په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١٠\٢٠١٤

فیلمە نوێیەکەی ''پووران درەخشەندە''

لە لایەن قوتابیانی زانکۆی بێرکلی ئەمەریکا پێشوازیی لێکرا.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "بێدەنگ کچەکان ناقیژێنن" لە دەرهێنانی "پووران درەخشەندە" لە زانکۆی بێرکلی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن قوتابیانی نەتەوە جۆراوجۆرەکانە پێشوازیی لێکرا.


فیلمی سینەمایی "بێدەنگ کچەکان ناقیژێنن" بە ئامادەبوونی خانمە سینەماکاری کورد "پووران درەخشەندە" لە بەشی "ئافرەتان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە هۆڵی ستێفان لە دێپاڕتمانی خوێندنەوەکانی ئافرەتان لە زانکۆی بێرکلی لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا چووە سەر پەردەی سینەما و لە لایەن قوتابیانی نەتەوە جۆراوجۆرەکانە و بە تایبەت خوێندکارانی سینەماوە پێشوازییە باشی لێکرا و ژمارەیەک لەوان بە چاوی فرمێسکاوییەوە بە دیاری ئەم فیلمەوە دانیشتن.


پاشان نمایشی ئەم فیلمە، کۆڕی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنیی ئەم بەرهەمە بە ئامادەبوونی دەرهێنەرەکەی لە هۆڵی کۆنفڕانسی سوڵتان لە ناوەندیی ڕۆژهەڵاتناسی ئەم زانکۆیە بەڕێوەچوو و ئەم فیلمسازە کرماشانییە وڵامی پرسیارەکانی قوتابیانی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی جیهان و بینەرانی ئامادەبوو دایەوە.


لە سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمەدا، پرۆفیسۆر میلانی سەرۆکی ناوەندیی ڕۆژهەڵاتناسی زانکۆی بێرکلی ئەمەریکا زۆر بە جوانی سەبارەت بە فیلمی سینەمایی "بێدەنگ کچەکان ناقیژێنن" و پێگە و کەسایەتیی هونەری "پووران درەخشەندە" لە سینەمادا هاتە ئاخاوتن و پاشان، ئەم فیلمسازە کوردە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و لە درێژەدا بە وردی وڵامی پرسیارەکانی قوتابیانیی نەتەوە جۆراوجۆرەکان و ئامادەبووانی ناو هۆڵەکەی دایەوە.


هەندێک لە قوتابیانی بیانی لقی سینەما لەو بڕوایەدابوون کە لە وڵاتی ئەوان بابەتی لەم شێوەیەی کە لە فیلمی سینەمایی "بێدەنگ کچەکان ناقیژێنن" هەبوو، تا ڕادەیک بوونی هەیە، بەڵام باروودۆخ بۆ سازکردنی فیلمی بەم شێوازە لەو وڵاتانە ناڕەخسێت و پێویستە ئەم جۆرە بەرهەمانە هەر چی زۆرتر لە ناوەندە زانکۆییەکانی دنیا نمایش بکرێت تا ئەم تەوەرانە زیاتر لەوە بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوەوە.


"بێدەنگ کچەکان ناقیژێنن" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە لە بەشی پێشبڕکێی دەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی یۆرۆئاسیا Eurasia لە وڵاتی کازاخستان نمایشکرا.


ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری ٢٠٠ فیلم لە سینەماکارانی ٣٠ وڵاتی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، بەشی "تایبەت بە ٣٠ ساڵ سینەمای کازاخستان"، بەشی تایبەت بە سەدەمین ساڵوەگەڕی لە دایکبوونی فیلمسازی ناوداری کازاخستانی "شاکیم ئیمانۆف"، بەشی "سینەمای کۆریای باشوور"، بەشی "شەوی کورتە فیلم"، بەشی "سینەما پردێک لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا"، بەشی "ڕووداوە تایبەتەکان" و بەشی "سینەمای وریای کازاخستان" لە ڕۆژانی ١٥ تا ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠١٤ لە شاری ئاڵمائاتی گەورەترین شاری وڵاتی کازاخستان بەڕێوەچوو.

 


بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی سینەمایی "بێدەنگ کچەکان ناقیژێنن".

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک