٢٥\٥\٢٠١٦
فەیسبووکە
چیرۆک - ١٤ -.
سەهۆڵاو.

فەتاح حەسەن
لێرە .. لە دانیمارك، پێموابێت لە زۆربەی وڵاتانی ئوروپایش هەروابێ،
خواردن لەگەڵ خۆیاندا دەبەن بۆ خوێندنگا، سەر کارەکەیان .. وە لە
پشویەکی کورتدا دەیخۆن، لە کۆرسێکی زمان دا بووم لەکاتی پشوودا، بوتلێك
ئاو- و خواردنەکەم لەکۆڵەپشتەکەم دەرهێنا، لەسەر مێزێك دامنا، بەدەم
قسەکردنەوە هەریەکە و توێشەبەری خۆی دەخوارد، من چەند تامزرۆی جگەرە
کێشان بووم ژنەکەی بەرامبەرم دووئەوەندە، لەبەرئەوە بەخێرایی نانەکەمان
خوارد و بەڕێکەوتین بۆ شوێنی جگەرەکێشان، بەدەم جگەرەکێشانەوە وتی:
رۆژی شەمە ساڵڕۆژی لەدایکبونی کچەزایەکمە ، خۆشحاڵ دەبم ئەگەر تۆش
بێیت، منیش سەری رەزامەندیم بۆ لەقاند، بۆ رۆژی شەمە بەخۆم و
دیارییەکەوە لە باخچەیەکی نزیك ماڵەکەیان ئامادەبووم، دوای کۆتاییهێنان
بە ئاهەنگە خنجیلانەکە، کەوتینە کۆکردنەوەی شتومەکەکان و پاککردنەوەی
باخچەکە، هاوڕێیەکی کچەزاکەی کە دانیمارکی بوو لەوەدابو سوراحییەك
سەهۆڵاو بڕژێت، دایکی بەدەنگێکی نزم بە منداڵەکەی وت: - نا .. هاوڕێ
بچکۆلەکەم، نەکەی نەیڕێژیت .. دەستی بەسەریدا دەهێنا و دەیوت : لە
هەندێك وڵات مرۆڤ هەیە لە بێ ئاویدا لچ و لێوی قڵیشاوە و خەریکە لە
تینواندا بخنکێت، نا .. نابێت .. دەیبەینەوە ماڵەوە.
دەزانن پێبکەنن؟!
هەردەبوایە خانەنشینی پێشوەخت*
بکرابامایە منێکی ئالودەبووی کیمیاوی ، تەنگەنەفەس و گیرۆدەبوی
پشتئێشەو و هەوکردنی گەدە ، کەی لەبازاڕی کاری ئێرە جێگەی دەبێتەوە، خۆ
ئەگەر بشهاتبایە نەخۆش نەبومایە ئەوا پیرییەکەم دەبووە ڕێگر لەبەردەم
بەدەستهێنانی کاردا، چونکە هەتا گەنج و چالاك وەستابێت پیرو پەککەوتە
ناخەنە سەر کار. خەڵکی ئێرە هێندە سەرقاڵی کارن، کات بەشیان ناکات و
نایانپەرژێتە سەریەکتری، بەیانیان لە شەمەندەفەر و پاس دا بەباوێشك و
عەسران بە دەم خەوەوە دەچنە سەر کار و دەگەڕێنەوە، منیش لەبێکاریدا
کتێبخانەم کردبوو بە کانی، کەمرۆژ هەبوە دەرگای بەڕوی مندا داخرابێت،
لەهاتنە دەرەوەشمدا هەموجارێك چاوێکم دەخشاند بە تابلۆی ئاگادارییەکەدا
پاش کەمێك لچم دەکرد بەژێر لێومەوەو سەرم لەچەپەوە بۆ راست سوڕدەدا و
کتێبخانەکەم بەجێدەهێشت، رابەرەکۆمەڵایەتییەکەم هەراسان کردبوو هێندە
تەلەفونم بۆ کردبوو تاکارێکم بۆ بدۆزێتەوە و لە سێبەری بێکاری قوتارم
بکات (خانەنشینی وەك من ئاسا بۆ ئەوەی بێزار نەبێت و تێکەڵ بە خەڵك بێت
