په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٧\٢٠١٢

فەرامۆشکراو.

                                                                                                             

       ساحب جەلۆ                                                                                                    وەرگێڕانى: یوسف خەلیل

(دیمەن)


- شوێن وێزگەى شەمەندەفەرە لە درەنگ وەختێکى شەوێکى باراناویدا .
- دەنگى گرگە گرمى هەور و رووناکى برووسکە دەبینرێت .
- پیرێک دەرکەوت کە تەمەنى لە شەسـت دابوو پاڵی دەنا بە عەرەبانەیەکەوە .
- دزداشە لەبەر و پۆستاڵ لەپێ و پاڵتۆیەکى سەربازى و یەشماخێکى لەسەرى پێچابوو .
- ماندووبوونێکى زۆری پێوە دیاربوو ، وە بەدوواى شوێنێکدا دەگەڕا تێیدا بحەوێتەوە .
- کاتێ کە ساباتى وێزگەکەى بینى ..بە عەرەبانەکەیەوە چووە ژێری ..بەبێ ئەوەى بزانێت کە لە وێزگەیە !

پیرەمێرد : (خۆی دەپێچایەوە) ئای لەم سەرمایە !..... ئای لەم سەرمایە !.....

- (دەلەرزى و لە دەوروبەری دەڕوانى) وا دیارە ئەبێت ئەم شەو لێرە بمێنمەوە .... ئەگەر بگەشتمایەتە وێزگەکە ..هەموو شتێ ئەگۆڕا .....ئاى لەم بێئاگاییە .
- (لەسەر عەرەبانەکە دانیشت و پاڵتۆکەى لە خۆی پێچاو لە ئاسمانى دەڕوانى) ... پێدەچێت ئەمشەو ئاسمان بیەوێت تووڕەییەکەى دەربڕێ (هەستى بەشتێک کرد) بۆیە لەوە ناچێت باران بووەستێت .
- (زۆر هەڵدەلەرزێ) ئەمشەو زۆر سارد دەبێت ..ئەگەر شتێکم دەست نەکەوێت گەرمم کاتەوە ....
- (بێوەستان لە عەرەبانەکەدا دەگەڕێت بۆ شتێکى فەرامۆشکراو تا بیسوتێنێت) بێسوودە ... هەموو شتەکان تەڕبوون ..
- (کارتۆنەکەى ژێری دەرهێنا و گڕی تێبەردا) کێشە نیە ئەگەر قوربانیش بدەم بە راخەرەکەى ژێریشم .
- (لە عەرەبانەکەى دابەزى و جگەرەیەکى پێچایەوە ) لە هەندێ کاتدا وەک ئەمڕۆ هەمیشە هەورە گرمە و بروسکە و باران روو دەدەن ..هەڵەش نیم کەوا دەڵێم ..
- (لە دوکەڵی جگەرەکەى دەروانى و لە نێویدا رۆچووبوو) ئەم جگەرەیە یەکەم بەیانیم بیر دەهێنێتەوە ..
- (ئەکۆکى و خەریبوو ئەخنکا چوو ئاوى خواردەوە و بەمەچەکى دەمى سڕی)
- (مژێکى دیکەى دا لە جگەرەکە و دووکەڵەکەى کرد بەبادا) ئەم لەشە ماندووەم بێ دوکەڵى جگەرە هەست بەچێژ ناکا...ژیانیش بەوەوە خۆشە کە مرۆڤ هەست بە چێژ و گەرمایی بکا ...بەڵام لێرە تەمەن دەڕوا و ئەمانە بەدەست نایەن (بەرەو عەرەبانەکە رۆشت و لەگەڵی دووا) نرخى مرۆڤ پاش پەنجا ساڵ چییە بێ ماڵ ؟ .. بێگومان شتێکى فەرامۆشکراوە و هیچ نرخێکى نییە .. بەڵێ ئاوا ژیان بێ مانا دەبێ .
- (دەنگى گرمە گرمى هەور دێت)
- (ئەترسا) رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سروشت دۆڕاندنە ...ئەم پاڵتۆیەش بەتەنها بەس نیە بۆم ..پێویستم بەبەتانی یە کیشە .
- (هەڵدەستێتە سەرپێ وپاڵتۆکە لە خۆی دەپێچێ) ئاى کە چاکە ..ئەمانە گرنگى تەواو دەدەن بە سەربازەکانیان .
- (خۆی پێچایەوە) هەوڵدەدەم بنووم .
- (راکشا لەسەر عەرەبانەکە و هەوڵیدا بخەوێت ..لەسەرمانا هەر تاپا و تلی دەکرد)
- (دەنگى گرمە گرمى هەور و رەشەبا دێت)
- (دەلەرزى و هەستا ..نەیتوانى بخەوێت) ئەستەمە خەوتن لەم کەش و هەوایەدا ..پێدەچێت رابردووى سروشت پڕ لە نهێنى بێ ..بۆیە بەباران کۆتایی نایە و رەشەباشی هەڵکرد ..سەرم سووڕماوە... وەک ژن شارەزاى هونەری هێرش بردنە و دەست توند دەوەشێنێت ..لەگەڵ ئەوەشدا سروشت بەزەیی بەهەژاراندا دێت ..بەڵام کە رقیان گرت ئەوان توندترن...یا هەموو شتێک دەبەن .. یا هەمووى تێک ئەشکێنن .
- (هەستى بەسەرما کرد) سەرما..سەرما..بەرگەى سەرما ناگرم.. ئەبێ شتێک بکەم 0
- (گەڕا بەدواى شتێکدا ، گوریسێکى بارهەڵگرتنى دۆزییەوە ، پێش ئەوەى هەڵیداتە ناو تەنەکەى ئاگرەکەوە راوەستا و هەستى بە ئازارێک کرد)
- (وەک ئەوەى قوربانى بدات بە شتێکی بە نرخ کە نایەوێ لە دەستى بدات) ئێدى پێویستم پێی نییە ..گوێ نادەمێ.. بە گوریسیش قوربانى دەدەم 0
- (دەنگى مێروویەک دەهات)
- (ئاگاى لە دەنگەکە بوو نزیک دەبوەوە) ببینن .. تۆ بڵەى ئەم شوێنە کوێبێت ؟! (بە هەستکردنەوە) پێم وابێ کەلاوەیە ..بەڵێ...ئای لەم بێ ئاگاییە ،ببینن ..باشە بۆ وێران بووە ؟ ئەى کوا ئەو هاوڕێیانەى تەمەنیان لێرەدا چاند ؟ ئەى ئەوانەى لە دایک بوون ..لێرە هەموو شتێک ئەبێ بە خۆڵ و خۆڵیش دەبێت بە فەنا ..
- ( هاتەوە یادى) لە خۆشیدا ...کە بارانى بێ سەرما دەبارێ ....چەند جوانە زەوى ...شیعر و هاوڕێیەتى ...ئەستێرە و گوڵ ...قامیشی شەکر ..وەک نەزۆکێک سکى پڕبێت ..گەشەی دەکا و گەورە دەبێ .....
- (دەنگى گۆرانى دێ)

هاوڕێکەى : ئەوە چیتە ؟! ... شێت بووى ؟!
پیرەمێرد : خۆزگە .. بەڕاستى شێت بومایە ...
هاوڕێکەى : تا ئەم رادەیە ؟ ..خۆ تۆ یەکەم کەس نیت عاشق بیت ..
پیرەمێرد : بەڵام ..یەکەم جارە عاشقی ببم..
هاوڕێکەى : عەشق واتلێدەکات بەجگەرە خۆت بسوتێنیت ..؟!
پیرەمێرد : پاش ئەوەى هەموو کەس و کارم نارد ..رازى نەبوون شووم پێ بکات ..!
هاوڕێکەى : بەباسکردنت کە تۆ عاشقی کێیت .. کارەکەت لەسەر خۆت گران کرد !!
پیرەمێرد : دنیا پڕدەکەم لە هاوار ...(بەسەرزەنشتکردنەوە) ئەوە منم کە عاشق دەبم ...
هاوڕێکەى : هۆشمەندبە... تا ئەوەى خۆشت ئەوێت بەدەستى بهێنیت ..لە بیریشت نەچێت ..کە ئەوان بووەن !!
پیرەمێرد : چوون بۆ لایان ؟
هاوڕێکەى : بەڵێ چووین و پێشم راگەیاندن کە لە کۆمپانیایت و موچەى هەیە و زەویشی دەبێت .. وە ئێمەش هاوکارییان دەکەین ..بۆ دروستکردنى ماڵەکەیان ..(بە دوو دڵییەوە) بەس داواکەى رەت مەکەنەوە ...
پیرەمێرد : بەراست !! (سەما دەکا و گۆرانى دەڵێت) ژنەکەم خۆشحاڵ دەکەم ...ژنەکەم خۆشحاڵ دەکەم ...
هاوڕێکەى : دیسانەوە گەڕاینەوە بۆ شێتى ...
پیرەمێرد : ئەوە منم (بە شانازى و لەخۆباییەوە) دنیا پڕدەکەم لە هاوار ..کە عاشق دەبم ..

- (دەنگى هەورە گرمە و رووناکى بروسکە دەبینرێت)
- (راما) ئا...بڕواناکەم کەلاوە بێ ئەم شوێنە ...ئەى هاوار من لە کوێم ؟ (خۆی دەکێشێ بە عەرەبانەکەدا) ئا ...ئەمە گۆڕســـــتانە ...بەڵێ ئەوێیە ...ئەوانەش کێلی گۆڕن ........
- (بە ترسەوە گەڕایەوە) مرۆڤ بە هەڵەیا ئەڕوا بۆ بەدەستهێنانى ئاکام ...ئاى لەم بێ ئاگاییە ...وەک گوریسەکە کە بەکارم دەهێنا بۆ بەستنەوە ..ئێستاش بۆ ئەوەى گەرم ببمەوە سووتانم ...هەندێکیش بۆ گیانکێشان بەکارى دێنن !!

دەنگى لێکۆڵەر : ئەوە تۆیــــت ؟
پیرەمێرد : بــۆ دەمناسیت ؟
دەنگى لێکۆڵەر : بۆ نــا ؟ تۆ یەکێک نیت لەو کۆمەڵەیەى کە لە هێڵی شەمەندەفەر کاردەکەن .. باسی نیشتمان پەروەرى دەکەیت ؟
پیرەمێرد : بەڵام دڵنییا نیم ...لە ناسینت !
دەنگى لێکۆڵەر : پەلەى ناوێت ئەمناسیت ..ئێستا پێم بڵێ لە کوێ کۆدەبنەوە و گەورەکەتان کێیە ؟
پیرەمێرد : نایناسم ....
دەنگى لێکۆڵەر : نابینیت ..چۆن بەباشی ئەتناسم ..چۆن نایناسیت ؟
پیرەمێرد : نازانم .. نازانم ..بڕوام پێبکە نازانم ....
دەنگى لێکۆڵەر : ئێستا هەموو شتێک دەزانیت ...وەدەزانیت من کێم ....قسە بکە....دانى پێدا بنێ ...دەى ..دەى ..دەى ..

- (ئازارى هات کە قامچییەکە بەر لەشی کەوت .. پاشان هێور بووەوە)
- ( دەنگى گۆرانییەکى غەمناک دێت)
پیرەمێرد : چەندمان بار هەڵگرد ..بێ ماندوو بوون هەموویمان گەیاندە شوێنى خۆی... بەڵێ ئێستا زانیم تۆ کێیت ..
- (دەنگى جریوەى چۆلەکە دێت)
- (دڵخۆشبوو) ئەم شوێنە کێڵگەیە ..بێگومان کێڵگەیە ...ئاى لەم بێئاگاییە (هەستى بە گوریسی عەرەبانەکە کرد) ئەویـــش وەک شتە زیادەکانى لێهات ..سەیرە ..چۆن وەک ئەم کەلوپەلانە فەرامۆشم کرد ؟


دەنگى کچ : باوکــە.. دەبین بە خاوەنى ماڵی خۆمان ؟
پیرەمێرد : بەڵێ کچەکەم ..دەبین بە خاوەنى ماڵ ..
دەنگى کچ : وەک ماڵی خاڵم ..دار و درەخت و باخچەى تێدا دەبێت.. تا یارى تێدا بکەم ؟
پیرەمێرد : هەموو شتێکى تێدا دەبێت و گوڵیش دەچێنین تێیدا ...ئێ چی تریشت دەوێت ؟
دەنگى کچ : ئەمەوێت لێمان جیا نەبیتەوە و هەموو رۆژێک باسی دار و درەختم بۆ بکەیت ..
پیرەمێرد : خۆزگە ژیان وەک ئەوە بوایە کە تۆ دەیڵێیت .. گۆڕیان و توانایان لێسەندەوە ..وایان لێکرد وەک کەلوپەل بشکێت .. تا فەرامۆشبکرێ ..هەڵە ناکەم .. هەموو شتى بەدەست دێ ..وەهاوسەنگ دەبێ بە بوونى ژیان !!.........لە مناڵیتدا ..هەر شتێک بەردەستم بکەوتایە لە وێنە و کەلوپەل بۆم کۆ دەکردیتەوە ..کە دەمخستە بەر دەستت خۆشحاڵ دەبوویت و وەک چۆلەکە دەتجریواند ..

- ( بەرەو عەرەبانەکە چوو زەرفێکى دەرهێنا کە گەمەى منداڵانى تێدا بوو ) بەڵێ ئێستا زۆرم لەلایە (هەست بە شتێک دەکا) بەڵام چۆن بتوانــم بتبینم ؟

دەنگى دایک : پێویستە لە بیر خۆتى ببەیتەوە ؟
دەنگى کچ : بەڵام باوکمـــە ..دایکە !!
دەنگى دایک : باوک پێویستە پارێزەر و بەخێوکەر بێت ..نەک تەنها بتهێنێتە ئاراوە !! لە براکەت بڕوانە چی لێهاتووە ..ئەگەر ئەو نەبوایە منیش بار هەڵگر دەبووم ..پێویستە گوێڕایەڵى براکەت بیت ؟
پیرەمێرد : (لەتاو ئازار گەمەکانى لە دەست کەوتنە خوارەوە و دەستى گرت بەسەرییەوە) چەندجار هەوڵمدا لەم ئازارە مێشکم بەدوور بگرم ...ئەم لەشە ماندووەم بەدوورخەم لەم بیرۆکانە .. قورسترن لەسەرم ...لە کەل و پەلەکان.. لە تەنیایی...لە دەست بەسەری..لە نەخۆشی ..(بەرەو گڵۆپە کوژاوەکەى شەقامەکە رۆی) لە بێدەنگى ئەم بەیانەش گرانترە لەسەرم !!

- (دەنگى چەکوشی دادوەر دێت)

