په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١١\٢٠١٢

فیدراسیۆن وەک نوێنەری ٦ هەزار پەنابەری دیپۆرتکراوە

جارێکی دیکە یاداشتێک پێشکەش بە دەسەڵاتداران دەکا.

بەرێزان/

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی).
جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان (عیماد ئەحمەد).
پاریزگاری سلێمانی (بەھرۆز محەمەد ساڵح).

پاش سلاو و رێز...


ئێمە ئەمڕۆ بە نۆێنەرایەتی زیاتر لە ٦ ھەزار پەنابەری دیپۆرتکراوە لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە بەردەم بارەگای پارێزگاری سلێمانی کۆبووینەتەوە تا خواست وداواکانامان بخەینە ڕوو، کە زیاترلە ٥ ساڵە چ بە شێوەی یاداشت چ بە شێوەی نامە چ بە شێوەی ئامادەکراو لەپرۆژە بریارێکدا، لەبۆنەی جۆراجۆردا ئێوەمان لێ ئاگادار کردۆتەوە. بەڵام بەداخەوە تا ئیستا لەلایەن ئێوە کە خۆتان بە بەرپرس لەژیانی ھاوڵاتیان دەزانن، ھیچ وەڵامێکتان بە دۆسیەی پەنابەران نەداوەتەوە. لە کاتێکدا پەنابەرە بەزۆر نێرداوەکان ڕووبەڕووی دەیان گیروگرفتی کۆمەڵایەتی، نائومیدی، نەخۆشی دەروونی تەنانەت خۆکوژی بوونەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەردەوام میدیاکان ودەزگاکانی ڕاگەیاندن بە دەزگای ڕاگەیاندنی ئێوەشەوە نەیتوانیوە چاو لە ئاستی ئەو تراجیدیا و مەئاسات و دەردەسەریان بپۆشێت کە بەرۆکی بە پەنابەران و دیپۆرتکراوەکان گرتووە.

ئەوەی ئێمەی ناچار کردووە بەم خۆپیشاندانە ئەوەیە کەلە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە زیاتر لە ٦ ھەزار پەنابەری ھەرێمی کوردستان بەدوور لە بڕیاری خۆیان بەزۆرە ملێ و بەشێوازیکی ئەوپەری نائینسانیانە دیپۆرتی ھەرێمی کوردستان کراونەتەوە. ‌ژمارەیەک لەم پەنابەرانە خاوەنی مناڵ‌و ھاوسەرو کەسوکارن، بەشێکی تریان لەدوای دیپۆرتکردنەوەیان ھەرچیەکیان ھەبووە لەئیمکانات و مومتەلەکات لەدوای خۆیان جێێان ھێشتوە وە ‌یا لەژێر حوکمی بەزۆر ناردنەوەیان فرۆشتویانە.. ئێستا ئەم پەنابەرانە جگەلەوەی ھیچ سەرچاوەیەکی ژیانیان نییە، نەکاریان ھەیە و نەگەڕاونەتەوە سەر وەزیفە ‌و پیشەکانی پێشویان، تەنانەت بونەتە بار بەسەر کەسوکاریانەوە.. لەکاتێکدا ئەوان ھاوڵاتی ئەم وڵاتەن و پێویستیان بە گەڕانەوە بۆ نێو کۆمەلگا و دەست پێکردنەوەی ژیانی ئاسایی خۆیان ھەیە. ئەمەش ئەو ئەرکە دەخاتە سەرشانی ئێوە کە ‌ھاوکاریان بکەن و وەڵام بەداخوازیەکانیان بدەنەوە.


ئێمە فیدراسیۆنی پەنابەران وەک نوێنەری ئەم ٦ ھەزار پەنابەرە جارێکی تر لەڕێگای ئەم یاداشت نامەیە و ئەم خۆپیشاندانەوە داواتان لێدەکەین لە ‌ڕاستای کەمکردنەوەی ئێش وئازار و ئەو نەھامەتیەی کەگیرۆدەی ژیانی پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان بووە، بەرپرسیارێتی لەئەستۆبگرن و وەڵام بەم خواستانە بدەنەوە:

داواکارین:

١. حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەڵامی فەوری بداتەوە بە داواکاریەکانی پەنابەران کە لە شێوەی پرۆژەبڕیارێکدا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەران، فیدراسیۆن خستوویەتیە بەردەم سەرۆکی پەرلەمان و ھەرسێ لیژنەی یاسایی ‌و مافی مرۆڤ ‌و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەت پشتیوانی بکات لەو پرۆژە ‌بریارە و کار بکات بە ئاراستەی جێبەجێکردنیدا.
٢. ھەموو ئەو بریارانەی حکومەتی عێراقی لە پەیوەند بە قەرەبوکردنەوەی پەنابەران دای ناوە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بگریتەوە بەتایبەتی بریاری ٢٦٢ بەدانی ٤ ملیۆن دینار و پارچەیەک زەوی.
٣. گێڕانەوەی ھەموو ئەو پەنابەرانەی کەپێشووتر وەزیفەیان ھەبووە بۆسەر کارەکانیان. ھاوکات ھەوڵدان بۆ دابین کردنی کار وەیا دانی بیمەی بێکاری بەوانەش کە ھیچ کارێکیان نییە.


فیدراسیۆن ئامادەی ھاوئاھەنگی کردنە لەگەڵ دەزگا بەرپرسەکان بۆ باشکردنی ڕەوشی ژیانی پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان و ھاوکاتیش پێشوازی لەھەر ھەوڵێک دەکات لەم بارەیەوە. بە تایبەتی لەماوەی ٧ مانگی رابردووا زیاتر لە ٦ ھەزار لەو پەنابەرانە لە نوسینگەی لقی کوردستانمان خۆیان ناو نووسکردوە ھەموو کارئاسانیەک لەلایەن ڕێکخراوەکەمان ئەنجام دراوە کە دەستی حکومەت ئاوەڵە دەکات بۆ جێبەجێکردنی خواستی دیپۆرتکراوەکان.


بە ھیوای وەڵامی ئێوە.


لقی کوردستانی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٢٩\١١\٢٠١٢

________________________________________________
IFIR:PO.BOX1575، ILFORD، IG1 3BZ، LONDON
ifir@hotmail.co.uk, 00447856032991, 07895976547

Fax: 08715288651, www.federationifir.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک