په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٣\٢٠١٩

فەنزوێلا: شافیزینیم و کێشەی زەوی خانوو.


عەلی مەحمود محەمەد  


لە ئەبرێلی ساڵی ٢٠٠٢دا, شافێز خەریکی تێرکردنی برسییەکان و نەھێشتنی نەخوێندەواری و بەخشینی زەوی بوو بە جوتیارانی ھەژار, ئەمەریکا کودەتای بەسەردا کرد, واتا کێشەی ئەمەریکا چارەسەری برسێتی نییە, ئەگەر وایە خۆ شاری کۆکۆتای کۆڵۆمبی کە ناوەندی ناردنی کۆمەکەکانە بۆ فەنزوێلا زیاتر لە ٥٠%ی ھەژارن, مردنی منداڵان لەوێ چەند جاری فەنزوێلایە, کوشتن زیاترە, لە ھەموو سەردەمی ٢١ ساڵەی شۆڕشی شافێزدا بە ئەندازەی ساڵێکی تیرۆری سیاسی لە کۆڵۆمبیا خەڵک نەکوژراوە کە تەنھا لە ساڵی ٢٠١٨ ەدا زیاتر لە ٢٨٨ چالاکی کۆمەڵایەتی تیرۆر کراون, چوار جاری ھەموو کوژراوانی ئۆپۆزسیۆن لە ٢٠ ساڵی رابردوو , ١٤ ملیۆن یەمەنی لە لێواری مەرگن, ٣,٤ ملیۆن ئەرجەنتینی رۆژانە یەک ژەمە خۆن, لە کاتێک لە سەدەی نۆزدە داھاتی تاکی ئەرجەنتینی بە ئەندازەی بەریتانیەک بوو, کەچی بە ٤ بارھەڵگر خواردنەوە دەیەوێت ھاوکاری فەنزوێلا بکات تا لە رێگەیەوە کودەتا ئەنجام بدات, لە کاتێک توندترین ئابلوقەی سەپاندووە بەسریدا و دەستی بەسەر ٢٠ ملیار دۆری ئەم وڵاتەدا گرتووە.

نکرۆما یەکەم سەرۆکی ئەفریقا بوو" غانا" داوای سەربەخۆیی کرد لە ساڵی ١٩٥٧, بە کودەتایەکی سەربازی لادرا, کەمینەی ھاوڵاتیان فرمێسکیان بۆ رشت, لێ تا ئێستاش کلتوری کوام نکرۆما بۆ سەربەخۆیی لە سەرتاسەری ئەفریقا ماوە, بۆ شافێزو مادۆرۆش ھەروایە ھەرچەندە تا ھەنووکەش زۆرینە لە گەڵیدان, لام رونە شافێز جیفارای دوارۆژی ئەمەریکای لاتینە.

٦ ملیۆن کۆڵۆمبی, ملیۆنێک پیرۆیی و ئیتاڵی و پورتغالی و ٢ ملیۆن عەرەب پەنابەرن لە فەنزوێلا, کەچی فرمێسک بۆ یەک ملیۆن فەنزوێلی ئاوارە دەڕێژن کە زۆریان بە بنەچە کۆڵۆمبین نەک فەنزوێلی و لە قەیراندا گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

ناتوانن مادۆرۆ بە بونی چەکی ناوکی کوکوژ و ھاوکاری تیرۆر تاوانبار بکەن, ئیتر چیرۆکی دیکەی بۆ دەھۆننەوە, ھەرچەندە مادۆرۆش ھەڵەی ھەیە, لێ ئەوە مافی ھاووڵاتیانی فەنزوێلییە سزای بدەن, وەک مۆخیکا سەبارەت بە مادۆرۆ وتی: ئەو خیانەتکاری نیشتمان نییە, وەلێ شێتە وەک بزن,

وەلێ ئایا بزن دەتوانێت گەلەکەی لە رێوی سەرمایەدارو ئەمپریالزم رزگار بکات؟؟؟؟.

ئەمەریکا بە سێ تۆمەت حکومەتی مادۆرۆ تۆمەتبار دەکات, ھەژاری کەچی ژمارەی ھەژارانی خۆی چەند بەرامبەرە باسی ھاوپەیمانە نزیکەکانی مەکەن, زەبروزەنگ لە وڵاتی خۆی نەک ھاوپەیمانەکانی زۆر زیاترە, عەدالەتی ھەڵبژاردن ئەوا بە قسەی جیمی کارتەر سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا لە فەنزوێلا زۆر زیاترە, باشترین نموونەش ترامپ ٣ ملیۆن دەنگی کەمتر ھێنایەوە لە ھیلاری کەچی بووە سەرۆک.

ئەمەریکا دەیەوێت کێشەی ئابوورییەکان فەنزوێلا قول بکاتەوە نەک چارەسەری بکات, دەرمان بە خۆڕایی بوو, ئێستا نەماوە بەھۆی ئابلوقەوە, خواردن پشتیوانی دەکرا, ئێستا ھاوردە کەمکراوەتەوە, ئەوان دەترسن چەند مانگی داھاتوو ناردەی نەوتی فەنزوێلا دوو بەرامبەر زیاد بکات و چارەسەری کێشەکان بکات, بۆیە ناھێڵن, با بزانین لە دوو سێکتەر خانو وە زەوی شۆڕشی فەنزوێلا چی بۆ ھاووڵاتیانی کردووە؟.

شافێزو چارەسەری بێلانەیی.


کاتێک لە دیسەمبەری ١٩٩٩ چەند مانگێک بوو شافێز گەیشتبوو بە دەسەڵات, لافاو زیاتر لە ٥٠ ھەزار ھاوڵاتی فەنزویلی کوشت, شاری کەراکاس زۆرینەی ٦٠% باریۆسن, چینکۆ نشینی قەراغ شارن, ھەژارنشینی تەجاوزی ناو چینکۆکان, لافاو بە سانایی رایانی دەماڵی, بۆیە شافێز بڕیاری دا ھەموو خێزانێک ببنە خاوەند خانوویەکی شایستەو ژیانێکی شەرافەتمەندەی تێدا بەرنە سەر, ئەوکات وێڕای ئەوەی شەو رۆژ لەناو قوڕاو لیتەدا بوو , ھەموو زیان لێکەوتانیشی قەرەبوو کردەوە, لێ لە ٣٠ ئەبرێلی ساڵی ٢٠١١ دا بڕیاری دا خانوو بۆ ھەموو ھەژارانی وڵاتەکەی دروست بکات, ھەموو ھاووڵاتیەکی ھەژار لە رێگای ئەنتەرنێتەوە ژمارەیەک وەردەگرێت و بە پێی ئەو ئامارانەی ناونووسینەکان تۆماری دەکات و ژمارە بەندی دەکرێت, لیستەکان لەسەر ئەنتەرنێت بڵاو کراونەتەوە, ھەمان چرکە ژمارەی خۆت وەردەگریت بۆیە ناتوانرێت دەستکاری بکرێت, بە پێی بڕیارەکە تا ساڵی ٢٠١٧ دوو ملیۆن و پەجا ھەزار خانوو بەسەر ھەژاران دابەش کرا, لە ساڵی ٢٠١٨ ەش ٥٣٧٠٠٠ خانوو دابەشکرا, کۆی گشتی تا ئێستا ٢٥٨٧٠٠٠ خانوو بەسەر ھەژاراندا دابەشکراوە, بۆ ئەوانەی ھەژارن خانوەکە بە خۆڕاییە, بۆ ئەوانەشی موچەکەیان دوو ھێندەی لانی کەمی کرێیە ٥٠%ی نرخی خانووەکەیان بە قست بێ قازانج لێوەردەگرترێتەوە, نەخشە وابوو لەساڵی ٢٠١٩ درێژە بە پرۆژەکە بدرێت و ٧٠٠٠٠٠ خانووی دیکە دروست بکرێت بۆ ھەژاران, پرۆژە بۆ دروستکردنی ٥ ملیۆن خانوە بۆ سەرجەم ھەژارانی فەنزوێلا تاکو ساڵی ٢٠٢٥, وێڕای قەیرانەکان و دابەزینی نرخی نەوت حکومەتی فەنزوێلی ٢٢ ملیار دۆلاری لە دروستکردنی خانوو خەرج کردووە بۆ ھاووڵاتیان, سەرباری ١٠٢٠٨١٢ خانوو تازە کراوەتەوە بۆ ھاووڵاتیان, ھەروەھا بۆ سودمەندبوونی ھەمووان لە یاسای دیموکراسیەتی زەوی , ھەر کەسەو پارچەیەک زەوی مافی خۆیەتی وەربگرێت بۆ نیشتەجێ بوون, لە ساڵی ٢٠١٨ ەدا ١٤١٨٣٢٠ تاپۆ دراوە بە ھاووڵاتیان, پێشتر ھەژاران و ھاووڵاتیانی باریۆسی کەراکاس لە زەوی تەجاوزدا لەناو چینکۆکاندا بە برسێتی و نەخوێندەواری ژیانیان دەبردە سەر, ئێستا نەخوێندەواری بووە رابردوو, چینکۆکانیش بوونە ئاپارتمان, وەک ماف بونە بە خاوەند زەوی نیشتەجێ بوون.

ئەوەی شایانی باسە لە ساڵی ١٩٢٨ ەوە تاکو ١٩٩٨ کە ٧٠ ساڵە نەتوانراوە خانوو بە ئەندازەی ئەو ٧ ساڵە بۆ ھاووڵاتیان دروست بکرێت, وێڕای ئەوەی پێشتر خەون بوو خانوو بۆ رەش پێست و تێکەڵەکان بێت.

وێڕای قەیرانی توندی ئابووری کەچی تا ئێستا یەک قوتابخانەو نەخۆشخانە دانەخراون, یەک پزیشکی کوبی دەرنەکراوە, ئێستا ژمارەیەکی زۆری پزیشکان فەنزوێلین کە پێشتر خەون بوو.

ئەوەی شایانی باسە حکومەتی فەنزوێلا دووجاری کوردستان نەوت دەفرۆشێت, بەڵام ژمارەی دانیشتوانی ٦ جار زیاترە و ١٠ ملیۆن موچە خۆری ھەیە, ھاوکات نرخی تێچوی دەرھێنانی نەوتەکەشی ١٥٠%ی نەوتی کوردستانە, کەچی حکومەتی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە توانیویەتی تەنھا ١٠٠٠ خانوو لە پرۆژەی خانووی کۆرییەکان تەواو بکات, دوای سەندنی پارەیەکی زۆریش لەوانەی وەریدەگرن, ئەمە بچوکترین جیاوازی حکومەتەکەی دوبەی کوردستان کە ھەولێرە لە گەڵ حکومەتەکەی مادۆرۆ لە کەراکاس.

زەوی بۆ جوتیاران.

فەنزوێلا بە بونی موڵکداری گەورەی زەوی ناسراوە, تەنھا ١٠٠٠ کەس لە مەلاکەکان خاوەند ٥٧,٧%ی زەوی وڵاتن, خوان فیسینتی غۆمیز کە بە پاڵپشتی ئەمەریکییەکان گەیشتە دەسەڵات , لە نێوان ساڵانی ( ١٩٠٨-١٩٣٥) دەسەڵاتداری فەنزوێلا بوو , ١٠%ی زەوی وڵاتەکەی لەسەر ناوی خۆی تاپۆ کرد, لەو سەردەمە بەشی کەرتی کشتوکاڵ لە رێژەی ٧٠%ی بەرھەمی نەتەوەییەوە دابەزی بۆ تەنھا ٢٢%, واتا بەشی لە ئابووری وڵات ٣١٤,٢% دابەزی.

بە دوایدا لە پەنجاکان پشکی کشتوکاڵ لە کۆی ئابووری وڵات دابەزی بۆ ١٠% , پیشەسازیش لە ٥٠% ەوە لە ساڵی ١٩٩٠ دابەزی بۆ ٢٤% لە ساڵی ١٩٩٩, تەنانەت پاشە کشەی پشکی پیشەسازی لە کۆی ئابوری وڵات ھەموو وڵاتانی ئەمەریکای لاتینیشی گرتەووە , لە ٣٦% ەوە بۆ ٢٩% دابەزی.

لە سەردەمی دووەمی حوکمڕانی رۆمۆلۆ بیتانکۆرت ١٣-٢-١٩٥٩ بۆ ١٣-٣-١٩٦٤کە پێشتر قوتابییەکی کۆمۆنیستی رادیکاڵ بوو لە فەنزوێلا و دواتر ببوە ئەندامی حیزبی شیوعی کۆستاریکا و لە کۆتادا بووە سۆسیال دیموکرات, دەستکرا بە دابەشکردنی ئەو زەویانەی بەرھەمی لێ ناھێنرا بەسەر جوتیاراندا, لە بەرامبەردا پارەیەکی زۆر درا بە خاوەند زەوییەکان.

لە دوای حەفتاکانەوە بەھۆی نەوتەوە, زیاتر لە ٩٠%ی ھاووڵاتیانی فەنزوێلی چوونە شارەکان, پێشتر دوو لەسەر سێی ھاووڵاتیان لە لادێ دەژیان, بەھۆی نەخۆشی ھۆڵەندییەوە کەرتی کشتوکاڵ داڕما, زۆربەی پێداویستی خۆراک لە دەرەوە بە تایبەت ئەمەریکاوە ھاوردە دەکرا, کە شافێز ھاتە سەر حوکم لە ساڵی ١٩٩٩ کەرتی کشتوکاڵ تەنھا ٦%ی بەرھەمی نەتەوەیی وڵاتی پێک دەھێنا, ھاوکات ٧٥ بۆ ٨٠% پێداویستی خۆراک لە دەرەوە ھاوردە دەکرا.

لەسەردەمی شافێزدا ھەوڵێک درا بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە کوشندەیە, بەرھەمی کشتوکاڵی لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠٩ بە رێژەی ٢٢% چووە سەر , ھاوکات رێژەی تاوزە خۆراک کە ھەر ھاووڵاتیەک وەریدەگرێت ٤٥% چووە سەر , لە ٢٢٠٢ کالۆرییەوە لە ساڵی ١٩٩٨ بۆ ٣,١٨٢ کالۆری لە ساڵی ٢٠١١ زیادی کرد, وێڕای زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بە رێژەی ٢٥% لەو ماوەیە, ھاوکات ھاوردەی کاڵای کشتوکاڵیش بە رێژەی ٢٢٧% زیادی کرد, بەھۆی خۆشگوزەرانی خەڵکەوە, ساڵی ٢٠١٢ فەنزوێلیەکان ٢٦ ملیۆن تەن خواردنیان خواردووە,٩٤,٨% زیاتر لە ساڵی ٢٠٠٣.

لە ساڵی ٢٠٠٦ شافێز بڕیاریدا ھەر جوتیارەی ٤٠ ھیکتار زەوی پێ بدات. کۆی گشتی ١٨٠٠٠٠ خێزان کە ملیۆنێک ھاووڵاتی دەگرتەوە, لە کۆی ١,٧ ملیۆن ھاووڵاتی گوندنشینی فەنزوێلا , ٥,٩ ملیۆن ھیکتار زەوییان بەسەردا دابەش کرا, تا ئێستا تەنھا ٢٥%ی زەوی کشتوکاڵی فەنزوێلا بەکار ھاتووە بۆ کشتوکاڵ, تا ھەنووکە ٥%ی خاوەند زەویەکان ٧٠ بۆ ٨٠%ی زەوی وڵاتیان بەدەستەوەیە, کە ٢% یان خاوەند ٦٠%ی زەوییەکانن, ئەوانیش ئەو زەوییە پان و بەرینە بە پیتانەیان بە بۆشی ھێشتۆتەوە, لە کاتێکدا رێگا نادرێت جوتیاران دەست بەسەر ئەو زەوییانەدا بگرن چۆڵن و بە ئەنقەست بە بۆشی ھێڵراونەتەوە, تەنانەت رێگرن لەسەر دەست بەسەردا گرتنی سامان و زەوی ئەو سەرمایەدارو ئاغایانەی بەشداری کودەتاکەیان کردووە, مەلاکەکان وێڕای ئەوەی زەوییەکانیان بەکار ناھێنن, ھاوکات بە توندی رێگرن لە دابەشکردنی زەوییەکانیان لە لایەن حکومەتەوە بەسەر جوتیاراندا, تەنانەت لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٢ زیاتر لە ١٢٠ جوتیار لەسەر کێشەی زەوی کوژراون, زیاتر لە کۆی کوژراوانی ئۆپۆزسیۆن لە ٢٠ ساڵی رابردوو, کە تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ جوتیار یان کوژراون یان بێ سەروشوێنن, زۆربەی بکوژەکان ئەندامی کارای ئۆپۆزسیۆنن. مادۆرۆ لە بری چارەسەرکردنی کێشەی زەوییە بێ بەرھەمەکان , داوای کرد لە ھاووڵاتیان کەروێشک بەخێو بکەن بۆ رزگار بوون لە قەیران, لە کاتێکدا دەیان ملیۆن ھیکتار زەوی بە پیتی کشتوکاڵی وەک شەڕی ئابووری دژ بە حکومەت بە چۆڵی ھێڵراوەتەوە.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک