په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١١\٢٠١٣

فەیسبووکە چیرۆک - ٥ -.

پشوو.

فەتاح حەسەن     


لەسەر قەنەفەی هۆڵەکە قاپێک فۆگە دەگرێ بە دەستییەوە و چاودەبڕێتە تەلەفیزیۆن. هەر بۆ پڕکردنی کەوچکەکەی و دەمی چاوی لێهەڵدەگرێ، ئەمە سەری دووەم جارێتی سەیری هەمان فیلم دەکات پاش تەواوبوونی، بە لەش قورسییەکەوە بە کۆنترۆڵەکە دەیکوژێنێتەوە و لەگەڵ خۆیدا دەڵێ جا توخوا ئەوە فیلم بوو.


دوو گۆشە دەخاتە ژێرسەری و لێی رادەکشێت، بە زەنگی مۆبایلەکەی وەئاگا دەبێتەوە سەرپێیەکانی لەپێ دەکا و بە چاوهەڵگڵۆفتن بەرەو گەرماو و ئاودەستەکە دەچێ، بەرامبەر ئاوێنەکە دەڵێ، ئای پشتم، خەوی سەر قەنەفەکەی خەوە..! بە خاولیەک دەموچاوی وشکدەکاتەوە، دەستدەگرێ بە لاشیپانی دەرگاکەوە و بە لای راستدا خۆی کێشدەکا بۆ ناندین.


بە پەلەپڕوزێ بەرچاییەک دەخوا، دەچێ بۆ ژووری نوستنەکە دەرگای کانتۆرەکە رادەکێشێ، بە پەنجە پاڵدەنێ بە قاتەکانەوە، قاتێک رادەکێشێ، کراس و بۆینباخێکی لەگەڵدا دەگونجێنێ، قژی دادەهێنێ و بۆن لە خۆی دەدا، دەگەڕێتەوە هۆڵەکە لاپتۆپەکە دەخاتە جانتاکەی و کلیلەکانی دەردەهێنێ، پاش ئەوەی دڵنیا دەبێ لە داخستنی دەرگای ماڵەکەی بە قادرمەکاندا دێتە خوارەوە، دەچێتە بەردەم وێستگەی پاسەکە، جگەرەیەک پێدەکا و چاوێک دەخشێنێ بە خشتەی هاتن و رۆیشتنی پاسەکەدا، نەخێر جگەرەی دووەمیش پێدەکا، سەر رادەوەشێنێ لەبەرخۆیەوە دەڵێ ئەرێ ئەو پاسە بۆ نەهات، پاسەکە هات و سەرکەوت، بە شۆفێرەکە دەڵێ ببوورە ئەوە بۆ دواکەوتن؟! ئەویش دەڵێ، کوا.! دوانەکەوتووین!! رۆژانی پشوو ئێمە پەیڕەوی خشتەی یەکشەممان دەکەین، سەرێک بادەدا و.. دەڵێت بۆ ئەمڕۆ پشووە..!


فڕەی پرەمێز.


داد و بێداد بە دەست فەیسبووکەوە، بۆتە دڕکێک لە قوڕگمدا، نەدەتوانم قووتی بدەم نە تفی بکەمەوە، ماوەیەک خۆمی لێدەدزمەوە، ئەو ماوەیە وا دەزانم شتێکی گرانبەهام بزرکردووە.


بڕیار بێ ئەمشەو تا رادەیەک سەری خۆم سووک بکەم، چاوێک دەخشێنم بەوانەی خۆیان داوایان کردووە ببنە هاوڕێم، پشتی ملی بێکەڵکەکان دەگرم و هەر بە پاڵ دەیانکەمە دەرەوە، تۆ سەیر.. سەیر ئا ئەمە رۆژ نییە وێنەی دوا مۆدێلی ئۆتۆمبیلم بۆ نەنێرێ، داخی ئەوەش دەمکوژێ مۆڵەتی شۆفێریشی نییە، ئەی ئەمە بۆ ناڵێی سەری زمان و بنی زمانی مافی ژن و یەکسانیی ژن و پیاوە کەچی هاوڕێیەکم بۆی گێڕامەوە رۆژێکیان لەگەڵ هاوسەرەکەیدا لە نەخۆشخانە بینیونی لاچاوی هاوسەرەکەی بە قەد قۆخێک شین بۆتەوە، چییە..؟! وەڵا بەستەزمانەکەی ژنی، دەمی گرتووە ناڕازیی بووە ئەفەندی بە تەنها سەفەر بکا..!


ئەمە.. ئا ئەمەیان وێنەی پرۆفایلەکەی گیڤارایە کەچی کوڕی باشە ئەوەتی هاتووە بەردێکی بۆ ئەم وڵاتە نەخستۆتە سەربەردێک بە بیانووی نەخۆشییەوە کەچی وەک بڵێی تەڵاقی خواردبێ هەتا مابێ (ئیشی رەش)* بکا، ئێستا ئەمە و.. ئەوە و.. کوڕە وەڵا ئەمەش فت، ئۆخەیش ئاهێک بە دڵمدا هات، با لێیدەرچم سبەی شەویش ئەو هاوڕێیانە تەتەڵەبژێر دەکەم کە لەسەر داوای خۆم بوونەتە هاوڕێم.


سەیرێکی کاتژمێرێکی کۆمپیوتەرەکەم کرد، ئەوە کاتژمێر دوانزەیە!!


نازانم کات لە خۆیەوە دەڕوا یا ئێمە زوو لە کات دەڕۆین، هەرچەندە برسیشم نەبوو، لەبەر داودەرمانەکان پارچەیەک کێکم خوارد، هەر ئەوەندە ئاگاداربووم دووو جار وەئاگا هاتم بۆ ئاوخواردن، پاش ئەوە زۆر بە قووڵیی خەوم لێکەوت، لە فڕەفڕی پرەمێز وەئاگا هاتم، ئۆهۆو.. دیسان نانکردنەکەیە، بە هەردوو دەست چاوم هەڵگڵۆفی و سەیرێکی دەوروبەری خۆم کرد، لەبەرخۆمەوە بە خۆم گوت: ''نانکردنی چی..! هەستە نەگبەت ئێرە دانیمارکە .. دانیمارک..!!'' پەردەی ژووری نوستنەکەم لادا، کە سەیر دەکەم.. کوڕێکی گەنج هێدفۆنێکی کردۆتە سەری و بە دەستی چەپ عەرەبانەیەکی دووتایە رادەکێشێ کە بوتڵێکی غازی لەسەرە و بەدەستی راست پەرەمێزێکی لوولە درێژی بە دەستەوەیە.. گژوگیای نێوان بەردەکانی شۆستەی بەر ئاپارتمانەکەمان دەسوتێنێ.

___________________________________

* ئیشی رەش: لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا دوو جۆر ئیش هەیە، سپی، کە دەوڵەت لێی ئاگادارەو باجی خۆی لێوەردەگرێ، رەش، بە دزیی دەوڵەتەوە دەکرێ و باجی لێنادا.

 

تێبینیی: بۆ زیاتر ئاشنابوون بە تایبەتمەندییەکانی فەیسبووکە چیرۆک، دەتوانیت کرتە لەسەر ئەو لینکانەی خوارەوە بکەی:

بەشی چوارەم: www.emrro.com/feysbukecirok4.htm  

بەشی سێیەم: www.emrro.com/feysbukecirok3.htm 

بەشی دووەم: www.emrro.com/feysbukecirok2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/feysbukecirok1.htm  

فەیسبووکە چیرۆکەکانم، بە زۆریی زادەی کۆمەڵگەی دانیمارکیین.

 

 

دانیمارک - ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک