٢٨\٨\٢٠١٥
فەزای مردن
لە شیعری ''مردن
بۆ ھەمووان''ی عەبدولموتەلیب عەبدوڵادا.

سەدیق سەعید
دەقی (مردن بۆ ھەمووان)ی شاعیرء ڕەخنە گر ( عەبدولموتەلیب عەبدوڵا)،
یەکەم دەقە دوای نەخۆشکەوتنی بڵاویکردۆتەوە. وەک ئەوەی ڕۆژنامەی ھەولێر
ئاماژەی پێداوە. لەو دەقەدا، کە خودی ناونیشانەکەشی ھەلگری
دەلالەتەکانی مردنە، خوێنەر بەر مانفێستی مەرگء کۆتایی ھاتنی ژیان
دەکەوێت. ئەگەر سەرنج لەو شیعرانە بدەین، کە دوای نەخۆشکەوتنی، شاعیر
بڵاویاندەکاتەوە، ئەوەندەی تێبینیم کردبێت وەک خوێنەرێک، دەبینین
ھەموویان چەمکی مردن تیایاندا ئامادەیە. چ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بێت، چ
بە شێوەی ھێماو ئاماژەو بێت. باسکردن لە مەرگء مردن، یە کێکە لەو
بابەتانەی زۆر جار لە دەقی شیعری شاعیرانی ئێمە ھەستی پێدە کرێ بە
فۆڕمء دنیابینی جیاوازەوە.ئەم چەمکە، لەزۆربەی قۆناغەکانی شیعری
کوردیدا،ڕەنگدانەوەی ھەبووە. دیارە ئەمەش بەرەنجامی، ئەو واقیعە
کۆمەڵایەتییء سیاسیەیە، کە ئێمە وەک نەتەوەیەک تیایدا ژیاوین. کە
ھەمیشە، بەر مەرگء مردن کەوتین. بە تایبەتیش، لە واقیعی ئێستاماندا.
ئەمەش چ بە ھۆی بارودۆخی سیاسی بێت، یاخود دەرەنجامی بارو دۆخی
سایکۆلۆژیء ھەستکردن بە نائومێدی ء ڕەشبینی بێت، لای مرۆڤ بە گشتیء
شاعیرانی ئێمە بە تایبەتی لە ژیاندا.لەو ڕوانگەیەشەوە، گەڕانەوە بۆمردن،
لەودەقانەی دوایی عەبدولموتەلیبدا، لەلایەکەوە پەیوەستە بە مانا
فەلسەفیء شاراوەکانی مەرگ، لە لایەکی تریشەوەدەرەنجامی بارودۆخی ژیانء
سایکۆلۆژی خودی شاعیرە. بەوەی کە مەرگ، دوا وێستگەی ژیانی ھەموو
بوونەوەرەکانە لە سەر زەمیندا. بە دەربڕینێکی تر، لە ڕوانگەی شاعیر،
مادام مردن ھەیە وەک کردارێک کە کۆتایی بە ژیان دێنێت، کە واتە خودی
ژیان، ڕەنگە ئەو بە ھاو پیرۆزیەی نەبێ. ئەمە بەو مانایە نا، کە
ژیاندۆست نەبینء ژیانمان خۆشنەوێ. بە پێچەوانەوە، بەو مانایەی ھەمیشە
لە چرکە ساتەکانی ژیانء بوونماندا، نابێ ئەوەمان بیربچێت، کە ڕووداوێکی
گەورەتر ھەیە لە ژیان، کە ئەویش مردنە.بەڵام ئایا مردن لە ژیان خۆشترە؟
مرۆڤەکان لە چ کات و ساتێکدا دەگەنە ئەو باوەڕەی کە مردن باشترە لە
ژیان؟ بێگومان لەو کاتانەی، خودی ژیان ھەموو ڕۆژێک دەبێتە مردنێک.
ئەگەر مردن تەنھا ڕووداوێک بێتء کۆتایی پێ بێتء مرۆڤ لە سەر زەمین
بسڕێتەوە، ئەوا ژیانکردن لە فەزایەکدا، کە ھەموو ساتێک ھاوشێوەی
مردنێکە، ھیچ مانایەکی نییە. ئەگەر جوانیء چێژء خۆشییەکان، لە ژیان
خاڵیبوونەوە، ئەو کات مردن بۆ ھەمووان باشتر نییە؟ شاعیر لە دە قەکەیدا،
وێنای ژیانی ئێستا دەکاتء دەڵێ:
بڕواناکەم ژیان بگاتە ئازادی..
مردن بۆ ھەمووان باشترە..
با دنیا بڕوا..
بیرەوەری ھەبێت ھەموو شتێک لە زیادەیە..
ژیان بایی گێڕانەوە ناکات..دەچمەوە بێدەنگی..دەچمەوە سروشت.
لێرەدا دەکرێ بپیرسین، بۆچی دەبێ مردان بۆ ھەمووان باشتر بێ؟ کاتێ مەرگ
وەک دوا چارەو ڕێگەی مرۆڤەکان لە ژیاندا دەناسرێت، ئەو کات بە
ناڕاستەوخۆیی ھەست بەوە دەکەین، کە ئێمە لە چ ژیانێکی ماندوو و بێ مانا
دەژین. شاعیر لەو دەقەیدا، دنیا ڕەتدەکاتەوەو بە فەرمانکردنەوە
بانگەشەی ئەوە دەکات کە دنیا بڕوات. ئەو تێڕوانینەی شاعیر بۆ دنیا،
ئەگەر بە دیوێکەوە پەیوەست بێت، بە گوزارشتکردن، لە ژیانی ئێستای مرۆڤە
کان، ئەوا بە دیوێکی ترەوە، دەرەنجامی نەخۆشکەوتنء نزیکبوونەوەیە لە
مردن لای شاعیر. شاعیر ئەگەرچی لە دەقەکەیدا باسی ڕابردوو ناکات. بەڵام
بە خوێنەوەمان بۆ شیعرەکە، دەگەینە ئەو ئاماژەیەی کە شیعرەکە گوزارشتە
لە ئێستایەکی پڕلە نیگەرانیء بێزاری. چونکە شاعیر بە شێوەیەکی ڕەھا،
دنیا ڕەتدەکاتەوەو باسی مەرگ دەکات کە بۆ ھەمووان باشترە. لەڕوانگەی
شاعیرەوە، مادام بیرەوەری ھەیە، ئیدی ھەموو شتێک لە زیادەیە. بەو
مانایەی شاعیر ئەگەر لە ئێستاش بژیت، ئەوا بە ھۆی بیرەوەریەکانەوەیە
نەک خودی ژیان. بێگومان ھیچ ڕووداوێکی ژیانی مرۆڤ، نابێتە بیرەوەری،
تاکو دوو خەسڵەتی سەرەکی وەرنەگرێت، کە ئەویش ئەنجامدانء بە سەر
چوونیەتی. بیرەوەری ھێمایەکە، بۆ چرکە ساتەکانی ژیانی مرۆڤ، لە
زەمەنێکی بە سەرچوو. کەواتە لە پەراوێزی ئەو وێنە شیعریەوە، دەکرێ
بڵێین، شاعیریش بەبیرەوەریەکانی ڕابردووە دەژیت. لێرەوەش پەیوەندی
ڕابردوو، بە زەمەنء فەزای ئێستای دەقەکە، دەردە کەوێت. چونکە شاعیر باس
لەوە دەکات مادام بیرەوەری ھەیە، ھەموو شتێک زیادەیە. پەیوەندی شاعیر
لە ئێستادا، پەیوەندی نییە بەو زەمەنء شوێنەی تیایدا دەژیت(بەلایەنی
کەمەوە لە کاتی نووسینی ئەودەقە). بەڵکو پەیوەندییە بە
بیرەوەریەکانیەوە. بیرەوەریش ئاماژەیەکە بۆ زەمەنێکی بەسەرچوو. ھەر
زەمەنێکیش، چوارچێوەی کاتیانەی خۆی جێبێڵێت، دەبێتە بە شێک لە ڕابردوو.
کەواتە شاعیر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، دە گەڕێتەوە ڕابردوو، ئێستا
جێدێڵێت. ئەو نەک تەنھا ژیانی ئێستای خۆی وەک مرۆڤێک ڕەتدەکاتەوە، بگرە
کۆی دونیا بە ھەموو توخمەکانیەوە ڕەتدەکاتەوە. دەستەواژەی با دونیا
بڕوا، دەلالەتێکە بۆ ئەوەی کە لە ڕوانگەی ئەو، دنیاھەبێت یاخود نەبێت،
ھیچ لە مەسەلەکان ناگۆڕێت. کەواتە لە بەرامبەر دونیادا، شوێنێکی دیکە
ھەیە کە ئەویش مردنە. مردنیش با بۆ ھەمووان بێت. مردنیش ڕاستەوخۆ
بەریەککەوتنە لە گەڵ دوو دیاردەی تر، کە ئەویش بێدەنگیء سروشتە. بۆیە
شاعیر دەڵێت: دەچمەوە بێدەنگی.. دەچمەوە سروشت..
مرۆڤ کە مرد، ھەموو پەیوەندیء کردارەکانیشی کۆتاییان دێت. دەنگء
قسەکردنیش، کردارێکە پەیوەستە بە ساتی زیندووەتی مرۆڤەکان لە ژیاندا.
کە مردین، نەدەتوانین قسە بکەین، نە دەنگیشمان دەمێنێ. بە ھەمان شێوە،
کە مردیشین، جارێکی تر دە گەڕێینەوە نێو سروشت. چونکە تەرمەکەمان،
دەخرێتە گۆڕێکەوە، کە بە شێکە لە سروشت. لێرەوەش کۆتایی بەو پرۆسەیە
دێت، کە نێوی بوونء ژیانە.چوونەوە نێو سروشتء چوونەوە نێو بێدەنگی،
ھەوڵێکی بێھودەییانەی شاعیرە، بۆ جێھێشتنء پشتکردنە ژیانی ئێستای
مرۆڤەکان. شاعیر ناگەڕێتەوە، وێنە کانی ژیانی دوێنێ. بەڵام خودی
گوزارشتکردن، لە ژیانی ئێستا بە دۆخێکی ڕەشبینیانە لەو شیعرەیدا، مانای
ھەڵنە کردنی خودی شاعیرە وەک مرۆڤێک، لە گەڵ واقیعی ئێستای ژیان. کە
دونیا ڕۆیشتء تەواو بوو،کەواتە ژیانی ئەویش وەک مرۆڤێک کۆتایی دێت. کە
دونیا نەما مرۆڤ لە کوێ دەژیت؟ کەواتە مەبەستی سەرەکی شاعیر، لە
ڕۆیشتنی دونیادا، کۆتایی ھێنانە بە ژیانی ھەموو ئەو بوونەوەرانەی، لە
سەر زەمین دەژین.بەمەش مردن دەکاتە دوا چارەنووسی ھەموو بوونەوەرەکان.
واتە شاعیر نەک تەنھا ژیانی خۆی، بەڵکو ژیانی ھەمووان دەسڕێتەوە. ئەمەش
پەیوەستە بەو ھەموو ڕووداوو کارەساتانەی لە سەر دونیا ڕوو دەدەن. چونکە
مرۆڤ شتێک ڕەتناکاتەوە، ئەگەر لە گەڵ ویستء ئارەزووەکانی ژیانی ئەو
بێتەوە. ئەو شیعرانەی عەبدولموتەلیبی شاعیر، دوای نەخۆشکەوتنی
دەیاننووسێت، ئەوەندەی وەک خوێنەرێک تێبینیم کردبێت، فەزای مەرگء
مردنیان بە سەردا زاڵە. ڕەنگە نەخۆشکەوتنەکەی کاریگەریەکی گەورەی
دەروونیء ڕوحی لێکردبێت. ئەمە لەلایەک لەلایەکی ترەوە، ئەو
پەیوەستبوونە بە مەرگ، ڕەنگدانەوەی ئەو ھەموو کارەساتء نەھامەتیانەیە،
کە ئەمڕۆ لە ژیانی ئێمە بوونیان ھەیە. مەرگء مردن لە ئێستادا، نزیکترین
ئەو ڕووداوانەن کە ھەمیشە، لەبەریەککەوتنداین لە گەڵیان. بە ھۆی
بارودۆخی سیاسیء شەڕو کوشتارو خوێن ڕشتن، مرۆڤ ڕۆژانە دیمەنەکانی مەرگ
و خوێن دەبینێت. کاتێکیش، ژیان بووە شانۆی کارەساتء تراژیدیاکان، ئەو
کات مەرگ دەبێتە بژاردەیەکی دیکەی مرۆڤ لە بەرامبەر ژیاندا. کاتێ شاعیر
بانگەشەی ئەوە دەکات کە مردن بۆ ھەمووان باشترە، مانای وایە، خودی
چەمکی ژیان ڕەتدەکاتەوە.چونکە لە بەرامبەر مەرگدا، ھەمیشە بوونێکی دیکە
ھەیە کە ئەویش ژیانە. کاتێکیش شاعیر باس لەوە دەکات، مردان بۆ ھەمووان
باشترە، ناڕاستەوخۆ گومان لە بوونء شێوە ژیانی مرۆڤەکان دەکات. بەو
مانایەی مادام ژیانی مرۆڤەکان بەو شێوەیە ناشرینء بێ بەھا بووە، ئیدی
بۆچی مەرگ بۆ ھەمووان باشتر نەبیت؟ بۆچی ئەوان دەژین؟بەڵام شاعیر
دەتوانێ مەرگ بکاتە بژاردەی ھەمووانء لە جیاتی ھەموومان ھەڵیبژێرێت؟
بێگومان نەخێر. چونکە مەرگء مردن کردارێکی خودییە. کاتێکیش شاعیر
دەگاتە ئەو بڕوایەی کە مردن ڕەنگە نەبێتە بژاردەی ھەموومان،ئیدی تەنھا
پەیوەستی دەکات بە خۆی وەک تاکێک.بۆیە دەڵێت: دەچمەوە نێو بێدەنگی...
دەچمەوە نێو سروشت..
چوونەوە نێو سروشتیش، کە بێدەنگی یە کێکە لە سیما بەرجەستەییەکانی
سروشت، ھەوڵێکە بۆ پشتکردنە ژیانء جێھێشتنی زەمەنء شوێنی ئێستا، کە بە
شێک لە ژیانی شاعیر پێکدەھێنن. لێرەوەش لە بەرامبەر سروشت، ئێمە شارمان
ھەیە، وەک بونیادێکی ژیاری ئاڵۆز. بەمەش شاعیر ناراستەو خۆ ژیانی شار
جێدێڵێتء لەنێو ھەراو زەنای سەردەم بێدەنگی ھەڵدەبژێرێ. لە کۆتاییدا
دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، کە مردن لە شیعرەکانی عەبدولموتەلیبدا،
ھەرگیز ھێمایەک نییە، بۆمەرگدۆستیەتء ھەڵبژاردنی مەرگ، بەقەد ئەوەی
ڕاگرتنء ناچارکردنی خوێنەرە، بۆ بیرکردنەوە لە مەرگ. وەک ڕووداوێکی
ئاڵۆزو پڕ لە پرسیار لە ژیانی مرۆڤدا. شاعیر،مردن وەک کردارێک کە
کۆتایی بە ژیانی بوونەوەرەکان دێنێت بە تەنھا نابینێت، بەڵکو
مەبەستیەتی لە بوونء ژیانء مەرگ، وەک پرسێکی ئەنتۆلۆژی ڕابمێنێتء
پرسیار بکاتء عەوداڵی گەیشتن بە وەڵامەکانیش بێت...
sadiqrwandze@yahoo.com
|