٢٨\١٢\٢٠٢٢
فیلمی "ئەزموون"
نوێنەری عێراق لە ئۆسکاری ٢٠٢٣ لە ئەمەریکا و ئەڵمانیا نمایش کرا.
مەنسوور جیهانی
فیلمی
سینەمایی "ئەزموون" لە دەرهێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" و نوێنەری وڵاتی
عێراق لە ئاکادیمیای ئۆسکاری ساڵی ٢٠٢٣ لە شارەکانی لۆس ئانجلێس و
نیۆیۆرک لە ئەمەریکا و هەروەها لە شاری بەڕلین لە ئەڵمانیا نمایش کرا.
فیلمی سینەمایی "ئەزموون" چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد "شەوکەت
ئەمین کورکی"، لە بەرهەمهێنانی "مەمەد ئەکتاش"، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی
کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ بە ئامادەبوونی "ئاوان جەماڵ"
یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم فیلمە، بۆ یەکەمین جار لە کاتژمێر
٤ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری لۆس ئانجلێس و لە
کاتژمێر ١ی نیوەڕۆی ڕۆژی ٦ی کانوون یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری نیۆیۆرک لە
وڵاتی ئەمەریکا نمایش کرا و هەروەها لە درێژەدا کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی
ڕۆژی ٨ی کانوون یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری بەڕلین لە وڵاتی ئەڵمانیا پێشکەش
کرا.
"ئەزموون" لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی"
Crystal Globe لە پەنجا و پێنجەمین خولی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" لە وڵاتی کۆماری چیک
نمایشکرا و توانی خەڵاتی فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی فیلم واتە "فیپێڕشی"
ئەم ڕووداوە گرینگ و پلە یەکەی سینەمای جیهان بەدەست بێنێت.
ئەم فیلمە کوردییە لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەکانی خۆیدا خەڵاتی
باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی
فیلمی "سانتا باڕباڕا" لە وڵاتی ئەمەریکا، خەڵاتی باشترین سیناریۆی
بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" لە نۆزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی
"تیرانا" لە وڵاتی ئەڵبانیا، خەڵاتی "سندووقی جەماوەری ڕێکخراوەی
نەتەوە یەکگرتووەکان" لە بەشی پێشبڕکێی "پانۆڕامای نێودەوڵەتی" لە چل و
سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "قاهیرە" لە وڵاتی میسر،
خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" لە بەشی سەرەکی بیست
و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤیکتۆریا" لە وڵاتی
کەنەدا و هەروەها خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی "پێشبڕکێی
نێودەوڵەتی" لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنس"
لە وڵاتی بەلژیکای بەدەستهێناوە.
ئەم فیلمە کوردییە هەروەها لە بەشی "دەلاقەیەک بە سینەمای ئاسیا" لە
بیست و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بوسان" لە وڵاتی
کۆریای باشوور، لە بەشی "پانۆڕامای جیهان" لە پەنجاو دووهەمین خولی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گوا" فێستیڤاڵی گرینگ و پلەیەکی سینەمای
جیهان لە وڵاتی هیندستان، لە بەشی "ئاسۆکان" لە بیست و دووهەمین خولی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تێفلیس" لە وڵاتی جۆرجیا، لە یەکەمین خولی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دەریای سوور" لە وڵاتی عەڕەبستان، لە سی و
چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئێکسگڕۆند" لە هۆڵی
سینەمایی "ماڕنۆئا" لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە بەشی "پانۆڕاما" لە
پەنجاوهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئەسپی زێڕین" لە
وڵاتی تایوان، لە بەشی نمایشی "فیلمە بڵیندە سینەماییەکان" لە
شازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "لیدێن" لە وڵاتی هۆڵەندا،
لە سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "لیدز" لە وڵاتی
بەریتانیا باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای ئۆسکار، لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" لە هەرێمی کوردستان و چەندین ڕووداوی سینەمایی
دیکە نمایش کراوە.
"ئەزموون" بەرهەمی کۆمپانیای "میتۆس فیلم"ی بەڕلین و کۆمپانیای "مەستی
فیلم"ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی
هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی "ئاڕت هوود"
لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
لەم فیلمە سینەماییەدا کۆمەڵێک ئەکتەری بەئەزموونی هەرێمی کوردستان
لەگەڵ چەندین ئەکتەری گەنجی کوردستان تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە:
ئاوان جەماڵ، ڤینا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ
نێروەیی، نیگار عەسمان، کاوە قادر، عادڵ عەبدوالڕەحمان، حەمە ڕەشید
هەرەس و یانا توانا.
بۆ زانیاریی پتر:
https://vimeo.com/584806586
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی فیلمی
سینەمایی "ئەزموون"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|