٢١\١١\٢٠١٩
فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران
بە نمایشکردنی ١٤٠
فیلم لە ٢٥ وڵاتەوە بەڕێوەدەچێ.
مەنسوور جیھانی
"سەیدسادق مووسەوی" دەبیر و بەرپرسی سیوشەشەمین خولی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران گوتی: سیوشەشەمین خولی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، بە نمایش کردنی ١٤٠ فیلم لە
دەرھێنەرانی ٢٥ وڵاتی جیھان لە تاران بەڕێوەدەچێت.
بە پێی ڕاپۆڕتی لێژنەی ڕاگەیاندنی گشتیی سیوشەشەمین خولی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، کۆنگرەی رۆژنامەوانی سیوشەشەمین خولی
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، بە ئامادەبوونی "سەیدسادق
مووسەوی" دەبیر و بەرپرسی فێستیڤاڵ، "ئارش عەباسی" بەڕێوەبەری
پەیوەندییەکان و راگەیاندن و راوێژکاری دەبیری فێستیڤاڵ و چالاکانی
راگەیاندن لە ھۆڵی رێکخراوی کاروباری سینەمایی لە وەزارەتی فەرھەنگ و
ئیرشادی ئیسلامی لە شاری تاران بەڕێوەچوو.
"سەیدسادق مووسەوی" دەبیر و بەرپرسی سیوشەشەمین خولی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران لە سەرەتای ئەم کۆنگرەی رۆژنامەوانییەدا
گوتی: سەرەتا لە ھەموو راگەیاندنەکان لەبەر ئەو ھەموو زەحمەتەی کە بۆ
کورتە فیلم دەیکێشن، سوپاسیان دەکەم. سیوشەشەمین خولی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران؛ بە مەبەستی ناسین و ناساندنی باشترین
بەرھەمەکانی کورتە فیلم لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا و
ھەروەھا دروست کردنی رکابەرییەکی سازێنەر لە نێوان فیلمسازان و بە
نمایش کردنی ١٤٠ فیلم لە دەرھێنەرانی ٢٥ وڵاتی جیھان لەوانە؛ ئیسپانیا،
فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئەمریکا، رووسیا، کۆماری چیک، سویسڕا، ھۆڵەندا چین،
کەنەدا، ئیتاڵیا، فینلەندا، پۆڵەندا، بولگاریا، پۆرتوگال، ھیندوستان،
بەلژیک، نیپال، ئیسلۆوێنی، سەنگاپوور، ژاپۆن، پرۆ، لیتوانی، تورکیا،
لۆکزامبۆرگ، کرۆواسی، سێربستان، ماڵتا و ھەروەھا بە ئامادەبوونی
ناوبژیوانانێک لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لەوانە؛ نیوزلەند،
ھیندووستان، پۆرتوگال، بەلژیک و ئێران لە چەندین بەشی رکابەری نەتەوەیی
و نێونەتەوەیی پێکھاتوو لە کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، بەڵگەفیلم،
ئەزموونی و ئەنیمەیشێن و بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی پیشەیی و
پسپۆڕانە و زانستی و کارگە و وۆرکشۆپەکانی فێرکاریی سینەمایی لە رۆژانی
١٨ تا ٢٤ی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی ھەتاوی رێکەوتی ٩ تا ١٥ی نۆڤەمبری
٢٠١٩ی زایینی لە پەردیسی سینەمایی میلەت لە شاری تاران بەڕێوەدەچێت.
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بێگومان گرینگترین فێستیڤاڵی
رۆژئاوای ئاسیایە.
مووسەوی ھەروەھا گوتی: ئەم فێستیڤاڵە بێگومان گرینگترین فێستیڤاڵی
رۆژئاوای ئاسیایە و لە راستیدا میراتی نەتەوەیی ئێمەیە. یەکەم لەبەر
ئەوەی کە پێشینەیەکی سیوشەش ساڵەی ھەیە، لە حاڵێکدا کە ٨٠ لەسەدی
فێستیڤاڵەکانی جیھان پێشینەی کەمتر لە ١٠ ساڵیان ھەیە. دووھەم ئەوەی کە
ژمارەی ئەو بەرھەمە نێردراوانەی کە لەم ساڵانەدا بە نووسینگەی
فێستیڤاڵەکە گەیشتووە، ئەم بابەتە پشتڕاست دەکاتەوە و سێھەم ئەوەی کە
ئاستی میوانەکانی نێودەوڵەتیی ئێمە و ھەروەھا خەڵاتەکانی نەغدی کە لەم
فێستیڤاڵە بوونی ھەیە، نیشاندەری گرینگیی ئەم فێستیڤاڵەیە.
نمایش کردنی ٥٠ فیلم لە بەشی نێونەتەوەیی فێستیڤاڵ لە دەرھێنەرانی ٢٥
وڵاتی جیھان.
دەبیر و بەرپرسی سیوشەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی
تاران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەمساڵ بە ھۆی ئەو بارودۆخە
ئابوورییەی ئێستا کە لە وڵاتی ئێمەدا ھەیە، کەم بوونەوەی ٥٠ لەسەدی
بوودجەمان ھەبووە. پارە و بوودجەی ئێمە لەم کاتەی ئێستادا لە لایەن
رێکخراوی سینەمایی ٢ میلیارد تومەنە، بەڵام بە پاڵپشتیی شارەداری تاران
بڕیار وایە، بەشێک لەم تێچووانە دابین بکرێت. بەم بارودۆخە، چەندین
میوانمان لە وڵاتانی جۆراوجۆر وەکوو نیووزلەند، فەرەنسا، پۆرتوگال، ھین،
تورکیا، ئەڵمانیا و ھتد دەبێت. چەندین کۆر و کۆبوونەوە و کارگەی
فێرکاری لە لایەن میوانانی بیانی بە شێوەی بێ بەرامبەر بەڕێوەدەچێت.
ھەروەھا لە بەشی کێبڕکێدا بە گشتی ١١٠ وڵات بەرھەمەکانی خۆیان ناردووە
کە لە مانگی رەشەمە، رێکەوتی مارسی ساڵی پار قۆناغی دووبارە بینینەوەی
ئەم فیلمانە دەستی پێکرد و لە کۆتاییدا ٥٠ فیلم لە ٢٥ وڵات لەم
فێستیڤاڵەدا ئامادە دەبن.
نمایش کردنی ٩٠ فیلم لە دەرھێنەرانی ئێرانی لە بەشی نەتەوەیی فێستیڤاڵ.
مووسەوی رایگەیاند: لە بەشی نەتەوەییدا ١٦٤٨ بەرھەم بۆ نووسینگەی
فێستیڤاڵ نێردرا و کەمتر لە ١٠ لەسەد واتە ١٤٠ بەرھەم لە فێستیڤاڵەکە
وەرگیراوە. لە بەشی چیرۆکیدا ١٠٢١ فیلممان ھەبوو کە دەستەی ھەڵبژاردن
دەبوایە لە ماوەی دوو مانگدا ئەم رێژە فیلمە ببینێت کە یەکجار کارێکی
سەختە. بۆ یەکەمین جار ١٠ کەس وەکوو دەستەی ھەڵبژاردن دیاری کران کە لە
چوارچێوەی دوو گروپی ٥ کەسیدا ھەر کامە ١٠٠ فیلمیان بە ئێمە ناساند. لە
قۆناغی دواتردا، دەستەی ھەڵبژاردن ٢٠٠ فیلمیان سەرلە نوێ بینییەوە و لە
کۆتاییدا ٦٧ فیلمی چیرۆکیمان ھەڵبژارد. ھەڵبەت رێژەی ئەندامانی
دەستەکانی ھەڵبژاردنی ئەنیمەیشێن، ئەزموونی و بەڵگەفیلم کەمتر بوون.
بلیت فرۆشیی ئینتەرنێتی.
دەبیری فێستیڤاڵی جەختی کردەوە: ھەر وەکوو دەزانن ئەمساڵ بۆ یەکەمین
جار، بلیت فرۆشیمان ھەیە. ھەڵبەت نرخێکی گونجاوی بۆ لەبەر چاو گیراوە و
چەندین داشکاندنی بۆ لەبەر چاو گیراوە، بەم حاڵەشەوە یەکجار لە لایەن
دۆستانەوە رەخنەی لێ گیراوە. بەم پێیە باشترین دەرگایەک کە دەمانتوانی
دابین بکەین ماڵپەڕی "سینەما تیکێت" بوو. ئەم کارە بۆ ئێمە تێچووشی
ھەبوو، بەڵام لەم رێگایەوە، بۆ یەکەمین جار ھەموو فیلمەکانی فێستیڤاڵ،
پۆستەر و تیزێر و بەشەکانی دیکە لەسەر سایت بوونیان ھەیە.
نمایش کردنی فیلم واتە چوونە ناو چەرخەی بەئابووری بوون.
"ئارش عەباسی" بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن و راوێژکاری
دەبیری سیوشەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران لە
درێژەی ئەم کۆنگرەیەدا گوتی: نمایش کردن پێناسەیەکی ھەیە کە واتە چوونە
ناو چەرخەی بەئابووری بوون و بێجگە لەمە پێناسەیەکی دیکەی نیە. نمایش
کردن واتە ئەوەی کە ئێوە شتێک بۆ بەردەنگ ئاراستە بکەن و پارەی لێ
وەربگرن و بۆ ھاندانی ئەو دەبێ کارگەلێک بکەن کە ئەو بۆ بینینی
فیلمەکەی ئێوە دابنیشێت، ھەر بەم ھۆیە، بە بۆچوونی من کورتە فیلم نابێ
بچیتە ناو چەرخەی نمایش کردنەوە. تەنانەت شانۆ بۆ ھەمووان نییە، بەڵکوو
بۆ کەسانی تایبەتە.
بەشی رکابەریی "کتێب و سینەما".
عەباسی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: ئەمساڵ پێنجەمین ساڵێکە کە
لەگەڵ ماڵی کتێب ھاوکاریمان ھەبووە. لەم ھاوکارییەدا بەرنامەگەلێکی
جۆراوجۆر پێشبینی کراوە کە بریتین لە کێبڕکیی "کورتە چیرۆک بۆ ئیقتباس"،
چاپ و بڵاو کردنەوەی چەندین کتێبی نوێ و بەشی رکابەریی "کتێب و سینەما".
ئەمساڵ ٣٠٢ بەرھەم بۆ بەشداریی لەم بەشە داواکارییان ھەبووە کە بریتییە
لە ١١ بەرھەمی چیرۆکی، ٥ بەڵگە فیلم، ٢ فیلمی ئەزموونی و ٦ بەرھەمی
ئەنیمەیشێن. لە بەشی کێبڕکێی کورتە چیرۆک بۆ ئیقتباس، ٦٥٠ کورتە چیرۆک
بۆ ئەم نێردراوە. ئەم بوارە یەکێکە لەو رێگایانەی کە دەتوانێت کێشەی
دەقی سیناریۆی فیلم کەم بکاتەوە. لەم بەشەدا بە ٣ بەرھەم خەڵاتی نەغدی
پێشکەش دەکرێت و بڕیار وایە ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران کۆپی رایتی
١٠ بەرھەم بکڕێتەوە.
بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵ لە پارێزگا جۆراوجۆرەکانی ئێران.
دەبیری سیوشەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران
ھەروەھا رایگەیاند: ئەمساڵ فێستیڤاڵ لە پارێزگا جۆراوجۆرەکانی ئێران،
لەوانە؛ بووشێھر، خۆراسانی باشوور، کرمان، ئەردەبیل، زەنجان، یەزد،
ئیلام، ھۆرموزگان، مازەندەران، ئازەربایجانی رۆژھەڵات، قوم و خووزستان
بە شێوەی ھاوکات بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوەچوونی کۆڕ و کۆبوونەکانی زانستی و توێژینەوەیی "٣٦ ـ ٢٠".
ئەوەشی راگەیاند: وەکوو ساڵانی رابردوو کۆڕ و کۆبوونەوەکانی زانستی و
توێژینەوەیی لەژێر ناونیشانی "٣٦ ـ ٢٠" بەڕێوەدەچێت. ئەم کۆڕ و
کۆبوونەوە پسپۆڕانەیە لە ماوەی ٥ رۆژدا، بە ئامادەبوونی دەبیری ئەو
کۆبوونەوەیە و سینەماکاران و کارناسان بەڕێوەدەچن. ھەر وەکوو دەزانن لە
ساڵانی رابردوودا ئەم کۆڕ و کۆبوونەوانە لەگەڵ پێشوازییەکی باش
بەرەوڕوو ببوون.
کۆڕبەندی خوێندنەوەکانی کورتە فیلم.
"سەیدسادق مووسەوی" دەبیری سیوشەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی
کورتە فیلمی تاران لە کۆتایی ئەم کۆنگرەی رۆژنامەوانییەدا بە ئاماژەدان
بە کۆڕبەندی خوێندنەوەکانی کورتە فیلم، گوتی: لە خولی سیوسێھەمی
فێستیڤاڵدا، یەکەمین کۆڕبەندی کورتە فیلم بەڕێوەچوو کە کۆڕێکی باش بوو،
خوازیارێکی زۆری ھەبوو. دوو ساڵ لە بەڕێوەچوونیدا وەستانێک ھەبوو.
بەڵام ئەمساڵ بۆ دووھەمین جار ئەم کۆڕبەندە بەڕێوەدەبەین، بەڵام نەک لە
فێستیڤاڵ، لەبەر ئەوەی کە لەوانەبوو ئەم رووداوە بکەوێتە پەڕاوێزەوە.
ئەم کۆڕبەندە لە مانگی رەشەمە، رێکەوتی مارسی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت و ئەم
رۆژانەش دوایین دەرفەت بۆ ناردنی وتار و بەرھەمەکانە.
لە کۆتایی ئەم کۆنگەرەی رۆژنامەوانییەدا، پۆستەری سیوشەشەمین خولی
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران پەردەی لەسەر لادرا.
راگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە
فیلمی تاران
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|