په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٨\٢٠١٥

فیلمی ''دەف'' لە دەرھێنانی بەھمەن قوبادی

لە (سی سی تیڤی فۆر)ی چین بڵاوکرایەوە.
 

مەنسوور جیهانی


فیلمی دیکۆمێنتاریی "دەف" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" لە کەناڵی (سی سی تیڤی فۆر)ی چین بڵاوکرایەوە.


فیلمی دیکۆمێنتاریی ٤٠ خولەکیی "دەف" کە لە لایەن سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" و لەسەر داوای دەوڵەتیی کۆریای باشوور سازکراوە و تا ئێستا چەندین خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتیی بەدەستھێناوە، بە ژێرنووسی چینی لە کەناڵی (سی سی تیڤی فۆر)ی چین بڵاوکرایەوە.


دەوڵەتی کۆریای باشوور لە ساڵی ٢٠٠٣ بانگھێشتی لە سێ فیلمسازی ناودار کردبوو کە بە کامێڕای دیجیتاڵ فیلم سازبکەن و "بەھمەن قوبادی" ژیانی بنەماڵەیەکی کوردیی بۆ ئەم فیلمە دیکۆمێنتییەی خۆی ھەڵبژاردبوو کە لە گوندێکی کوردستان سەرقاڵی سازکردنی ئامێری دەفن.


ھەندێک لە ستافی ئامادەکردنیی فیلمی دیکۆمێنتیی "دەف" بریتین لە: "بەھمەن قوبادی" ـ بەرھەمھێنەر، نووسەر و دەرھێنەر، "شەھریار ئەسەدی" ـ بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، "بیژەن زەمانپیرا" ـ بەرنامەداڕێژ و یاریدەدەری یەکەمی دەرھێنەر، "ھایدە سەفی یاریی" ، مونتاژ، "حوسێن مەھدەوی" ـ دەنگھەڵگر و چەندین کەسی دیکە.


فیلمی "دەف" تا ئێستا خەڵاتی نەقدی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دیکۆمێنتی جەزیرەکانی قەناری بە ناونیشانی "دۆکۆسۆر" لە ئیسپانیا لە ساڵی ٢٠٠٦، خەڵاتی بینەران و خەڵاتی نەقدی چوارەمین فیستیڤاڵی "فیلمە جادەییەکان" لە مەکزیک لە ساڵی ٢٠٠٧ ھەروا خەڵاتی گەورەی چوارەمین فیستیڤاڵی شیکاگۆی لە ساڵی ٢٠٠٧ بەدەستھێناوە.


ئەم فیلمە کوردییە ھەروەھا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵی گرینگی نێودەوڵەتیی فیلم نمایشکراوە، لەوانە: لە بەشی "رووداوە تایبەتەکان" لە پەنجا و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "لۆکارنۆ" لە سویسڕا بە بۆنەی رێزلێنانی "بەھمەن قوبادی"، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "جێن جۆ" لە کۆریای باشوور لە ساڵی ٢٠٠٤، نۆزدەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فرایبورگ" لە سویسڕا لە ساڵی ٢٠٠٥، بەشی پێشبڕکێی بیستەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دیکۆمێنتاریی "مۆنیخ" لە ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٠٥، چل و سێیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ڤیناڵە" لە نەمسا لە ساڵی ٢٠٠٥، پازدەیەمین کۆنفڕانسی رۆژانی فیلمەکانی سینەمای جیھان "رێتیا" لە شاری تیسس لە سویسڕا لە ساڵی ٢٠٠٥، لە رێوڕەسمی رێزلێنانی "بەھمەن قوبادی" لە سینەما تێکی مۆنتراڵ لە کەنەدا لە ساڵی ٢٠٠٦، سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی بەڕڵین لە ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٠٤، سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن لە بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٠٤، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "فیلمی رەش" لە ژنێڤی سویسڕا لە ساڵی ٢٠٠٧ و چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دیکە.

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک