٢٥\٦\٢٠١٤
فەزای رەش!

کازم قادر
- بەشی یەکەم -
وەرزی گەشانەوەی
کۆنەپەرستیی و سەرلێشێوان.
لە فەزای ڕەشی سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا،هەرچی زیاتر زەمیینەی بیروباوەڕو
نەرێتی کۆنەپەرستیی دەخەمڵێن و گەشە دەکەن.دین و مەزهەب،ناسێونالیزم و
کۆی نەرێتە داڕزیوە کۆمەڵایەتییەکان لە قۆزاخەی متبوویان دەتەقن و
دێنەدەر.کۆنەپەرستیی ڕەها هەر لە ئێستاوە بەچەندیین شێوەو شیواز دەستی
پێکردووە،لە ئاستی عێراقدا نوزەو هەناسە لە ژیان بڕاوەو ئیتر ئەم
ساتانە نەک ساتی باسکردنی ئازادیی و دادی کۆمەڵایەتیی و ئەو نەخۆشییە
کۆمەڵایەتییە کوشندانەیە کە دۆزەخی شمشێرەکانی خولقاندو جۆشدا،بەڵکو
لەبیرەوەریی کەسیشدا نەمان و سڕدرانەوە.ئێستا سەردەمی فتوای منارەکانەو
هەرچی هەیە لەژێر تارمایی ترسناکی دین و مەزهەبدا لێڵ و بێکەڵک و
بێبەها بوون و دەبن.
لەم نێوەدا کوردستانیش کە مەبەستی ئەم نوسیینەیەو بە جۆرێک لە فەزای
ڕەشدا بەرقەرارە،دەسەڵات و سیاسەتی کوردیی،هەر لەسەرەتاوە هەتا ئەمڕۆ
،سیاسەتی کۆنەپەرست و کۆنەپەرستیی سیاسیی بووەو دەبێت.ئێستا مرۆڤ ئەگەر
زۆر وریاو هۆشیار نەبێت،ئاسان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو فەزا
تاریکەوە کە دین و مەزهەب و ناسێوناڵ خێڵکەکیی کوردیی خولقاندوویانەو
هەرچی زیاتر جۆشی دەدەن.
هەرئێستا کەم نین ئەوانەی تەنانەت ئەوانەش کە پێشتر لەبەر هەر هۆێک
ڕەخنەیان لە مەسعود بارزانیی هەبووە و دەسەڵاتە کۆنەپەرست و
ستەمگەرەکەیان نەفی دەکردەوە هەنوکە فەزای ڕەش سەری لێتێکداون و خەریکن
ئەو وەک قارەمان و (حەکیمی پڕ حیکمەتی) ڕۆژگار دەناسێنن،ئێستا پارتی و
یەکێتیی و هێزە میلیشیاکانیان کە مێژووێکەو پێش هاتنی داعش بەجۆرێ
کەوتبوونە ژێر پرسیارو ڕەتکردنەوەی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی
کوردستان،خۆشەویست دەبن و ئیتر خەریکە وەک فریادڕەس و پارێزەری ئاسایش
و ژیان سەیردەکرێن.لە بیریان چۆتەوە ئەو هێزە بە درێژایی چەندیین ساڵ
پارێزەری چ دەسەڵاتێکی گەندەڵ و ستەمگەر بووەو لە ١٧ شوبات و
ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵکی کوردستاندا چۆن بە گۆپاڵ و گولە
بەردەبوونە گیانی خەڵک و خوێنی هاووڵاتییانی لەسەرحەق و بێتاوانیان
دەڕشت.
ڕووهێنانی جارێکیتری خەڵکی کوردستان بۆ پارتی و یەکێتیی لەم
دۆخەدا،دوو هۆکارو زەمیینەی واقیعیی هەیە،یەکەم هەژمونی فەزای ڕەش و
کۆنەپەرستیی کە دەمی کردۆتەوەو خەریکی لووشدانی هەموو جوانیی و بەهاێکە
کە بۆنی ژیان و مرۆڤایەتیی لێبێت،دووهەم ناهۆشیاریی یان هۆشیاریی
پێویستی کۆمەڵایەتیی کە بتوانێت لەسەر پێی خۆیی و بە ئاسۆو ئامانجی
کۆمەڵایەتییانەی خۆیەوە ڕاوەستابێت و نەبێتە داشی گەمەی ئەو
قوماربازییەی لەگۆڕێدایە.
دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئێستا هاوتای ڕەشیی و ترسناکییەکەی،ئاڵۆزو
سەرلێتێکدەرە،لەبەر ئەوە لەدەرەوەی فەزای ڕەش و هەژمونی کۆنەپەرستیی
دین و مەزهەب و ناسێونالیزم،هاوکات ئەرک و بەرپرسیارەتیی گەورە
دەکەوێتە ئەستۆی هەموو ئەوانەی کە هەژموونی کۆنەپەرستیی دەرک پێدەکەن و
پێویستە لە ئاست ئەو بەرپرسیارەتییە مێژووییدا بن و هەرچی زیاتر ئاگەیی
لەبارەی چ خەسڵەتەکانی فەزای ڕەش و چ ئاسۆو ئامانجێکی گەش و مرۆییتر
لەدەرەوەی دین و نەتەوەپەرستیی و خڵتەکانێوە پەرەپێبدەن.
خەڵکی کوردستان ئێستا لەنێوان بەرداشی دوو هێزو دەسەڵاتی خۆجێییی و
دەرەکییدا بەرقەرارە،شەڕێکی ترسناک لەبەردەم ماڵیدایەو پرسیاری سادە
بەڵام جەوهەریی ئەوەیە:چۆن و لەکوێوە بجەنگێت و لەپێناو چیدا بجەنگێت؟
بە مەرج و ئاسۆو ئامانجی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی خۆیەوە یان بێمەرج و
خەون و ئامانج شەڕ بکات؟
شەڕی بێمەرج هیچیتر نییە بێجگەی شەڕی کۆیلە بۆ خاوەن کۆیلان و بۆ هەرچی
زیاتر ئەستوورترکردنی زنجیرەکانیان،شەڕی بێمەرج و خەوونی کۆمەڵایەتیی
خواستی هەموو دەسەڵاتێکەو دەسەڵاتی کوردییش پەنا بۆ هەموو ئامرازێک
دەبات تا لەپشتی شەڕو خوێن ڕشتنی خەڵکی کوردستانەوە هەرگیزو هیچ کاتێک
خەون و ئامانج نەبن،شەڕی ڕووت بکەن و تا دوای شەڕیش ڕووت و قووتبن...!
بەختیار عەلی-یش کە قەت ناتوانێت دەستبەرداری خورافاتی فیکریی و
فەلسەفەی نافەلسەفیی بێت(یانیش فەزای ڕەش سەری لێتێکداوە)لە
چاوپێکەوتنێکیدا کە خۆیان ناویان ناوە(دەمەتەقێ)و ماڵپەڕی ئاوێنە
لەشێوەی هەواڵدا بڵاوی کردۆتەوە،هەمان داواکاریی و چاوەڕوانیی شەڕو
مقاوەمەتی ڕووتی لەخەڵکی کوردستان دەوێت.بەختیار داوا دەکات و ئەڵێت:
چەمکی بەرگری «مقاوەمەت» لەم دۆخانەدا بەرگرییە لە «ژیانی
ڕووت»...ژیانی ڕووت،واتە بیر مەکەرەوەو بڕۆ بۆ جەنگ.لەجەنگی ڕووتدا
دواجار مرۆڤ بە ڕووتەنیی دەگات.جەنگ کە دڕندانەتریین میکانیزمی
کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەو ئەگەر مرۆڤ لەژێر هەر هەلومەرجێکی ناچاریی و
داسەپاودا کردی و تێوەگلا،دەبێت لەپێناوی ژیاندا بیکات نەک ژیانی
ڕووت،پێناوی ژیان واتە ئازادیی و یەکسانیی و شەڕ لەپێناوی کۆتایی هێنان
بەو هۆکارو زەمینانەی شەڕەکان دروست دەکەن...!
کورد لەبزوتنەوە ناسێونال خێڵەکییەکانیدا هەتا ئێستا شەڕی لەپێناوی ئەو
ژیانە ڕووتەدا کردووە کە بەختیار خەریکە وەک تێوریی و دۆزینەوەێکی نوێ
و لەترسناکتریین دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا عێراق و کوردستاندا
بانگەوازی دەکات.دەیان ساڵە ناسێونالیستەکانی کورد شەڕو مقاوەمەت دەکەن
بەڵام چونکە شەڕو ئامانجی ڕووتیان هەبووەو کردووە،لەسایەی دەسەڵاتیاندا
ژنکوژیی دەبێتە کولتور،دین و مەزهەب و خێڵ دەبن بەیەک جەستەو کۆمەڵگە
دەبێتە هێلانەی دواکەوتوویی،کێشەی میللیی کورد نەک چارەسەر بەڵکو
دەبێتە کاغەزو مێزی قومار لە قومارخانەی سیاسەتدا ...!
خەڵکی کوردستان دەبێت جەنگ لەپێناوی بەهادا بکات کە هێشتا(نیمانە)و
هێشتا (ڕووت و قووتین...!)
٢٤\٦\٢٠١٤
ماڵپهڕی کازم قادر
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|