دەتوانێت لە هەفتەیەکدا چەند کاتژمێرێك بە پارەیەکی کەم کار بکات) لە
رێگەی ئیمێڵێکەوە رابەرەکەم، ئاگاداری کردم .. کارێکم بۆ دۆزیویتەوە کە
بەبەڕێزتان دەکرێت .. بەڵام کرێی کارەکە گەلێك کەمە، وەڵام .. مانگانە
دوای باج لێدان و پارەی ترانسپۆرت سەدوپەنجا دۆلارێکم بۆ دەمایەوە،
ئەمنیش وەك هەنگوینم لەکلۆرە داردا دۆزیبێتەوە سێو دووم لێنەکرد یەکسەر
رەزامەندیم نیشاندا ، رۆژانە بە تامزرۆوە بەدوو پاس دەچومە سەر کارەکەم
( چێککردنی هێد فۆن و لەپاکەتکردنی). کوڕێکی گەنجی دانیمارکی خاوەن
پێداویستی تایبەت لە تەنیشت مێزەکەی منەوە کاریدەکرد، تا راددەیەك بوین
بە هاورێ پرسیاری سەیر سەیری دەکرد: - ئێوە بۆ کەم یا هەر پێناکەنن؟!
لە وڵاتی خۆشتان هەروابون .. یا لێرە لەبیرتان چۆتەوە - تۆ بۆ بەو پارە
کەمە لێرە کاردەکەیت ؟! دەمەوێت کات بەسەر بەرم و تێکەڵ بە خەڵکی ببم
تا کەمتر هەست بەتەنیایی و نامۆیی بکەم، هەندێکیش زمانی دانیمارکی
فێربم . - بە زەردەخەنەیەکەوە وتی لەتەك هەمواندا بە دانیمارکی قسە بکە
تەنها لەگەڵ مندا بە ئنگلیزی، بۆ ئەوەی منیش ئنگلیزییەکەم بەهێزتر بێت.
_______________________________
*
خانەنشینی پێشوەخت، ئەوکەسانەی باری تەندروستییان باش نییە و ناتوانن
لە بازاڕی کاردا کاربکەن لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە تا ٦٣ ساڵی خانەنشین
دەکرێن و بە (خانەنشینی پێشوەخت) ناودەبرێن.
_______________________________
تێبینیی:
بۆ زیاتر ئاشنابوون بە
تایبەتمەندییەکانی فەیسبووکە چیرۆک، دەتوانیت
کرتە لەسەر ئەو لینکانەی خوارەوە بکەی:
بەشی سێزدەم:
www.emrro.com/feysbukecirok13.htm
بەشی دوازدەم:
www.emrro.com/feysbukecirok12.htm
بەشی یازدەم:
www.emrro.com/feysbukecirok11.htm
بەشی دەیەم:
www.emrro.com/feysbukecirok10.htm
بەشی نۆیەم:
www.emrro.com/feysbukecirok9.htm
بەشی هەشتەم:
www.emrro.com/feysbukecirok8.htm
بەشی هەفتەم:
www.emrro.com/feysbukecirok7.htm
بەشی شەشەم:
www.emrro.com/feysbukecirok6.htm
بەشی پێنجەم:
www.emrro.com/feysbukecirok5.htm
بەشی چوارەم:
www.emrro.com/feysbukecirok4.htm
بەشی سێیەم:
www.emrro.com/feysbukecirok3.htm
بەشی دووەم:
www.emrro.com/feysbukecirok2.htm
بەشی
یەکەم:
www.emrro.com/feysbukecirok1.htm
•
فەیسبووکە چیرۆکەکانم، بە
زۆریی زادەی کۆمەڵگەی دانیمارکیین.
دانیمارك
/ ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|