په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٩\٢٠١٤

فەیسبووکە چیرۆک - ٨ -.

ئەو شەوەی هاتمەوە سەر سفر.

فەتاح حەسەن    

 

شەوێکی ساردی چلەی زستان بوو، پاش خواردنەوەی بەشی خۆم (گەر دەڵییت نۆش یا بە قوزەڵقورتت بێت، هەردوکیانم قبوڵە) ئەوەی قبوڵم نییە کە پێمبڵێی ئێ بۆ دەخۆیتەوە؟! ئەتۆ ناخۆیتەوە سەرپشکی، دەلێگەڕێ لەوانەی دەخۆنەوە، ئەزیزم. چیبکەم دڵم حەزی لە پێکیکی تردەکرد، ئەملاو ئەولای ماڵەکەم گەڕام، ئەی هەش بەسەرم قومێك مەیم نەدۆزییەوە، یاران چیبکەم، چی نەکەم؟! نەمکردە نامەردی پێمنا بەجەرگی خۆمدا، خۆم پێچایەوە، نزیکترین باڕ خۆت بگرە و هاتم، پێکیکم فڕکرد، کە سەیردەکەم ، هەر بەتەنها منی لێم (سەرڕەش - خەڵکی پەناهەندە)، زۆر دڵم بەخۆم سوتا، لەبەرخۆمەوە وتم ئای لە من چەند تەنهام!! داوای پەرداخێکی تر شەرابم کرد، کوڕیکی گەنجی رەشتاڵە فەرموی لێکردم و کەوتە کۆکردنەوەی بۆشەکان، سەد جنێوم بەخۆمدا و بگرە زیاتر کە بۆ هاتم بۆ ئێرە، بۆ ؟! بۆشەکانی مێزەکەی تەنیشتمی کۆدەکردەوە، کچێکی دانیمارکی، بەرزەپێ لەجێگەی خۆی هەستاو بەزمانێك، میهرەبانی لێدەتکا، بەدەنگێکی ناسك و پڕ لە ویقارەوە، پێیوت:- هەزار جار سوپاس، لەشت ساخ بێت بۆ ئەو خزمەتەی دەیکەیت، لەجێگەی خۆم توامەوە.. رێك هاتمەوە سەر سفر، ئیتر نازانم چی منی هێنایەوە سەر سفر، خۆم یا .. رەشتاڵەکە یا کچە دانیمارکییەکە؟!


قسە ناخوات.


دەوروبەری کاتژمێر نۆی بەیانی بوو، جاوەڕوانی هاوڕێیەکم دەکرد، ماوەیەك بوو بێ ئوتۆمبیل بوو، بەنیازبوو ئوتۆمبیلێك لە پێشانگایەکی کۆبنهاون بکڕێت.
سواری شەمەندەفەرێك بووین، هێندەی نەبرد پشکنەر لەمسەرو ئەوسەری شەمەندەفەرەکە وەك قارچك هەڵتۆقین.
- بەیانیتان باش، بلیتەکانتان.. کارتەکانتان.
من، کارتی مانگانەکەم پیشاندا.
- سوپاس.
هاوڕێکەم بە دڵنییاییەکەوە ( کلیپ کۆرت )*ەکەی پیشانی پشکنەرەکەدا، ئەویش لە دەستی وەرگرت و سەیرێکی کرد..
- ئەوە کۆنە، هی دوێنێ شەوە.
- چی؟! کۆن، نیو کاتژمێر لەمەوبەر لەپاسدا کلیپ کۆرتەکەم لێداوە، دوێنێ شەو هەر لە ماڵ نەهاتومەتە دەرەوە!!
خەریكبوو (٧٥٠ کرۆن)ی بۆ دەنووسی، کە دەکاتە نزیکەی (١٠٠ یۆرۆ).
- یانی بڕوام پێناکەیت؟
- لەوانەیە راست بکەیت، بەڵام من هەر سزاکەت بۆ دەنووسم، دەتوانیت بچیت لەگەڵ سەنتراڵدا قسەبکەیت.
هاوڕێکەم سەرێکی ناچاری بۆ لەقاندو وەسڵەکەی وەرگرت. بڕیارماندا، پێش کڕینی ئۆتۆمبیلە بۆر، بچین بۆ سەنتراڵ. فەرمانبەرێك کلیپ کۆرتەکەی لە هاوڕێکەم وەرگرت و لە کۆمپیوتەرەکەی بەردەمیدا چێکی کرد، وتی راست دەکەیت، قسەی تۆیە، ئەو پاسەی ئەم بەیانییە سواری بوویت، شۆفێرەکەی کات و بەرواری ئامێری کلیپ کۆرتەکەی نەگۆڕیوە (بە پێکەنینێکەوە) لای ئەو برا شۆفیرە هێشتا شەوە.
ئێمەش خەندەیەکمان بۆ کرد و خواحافیزیمان لێکرد.
- راوەستە مەڕۆن..
هاوڕێکەم وتی:

- بۆ؟!
- دەبێت (٥٠ کرۆن) هەر سزا وەربگریت، بۆ ئەوەی فێربیت هەموو کاتێك کلیپ کۆرتەکەت لێدەدەیت سەیری، کات و بەروارەکەی بکەیت.
هاوڕێکەم پەنجا کرۆنی خستە سەر مێزەکەی، وەسڵەکەی لێوەرگرت و بەرەو پێشانگای ئۆتۆمۆبیل بەڕێکەوتین.
__________________________
* کلیپ کۆرت: کارتێکی هاتووچۆیە، دەتوانرێت بۆ پاس و شەمەندەر و میترۆ بەکاربهێنرێت، دەدرێت لە ئامێرێکی تایبەت لە پاسدا، یان لە وێستگەی شەمەندەفەر و میترۆدا، پارچەیەکی لێدەقرتێنێت، کات و بەروار و شوێنی بەکارهێنانەکەی لەسەر کارتەکە تۆماردەکات.

_____________________________

تێبینیی: بۆ زیاتر ئاشنابوون بە تایبەتمەندییەکانی فەیسبووکە چیرۆک، دەتوانیت کرتە لەسەر ئەو لینکانەی خوارەوە بکەی:

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/feysbukecirok7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/feysbukecirok6.htm  

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/feysbukecirok5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/feysbukecirok4.htm  

بەشی سێیەم: www.emrro.com/feysbukecirok3.htm 

بەشی دووەم: www.emrro.com/feysbukecirok2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/feysbukecirok1.htm  

فەیسبووکە چیرۆکەکانم، بە زۆریی زادەی کۆمەڵگەی دانیمارکیین.

 

دانیمارک - ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک