٢٣\٥\٢٠١٥
فیلمەکەی "شوان
عەتووف"
لە فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی کان نمایشکرا.
مەنسوور جیهانی
کورتە
فیلمی کوردیی "ماڵ و کلیل" بە ئامادەبوونی "شوان عەتووف" لە بەشی
دەرەوەی پێشبڕکێی ٦٨مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان" لە
فەڕەنسا نمایشکرا.
کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" لە نووسین و دەرھێنانی "شوان عەتووف"
لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە
کوردە و بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان، رۆژی ١٨ی حوزەیرانی ٢٠١٥
لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "شۆرت فیلم کۆڕنێر" لە میانەی شەست و
ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان" لە شاری بەندەری کان
لە باشووری وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا.
بەشی "شۆرت فیلم کۆڕنێر" لە ساڵی ٢٠٠٤ و بە مەبەستیی ناساندنیی
بەھرەمەندە لاوەکان، بەڕێوەبردنی ڤۆرکشۆپی فێرکاریی بۆ فیلمسازەکان بە
وانە گوتنەوە لە لایەن سینەماکارانی بەرچاوی جیھان، کردنەوەی بازاڕ بۆ
فرۆشی کورتە فیلمەکان و ھەروەھا بەدەستھێنانی سەرمایە بۆ پرۆژەکانی
داھاتووی فیلمسازە لاوەکان دامەزراوە.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان" کە بە گرینگترین، گەورەترین و
ناودارترین رووداوی سینەمای جیھان ناسراوە، بە ئامادەبوونی ئەستێرە
ناودارەکانی سینەمای جیھان، بە نمایشی فیلمی سینەمایی "سەرت ھەڵێنە" لە
دەرھێنانی سینەماکاری فەڕەنسی "ئێمانۆئێل بەرکووت" رۆژی ١٤ی حوزەیرانی
٢٠١٥ دەستی پێکردووە و بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بەردەوام دەبێت و بە فیلمی
دیکۆمێنتی "سەھۆڵ و ئاسمان" لە دەرھێنانی "لووک ژاکێت" ھەڵگری خەڵاتی
ئۆسکار کۆتایی پێیدێت.
شەست و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان" لە چەندین
بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی سەرەکیی"،
بەشی پێشبڕکێی "جۆرێک روانین"، بەشی پێشبڕکێی "ھەفتەی رەخنەگران"، بەشی
پێشبڕکێی "سینە فۆنداسیۆن" و بەشی "کورتە فیلم"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی
"فیلمە کلاسیکییەکان"، بەشی "سەدەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ئێنگرید
برێگمان"، بەشی "سینەمای جیھان لە کان" و چەندین بەشی دیکە و ھەروەھا
رێزلێنان لە چەندین سینەماکارانی ناوداری جیھان، لەوانە: پێشکەش کردنی
خەڵاتی "چڵەبەڕووی کان" بە دەرھێنەر، ئەکتەر، وێنەگر و نووسەری فەڕەسنی
خاتوو "ئانیس واردا"، پێشکەش کردنی خەڵاتی "کالیسکەی زێڕین" بە
دەرھێنەری ناوداری چینی "جیا ژانگ کە" و ھەروەھا رێزلێنان لە دەرھێنەری
ناوداری پورتوگالی "مانۆئێل دی ئۆلیڤییەرا" لە رۆژانی ١٤ تا ٢٤ی
حوزەیرانی ٢٠١٥ لە شاری بەندەری کان لە باشووری وڵاتی فەڕەنسا
بەڕێوەدەچێت.
کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" کە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی
جیھانیدا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان و ١٠ خەڵاتی گرینگیی بەدەستھێناوە،
بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی و لە لایەن کۆمپانیای
"ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و وڵاتی بەریتانیا بە نوێنەرایەتیی
لە ھەرێمی کوردستان لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی کورتە فیلمی "ماڵ
و کلیل"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|