دادوەر : دادگا کۆبۆوە تا سزا بدات لە کێشەیەک کە لەسەر تۆمەتبار (محەمەد) پێشکەش کراوە .
پیرەمێرد: جەلووم ناوە ...گەورەم جەلوو ..
دادوەر : قەیناکە ..کارت چییە ؟
پیرەمێرد: بارهەڵگر..
دادوەر : بنووسە ..پیشەى کرێکارە ..
پیرەمێرد: بارهەڵگر گەورەم بارهەڵگر ..کرێکار نیم ..
دادوەر : کارەکەم فێردەکەیت ؟
پیرەمێرد: ببوورە گەورەم تەنها ویستم راستى بکەمەوە ..
دادوەر : هەڵە لە کوێدایە ..بارهەڵگر بیت یا کرێکار ؟
پیرەمێرد: گەورەم کرێکار..هەڵگرى دڵنیایی کۆمەڵایەتییە و مووچەى خانەنشینیشى هەیە .. بەڵام بارهەڵگــــر..
دادوەر : باشە بنوسە پیشەى کاسبە.. ، ئەم ماوەیە تۆ لە کوێ بوویت ؟
پیرەمێرد: دەستبەسەر بووم و گواسترامەوە بۆ بەندیخانە ، لە بەندیخانەشەوە بۆ دەستبەسەری !
دادوەر : وە هێشتا ماویت ؟!
پیرەمێرد : وەک ئەمبینیت ..گەورەم ..
دادوەر : سەیرە ! چۆن لە سێدارە نەدراویت ؟
پیرەمێرد : بەڵێ ئەوە چارەنووسمە ..
دادوەر : لە بەختى منە ..! بنووسە ...پاش خوێندنەوەى لاپەڕەکانى کێشەکە لەگەڵ بۆچوونەکانى راپۆرتى سکاڵاکار ، وە ئەو پسولەى پارانەى تۆمەتبار داویەتى لە کاتێکدا کە لە کۆمەڵەى کرێکاران بووە و ئێستا هەڵوەشاوەتەوە ...دادگا بڕیاریدا دەزگاى ناوبراو پەیوەستکات وەک پەیوەندییەک پێوەى بە دابین کردنى پارچە زەوییەک بۆ تۆمەتبار و کێشەکەشمان داخست ..
پیرەمێرد : زەوییم دەدەنێ ..گەورەم ؟!
دادوەر : بەڵێ ...بۆ نـــــا !؟
پیرەمێرد : ئەو زەوییە دەبێت لە کوێ بێت گەورەم ؟
دادوەر : لەوانەیە لە گەڕەکى مەریخ بێت !!
پیرەمێرد : گەورەم ... ئەو گەڕەکە دەکەوێتە کوێوە ؟
دادوەر : نزیکە....زۆر دوور نییە لە خۆرەوە !!
پیرەمێرد : (بە بێزارییەوە گەمەکانى لە زەوییەکە هەڵگرتەوە) هەموو شتێ دەبێ بە گڵ و گڵیش دەبێ بە فەنـــا .....هیچ شتێک نەما ئەم دڵەم خۆش کا ....لەشم لەسەرمەوە تا قاچم ماندووە ...ئێدى توانام نەمــــــا (هاواریکرد) ئێدى توانام نەمـــــا (لەسەر عەرەبانەکە راکشا) قەینا ...وادیارە کۆتایمە ....دروستبووین تا بمرین ( هەستا و دەستى کرد بە کۆکردنەوەى کەلوپەلەکان ) دواجار....پێویستە کاربکەم تا لە چاڵێکى فەرامۆشکراودا بم و باران لێمدا .

- (رووناکییەک دای لە دیوارەکە )
- ( بە ئاگاى هێنایەوە) ئێرە وێزگەیە (بە خۆشییەکى زۆرەوە) ئێـرە وێزگەیە .
- (دەنگى شەمەندەفەر دێت کە بەهێواشی دەجوڵێت)
- (دەستى بەرەو رووناکییەکە برد) ئەوە شەمەندەفەرێکى نوێ هات (بە دەستى ئاماژەى بۆ کرد) خۆیەتى ............خۆیەتى....
- (پاڵی نا بە عەرەبانەکەوە و رووبەڕووى شەمەندەفەرکە بووەوە)
- (لە زۆربەى شوێنەکانەوە دەنگى تەقینەوە هات لەگەڵ کەوتنە خوارەوەى پارچەى شت)
- (ئاوڕێکى دەوروبەرى دایەوە و بەردەوامیدا بە رووبەڕوو بونەوەکەى)
- (دەنگى تێپەڕبوونى خێرایی شەمەندەفەر هـــــات)

(پـەردە)

 

yousif_kazh@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک