په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٢\٢٠١٤

فیلمە نوێیەکەی پووران درەخشەندە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی مالاتیای تورکیا نمایشکرا.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد خاتوو "پووران درەخشەندە" لە پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "مالاتیا" لە وڵاتی تورکیا نمایشکرا.


فیلمی سینەمایی "بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن" لە دەرھێنانی خاتوو "پووران درەخشەندە" و بە ئامادەبوونی ئەم خانمە سینەماکارە کوردە لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە سێ سانسی جیاوازدا، لەوانە: ٢٢، ٢٤ و ٢٦ی تەشرینی دووەمی ٢٠١٤ لە بەشی پێشبڕکێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "مالاتیا" لە شاری ماڵاتیا لە وڵاتی تورکیا نمایشکرا و لە لایەن بینەرانی ئامادەبووان لە فیستیڤاڵ و ھەروەھا ئافرەتانی شاری ماڵاتیاوە پێشوازیی لێکرا و لە کۆڕی ڕەخنە و ھەڵسەنگاندیی ئەم فیلمەدا ئەم سینەماکارە کرماشانییە بە وردی وڵای پرسیاریی ئامادەبووانی دایەوە.


ھەندێک لە بینەرانی تورکی کە بە بینینی ئەم فیلمە سەرسامبوون پێشنیاریاندا بە پووران درەخشەندە و داوایان لێکرد کە فیلمێک لە سەر بابەتی لەم چەشنە لە شاری ماڵاتیای تورکیا ساز بکات کە لە ڕاستیدا کەڵکەڵەی ئەوانیشە تاکوو منداڵەکانیان بە بینینی ئەم جۆرە فیلمانە لەگەڵ مەسەلەی لەم چەشنە ئاشنابن و لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم بابەتانە خۆیان بپارێزن.


ھەندێک لە بینەرانی ئامادەبوو لە ھۆڵی نمایشی فیلمی سینەمایی "بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن"یش لەو بڕوایەدابوون کە ئەم فیلمە بە باشی توانیوییەتی ئاماژە بە بابەتی ھەستیار و گرینگ سەبارەت بە منداڵان و مێرمنداڵان بکات و دەرھێنەری ئەم فیلمە لەم ڕوانگەیەوە ئەرکی خۆی بە باشی بە ئەنجام گەیاندووە.


فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "مالاتیا" بە سەرۆکایەتیی شانازانەی "سەلەیمان کامچی" قایمەقامی شاری ماڵاتیا و بە ئامادەبوونی زیاتر لە ١٠٠ فیلمی بڵندی سینەمایی، کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، دیکۆمێنتاری و ئەزموونی لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، کۆڕی ڕەخنە و ھەڵسەنگاندیی فیلمەکان، بەڕێوەبردنی کارگەی فێرکاریی ھونەری سینەما، پێشانگای فۆتۆگرافیی، کۆڕی پسپۆڕانە سەبارەت بە سینەما، ڕێوڕەسمی بیرئانینی سینەماکارانی تورک "نەجیب ساریچی" و "ئۆنال کۆپل" و چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی ٢١ تا ٢٧ی تەشرینی دووەمی ٢٠١٤ لە شاری مێژوویی و کەڵتووری ماڵاتیا لە وڵاتی تورکیا بەڕێوەچوو.


"بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن" لە دوایین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەرنامەیەکدا بە ناونیشانی "چاوخشاندنێک بە سینەمای ئێران" لە فورومی نێودەوڵەتیی سینەمای نوێی کەڵکەتە نمایشکرا.


ئەم ڕووداوە ھونەرییە ھاوکات بوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کەڵکەتە کە لە ڕۆژانی ١٠ تا ١٧ تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری ٢٠١٤ لە شاری کەڵکەتە لە وڵاتی ھیندستان بەڕێوەچوو.


بۆ زانیاریی پتر: http://malatyafilmfest.org.tr


بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی سینەمایی "بێدەنگ کچەکان ناقیژێنن".

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک