێژوودا نەیتوانیوە بەسەربەخۆیی لە پیاو بیربکاتەوە و گەشە بە کەسایەتی خۆی بدات نەیتوانیوە ببێت بە زاتێکی سەربەخۆ، ئەوەی بڕیاریداوە کە ژن چیبێت و چۆنبێت ژن خۆی نەبووە، بەڵکو پیاو بووە ، واتە پیاو لە یەککاتدا هەم زاتێکی خۆ دروستکەر و هەم ژن دروستکەریش بووە. پەیوەندیەدا ژن زاتێکی دروستکراو بووە<< ئەویدی>> یەك بووە ، کە پیاو کاری لەسەر کردوە و دروستیکردوە ، ( دە بۆڤوار دەڵێت لە کاتێکدا ژن لە پەیوەنییەکی پاشکۆییدا بە پیاوەوە دروستدەبێت ، پیاو لە پەیوەندیدا بە ژنەوە دروستنابێت ، بەڵکو لە ئیرادەیەکی سەربەخۆوە و لە پەیوەندی ئازادی ئەوەوە بە جیهانەوە دروستدەبێت).


دی بۆڤوار شوێن و جێی کۆمەڵایەتی ژن وا وەسف دەکات وەك ئەوەی بوونەوەرێکی دەرەکی ، یان کەسێکی پلە دوو و بیانی ، بابەتێکی بێزات بێت ، بەرامبەر بەمە دی بۆڤوار پیاو لە مێژوودا هەمیشە خۆی وەك زاتێکی ئەکتیڤ ، زاتێك کە بڕیارئەدات و شتەکان بەطێوە دەبات نمایشدەکات ، لەم پرۆسەی خۆ بە زاتکردن خۆ بە ئەکتیڤکردنەدا پیاو و ژن دەخاتە شوێنی < ئەویدی> وە و وەزیفەی ئەوە بە ژن دەبەخشێت ، کە بەبەردەوامی ڕۆڵی باڵدەستی پیاو وەك پیاو بەرز ڕاگرێت و بیسەلمێنێت و سەرلەنوێ بەرهەمیبهێنێتەوە، لەم پرۆسەیەدا ژن بەردەوام شوناسی تایبەتی و سەربەخۆی خۆی لێدەستێنرێتەوە و یەکێك لەو شووناسە لاوەکیانە وەردەگرێت کە پیاو دروستیان دەکات.


دی بۆڤوار دەڵێت ( ئەوەی وا دەکات ژن لەمێژوودا ببێتە بوونەوەێکی پلە دوو جەستەیەتی) ئاکارە بایۆلۆژییەکانی ژن بەتایبەتی توانای منداڵبوون و پاراستنی ژیان وایکردوە ئەرکی ئەو لە پاراستنی ژیان و پاراستنی ڕەگەزی ئینساندا گەورەتربێت لە هی پیاو ، لێرەوە ژن بەناچاری خەریکی دووبارەکردنەوەی ژیان بووە ، چ خۆی و چ ژیان وەك گشتێك ، ئەمە لە کاتێکدا پیاو سەرقاڵی موغامەرات و ناسین و سەرکەوتن بووە بەسەر شتەکانی دەوروبەیدا ، لەم دابەشکردنە تایبەتەی کاردا ، واتە دابەشکردنی ئەوەی کە ژن منداڵی ببێت و ژیان بپارێزێت و پیاو جیهان کەشف بکات ، پیاو لەوەدا سەر دەکەوێت ، کە جیهان بەو شێوەیە وادامەزرێنێت ، کە خۆی دەیەوێت و ئەو وێنانەش بە ئێستا و یایندە بدات کە لەگەڵ خەیاڵی خۆیدا دەگونجێن.


