١٤\٦\٢٠١٤
فەزای رەش!

کازم قادر
ئیتر داعش لێرەیە و ناڕوات...!
ئەگەر بڵێین هیچ سەردەمێک کۆمەڵگەی عێراق هێندەی ئەم سەردەمە،واتە
لەدوای کەوتنی بەعسەوەو بە تایبەت تا هاتنی لەشکری مەرگی داعش و
مۆمیاکان،غەرقی تاریکیی و فەزای ڕەشی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی
نەبووە،پێناچێت زیادەڕەویی تێدابێت! دیاردەی ڕەشی داعش،ناکرێت وەک
دیاردەێکی ڕاگوزەرو نامۆ بە کۆمەڵگەی عێراق و بە تایبەت بە بازاڕی
سیاسەت لە عێراقدا ببینرێت،بەڵکو داعش بەرهەمی فەزای ڕەشی سیاسیی و
کۆمەڵایەتیی عێراقەو پێدەچێت مرۆڤایەتیی ببێتە شاهێدێکی غەمگینی ئەو
کۆمەڵگەیە.
لەدوای کەوتنی بەعسەوە لە دووهەزارو سێ،سیاسەت و دۆخی کۆمەڵایەتیی
لەعێراقدا تەنهاو هیچیتر،لە پرۆسەی چاندن و خولقاندن و دواجار
گەشەپێدانی هێزی مەرگی وەک داعشە.کایەی سیاسەت لە عێراقدا،کایەێک نییە
بۆ جوانکردنی ژیان،واتە بۆ ئازادیی و یەکسانیی و بەهاگەڵیک کە لاێنی
زۆر کەمی کۆمەڵگەی ستاندارد لێیبەهرەمەندەو مرۆڤ تێیدا دەتوانێت کەمێک
هەم مرۆڤایەتیی خۆی بژێت و هەمیش هەست بەئاسوودەیی و ئارامیی
بکات،بەڵکو سیاسەت کایەو میکانیزمێک بووەو دەبێت بۆ ملشکاندنی یەکتر،بۆ
ڕیسواکردن و سڕیینەوەی ئەوانیترو بۆ کوشتنی هەر نوزەو هەناسێک بۆنی
ژیان و جوانیی لێبێت...بوکورتیی ئەوە دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی
عێراقەو مەگەر مرۆڤ زۆر گەمژەبێت تێینەگات...!
کوردستانیش لەم فەزا ڕەشەدا بە بڕێک جیاوازییەوە قەراری گرتووە،من
لێرەدا باسی جیاوازییەکان ناکەم،بەڵکو ئەوەی گرنگەو هەمانکات زۆر
مەترسییدارە لەم هاوکێشەو فەزا ڕەشەدا،ئاییندەی هێشتا نەک نادیار بەڵکو
تاریکی خەڵکی کوردستانە!هەر ئێستا شەڕێک بەردەرگەی ماڵی کوردستانی
گرتووە،لەشکری ئەنفالچییەکان شاڵاویان هێناوەو هیچ ئاماژەێکی ڕۆشن
لەئارادا نییە کە (کوردبوون) جارێکیتر دەربەدەرو کۆکوژیی نەکرێت!
لێرەدا زۆر پرسیاری خەمهێنەرو دەردناک یەخەمان دەگرێت:بۆ من یەکێک لەو
پرسیارانە ئەوەیە ئایە ئەو هێزەی بە هێزی پێشمەگەری کوردستان
ناسراوە،واتە میلیشیاکانی پارتی و یەکێتیی،تا چ ئاستێک توانای شەڕو
بەرەنگارییان هەیە؟من هیچ ئومێدو چاوەڕوانییەکم لەو هێزە نییە،ئەو هێزە
تەنانەت بە تەعبیرو باکگراوندە ناسێونالیستییەکە،هێزی ئینتیما بۆ وڵات
و خاک و نیشتیمان نین،بەڵکو هێزێکە هێندەی خولیاو ئامانجی مادیی و
زۆرداریی پارتی و یەکێتیی کۆی کردۆتەوە،هێند هێزی گیانبازیی بۆ
پاراستنی(وڵات)و ئازادیی و دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان نییە،واتە هێزی
بیروباوەڕ نیین و لە دۆخی جەنگدا ئەوەش یەکسانە بە هەڵاتن وەک ئەوەی لە
سوپای بێ ئینتیمای عێراقی سەدام و ئێستای مالیکییدا بینیمان.
پرسیاریتر ئەوەیە:خەڵکی کوردستان بە چ لۆژیک و لەسەر بنەمای چ
پرەنسیپێک و چ بەهاێک لە سەنگەری پارتی و یەکێتییەوە شەڕ بکات و خوێن و
ژیانی خۆی ببەخشێت!بەڕاست ئەمە پرسێکی ئەخلاقیی گەورەیەو مرۆڤ دەبێت
زۆر بیر بکاتەوە تا کێشەکە چارەسەر بکات،یان ئەوەش بەدبەختییکە لە
فەزای ڕەش...!
هەروەها لەم نێوەدا دوو بابەتی واقیعیی و هەڵبەت ئاڵۆز بۆ خەڵکی
کوردستان هاتوونەتە پێش،ناکرێت نەک قسە بەڵکو پرۆژەو ستراتیجی گەورەی
سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و تەنانەت فەرهەنگییشت بۆی نەبێت،ئەوانەش:یەکەم
ئەو ناوچانەیە کە بە ناوچە چیناکۆکەکان یان دابڕاوەکان ناسراون و ناو
نراون.دووهەم هەلێک و پرسی بڕیاری جیابوونەوەی کوردستان تا ئاستی بە
دەوڵەت بوون!
لەبارەی خاڵی یەکەمەوە،ناوچەدابڕاوەکان،ئێستا ئەو ناوچانە بە کردەکیی
لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هێشتا دروستنەکراوی پارتی و یەکێتیی و
گۆڕاندایە.لەو پێناوەشدا خوێنی چەندین مرۆڤ ڕژاوە،ئەگەر خەڵکی کوردستان
ئیرادەی بۆ سەربەخۆیی هەیەو ئەگەر دەخوازێت لەو فەزا ڕەشە کە دۆزەخی
سونەو شیعە دروستی کردووە نەسووتێت،هەرگیز نابێت لە هیچ کات و
هەلومەرجێکدا کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە لەدەست بدات یان جارێکیتر مل بە
بەرێوەبەریی هاوبەش بدات.ملدان یان تەسلیم کردنەوەی ئەو ناوچانە بە
ئیدارەی هاوبەش ئەوپەڕی گەمژەیی و دووبارەکردنەوەی مێژووەو دیسان
ڕاگرتنی چارەنووسی کوردستانە لە تاریکییدا.
لەبارەی خاڵی دووهەمەوە،بابەتی بڕیاری جیابوونەوەو بە دەوڵەتبوونی
کوردستان،بێگومان بابەتێکی ئاڵۆزو پڕکێشەو ڕیگرییەو من لێرەدا کارم بە
ڕێگرییەکانەوە نییە،بەڵکو مەبەستم یەکەم بەرچاوخستنی هەل و مەرجێکی
تازەیە لە عێراقدا،دووهەم دەرفەت و هاوکات مەترسییەک کە بۆ خەڵکی
کوردستان هاتۆتە ئاراوە،سێهەم ئیرادەو دروست کردنی ئیرادەی کۆمەڵایەتیی
خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانێتی بۆ خۆ ئامادەکردن و بڕیاردان
لەسەر پرسی جیابوونەی کوردستان.ئەو ئیرادەیە ئەگەرچی لاوازە،بەڵام
خواستێکی گەورەو ڕیشەداری دەروونیی خەڵکی کوردستانەو زەمینەی دروستبوون
و گەورەبوونی هەیە...
من قەت نەمویستووە بانگەوازی خەڵک بۆ کارێک بکەم،چوونکە بۆچوونم وایە
خەڵک دەبێت هۆشیار ببنەوەو دواجار خۆیان دەزانن چ دەکەن،بەڵام هەندێجار
پێویستەو کاتێک ئیتر تارمایی مەرگ یان تروسکەێک بۆ ژینانێکیتر
لەئارادایە.ئەمجارەش کە دەکاتە دووجاران،بانگەوازی خەڵکی کوردستان
دەکەم،بانگەوازی یەکەمم کە پێش یازدە مانگ بۆ خەڵکی کوردزمانی سوریا
بوو کە دەبێت ژن و پیاویان لەبەرامبەر دڕندەییەکانی بەرەی نوسرە چەک
هەڵگرن و نابێت تا بەردەگەی ماڵەکانیان بێچەک بڕۆن,سەرەنجامیش
دڕندەییەکانی ئەو هێزەمان بینی و دواجاریش بە داعش گەیشت...!
ئەمجارەش بانگەوازم ئەوەیە،هەلومەرجێکی تازە هەم ترسناک و هەمیش
زەمینەسازێک بۆ پرس و کێشەی میللی کورد هاتۆەگۆڕێ.ئەو کێشەو پرسانە
بەتەنها کێشەی ئەم لاێن و ئەو پارتی سیاسیی نییە، بەڵکو پرس و کێشەی
هەموو خەڵکی کوردستانە،پرسێکی کۆمەڵایەتییەو لەهەموو هاووڵاتییەکی
کوردستان دەخوازێت بەرپرسیارەتیی لەخۆی نیشانبدات.پێویستە بە شێوەێکی
چڕوپڕو لە ڕێگەی کۆڕوکۆبوونەوەو بەتایبەت میدیاوە،ئەو دۆخە تازەیە
بوروژندرێت و خەسڵەتەکانی بناسرێت. هەر لێرەدا من سەرنجی
سیاسییەکان،نوسەران و هەموو ئەوانەی لە کایەی سیاسەت و فیکرو کێشەکانی
کۆمەڵدا سەروکارو خەم و ژانی گەورەیان لەو بارەوە هەیە،لە ئاستی ئەم
دۆخە تازەیەدا کۆدەنگیی و هاوسۆزیی و هاوئیرادەیی دروست بکەن و ئەو
کۆدەنگیی و هاوئیرادەییە بە پرۆژەو ستراتیجێک بگات،ئەوە کارێکە
زەمیینەی بابەتیی هەیە،دواجار،لەدروستبوونی ئەو کۆدەنگیی و ئیرادەیەدا
دەتوانرێت ئەنجومەنێکی سەربەخۆ لەهەموو ئەو کەسایەتیی و ڕیکخراوانە
پێکبهێنرێت کە نوێنەرایەتیی ئەو پرس و ستراتیجە دەکات(پرس و ستراتیجی
سەربەخۆیی کوردستان)...
زەمیینەێک لەگۆڕێدایەو مێژوو هەموو ڕۆژێک هەل و زەمیینە نادات...!
ئەو بابەت و ڕەهەندانە کە لەم نوسینەدا هاتوون،بێگومان زۆر هەڵدەگرن و
من تەنها بەرچاوم خستوون...!
١٣\٦\٢٠١٤
ماڵپهڕی کازم قادر
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|