٢٢\٣\٢٠١٦
فەیسبووکە
چیرۆک - ١٣ -.
(دارەبازە)*یەك
و سەگێك.

فەتاح حەسەن
ژنە رەشپۆشەکە لە ئاپۆرەی خەڵکەکەدا بەقوڕگی پڕ لە گریانەوە ئەم دوو
رستەیەی دوپات دەکردەوە چیبێت لەوە ناخۆشتر کە پارچەیەك لە جگەرت
لەپێناو هیچدا لەدەستبچێت؟! ئەوانیش دڵنەواییان دەدایەوە، بەراستی
روداوێکی دڵتەزێنە ، بەڵام لەگەڵ مەرگدا هیچ ناوترێت .. ئانو ساتی بۆ
نییە کتوپڕ ئامبازی مرۆڤ دەبێت .. تادەهات ماتەمگێڕان ژمارەیان بەرەو
هەڵکشان دەچوو بەدوی دارەبازە و سەگەکە دەکەوتن، ئەوەی جێگەی تێرامان
بوو سەگەکە زیاتر ماتەمگێڕی بەدوکەوتبو، پیاوێکی پیر خۆی لە ژنێك نزیك
کردەوە، کە دواهەمین کەس بوو هەنگاوی قورسی بەدوای سەگەکەدا دەنا،
خەریکە دڵم دەتەقێت دەبێت نهێنی ئەمە چیبێت خەڵکێکی زۆرتر بەدوی سەگەکە
کەوتوون ؟! چیبێت لەتۆ نهێنی دەڵێن جوانەمەرگە ناکۆمان بوەو دوو ساڵ
لەگەڵ ئەو سەگەدا لە شوقەیەکی تاکە ژوریدا ژیانیان بەسەربردوە، ئەمڕۆ
بەقوروسکە قورسك دانیشتوانی ئاپارتمانەکەیانی بەئاگاهێناوە کاتیك دەچنە
ژورەکەی دەبینن کوڕە لەپەوڕوو لەسەرپێخەفەکەی کەوتوە و تەمەنی درێژی بۆ
ئێوە بەجێهێشتوە، کابرای پیرە وتی ئامادەم بەهەر نرخێك بێت ئەو سەگە
بکڕم ، ژنەکەش وتی :-بەبێدەنگیی بەدوای مندا وەرە، ئێمە هەمو سەرەمان
گرتوە بۆ ئەو سەگە، پاش بەخاکسپاردنی جوانەمەرگە، تیروپشکی بۆ دەکرێت.
__________________________
*
دارەبازە: دارەمەیت.
بێللا.*
بەر لە چوار ساڵ ( بێللا) ی چوو بەدڵا، چوار ساڵیش کەم نییە بۆ دووان
هۆگری یەك ببن، کەم ڕۆژ هەبوە پێکەوە پیاسەیەکی دەوری دەریاچەکە یا
باخەکەی نزیك ماڵی خۆیان نەکردبێت. لەسەر ئیشەکەی بیری لێدەکردەوە،
بڵێی ئێستا لەماڵەوە بەتەنها جاڕس نەبوبێت ؟! چاریش نییە هەر دەبێت
بەتەنها بەجێیبهێڵێت، ئەی ئەگەر ئیش نەکات بەچی بژین ؟! پاشان ئەو
یەکێك بو لەوکەسانەی بێ ئیشی دوژمنی باوەکوشتەی بوو، خۆ دەیتوانی بۆ
ماوەی دووساڵ لەسەر پارەی سندیکا لە تەڕ بخواو لە وشك بنیشێت ، بەڵام
ئەوە لەو ناوەشێتەوە، ئەو حەز بەوە دەکات رۆژانە لە فەرمانگە، هەشت
کاتژمێر لە پشتی مێزەکەیەوە بەڕێبکات. ئەمڕۆ خۆی دڵی بەپیزەوە بو،
خواردنە تایبەتەکەی ( بێللا) شی کڕی و قفڵی پاسکیلەکەی کردەوە، بەسەر
پاسکیلەکەوە هەرمنجە منجی بو، ئیتر نازانم جنێوی بەخۆی دەدا یان بە
ئەلکهول ،ئەگەر بەسەرخۆشی ئۆتۆمبیلەکەی لێنەخوڕیبایە ئێستا ئەویش وەك
هاوڕێکانی سلفی لێدەدا و ترسی بارانی نەدەبوو. کردبووی بەخوو، شەوانە
نزیکەی کاتژمێریکی بە چاتکردنەوە بەسەردەبرد بەزۆری خولیای فەیسبووك و
ئەو سایتانە بوو کە تایبەت بوون بە گەڕان بەدوای هاوڕێ دا بۆ خۆشەویستی
و هاوسەرگیری، پێدەچوو فەیسبووکیش بۆ هەمان مەبەست بەکاربهێنێت، ئەمشەو
چاوی بە پرۆفایلی چەند ژنێکی هاوتەمەنی خۆیدا گێڕا، هەڵوێستەی لەسەر
یەکێکیان کرد، کە لە زۆر لە حەز و ئارەزوەکانیاندا هاوشێوەبوون، تاکە
حەز کە لەتەك حەزی ئەودا نەدەگونجا هەستەوەربونی بوو بە توکی سەگ،
هەناسەیەکی قوڵی بۆ هەڵکێشا، کارێکی ئاسان نییە هەروا سوك و باریك
دەستبەرداری ( بێللا ) بم، هەروەك بێگاری پێبکەن بە لەشقورسییەکەوە
کۆمپیوتەرەکەی کوژاندەوە.
__________________________
*
بێللا: وشەیەکی ئیتالییە بە واتای (جوان
- باش) دێ، ئەوەی شایانی باسە، لە ئەروپا ئاساییە ناوی مرۆڤ و ئاژەڵ
لەیەکبچێ.
_______________________________
تێبینیی:
بۆ زیاتر ئاشنابوون بە
تایبەتمەندییەکانی فەیسبووکە چیرۆک، دەتوانیت
کرتە لەسەر ئەو لینکانەی خوارەوە بکەی:
بەشی دوازدەم:
www.emrro.com/feysbukecirok12.htm
بەشی یازدەم:
www.emrro.com/feysbukecirok11.htm
بەشی دەیەم:
www.emrro.com/feysbukecirok10.htm
بەشی نۆیەم:
www.emrro.com/feysbukecirok9.htm
بەشی هەشتەم:
www.emrro.com/feysbukecirok8.htm
بەشی هەفتەم:
www.emrro.com/feysbukecirok7.htm
بەشی شەشەم:
www.emrro.com/feysbukecirok6.htm
بەشی پێنجەم:
www.emrro.com/feysbukecirok5.htm
بەشی چوارەم:
www.emrro.com/feysbukecirok4.htm
بەشی سێیەم:
www.emrro.com/feysbukecirok3.htm
بەشی دووەم:
www.emrro.com/feysbukecirok2.htm
بەشی
یەکەم:
www.emrro.com/feysbukecirok1.htm
•
فەیسبووکە چیرۆکەکانم، بە
زۆریی زادەی کۆمەڵگەی دانیمارکیین.
دانیمارك
/ ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|