ئاشکرایە ئەم لێکدانەوەیەی دی بۆڤوار بۆنی لێکدانەوەیەکی بایۆلۆژیانەی لێدێت واتە لەوەوە نزیکە، کە بڵێت هۆکاری چەوساندنەوەی ژن پەیوەستە بە پێکهاتی سروشتی و بایۆلۆژی لەشی ژن خۆیەوە ، بایۆلۆژیای ژن سەرچاوەی هەموو ئەو نایەکسانیانەیە ، کە لە مێژوودا بەرامبەر بە ژن کراون ، بەڵام شارەزایانی فیکری دی بۆڤوار پێ لەسەر ئەوە دادەگرن ، کە هیچ شتێك ئەوەندەی ئەم لێکدانەوەیە لە ناوەرۆکی کتێبەکەی دی بۆڤوارەوە دوو نییە ، لێکدانەوەی دی بۆڤوار بۆ پاشکۆبوونی ژن لێکدانەوەیەکی بایۆلۆژی نییە و لەشی ژن بەرپرسیار نییە لە شوێن و جێی کۆمەڵایەتی ئەو . وەك کارین ڤینتگێس دەڵێت ( ئەم لێکدانەوەیە بۆ کتێبی جنسی دووەم ، واتە کردنی بایۆلۆژیای ژن بە سەرچاوەی چەوساندنەوەی ژن لێکدانەوەیەکی ناڕاستە ، چونکە دی بۆڤوار خۆی دەرك بەم خاكە دەکات بۆیە بەتوندی پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت ، کە بایۆلۆژیا بەهیچ جۆرێك ناتوانێت سەرچاوەی ئەو پلە دوویی و چەوساندنەوە و بێشوناسییە بێت ، کە بەسەر ژندا سەپاوە) دی بۆڤوار پێوایە ، کە جیاوازییە بایۆلۆژییەکانی نێوان پیاو و ژن تەنها لە سیاقێکی کەلتووری و کۆمەڵایەتی و ئابوریدا مانا وەردەگرن ، بۆیە ئەوەی ژنی لە مێژوودا کردۆتە بوونەوەرێکی بێ شووناس یان بێزات بایۆلۆژیا نییە ، بەڵکو ئەو مانایانەیە کە کەلتوور بە بایۆلۆژیای ئەدات ، سروشت نییە ، بەڵکو کاری ئینسان و کۆمەڵگایە هەر لەم سیاقەدایە دی بۆڤوار ئەو ڕاستە بەناوبانگە دەنووسێت ، کە دواتر بەبەردەوامی دووبارە دەکرێتەوە، < تۆ وەك ژن لە دایك نابیت تۆ دەکرێت بە ژن >.


دی بۆڤوار جیاوازییە بایۆلۆژییەکانی نێوان ژن و پیاو ناسڕێتەوە ، گرنگی ئەم جیاوازییەش بۆ بەردەوامی ژیان دەردەخات، بەڵام ئەوەی ئەو دژی دەوەستێتەوە ئەو مانایانەن کەم بەم جیاوازییە دەدرێت ماناگەلێك ، کە ژن بە لاواز و پیاو بە هێز ، ژن بە بوونەوەرێکی نێگەتیڤ و پیاو بە بوونەوەرێکی پۆزەتیڤ دەرنرخێنێت.


خاڵێکی دیکەی کتێبەکەی دی بۆڤوار باوەڕبوونی بەهێزی ئەوە بە ڕزگاەبوونی ژنان لەو دۆخەی ، کە تێیدان واتە هەڵگری دیدێکی گەشبینی بەرامبەر بە یایندە ، تەواویش لەو باوەڕەدایە کە پیادەبوونی سۆسیالیزم کۆتایی بە کێشەکانی ژن دەهێنێت و دەتوانێت ڕزگاریکات . بە بۆچوونی دی بۆڤوار بە ئازابوونی کرێکاران کۆتایی بەو واقیعە دێت ، کە تێیدا ژن دەچەوسێتەوە ، چەندان ساڵ دواتر لە ساتەوەختی سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەمی فێمینیزمدا دی بۆڤوار ڕای لەسەر ئەم مەسەلەیە دەگۆڕێت و دەزانێت ، کە ڕزگار بوونی کرێکاران مانای ڕزگاربوونی ژنان ناگەیەنێت بۆیە داوای دروست بوونی بزوتنەوەی سەربەخۆی ژنان دەکات ، کە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو پاشکۆییە کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی و ڕەمزییە بدات . کە ژن بەدەسییەوە گیرۆدەیە.


لە ڕاستیدا ئەم داوایەی دی بۆڤوار دەکرێت ڕاستەوخۆ ببەسترێتەوە بەو داوایەی دە بۆڤوارەوە ، کە دەخوازێت ژن لە بونەوەرێکی بێزاتەوە ببێت بە تاکە کەسێکی ئازاد ، بوونی ژن بە " ئەویدی" بوونی بە شتێك ، کە پیاو و کەلتوور و کۆمەڵگا دروستی بکات مانای ئەوەیە ژن نەبووە بە تاکە کەس ، نەبووە بە وشیارییەکی سەربەخۆ ، نەبووە بە جودێك کە بەهانە و مەبەست و ماناکانی بوونی خۆی لە ناو خۆیدابێت. بۆیە هەنگاوی یەکەمی ڕزگار بوونی ژن لەوێوە دەستپێدەکات ، کە ژن ببێت بە تاکە کەس بە وشیارییەکی سەربەخۆ ، بە شوناسێك ، کە ماناکانی لەناو خۆیدا و لە پەیوەندییەکی ئازاد بە پیاوە دروست بکات لەم پرۆسەی بوون بە تاکە کەسەشدا تەنها ئەوە بەس نییە ژن لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بێت ، ئەگەرچی ئەم سەربەخۆبوونە زۆر گرنگە ، بەڵام سەربەخۆبوونی ڕاستەقینە سەربەخۆبوونی تاکە کەسێکە ، کە لە ڕووی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و دەرونییەوە سەربەخۆیە ، ئازادبوون مانای ئەوەی چند پیاو خپی وەك بوونەوەرێکی جنسی دەبینێت ژنیش هەمان وێنەی بۆخۆی هەبێت و هەردووکیشیان پیاو ژن ئەم وێنەیە قبووڵ بکەن.


ئاشکرایە دی بۆڤوار لەم داوایەیدا بۆ گۆڕان پیاو دەکاتە پێوەر ، واتە ئەو داوای ئەوە دەکات ژن وەك پیاوی لێبێت بۆ ئەوەی ببێت بە تاکە کەس ، یان بۆ ئەوەی ببێت بە وشیارییەکی سەربەخۆ دەبێت ببێتە هەڵگری وشیایرییەکی پیاوانە. ئەمەش خاڵێکە دواتر لەلایەن زۆر لە فێمینیستەکانەوە ڕەخنە دەکرێت ، چونکە کردنی پیاو بە پێوەر بۆ ژن لەلایەن زۆر لە فێمینیستەکانەوە ڕەت دەکرێتەوە.


دی بۆڤوارە دژی دەزگای شوکردن و ژنهێنانی سوونەتی بوو ، چونکە ئەم دەزگایە پاشکۆیی و پابەستی ژن بە پیاوەوە دروست و بەهێز دەکات ، ئەم ڕەهەندانەی ناو کتێبەکەی دی بۆڤوار کاریگەری گەورە لەسەر وێنەی ژن بۆ خۆی و لە سەر ئەو هۆکارانەی ، کە وایانکردوە ژن لە مێژوودا نەبێت بە زات، ژن بکرێت بە ژن ، شوناسێکی لاوەکی پێبدرێت ، کە خۆی دروستینەکردوە، کاریگەری گەورە لەسەر ژنانی شەپۆلی دووەمی فێمینزم بەجێدەهێڵێت ، ئەم کاریگەرییەیە هەندێك لە فێمینیستەکان باس لەوە دەکەن ، کە کتێبەکەی دی بۆڤوار ئینجیلی ئەم شەپۆلە نوێیەی فێمینیزمە.

____________________________________

بەشی دووەم: www.emrro.com/femenizimciye2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/femenizimciye.htm

 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک