په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٤\٢٠١٦

فیلمی کوردیی "ئێل کلاسیکۆ"

بەشداریی لە فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر دەکا.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "ئێل کلاسیکۆ" لە دەرھێنانی "ھەڵکەوت مستەفا" بەشداریی لە فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە شاری تاران دەکا.

فیلمی سینەمایی "ئێل کلاسیکۆ" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "ھەڵکەوت مستەفا" کە لە لایەن ھەرێمی کوردستان و وڵاتی نۆڕوێژەوە بەرھەمھاتووە لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی "سینەمای سەعادەت" واتە پێشبڕکێی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران نمایش دەکرێت و لەگەڵ چەند فیلمی سینەمایی دیکە لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی تەندیسی زێڕین و تەندیسی سیمینی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی وڵاتی ئێران ڕکابەریی دەکات.

لەم بەشەی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجردا چەندین فیلمی دیکە نمایش دەکرێن، لەوانە: فیلمی سینەمایی "بەرە بەیان" لە دەرھێنانی "لایلا پاکالنینا" لە وڵاتانی لیتوانی، ئستۆنی و پۆڵەندا، فیلمی سینەمایی "نەفەس" لە دەرھێنانی "نەرگیس ئابیار" لە وڵاتی ئێران، فیلمی سینەمایی "نورفولک" لە دەرھێنانی "مارتینێن ڕادیچ" لە وڵاتی بەریتانیا، فیلمی سینەمایی "گەنج" لە دەرھێنانی "کۆرنلیو پورومبویو" لە وڵاتانی ڕۆمانیا و فەڕەنسا، فیلمی سینەمایی "تا ئەو نزیکانە" لە دەرھێنانی "ئالخاندرۆ گاومێن ئالوارێز" لە وڵاتی مەکزیک، فیلمی سینەمایی "١٩٤٤" لە دەرھێنانی "ئالمۆ نۆگانێن" لە وڵاتانی فینلەندا و ئستۆنی، فیلمی سینەمایی "گۆارانی" لە دەرھێنانی "لۆئیس زۆراکین" لە وڵاتانی پاڕاگۆئە و ئەڕژەنتین، فیلمی سینەمایی "من مامۆستا نیم" لە دەرھێنانی "سێرگێئی موکریتسکی" لە وڵاتی ڕووسیا، فیلمی سینەمایی "عەزەلی غەزەلەکان" لە دەرھێنانی "ئاوا نیمێن" لە وڵاتی ئۆکڕاینا، فیلمی سینەمایی "قۆچەکان" لە دەرھێنانی "گڕیمۆڕ ھلکۆنارسۆن" لە وڵاتانی ئیسلەندا، نۆڕوێژ، دانماڕک و پۆڵەندا، فیلمی سینەمایی "ئەماما: کاتێک کە دار دەکەێت" لە دەرھێنانی "ئەسیر ئاڵتۆنا ئیزا" لە وڵاتی ئیسپانیا و فیلمی سینەمایی "شێتانە" لە دەرھێنانی "ئەمین ئاڵپێڕ" لە وڵاتانی تورکیا، فەڕەنسا و قەتەر.

فیلمی سینەمایی "ئێل کلاسیکۆ" چیرۆکێکی ئەویندارنەی بێھاوتایە لە نێوان ئالانی لاو و گۆنای خۆشەویستیدا. ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش، ئالان بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ براکەیدا سەفەرێکی مەترسیدار دەپێون لە ھەرێمی کوردستانەوە تاکوو ئیسپانیا بۆ بینینی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و بردنی کاڵۆشی کوردیی بۆ ئەم ئەستێرە ناودارەی ڕیالی مەردرید. ئەم سەرفەر دوور و درێژە بۆ بەدەستھێنانی دڵی باوکی گۆنایە کە یەکێکە لە ھەوادارە قورسەکانی یانەی ڕیالی مەردریدی ئیسپانی و... .

فیلمی ٩٥ خولەکی "ئێل کلاسیکۆ" لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "مۆھری ئیماڕات" لە دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبەی لە ئیماڕات نمایشکرا و لە درێژەدا لە بیست و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تڕۆمسۆ" لە وڵاتی نۆڕوێژ چووە سەر پەردەی سینەما و ئێستاش لە پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تڕابیکا" لە ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی ئەکتەری ناوداری جیھان "ڕۆبێرت دێنیرۆ" بەشدارە.

ھەندێک لە ستافی فیلمی سینەمایی "ئێل کلاسیکۆ" بریتین لە: دەرھێنەر: ھەڵکەوت مستەفا، سیناریۆ: ھەڵکەوت مستەفا و ئاندرێس فەرھۆڵت، بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: چیل واسدال، مونتاژ: نەلیزە لا نەفت، دەنگھەڵگر: بەھمەن ئەردەڵان و مریتە مونستاد، موزیک: ترۆند بیرکنێس، ئەکتەرەکان: وریا ئەحمەد، دانا ئەحمەد، کامەڕان ڕەئووف و ڕۆژین شەریفی و بەرھەمھێنەر: ھەڵکەوت مستەفا.

سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی کورد و سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی "سینەمای سەعادەت" واتە پێشبڕکێی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، بەشی "سینەمای سەعادەت" واتە پێشبڕکێی کورتە فیلمەکان، بەشی "جیلوەگاە شەرق" واتە سینەمای ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی، بەشی "جامی جیھان نەما" واتە فیستیڤاڵی فیستیڤاڵەکان، بەشی "نمایشی تایبەت" واتە چاوخشاندنێک بە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی جیھان و ھەروەھا بەشی "چاوخشاندنێک بە سینەمای فەڕەنسا" لە ڕۆژانی ٢٠ تا ٢٥ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران بەڕێوەدەچێت.


بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی سی و چوارەمین ''فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر''

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک