په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٢\٢٠٢٣

فەیسبووکە چیرۆک - ١٧ -.

مەمکگرتن.

فەتاح حەسەن     


بەمڕۆژی جەژنە، ئەمە دووەم جارێتی دەستبخاتە بنی مەمکی و لە سوخمە تەنگەکەی مەمکێکی دەربهێنێت، لەمەراقا خەریکە دڵی بتەقێت، نازانم بۆ نایگرێت.. بۆ؟ بەناچاری دەیخاتەوە شوینی خۆی، وەنەبێت شۆڕبوبێتەوە یا شلوشێواو بێت، هێندە توندوتۆڵ و قوت بوون دەستەخوشکەکانی ئیرەییان پێدەبرد. چیدەسەڵاتە، وەکو خۆی دەیگوت من هەر بێبەخت و شانسم ئەگەر بەختم ببوایە دەیگرت و دڵم ئاوی دەخواردەوە ئێستا ماڵەکە چۆڵە.. هەر خۆی و ئەو ماونەتەوە دیسان بۆی دەرهێنا، هەردووچاوی نوقاند و کەوتە دەمەلەرزەکردن ئەوەندەی نەخایاند ئاه بەدڵیداهات، بە دەمەقوتیلەییەکەی گرتی، ناوچەوانی ماچکرد، ئۆخەی ئۆخەی جەرگەکەم مەمکیگرت.


خۆبەخش.


هێندە گورجوگۆڵ کاری دەکرد گەر لە دەمی خۆیت نەبیستایە بڕوات نەدەکرد کە، نەنکە، لە دوکانێکی (خاچی سور )
* ئیشی دەکرد، سەرپەرشتیاری دوکانەکە چاوی پیادا هەڵنەدەهات، (ئیرەیی لەناو ژناندا دەردێکی کوشندەیە) ، بەئاواتەوە بوو هەڵەیەك بکات و لەقافدا بیگرێت تا ڕووشکێنی بکات، ئەو ڕۆژە (کاشێر) بوو، بەدەم خەندەو پێکەنینەوە کڕیارەکانی بەڕێدەکرد، کڕیارێك پارەکەی لەسەر مێزەکەی بەردەمی دانا و بەداوای لێبووردنەوە پێنج کرۆنیشی کەمە، بەخەندەیەکەوە پارەکەی هەڵگرت و هیوای ڕۆژێکی خۆشی بۆ خواست، سەرپەرشتیارەکە بە خنەخن بەلایاندا دەهات و دەچوو، هەرهێندەی کڕیارەکە ئاودیوی دوکانەکە بوو، بەڕویەکی تاڵەوە بەرمێزەکەی لێگرت و پێیوت تۆ کەڵکی کاشێریت پێوە نییە باشتر وایە خەریکی ڕێکخستنی کەلوپەلی ناو دوکانەکە بیت، ئەویش خۆی پێنەگیرا بەدەنگێکی بەرز هاتە دەنگ کاروابڕوات کەس بەخۆتانەوە ناهێڵن لەم دوکانە دوای خانە نشین بوونم ئەوە بۆ چوار ساڵ دەچێت خۆبەخش لێرەو لەوێ کار دەکەم، دیارە تۆ حەز بەچارەی من ناکەیت ماوەیەکە هەستم پێکردوە، لەسبەینێوە ئێرە بەجێدێڵم، هەر شوێن زۆرە کاری خۆبەخشی تیادا بکەم.


گۆڕینەوە.


دوای بەفربارین ئەگەر بیکاتە سایەقە و کزەبایەکی لەگەڵدا بێت، هێندە سارد دەبێت مرۆڤ ناچارنەبێت سەرناکشێنێتە دەرەوە، بروسکەیەك بە مێشکمدا هات بۆ وەك ساڵی پار ئەو جلکانەی لەخۆم زیادن نەشۆم و ئوتوو نەکەم و نەیبەم بۆ دوکانی (خاچی سوور)، لە کاتی ئووتوکردنی دوو قەمسەڵەو سێ بلوسدا بەخۆمم وت خۆ ئەمانیش (دانیمارکی) هەژاری خۆیان هەیە، ئەی ئەوە نییە کوشکی بچوك بچوك لە هەندێك گۆڕەپان و کتێبخانەکاندا کراوەتەوە و لەسەری نوسراوە بازاڕی گۆڕینەوە (شتێك دانێ و شتێك بەرە)، ئاسایشە ئەگەر هیچیش دانەنێیت و پێویستییەك بۆ خۆت بەریت، جلکەکانم گەیاندە نزیکترین کوشك لە کتێبخانەیەك، قاوەخانەیەك بەرامبەری بوو بەدیار قاوەیەکەوە دوو جگەرەم کێشا لە هاتنە دەرەوەمدا پاسکیل سوارێك بەلای مندا پێچی کردەوەو لەبەردم کوشکەکەدا پاسکیلەکەی ڕاگرت، قەمسەڵەکەی داکەند و یەکێک لەوانەی منی لەبەرکرد، خۆشییەك بەدڵمدا هات چیژی ئەو خۆشییەم مەگەر بەمنداڵی چەشتبێت کە جوتێك پێڵاویان بۆ دەکڕیم بۆ جەژن شەوەکەی دەمخستە ژێر پشتییەکەم .

_______________________________
*
خاچی سوور: رێکخراوێکی ناحکومیی مرۆڤدۆستانەیە لە ٢٦ی مارتی ١٨٧٦ لە دانیمارك بنیاتراوە، ئەو پارەیەی پێیان دەگات یان لە ئەنجامی چالاکییەکانیانەوە دەستیان دەکەوێت تەرخانی دەکەن بۆ هاوکاری پەنابەر و کارەساتی سروستی و لێقەوماوانی جەنگ و ولاتە هەژارەکان، ٢٢٠ ناوەندیان هەیە، نزیکەی ٢٥٠٠٠ خۆبەخش کاری تیادا دەکەن.

بەشی شازدەم: www.emrro.com/feysbukecirok16.htm

بەشی پازدەم: www.emrro.com/feysbukecirok15.htm

بەشی چواردەم: www.emrro.com/feysbukecirok14.htm

بەشی سێزدەم: www.emrro.com/feysbukecirok13.htm

بەشی دوازدەم: www.emrro.com/feysbukecirok12.htm

بەشی یازدەم: www.emrro.com/feysbukecirok11.htm

بەشی دەیەم: www.emrro.com/feysbukecirok10.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/feysbukecirok9.htm

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/feysbukecirok8.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/feysbukecirok7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/feysbukecirok6.htm  

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/feysbukecirok5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/feysbukecirok4.htm  

بەشی سێیەم: www.emrro.com/feysbukecirok3.htm 

بەشی دووەم: www.emrro.com/feysbukecirok2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/feysbukecirok1.htm


مارتی ٢٠٢٢ - دانیمارك / ڤالبی

ماڵپەڕی فەتاح حەسەن  

 

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک