په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١\٢٠٢٣

فیلمی سینەمایی "ئەزموون"

لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیمارات نمایش کرا.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە دەرهێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" و نوێنەری وڵاتی عێراق لە ئاکادیمیای ئۆسکاری ساڵی ٢٠٢٣ لە ناوەندی هونەری "العین القطرە" لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیمارات نمایش کرا.

فیلمی سینەمایی "ئەزموون" چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، لە بەرهەمهێنانی "مەمەد ئەکتاش"، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ بۆ یەکەمین جار لە ناوەندی هونەری "العین القطرە" لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی پێشکەش کرا. کۆمپانیای سینەمایی میسری مافی بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە کوردییەی لە وڵاتانی عەرەبی لە ئەستۆدایە.

ئەمە بۆ دووهەم جارە کە یەکێک لە فیلمەکانی "شەوکەت ئەمین کورکی" بە ئاکادیمیای ئۆسکار دەناسێندرێت؛ بۆ یەکەمین جار، فیلمی سینەمایی "بیرەوەوەرییەکانی سەر بەرد" لە ساڵی ٢٠١٦ بە هەشتاو و هەشتەمین خولی خەڵاتی ئۆسکار بە ناونیشانی باشترین فیلمی زمانی بیانی بە شێوەی فەرمی لە لایەن وڵاتی عێراقەوە ناسێندرابوو.

"ئەزموون" لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" لە پەنجا و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" لە وڵاتی کۆماری چیک نمایشکرا و توانی خەڵاتی فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی فیلم واتە "فیپێڕشی" ئەم ڕووداوە گرینگ و پلە یەکەی سینەمای جیهان بەدەست بێنێت.

ئەم فیلمە کوردییە لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەکانی خۆیدا خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سانتا باڕباڕا" لە وڵاتی ئەمەریکا، خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" لە نۆزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تیرانا" لە وڵاتی ئەڵبانیا، خەڵاتی "سندووقی جەماوەری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان" لە بەشی پێشبڕکێی "پانۆڕامای نێودەوڵەتی" لە چل و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "قاهیرە" لە وڵاتی میسر، خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" لە بەشی سەرەکی بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤیکتۆریا" لە وڵاتی کەنەدا و هەروەها خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنس" لە وڵاتی بەلژیکای بەدەستهێناوە.

"ئەزموون" بەرهەمی کۆمپانیای "میتۆس فیلم"ی بەڕلین و کۆمپانیای "مەستی فیلم"ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی "ئاڕت هوود" لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

لەم فیلمە سینەماییەدا کۆمەڵێک ئەکتەری بەئەزموونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین ئەکتەری گەنجی کوردستان تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: ئاوان جەماڵ، ڤینا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عەسمان، کاوە قادر، عادڵ عەبدوالڕەحمان، حەمە ڕەشید هەرەس و یانا توانا.

فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی "ئاوان جەماڵ" یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم فیلمە، بۆ یەکەمین جار لە کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٢ لە شاری لۆس ئانجلێس و لە کاتژمێر ١ی نیوەڕۆی ڕۆژی ٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٢ لە شاری نیۆیۆرک لە وڵاتی ئەمەریکا نمایش کرا و هەروەها لە درێژەدا کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٢ لە شاری بەڕلین لە وڵاتی ئەڵمانیا پێشکەش کرا.


بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتری فیلمی سینەمایی "ئەزموون"

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک