په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٧\٢٠١٣

فەیسبووکە چیرۆک - ٣ -.

دوو قاپ شەراب.

 

فەتاح حەسەن     

رۆژێکی خۆرەتاوی مانگی مایس بوو، لە ماڵ هاتمە دەرەوە بەو نیازەی بڕۆم بۆ (سەنتەری ڤالبی)*، بە پێ کەوتمە رێ ، کەم تا زۆرێک رێگەکەم بەدەم جگەرە کێشانەوە بڕیبوو، لە کاتی کوژاندنەوەی یەکێک لە جگەرەکاندا، چاوم کەوتە سەر جیزدانێکی بەرباخەڵ، بۆی دانەویمەوە، هەڵمگرت.

کە سەیرم کرد ( هەزارکرۆن) ییەکو هەندێک وردەی تیادا بوو، لەگەڵ کۆمەڵێک کارتی بانق و مۆڵەتی شۆفێری و...، لە یەکێک لە کارتەکانەوە ناونیشانی خاوەنەکەیم خوێندەوە دانیمارکییەک بوو لە (ڤالبی لانگ گادە) کە لەسەر رێگەکەم بوو بۆ سەنتەر.

لە دەرگای ماڵەکەیمدا، پیاوێکی بە تەمەن کردییەوە ، پاش سڵاو کردن، لێمپرسی ئێرە ماڵی فڵانە، ئەو، وتی بەڵێ فەرموو ، جیزدانەکەم بۆ دەرهێناو بۆم درێژکرد ئەمەم لەسەر رێگەکەم دۆزیوەتەوە.

سەیرێکی کردو سوپاسی کردم، وتی دوو خولەک چاوەڕوان بە، کە هاتەوە سەدکرۆنییەکی بەدەستەوە بوو، وتی فەرموو، هەرچەند هەوڵمدا وەرینەگرم، وتی دەبێت وەریگریت یەکەم ئەوە داب و نەریتمانە دووەم من، خۆم پێمخۆشە.

وەرمگرت و بەردەوام بووم بەرەو سەنتەر، لەوێ دوو قاپ شەرابم پێکڕی.

ئێستا لە هۆڵەکەمدا قاپێکیانم هەڵپچڕیوە، پێکێکم تێکردووە لە چاوی ئەو، وە تۆش کە ئەم بەسەرهاتەتە دەخوێنیتەوە هەڵی ئەدەم، قاپی دووەمیش با بمێنێت بۆ یادگاری.
__________________________________
* سەنتەری ڤالبی نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە ماڵەکەمەوە دوورە.

 


لایک.


لە (گۆ گادەی کۆبنهاون)* پیاسەمان دەکرد، شت نەما باسی نەکەین، لە کوردستانەوە دەمانهێنا لە دانیمارک دەمانبڕییەوە.

باس و خواس هاتە سەر فەیسبووکە حەیاتەکە، وتم ئەرێ بەڕاست ماوەیەکە وەک (مراوییە ناشرینەکە)ی (هۆسی ئەندەرسن)** مامەڵەم لەگەڵ دەکەن، کەس ئاوڕم لێناداتەوە، کەسێ پێمناڵێ کەرت بەچەن.

ئەو، وتی ئێ وایە، کاکە تۆ نە لایکێک دەکەی، نە کۆمێنتێک دەنوسی، نە بابەتی هاوڕێیەک ( شیر ) دەکەی، ئەی چۆن. بە گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە، بابەتێکم نووسی لەسەر شتە سەیر و سەمەرەکانی فەیسبووک بملایکێنی دەتلایکێنم ، بمکۆمێنتێنی دەتکۆمێتێنم ، شیرم بۆ بکەی بۆتدەشەیرێنم.

رەخنەم لێبگریت دەتبلۆکێنم.

لە وانە سەیرتر، گەر کوڕێک بە ناوی خۆیەوە، شیعرێکی شاعیری پایەبەرزی کورد (گۆران) دابەزێنێت، و نەزانرێت شیعری ئەو زاتەیە، سێ دەستخۆش و دوو لایکی تێدەگرن، ئەویش بە مەرج (دەبێت لە بازنەی کۆمێنت و لایکەکانی خۆیان بن).

گەر کچێکیش، شیعرێکی هەلەقوپەلەق دابەزێنێ، هەر بابایە و (شیر)ی دەکات ئەوەندە کۆمێنت و لایکی بۆ دەچێت هەر مەپرسە.

لە وەڵامیاندا دەنوسێت (سپاس، کومینتوو لایکەکانتان زۆرن، سپاستان دەکەم).

هەندێک لە حەفتەیەکدا هەمان بابەت سێ بارە و چوار بارە دادەبەزێنێت ، هەواڵی سایتە ئەلکترۆنییەکان گەرم دەکاتەوە و دەنوسێت (بە پەلە)، کە میوانی دێت، پێش نانخواردن میوان و مێزی نانخواردنەکە دادەبەزێنێت، لە چایخانە تاوڵە دەکات کە بردییەوە بۆ یادگاری وێنەیەک دەگرێت و یانزەی شەو دایدەبەزێنێت.

فەیسبوکێکی سەیرە گوڵم!!

ناتلایکێنم، چونکە لایکت لە من زۆرترە ، ناتکۆمێتێنم، چونکە کۆمێنتەکانت بۆ من هەر (دەستت خۆش بێ)یە.

ئیتر هەرگیز جاوەڕوانی لایک و کۆمێنتی من نەکەی، ها ، ئەی دوێنێ لایکی بابەتەکەی (یەکێتی یا گۆڕان یا پارتی یا ئیسلامیەکان ، یا ، یا...)ت نەکرد.

وادەزانی هەروا، ئاساییە، بڕوابکە جارێکی تر دوبارەی بکەیتەوە، دەتبلۆکێنم.
____________________________________
* گۆ گادەی کۆبنهاون لە (کۆبنهاونس غۆدهوس - ئەنجومەنی شارەوانی کۆبنهاون)ەوە دەست پێدەکات، تا (کۆنگ نی تۆرڤ)، لە( نۆڤەمبەری ١٩٦٢) بنیاتنراوە. درێژترین گۆگادەیە لە ئەوروپادا، درێژییەکەی (١.١ کم)ە. لە هاویندا، لە رۆژێکدا نزیکەی (٢٥٠ هەزار) کەسی پیادا تێپەڕ دەبێت. لە زستاندا، لە رۆژێکدا نزیکەی (١٢٠ هەزار) کەسی پیادا تێپەڕ دەبێت.
** نووسەر و شاعیرێکی بەناوبانگی دانیمارکە، لە (٢/٤/١٨٠٥) لە ئۆدنسە لە دایک بووە، لە (٤/٨/١٨٧٥) کۆچی دوایی کردووە، لە گۆڕستانی (نۆربغۆ) لە (کۆبنهاون) نێژراوە.

تێبینیی: بۆ زیاتر ئاشنابوون بە تایبەتمەندییەکانی فەیسبووکە چیرۆک، دەتوانیت بەشی یەکەم و دووەمی(فەیسبووکە چیرۆک) لەو دوو لینکە بخوێنیەوە:

بەشی دووەم:  www.emrro.com/feysbukecirok2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/feysbukecirok1.htm 

فەیسبووکە چیرۆکەکانم، بە زۆریی زادەی کۆمەڵگەی دانیمارکیین.

 

 

دانیمارک - ڤالبی
fhesen@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک