په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٢\٢٠١٠

(فەتانە) وێرانەیەک لێوان لێو لەجوانى.
دنیا بە ئینتیزارى شیرین تەشى دەڕێسێ.


هەردى شەفیق   

 

نە تۆ باکت بەو بۆشاییە هەیە بە جێیهێڵىء کەس نیە پڕى بکاتەوە، نە ئەو عالەمەش بەدڵى تۆ. دەدەنگ هەڵبڕە تا گەرووت لە دوکەڵى جگەرەکانى نا ئومێدى پاک بکەیتەوە، دەنگ هەڵبڕە جارێکى تر (ئەى یارى نازدارم) ئەدا بکە، با یار هەر لە سەفەرى بێوەفایى بێت، با یار هەر بە گوللەى فەرامۆشى بتکوژێ، گوێ مەدەرێ دەنگ هەڵبڕە، ئاخر دەنگ هەڵبڕین ئەوکاتە جوانە برینەکانى ڕۆحت گۆرانى ئەڵێن نەک خودى خۆت، تۆ ئەداى دڵشکانێک ئەکەیت بەهارى جوانێتى کردووەتە پایزێکى پەژموردە. دەنگ هەڵبڕە ئەو کاتەى سێبەرى پیرە دارێک سەر بوردەى عیشقێکى ناکامء دڵێکى پێکراوء ئەوینێکى کوژراوت لەسەر ئەم شەقامە دڵڕەقء بێبەزەییەى ژیان دێنێتەوە بەر چاو. ئەوە چ دڵێک بوو توانى بەو ساناییە ووردء خاشاکت بکات، هەلا هەلات بکاء بە لە بیر چوونەوەیەکى تا هەتایت بسپێرێ؟! ئەو کێ بوو دڵى هات کوکوختیەکى غەریب لە گەروى تۆدا بخنکێنێ؟! عیشقێک لە ناو دڵى تۆدا بدات لە خاچ؟! دەنگ هەڵبڕە ئێستا ئیتر نەیارى نازدار عەترى عەشق ئەدا لە کراسەکەىء نە بە خوێنى خۆى نامەکانى ئەنوسێء نە شەوانە بە دیار مۆمء پەروانەوە بەناو دنیاى داڵغەء جوانیا تۆ ئەکات بە بووکى خەیاڵ. ئەزانم گەروى تۆ خوێنى کۆنە ئەوینێکى کوژراوى تێدا ماوە، بەڵام گەروى تۆ کەى هى ئەوەیە ژەنگى زەمانە بیداتە دەست گۆڕى فەرامۆشى، قسەڵۆک لە سینەتدا بیتاسێنێ؟!


من ڕقم لە هەموو ئەو کچء کوڕانەیە ئەوەندەى مسقاڵە زەڕەیەک ڕۆحیەتء خەیاڵ، نە لە دەنگیان، نە لە شیعریان، نە لە کلیپیاندا نا دۆزیتەوە. دەنگ هەڵبڕە با شیرین تەشى ئەوینێکى کوژراو هەڵبگرێتەوەء بچێتەوە بۆ مەڕ دۆشینء لەناو لالەزارێکا گۆرانى بۆ ئەو کوڕە شوانە بێژێ هێشتا دوکەڵى کارگەکان، دوکەڵى تەکنەلۆژیا ناو دڵیان نەکردووە بە ئاسن. دەنگ هەڵبڕە با شیرین بچێتەوە مزگەوتەکەى ئاوایىء لەوێ لەتەک فەرهادەکەیدا دەست بدەن بە قورئاندا خەیانەت لە یەکترى نەکەن. دەنگ هەڵبڕە تاعونى خەیانەت بووە بەو ئاگرەى بێباک لە خەمى ناو دڵى شیرینەکانا ڕەشء سپیمان بە یەکەوە ئەسوتێنێ. گۆرانى ئەوینێکى دێوانەیى ئەدا بکە با ئەو دەنگ کوژەى ئێوارەیەک دەردى دڵشکان نەیگریاندووە، بگرى، با ئەو خوێن ڕێژەى تیرى مەحەببەت جارێک نەیپێکاوە بیپێکێ، با ئەوەى باخچەو گوڵ ئەکات بە خۆڵەمێش جارێک بە خۆڵەمێش بوونى دڵى خۆى ببینێ. هەموو ئەو عیشقە زیندە بە چاڵکراوانەمان بێنەرەوە یاد لە شەوە تاریکەکانا ڕۆحمان بۆ ئەکردن بە مۆم، ئەو ئێوارە ناوەختەمان بێنەرەوە بیر سەرمان تیا بچوایە نەمان ئەهێشت پەیمانێکمان تیا بچێت. دەنگ هەڵبڕە تۆ ئەزانیت لاشەى مرۆڤ دائەڕزێ بەڵام گوڵکانى ڕۆح ماڵى پەژموردە بوون نین، تۆ ئەزانى مرۆڤ زۆر بە ئاسانى بە قسە، بە گوللە، بە ئازار ئەکوژرێ، بەڵام هیچ هێزێک نیە ئاسەوارى وێرانەى عەشقێک لەسەر دڵى دێوانەیەک بسڕێتەوە. دەنگ هەڵبڕە ئێستا ئیتر سەردەمى قاتء قڕى ئەو گۆرانیانەیە بۆنى عەترى ڕۆحى ئەوینێکى حەقیقیان لێدێ، ساڵى ئەو کونەپەپووە شومانەیە بەسەر وێرانەى جوانیا ئەخوێننء گۆرانى بە باڵاى بە کاڵاکردنء بە مۆدێل کردنى عەشقا ئەڵێن، ئاخر نازانن عەشق سرووشتى شەرابى هەیە تا تاڵترء کۆنتر بێت تامى خۆشترە. دەنگ هەڵبڕە با ئەو باخە سەوزانەى جاویدانى ببینێت لە ناو خوێنى ڕژاوى دڵەکانء ئەشکى دیدەکانا سەوز بوون. دەنگ هەڵبڕە ئەوانەى بە گوللەى قسەڵۆک ئەتکوژن من دڵنیام ڕۆژێک تێدەگەن ئەوان دڵى خۆیانیان پێکاوە ئیتر درەنگە بۆ پەشیمانى، ئیتر درەنگە بۆ داواى لێبوردنء پەنجە گەستن ئیتر کات بەسەر چووە بۆ پەشیمانى، بەڵام بە چى ئەچێت گوڵە کۆستکەوتووەکەى دونیاى جاویدانى، کۆترە ئەوینە سەربڕاوەکەى دنیاى بەرائەت، پەروانە کوژراوەکەى نێو دنیاى دڵڕەقى کاتێک ئەوان درک بەم حەقیقەتە بکەن عەیامێک بێت تۆ ماڵئاوایت لە گۆرانىء لە جوانىء لەسەر بوردەى عەشقێکى ناکام کرد بێت؟! دەنگ هەڵبڕە با لە پاڵ دڵشکانا هەست بکەین ئەوین لەززەتێکى ڕاگوزەرینە بەڵکو ئاهوزاریە، بیماریە مانا ئەداتەوە بە حەقیقەتى عیشق، مانا ئەداتەوە بەو ماڵانەى لێوان لێون لە عاتیفەو لە بەختەوەرى، نەک ئەو کۆشکانەى سەروەتء سامان نەیتوانیوە بەردێک بخاتە سەر بیناى خۆشبەختىء ئاسودەگیان. دەنگ هەڵبڕە ئەشێت لەم چاخە ویژدان بەستووەدا دێوانە گەلێک مابن لە تەنیشتى زۆپاى ئەو گوندانەوە دوکەڵەکانیان وەک هەناسەى تۆ ئەچێت بە ئاسمانا، ئەشێت کوڕگەلێک مابن لە بن گوێستەبانەى خانووە خۆڵەکانا خۆیان مات دابێت تا کچەکان لە کاتى گەڕانەوەیان لە کانى لە پشت گۆزەکانى سەر شانیان تیلەى چاوێکیان تێبگرنء تابەیانى خەوى پێوە ببینن.


بەڵام ئەسەف من حەیف لە دڵێک ئەخۆم چۆن دڵى هات عیشقێک لە سینەى تۆداء ئەو دەنگەش لە گەروى تۆدا بکوژێ؟! چۆن دڵى هات مەملەکەتێک لە ئەداء نۆتەء جوانى خاپور بکاتء تۆش بباتەوە باوەشى پیرە دارێکى تەنیا تاڕازء نیازى ناکامیتان بۆ یەکترى بگێڕنەوە!! حەیف سەردەم، سەردەمى بەسەر چوونى جوانیەکانء ئەڤینە پیرۆزەکانەء تۆش لەم سەردەمى نەمانى ڕۆحیەتء بە کاڵا بوونى مرۆڤەدا، لەم سەردەمى بۆگەن بوونى ئەوینەدا نەپیرى ڕێت پێ ئەدات گۆرانى بڵێیتء نە شیرینیش حەوسەڵەى ڕستنى تەشیە کۆنەکەى عیشقى هەیە، بەڵکو ئێستا ئەو تەشى عیشقى کوژراو ئەڕێسێ. حەیف تۆ داوا ئەکەیت کەسێک دڵى شکاوت بداتەوەء دیگەران تەشى بێباکى ئەڕێسێن، ئەوان گۆرانیەکەى (شیرین) یان لە تۆ دەوێء تۆش تەشى عەشقێکى لە دەستچوو ئەڕێسى.

 


Jgarsoz8181@yahoo.com